حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-28-16:06:00 - کۆدی بابەت: 6073
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە کورتکراوەی حدکا دەناسرێت، یەکێکە لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێستادا بنکەیان لە شاری کۆیەی هەرێمی کوردستانە، حیزبێکی سیکۆلارە و باوەڕی بە جیابوونەوەی ئایین هەیە لە دەسەڵات و لە پەیوەندییەکانیشیدا پەیڕەوی پلوڕالیزم دەکات بەرامبەر ڕێکخراوەکانی دەوروبەری.

مێژوو

سەرەتای حیزب دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی جەنگی جیهانی دووەم و لە ١٩٤٢/٨/١٦ ڕووناکبیرانی ئەوکاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوی نهێنی ژ.ک دروستدەکەن، کە بە (کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد) ناسراوە، دوای سێ ساڵ و لە ١٩٤٥/٨/١٦ بە شێوەیەکی مۆدێرنتر حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر هەمان بناغە دامەزرا بە سەرکردایەتی قازی محەمەد.

دواتریش بەهۆی هەوڵدانەکانی حیزب و قازی کۆماری مەهاباد لە ١٩٤٦/٦/٢٢ دامەزرا، کە دوای ١١ مانگ حکوومڕانی ڕووخێنرا.

ئامانجەکانی حیزب

ئامانجی حیزب لە خەباتی نەتەوەیی - دیموکراتی خەڵکی کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی دەبینێتەوە، هاوشان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی کورد وەک (عەرەب، ئازەری، بەلووچ، تورکمان) و هێزە دیموکراتەکانی دیکە، بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان و دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدراڵی بۆ ئێران، ئامانجی دواتریش پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی سۆسیالیستییە.

بە بۆچوونی زۆرێک لە چالاکان و چاوەدێرانی سیاسی، بەبۆنەی دۆخی نێودەوڵەتییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای فێدراڵیزم دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم حیزبە حیزبێکی سەربەخۆییخوازە و بۆ دەوڵەتی کوردی خەبات دەکات.

تەنانەت کاتی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەم هەرێمە (٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧)، حیزبی دیموکرات پشتیوانییەکی بێ وێنەی لە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات (ڕاسان)

ئەم حیزبە لە نەورۆزی ٢٠١٦ـدا، خەباتی نوێی خۆی لە ژێر ناوی "ڕاسان" دەستپێکردەوە، دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان، چەندین ئۆپەراسیۆنی گەورەی پارتیزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووە کە سەدان کوژراو و برینداری لەنێو هێزەکانی حکوومەتی ئێرانی لێکەوتۆتەوە و زیاتر لە ٥٠ پێشمەرگەی ئەم حیزبەش کوژراون، بە وتەی ئەندامانی ئەم حیزبە، ڕاسان تەنیا خەباتی چەکداری نییە و خەباتێکی فرەڕەهەندە.

کۆنفرانسی یەکەم - ١٩٥٥

دوای تێک چوونی کۆماری کوردستان و دووبارە گەڕانەوەی دیکتاتۆری محەمەد ڕەزاشا بۆ کوردستان، گیران و لەسێدارەدانی بەشێک لە ڕێبەرانی حیزب و لە سەرووی هەمووانەوە پێشەوای حیزب، پرش و بڵاوی دەکەوێتە نێو حیزب و چالاکی نامێنێت.

ساڵی ١٩٤٧ کۆمەڵێک لە کادری گەنجی حیزب دەکەونە دووبارە زیندوو کردنەوەی ڕێکخستنی حیزب، و ساڵی ١٩٤٨ کۆمیتەیەک پێک دێت کە ئەو کۆمیتەی (کمیتە آذربایجان و کوردستان) دەکاتە بەشێک لە حیزبی توودەی ئێران کە ئەو کات حیزبێکی بەناوبانگ لە سەرانسەری ئێران، لەوکاتەشەوە حیزب دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی بڕیاری حیزب توودە.

ئەم شێوازەش هەتاوەکوو ساڵی ١٩٥٥ بەردەوام بوو و لەو ساڵەدا دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی بیر لەوە دەکەنەوە جارێکی دیکە لە حیزبی توودە بێنە دەرەوە و سەربەخۆ ببنەوە.

هەر بۆیە ساڵی ١٩٥٥ یەکەمین کۆنگرەی حیزب لە گوندی کەوتەری مەهاباد بە بەشداری ژمارەیەکی کەم کادیری حیزب پێکدێت.

لەو کۆنگرەیەشدا بڕیار دەدرێت بە پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ حیزبی توودە و دانانی کۆمیتە بۆ ڕێبەریکردنی حیزب بە ناوی کۆمیتەی مەهاباد بە بەرپرسیاریەتی سەید عەبدوڵا ئیسحاقی، بەڵام ناوی سکرتێر یان پێشەوا و لێپرسراوی بۆ دانەنراوە، بەڵام کەسی یەکەمی حیزب بووە.

کۆنگرەی دووەم - ١٩٦٤

کۆنگرەی دوو لە گوندی سونێ لە سنووری نێوان سەردەشت و قەڵادزێ بوو و زۆرێک لە ئەندامان ئامادەبوون کە ئەوکات هاوکات بوو لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول.

لەم کۆنگرەیەشدا هیچ کەسێک بە سکرتێر هەڵنابژێرن و تەنیا سەید عەبدوڵا ئیسحاقی وەک کەسی یەکەمی حیزب دادەنرێت.

لەم کۆنگرەیەدا بڕیار درا حیزب ببێتە پاشکۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەربەخۆیی خۆی لەدەست بدات، هەروەها ڕۆژنامەی حیزب کە ناوی کوردستان بوو بکرێتە "دیسان بارزانی".

کۆنفرانسی دووەم - ١٩٦٩

دوای دەستگیرکردن و کوشتنی چەندین کادیر و ڕێبەری حیزب لەلایەن ئێران و عێراقەوە، لە ساڵی ١٩٦٩ کۆمەڵێک لە کادیران کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی حیزب ببوژێننەوە بۆ جارێکی دیکە، بەڵام ئەمە لەلایەن بەشێک لە کادیرانی حیزبەوە دەکرێت کە کەسی یەکەمی حیزبیان بەدڵ نەبووە چونکە بۆ هەموو بڕیارێک گەڕاوەتەوە بۆ کەسی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان.

کۆنفرانسی سێیەم - ١٩٧١ 

لە سەرەتای حەفتاکان، دکتۆر قاسملوو دەگەڕێتەوە و بڕیار دەدات حیزب دروستبکاتەوە سەر لەنوێ و بۆ ئەوەش تیمێک پێکدەهێنێت بەناوی "کۆمیتەی ساخکەرەوەی حیزب" و ماوەیەک پێکەوە کاردەکەن، و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی پێکەوە دەستووری حیزب دەنووسنەوە.

دووبارە و بۆ جارێکی دیکە ساڵی ١٩٧٠ ڕۆژنامەی کوردستان دەست دەکاتەوە بە چاپی خۆی، کۆنفرانسی سێیەم لە شاری بەغداد لە عێراق لە ١٩٧١ دەبەسترێت و پڕۆگرامی حیزب پەسەند دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە، لەگەڵ پارتی دێموکراتی کوردستان پەیوەندی دەپچڕێنن و سەربەخۆ دەبنەوە، کۆمیتەی ناوەندی و نووسینگەی سیاسی دادەمەزرێنن، دکتۆر قاسملووش وەک سکرتێری گشتی حیزب دیاری دەکرێت و ئامانجی دواڕۆژی حیزبیش وەک سۆسیالیزمی دادپەروەرانە دیاری دەکرێت.

کۆنگرەی سێیەم - ١٩٧١

ئەم کۆنگرەیە بۆ ڕێکخستنەوەی حیزب بوو و هەموو ئەندامە کۆنەکانی لەخۆی کۆکردەوە و جارێکی دیکە قاسملوو کرایەوە بە سەرۆکی حیزب و ناوی حیزب لە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە کرا بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

کۆنگرەی چوارەم - ١٩٨٠

بە بەشداری ٣١٠ ئەندام کە نوێنەرایەتی ٣٠ هەزار ئەندام دەکەن یەکەمین کۆنگرەی ئاشکرای حیزب لە شاری مەهاباد بەڕێوەدەبرێت، ئەوکات بەشێکی زۆری کوردستان لەژێر دەستی پێشمەرگەدا بوو و ڕێبەرانی کوردیش داوای مافی ئۆتۆنۆمییان دەکرد، کۆنگرەکە ١٢ ڕۆژی خایاندووە.

لەم کۆنگرەیەدا لۆگۆی حیزب گۆڕا بۆ ئەوەی ئێستا و دووبارە قاسملوو کرایە سکرتێری گشتی و دڵنیاکرایەوە کە خەبات بەردەوامە و وتووێژی ئاشتیانەش بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد بەردەوام دەبێت، هەروەها بەرگری لە کوردستان لە ئەگەری هێرشی دەوڵەت ئێران، لەم کۆنگرەیەشدا نووسینگەی حیزب لە شاری پاریس کرایەوە و تا ئێستاش بەردەوامە، هەروەها ڕۆژی ١٠ـی خاکەلێوە کرایە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان.

دروشمی ئەم کۆنگرەیەش بریتیبوو لە : "دیموکراسی بۆ ئێران و خۆبەڕێوبەری بۆ کوردستان".

کۆنگرەی پێنج - ١٩٨١ - شێوەجۆی سەردەشت

لەگەڵ ئەوەی لە شەڕدا بوو لەگەڵ دەوڵەتی ئێراندا، بەڵام کۆنگرەی پێنجی لە کاتی خۆی بەست و ئیدانەی بڕیارەکانی خومەینی کرا بۆ درێژەدان بە شەڕی ئێران و عێراق و دروشمی تاکتیکی خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرا.

کۆنگرەی شەشەم - ١٩٨٤ - گەڵاڵەی باشووری کوردستان

لە کۆنگرەی شەشەم لە ساڵی ١٩٨٤ ئامانجی حیزب وەک "سۆسیالیزمی دیموکراتیک" پەسەندکرا و بڕیاردرا بە بەهێزکردنی خەباتی دیبلۆماسی دەرەوە و بۆ جاری پێنجەم دکتۆر قاسملوو وەک سکرتێری حیزب هەڵبژێردرایەوە و پێداگری لەسەر خەباتی پارتیزانی کرایەوە و دواتریش ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاریکرا و خرایە ڕۆژی ٢٦ـی سەرماوەرز.

کۆنگرەی حەوتەم - ١٩٨٥ - کانی مێو لە باشووری کوردستان

حیزب لەم کاتەدا لە خەباتی پارتیزانی بوو لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی ئێران و لە شەڕی ناوخۆدا بوو لەگەڵ حیزبی کۆمەڵە، بارەگاکانی حیزبیش لەنێو سنووری جەنگی ئێران و عێراقدا بوون و تۆپباران دەکران، لەم کۆنگرەیەدا بڕیار درا بە هاتنە دەرەوەی حیزب لە شورای نیشتمانی بەرگری و بۆ جاری شەشەم قاسملوو کرایەوە بە سکرتێری گشتی.

کۆنگرەی هەشتەم - ١٩٨٨ - سلێمانی

 لەم کۆنگرەیەدا باڵ باڵێن لە نێو حیزب دەرکەوت و بڕیار درا لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات و درێژکردنەوەی ماوەی نێوان کۆنگرەکان لە دوو ساڵ بۆ سێ ساڵ.

لە دوو مانگ دوای کۆنگرە سەدان کەس لە پێشمەرگە و کادیرانی حیزب جیابوونەوە و ئەوەش بووە هۆی شەڕی ناوخۆ و دواتریش چوونە پاڵ حیزبی موجاهدینی خەلق کە دژمنی حیزبی دێموکرات بوون.

کۆنگرەی نۆ - ١٩٩١ لە باڵەکایەتی

ساڵی ١٩٨٩ خومەینی کۆچی دوایی کرد و لە چلەکەیدا دکتۆر قاسملوو لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان بە هاوەڵی هاوڕێیانی تیرۆر کران، بۆیە لە پاییزی هەمان ساڵ دکتۆر سادق شەرەفکەندی بە سکرتێری گشتی حیزب دیاریکرا.

سادق شەرەفکەندی توانی دوو باڵی حیزب بەیەکەوە ڕابگرێتەوە و بیانکاتەوە بە یەک، دواتریش لە ١٩٩١ کۆنگرەی نۆیەم سازدرا و دروشمی خەبات دژی ئیمپریاڵیزمی هەڵوەشایەوە و بەندێک لە پڕۆگرامی حیزب دانرا تایبەت بە لاوان، هەروەها بڕیاری پاراستنی مافی دەنگی کەمینە لە نێو حیزب.

لە دوای ئەم کۆنگرەیە ڕادیۆی دەنگی کوردستان لە شاری کەرکووک کرایەوە لەسەر ڕادیۆی راه کارگر.

کۆنگرەی دەیەم - ١٩٩٥ - هەولێر

شەش مانگ دوای کۆنگرەی نۆیەم سادق شەرەفکەندی لە ١٩٩٢ لە ئەڵمانیا تیرۆر کرا، هەر لەو کاتەدا پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان تووشی شەڕی ناوخۆ بوون.

لە هەڵبژاردنی سکرتێری گشتیدا هەریەک لە (مستەفا هیجری و عەبدوڵا حەسەن زادە) وەک کاندیدی سکرتێری دیاریکران و مستەفا هیجری دەرچوو، بەهۆی ڕووداوی تیرۆر و کێشەکانی ناوچەکە کۆنگرە بۆ شەش مانگ دواکەوت، لە بەهاری ١٩٩٥ـیش کۆنگرە سازکرا.

لەم کۆنگرەیەدا بڕیاردرا بە کرانەوەی دەرگای دیالۆگ بۆ یەکگرتنی هەردوو بەشی حیزب و گۆڕینی سکرتێری گشتی لە مستەفا هیجرییەوە بۆ عەبدوڵا حەسەن زادە و ڕاگرتنی خەباتی چەکداری و ئاڵوگۆڕی ڕێکخستنی هێز کۆمیتەکان.

کۆنگرەی یازدە - ١٩٩٧ - کەرکووک

ساڵی ١٩٩٦ بە هاوکاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕژێمی ئێران هێرشی تۆپبارانی چڕی کردە سەر بارەگای سەرەکی حیزب لە شاری کۆیە و حیزب ناچارکرا کە بڕیاربدات پێشمەرگە نەنێرێتە کوردستان و بیانگێڕێتەوە بۆ بنکەکان.

ساڵی ١٩٩٧ـیش کۆنگرەی یازدەیەم لە کەرکووک سازدرا و بڕیاردرا سکرتێر تەنیا دوو خول دەتوانێت سکرتێر بێت، و عەبدوڵا حەسەن زادە بۆ جاری دووەم بووە سکرتێری گشتی.

کۆنگرەی دوانزە - ٢٠٠٠ - کەرکووک

لەم کۆنگرەیە مەودای نێوان کۆنگرەکان گۆڕا لە ٣ ساڵ بۆ ٤ ساڵ و عەبدوڵا حەسەن زادە بۆ جاری سێیەم بووە سکرتێری گشتی.

کۆنگرەی سێزدەیەم - ٢٠٠٤ - کۆیە

گۆڕینی دروشمی حیزب لە ئۆتۆنۆمی بۆ فیدراڵیزم و پەسەندکردنی ئاڵای کوردستان و مستەفا هیجری بوو بە سکرتێری گشتی حیزب.

لەدوای ئەم کۆنگرەیە کۆمەڵەیەک لە ئەندامان جیابوونەوە و ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان لە خۆیان نا کە بە حدک دەناسرێن.

کۆنگرەی چواردەیەم - ٢٠٠٨

لەم کۆنگرەیە بڕیاری دوو خول سکرتێری هەڵوەشایەوە و جەخت کرایەوە لەسەر خەباتی جەماوەری و مستەفا هیجری بۆ جاری دووەم بوو بە سکرتێری گشتی حیزب.

کۆنگرەی پازدەیەم - ٢٠١٢

دروشمی کۆنگرەی ١٥ هەوڵدانبوو بۆ یەکڕیزی حیزب بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، مستەفا هیجری بۆ جاری سێیەم بووەوە بە سکرتێری گشتی.

کۆنگرەی شازدەیەم - ٢٠١٨ - هەولێر

ناوی کۆنگرە بە ڕاسان ناسرابوو کە باس لە خەباتی ڕاسانی حیزبە و ڕێکخستنی حیزب گۆڕدرا و مستەفا هیجری بوو بە لێپرسراوی گشتی.

یەکگرتنەوەی لەگەڵ حدک

ڕۆژی یەک شەمە ٢١ی ئابی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان واژۆیان لەسەر یەکگرتنەوەی هەروو حیزب کرد، لە ژێرناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران.


سەرچاوەکان



3841 بینین