بوکۆ حەرام

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-19-14:57:00 - کۆدی بابەت: 7637
بوکۆ حەرام

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بوکۆ حەرام (بە عەرەبی: بوکو حرام، بە ئینگلیزی: Boko Haram) گرووپ و ڕێکخراوێکی توندڕەوی جیهادییە و هەڵگری هزر و بیروباوەڕی سەلەفی جیهادیی توندڕەوە، لە ساڵی 2002 لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکار کە دەسبەرداری خوێندنەکەیان بوون دامەزراوە، ئامانجیان لە دامەزراندنی بریتی بوو لە جێبەجێ کردنی شەریعەتی ئیسلامی لە وڵاتی نەیجیریا کە نیشتمانی ئەم کۆمەڵە بوو، لە ویلایەتەکانی باکووری ئەو وڵاتە چالاکییەکانیان گەیشتە لوتکە و دەستیان کرد بە ئەنجامدانی کاری توندووتیژی، واتای ناوەکەی بە "زمارنی هۆسا" (زمانی فەرمی باکووری وڵاتی نەیجیریایە) بە واتای "پەروەردەکردنی ڕۆژئاوا قەدەغەیە یاخود حەرامە"، بەهۆی ئەوەی کە هاوبیر و هاوڕێبازی گرووپە توندڕەوەکانی تری جیهانن نموونەی داعش و قاعیدە و تاڵیبان، هەندێک جار ئەم گرووپە بە "تاڵیبانی نەیجیریا" ناوزەندە دەکرێت، هەروەها لەدوای ڕاگەیاندنی داعش بوکۆ حەرام پاڵپشتی خۆی بۆ دووپاتکردەوە و بەیعەتی پێدان، بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانی و کۆمەڵکووژییەکانی ئەمریکا ئەم گرووپەی لە لیستی تیرۆر پۆلێن کردووە.

مێژووی بوکۆ حەرام

ـ مێژووی دامەزراندنی: لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2002 ئەم ڕێکخراوە لەلایەن "محمەد یوسف" لە دوو ویلایەتی نەیجیریا دامەزرا، "محەمەد یوسف" پێشتر ئەزموونی دامەزراندنی لایەن و گروپی توندڕەوی تری هەبوو لە ناوچەکە، بۆیە چەند گەنج و لاوێکی تازەپێگەیشتووی کۆکردەوە کە وازیان لە خوێندنەکەیان هێنابوو، هەروەها زانیاریی و تێگەیشتنیان لە ئیسلام سادە و ڕووکەشانە بوو، بۆیە زوو هەڵدەخەلەتێنران و لەخشتەدەبران.
ـ ئامانجی دامەزراندنی و بنەما هزرییەکانی: مەبەستی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە بەپێی قسەی سەرەکی سەرکردەکەی بریتی بوو لە جێبەجێ کردنی شەریعەتی ئیسلامی لە ناوچەکە و بنبڕکردنی نەریت و پەروەردەی ڕۆژئاوایی بوو، بۆیە ئەم کۆمەڵە دژی  هەموو هزرێکی نوێکاری و زانستێکی سەردەم بوون و هیچ ئایینێکی تریان جگە لە ئیسلام لەلا پەسەند نەبوو.
ـ ژمارەیان: تا ساڵی 2004 نزیکەی 200 ئەندامی هەبوو، چەند ئەندامێکیشیان ژن بوون، ژمارەیان ساڵ لە دوای ساڵ زیادی کردووە و هەزاران ئەندامی هەیە.

ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ حکومەت

- لە ساڵی 2009 بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانیان حکومەتی نەیجیری چەندان سەرکردە و ئەمێری لێ دەزگیر کردن و ڕووبەڕووبوونەوەی قورس لەنێوان هەردوولا ڕوویدا و ژمارەی قوربانیان سەدان کەسی تێپەڕاند.
- لە ساڵی 2010 بە پاساوی ئەندام بوون لە بوکۆ حەرام، سوپای نەیجیری کۆمەڵکووژی لە چەند ناوچەیەک لە دژی هاوڵاتی سیڤیڵ و بێتاوان ئەنجامدا.

ڕاگەیاندنی خیلافەت

لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاکوو ساڵی 2014 چەندان ڕووبەڕووبوونەو لەنێوان بوکۆ حەرام و هێزی سەربازی ناوچەکە ڕوویداوه، لە 24ـی ئابی 2014 بوکۆ حەرام خەلافەتی لە شاری گۆوزای باکووری نەیجیریا ڕاگەیاند و دەسەڵاتی بەسر چەندان ناوچە و ویلایەتی باکووری نەیجیریا سەپاند. 

چالاکی و هێرشەکانی

ـ کۆمەڵکووژی جامبۆرۆی: لە ساڵی 2014 چەکدارانی بوکۆ حەرام بەسەدان کەس لە دانیشتوانی دوو ویلایەتی نیجیریایان کووشت و ناوچەکەیان خاپوور کرا.
ـ ڕووداوی ڕفاندنی تچیبووک: لە 14ـەی نیسانی ساڵی 2014 بوکۆ حەرام 276 خوێندکاری کچی لە قوتابخانەیەکی حکومی ناوچەیەکی باکووری نەیجیریا ڕفاند، ئەم ڕووداوە دەنگدانەوەی جیهانی هەبوو، چەندین وڵات نموونەی ئەمریکا پێشنیاری هاوکاریان کرد بۆ وڵاتی نەیجیریا، 58 کچ لە ڕفێندراوەکان توانیان خۆیان ڕزگار بکەن و هەڵبێن، لەو 218ـەی کە مابوون بوکۆ حەرام دەیویست وەکوو بارمتە لەگەڵ دیلەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتدا بیانگۆڕێتەوە، تاکوو ساڵی 2018 کۆمەڵێکی تر لە کچەکان ڕزگار کران کە ژمارەیان 164 کەس بوون و ئەو ژمارە کچەی تر کە لەلای گرووپەکەن چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
ـ ڕووداوی ڕفاندنی خوێندکارانی دابتچی: لە ساڵی 2018 بوکۆ حەرام کۆمەڵێک خوێندکاری کچی تەمەن 11 بۆ 19 ساڵی لە خوێندنگەیەک ڕفاند و چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.


سەرچاوەکان



720 بینین