فەلووجە

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-05-14:40:00 - کۆدی بابەت: 7502
فەلووجە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

شارۆچکەی فەلوجە (بە عەرەبی: الفلوجة) (بە ئینگلیزی: Fallujah) ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای ئەنبارە، بە دووریی 60 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای بەغدادەوە دوورە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 4,205 کیلۆمەتر دووجایە، بە شارۆچکەی مزگەوتەکان ناسراوە چونکە مزگەوتی زۆری تێدا بنیاتنراوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی جەزیرە نزیکەی 220 مزگەوت لە شارۆچکەکە بوونی هەیە.

دانیشتوان 

بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و بەشی هەرەزۆریان پەیڕەوی ڕێبازی سونەن، چەندان هۆز و عەشیرەتی عەرەبی ناودار دانیشتوی ناوچەکەن نموونەی بەنی تەمیم، جبوور، کوبەیسە و دلێم و چەندانی تر، هەروەها کەمینەیەک لە نەتەوەی کورد نیشتەجێی چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی شارۆچکەکەن، زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2011ـی عێراق ژمارەی دانیشتوانکەی نزیکەی 500 هەزار کەسن.

مێژووی ناوچەکە

ـ واتای ناوەکەی: لە زمانی عەرەبیدا وشەی "الفلوجة" واتا خاکی بەپیت و گونجاو بۆ کشتوکاڵ و باخداریی، خاکەکەی بە جۆرێک باسکراوە کە هەر ئاوی بارانی بەرکەوێت ئەوا بۆ کشتوکاڵی بەپیت و لەبار دەبێت، هەندێک لە پسپۆڕان پێیان وایە ڕەچەڵەکی ناوەکەی ئەکەدییە و لە سەردەمی شارستانییەتی بابلییەکان ناوەکەی بەکارهاتووە.
ـ مێژووی دروستبوونی: شارۆچکەی فەلوجە لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب بنیاتنراوە، لەلایەن خالیدی کوڕی وەلیدەوە لە ساڵی 633ـی زایینی ناوچەکە فەتح کرا و بنیاتنرا.
ـ لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان: بەهۆی شوێنی ستراتیجییەوە کە لەسەر ڕێگای سەرەکی پارێزگای بەغدادە، عوسمانییەکان فەلوجەیان وەکوو وێستگەیەکی پشودان دانابوو.
ـ لە سەردەمی داگیرکاری بەریتانیا: لە ساڵی 1920 کاتێک عێراق لەلایەن بەریتانیاوە داگیرکرا، ناوچەکە بەرهەڵستی و دژایەتی بەریتانییەکانیان کرد، سەربازێکی پلە بەرزی بەریتانی بە ناوی "جیڕارد لێگمان" لەلایەن یەکێک لە شێخە دەستڕۆیشتووەکانی ناوچەکەوە کوژرا.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس: لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێن، فەلوجە ناوچەیەکی ستراتیجی و گرنگ بوو، چەندان سەربازی سوپا لەو ناوچەیە هەڵکەوتن، لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو جووڵانەوەی "محەمەد مەزڵووم دلێمی" دژی حکومەت دروستبوو، بەڵام سەدام حسێن بە قورسترین شێوە ڕووبەڕوویان بووەوە و سەرکوتی کردن.

شارۆچکەی فەلوجە و داگیرکاری ئەمریکا لە ساڵی 2003

لەدوای داگیرکردنی عێراق و کەوتنی پارێزگای بەغداد، لە سەرەتادا فەلوجە بەراورد بە ناوچەکانی تری عێراق ئارام و هێمن بوو، ڕووداوی دزی و تاڵان کردنی ماڵان و شوێنە گشتییەکان تێیدا ڕووی نەدا، کاتێک هێزە ئەمریکییەکان هاتنە نێو شارۆچەکەکە چەند قوتابخانە و شوێنێکی گشتیان وەکوو بارەگای سەرەکیان دانا، لە 28ـی نیسانی 2003 نزیکەی 200 کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە خۆپیشاندانێکی هێمنانەیان ئەنجامدا دژی ڕەفتاری هێزەکانی ئەمریکا کە چەندان گەنجی شارەکەیان دەستگیر کردبوو، خۆپیشاندانەکە پشێوی تێکەوت و 17 خۆپشاندەر بەدەستی هێزەکانی ئەمریکا کوژران 30 کەسی تریش بە سەختی بریندار بوون، چاودێرانی سیاسی ئەم ڕووداوە بە هۆکار و بناغەی دروستبوونی ئاڵۆزی و جەنگەکانی ئەو سەردەمەی فەلوجە دادەنێن، دوابەدوای ئەو ڕووداوە چەند چەکدارێکی ناوچەکە بۆ تۆڵەسەندنەوە بە شەش "مووشەکی ئاڕبیجی" هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکییەکان سێ کەسیان لێ کوشتن و چوار کەسی تریشیان برینداربوون، پلە بە پلە بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە پشێوی و ئاڵۆزی تێکەوت، زنجیرەیەک هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەمریکییەکان ئەنجام دران، گرنگترینیان ڕووداوی 3ـی ئازاری ساڵی 2004 بوو، کە چوار چەکدار و فەرمانبەری کۆمپانیای بلاک ۆوتەر لەلایەن چەکدارانی ناوچەکە بە خراپترین شێوە کوژران، تەرمەکانیان لەسەر پرد و شوێنە بەرزەکان بە شێواوی هەڵواسران، هێزەکانی ئەمریکا بە خراپترین شێوە بەرپەرچی ئەم ڕووداوەیان دایەوە، بە تۆمەتی بوونی ڕێکخراوی قاعیدە لە فەلوجە جەنگیان دژی شارۆچکەکە ڕاگەیاند، دانیشتوانی فەلوجە ڕووبەڕووی هێزەکان بوونەوە و توانیان سەرکەوتوو بن لەو جەنگە، ناوی ئەو جەنگە نرا "جەنگی یەکەمی  فەلوجە" دوابەدوای ئەم جەنگە بۆ ماوەیەک هێزی بەرگری کە لە دانیشتوانی فەلوجە پێکهاتبوون دەسەڵاتی شارەکەیان گرتە دەست، هیچ ئەمریکییەک بۆی نەبوو بچێتە ناوچەکەوە، لە مانگی ئایاری ساڵی 2004ـەوە ئەمریکا جەنگی "دووەمی فەلوجەی" ڕاگەیاند بۆ ماوەی پێنج مانگ گەمارۆی ئابووری کردە سەر شارۆچکەکە، کارەبا و ئاوی لێیانبڕی، نەخۆشخانەکانی بۆردۆمان کرد، بەپێی چەند بەڵگە نامەیەکی نێودەوڵەتی چەکی کیمیایی لە چەند ناوچەیەکی فەلوجە بەکارهێنا، چەندان هاوڵاتی سڤیل لەم ناوچەیە کوژران و بە هەزاران کەس ئاوارە بوون، زۆرێک لە ناوچە گرنگەکانی شارۆچکەکە خاپوور و وێران بوون.

بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە دوای داگیرکاری ئەمریکا

دوای داگیرکارییەکانی ئەمریکا و خاپووربوونی فەلوجە، تا کۆتایی ساڵی 2007 هەر ڕووداوی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە شارۆچکەکە لەنێوان هێزە چەکدارەکانی قاعیدە و ئەمریکا بەردەوام بوو، لە ساڵی 2008 بە تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە فەلوجە کشانەوە، شارۆچکەکە لە ئەنجامی جەنگ و بۆردۆمانەکان زیانێکی زۆری بەرکەوت، بەپێی ڕاپۆرت و بەڵگەنامەکان نزیکەی 90%ـی بینا و دامودەزگاکان لەناوچوون، هەر بەپێی ڕاپۆرتی ئەمریکییەکان زیاتر لە نیوەی خانوو و ماڵەکانی فەلوجە کە لەکۆی 11,000 ماڵ 7,000 خاپوور بوون.

داگیرکاری هێزە توندڕەوەکانی ساڵی 2014

لە پێنجی حوزەیرانی ساڵی 2014 ناوچەکە لەلایەن داعشەوە لەگەڵ پارێزگای ئەنبار بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ کرا، دوای دوو ساڵ لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە لە دوای چەندان ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگ، لە 17ـی حوزەیران ساڵی 2017 فەلوجە ڕزگار کرا.


سەرچاوەکان



546 بینین