داگیرکردنی تکریت

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-24-02:08:00 - کۆدی بابەت: 7686
داگیرکردنی تکریت

ناوه‌ڕۆك

جەنگی ناوخۆی عێراق

دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق یان جەنگی دژی داعش (بە عەرەبی: الحرب الأهلية العراقية الثانية، بە ئینگلیزی: War in Iraq)، جەنگێکی چەکدارییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق لە شێوەی یاخیبوون دەستی پێکرد. دوای ئەوەی شارەکانی مووسڵ و فەلووجە و کۆمەڵێکی زۆر ناوچەی سەرەکی عێراق داگیرکران و ئەبووبەکر بەغدادی خەلافەتی ئیسلامی ڕاگەیاند، بەخێرایی ڕووداوەکان بەرەو جەنگێکی سەربازی ماوەدرێژ درێژەیان کێشا.

ئەم جەنگە بووە هۆی دروستبوونی حەشدی شەعبی لەلایەن سەروەزیرانی عێراق نووری مالیکی، دوای ئەوەش دەسەڵاتەکانی درا بە حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی نوێ، دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و سوپای عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی چوونە نێو جەنگ دژی تیرۆر و چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوەکە ئەنجام دران، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ جەنگەکە بە گرتنەوەدەستی تەواوی خاکی عێراق لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە کۆتایی هات.

بابەتی سەرەکی: جەنگی دژی داعش

کەوتنی شاری تکریت

تکریت پایتەختی پارێزگای سەڵاحەدینە و یەکێکە لە گرنگترین شارەکانی. لە سەرەتاکانی مانگی حوزەیران داعش کۆمەڵێک شاری لە باکووری و ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین داگیرکرد. لە ڕۆژی ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠١٤ شاری تکریت بە تەواوی کەوتە دەست چەکدارانی داعش و هاوپەیمانەکانیان لەو چەکدارانەی لە حیزبی بەعس مابوونەوە، لەدوای داگیرکردنی شارەکە عیزەت دووری لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ پاڵەوانانی قاعیدە و ڕێکخراوی ئیسلامی دەستیان بەسەر شارەکەدا گرتووە.

حکوومەتی عێراق لە ڕۆژی ٢٦ـی مانگ هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر شارەکە بۆ گەڕاندنەوەی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواتریش لە ٢٨ـی مانگ هێرشی زەمینی ڕێکخرا و تاوەکوو ٢٩ی مانگ بەردەوام بوو، بەڵام لە ٣٠ مانگ هێزەکانی عێراق کشانەوە و شکستیان خوارد و داعش بە تەواوی سەرکەوتووبوو. جارێکی تر لە ٧/١٥ سوپای عێراق هێرشی کردەوە بۆ بەدەستهێنانەوەی شارەکە، بەڵام دووبارە شکستی هێنایەوە.

پێش داگیرکردنی شارەکە لە ڕۆژی ١٢ـی مانگ داعش هەستا بە گرتنی ٢٠٠٠ بۆ ٢,٢٠٠ خوێندکاری هێزی ئاسمانیی عێراق و لە کۆشکی سەرۆکایەتی تکریت و دەوروبەری زۆرینەیانی گولـلەباران کرد و هەندێکیانی بە زیندوویی لەگەڵ ئەوان خستە ژێر خاکەوە، ئەم ڕووداوەش بە کوشتارگەی سپایکەر ناسرا. هەندێک لە خوێندکارەکان توانییان هەڵبێن و لەڕێی شاری عەلەمەوە کە تا ئەوکات نەگیرابوو، ڕزگاریان ببێت.

بەرگری یەکەم

ڕۆژی ٢٦ی حوزەیران هێزەکانی حکوومەتی عێراق هێرشێکی ئاسمانیان کردە سەر تکریت بە بەکارهێنانی سێ یان چوار هەلیکۆپتەری کۆماندۆ بۆ سەر یاریگایەک لە زانکۆی تکریت. هەلیکۆپتەرێک خرایە خوارەوە و بە ناچاری لە یاریگاکە نیشتەوە، لە کاتێکدا یەکێکی تر لە هەلیکۆپتەرەکان بە ناچاری بەهۆی شکستی میکانیکییەوە نیشتەوە و تیمەکەی دەستگیرکران کە فڕۆکەوانەکە کەسێکی لوبنانی بوو. پاشان شەڕێکی قورس لە دەوروبەری زانکۆکە هاتە ئاراوە، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای هێرشەکاندا، هەلیکۆپتەرێکی سوپای عێراق بۆردمانی ئاڵۆزی نەخۆشخانەی شارەکەی کرد. تاوەکوو ڕۆژی ٢٧ـی مانگ شەڕکردن بەردەوام بوو و کۆمەڵێک چەکداری ڕاهێنراوی شیعە لە ئێرانەوە نێردران و توانییان بینا بەرزەکانی دەوروبەری زانکۆ بگرن.

لە ٢٨ی حوزەیران، هەلیکۆپتەرەکان هێرشی ئاسمانیان کردە سەر چەکدارانی داعش کە هێرشیان کردبووە سەر سەربازەکانی ناو زانکۆ. لەم ماوەدا شارەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژی بەردەوام لەژێر هێرشی ئاسمانی بوو کە بەرمیلی بۆمبڕێژکراویشی لەخۆگرتبوو. لە کاتی ڕۆژدا هێرشێکی زەمینی دەستی پێکرد، لە هەوڵێکدا بۆ گرتنی شارەکە بەشێکی سوپا لە سامەڕا بەرەو تکریت بەرەو باکوور بەڕێکەوتن و لە خۆرئاوابووندا گەیشتنە دەوروبەری شارەکە. بەشێکی تریش نێردرانە کەمپی سپایکەر.

لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ هەلیکۆپتەرەکان بە هەڵە هێرشیان کردە سەر ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە و بوونە هۆی کوشتنی چوار کەس.

ڕۆژی ٢٩ـی مانگ سوپا لە گوندی دیجلە بەرەو باشوور کشایەوە و خۆی ڕێکخستەوە. لە هەمان ڕۆژ هەلیکۆپتەرێکی تری سوپا لە بازاڕی تکریت کەوتە خوارەوە.

بەرگری دووەم

لە ڕۆژی ٣ـی تەمووز هێزەکانی عێراق لە زانکۆ کشانەوە و وتەبێژی سوپا ڕایگەیاند کە دەستیان بەسەر شارۆچکەی عۆجەدا گرتووەتەوە. ڕۆژی ١٥ـی مانگ سوپا هێرشێکی تری کردە سەر تکریت و لە سەرەتادا وادیاربوو کە داعش دەکشێتەوە، سوپا توانی بەخێرایی دەست بەسەر نەخۆشخانەی تکریتدا بگرێت. بەڵام چەکدارانی داعش بۆسەیان دانابوو و لە هێرشێکی پێچەوانەدا بە چەندین خۆکوژ و چەکدارەوە سەربازەکانی سوپایان گەمارۆدا و ٥٢ سەرباز لە شەڕەکەدا کوژران.

هێرش بۆ سەر کەمپی سپایکەر

ڕۆژی ١٧ـی تەمووز چەکدارانی داعش بە نیشانەشکێن و خۆکوژەکانەوە هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسامانیی سپایکەر لە نزیک تکریت و نزیکەی ٧٠٠ سەربازی حکوومی و ١٥٠ چەکداری میلیشیا شیعییەکانیان گەمارۆدا. لەو هێرشەدا چەکدارانی داعش توانیان زیاتر لە ٦ هەلیکۆپتەر وێران بکەن و ڕێگری لە چەند دانەیەک بکەن لە فڕین. هەمان ڕۆژ بەهۆی هاتنی هێزەکانی دژەتیرۆر گەمارۆکە شکێنرا و سەربازەکان ڕزگارکران.

زانیاری گشتی

ڕێکەوت ٢٠١٤/٦/٢٤ بۆ ٢٠١٤/٧/٢١
ناوچە تکریت، عێراق
ئەنجام سەرکەوتنی داعش لە داگیرکردنی تکریت و زۆرێک لە ناوچەکانی دەوروبەری
شێوە جەنگی ڕووبەڕوو

 


سەرچاوەکان



284 بینین