عیزەت دووری

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-05-13:54:00 - کۆدی بابەت: 7098
عیزەت دووری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عیزەت ئیبراهیم دووری (بە عەرەبی: عزة الدوري) جێگری سەرکۆماری پێشووی عێراق سەدام حسێن و ڕابەرێکی باڵا لە حیزبی بەعسی عێراقی لە سەدەی ڕابردوودا، لە ساڵی 1942 لە ناوچەی ئەلدۆرەی پارێزگای تکریتی عێراق لەدایکبووە، لە خێزانێکی سوننە مەزهەب پەروەردە کراوە و بنچینەیان دەگەڕێتەوە بۆ هۆز و خێڵێکی ناوداری عەرەبی بە ناوی مواشت، قۆناغەکانی خوێندنی تاکوو ئاستی ئامادەیی خوێندووە، لە خوێندن دابڕاوە و تەواوی نەکردووە، چووەتە سەرکار لەگەڵ باوکی کاری کردووە، لە سەرەتای ڕێبازی سیاسی عیزەت دووری لایەنگیری سۆفییەت بووە و پەیوەست بووە بە ڕێبازی نەقشبەندییەوە. 

قۆناغەکانی ژیانی سیاسی

ـ لە کۆتایی بیستەکانی تەمەنی بووتە ئەندامێکی چالاك لە حیزبی بەعسی عێراقی.
ـ لەگەڵ سەدام حسێن بەشداری کودەتای 17ی تەمووزی ساڵی 1968 کرد کە بووه هۆکاری ڕوخاندنی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارفی سەرکۆماری ئەو کاتەی عێراق.
ـ عیزەت دووری بووە پیاوی یەکەمی سەدام حسێن، بە سێبەری سەدام حسێن ناسراوە، لە ماوەی فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتیدا کەسێکی وەفادار و دڵسۆز بووە بۆ سەرۆک و حیزبەکەی و پاڵپشتی بڕیار و جەنگەکانی کردووە، نموونەی جەنگی عێراق و ئێران (1980 بۆ 1988) و جەنگی کەنداو لە ساڵی 1990 و پاشان گەمارۆدان و ئابڵوقەی ئابووری بۆ سەر عیراق.
ـ پلە و پۆستی باڵای وەرگرتووە لە حکوومەت و حیزبەکەی، وەکوو جێگری سەرکۆمار و جێگری ئەنجوومەنی شۆڕشی حیزبی بەعس و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دوای داگیرکردنی کوەیت لە ساڵی 1990، هەروەها وەکوو وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری ناوخۆ هەڵبژێردراوە.
ـ لە ساڵی 1993 عیزەت دووری بەشداری کرد لە "بانگەشەی ئیمان" کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرا و ئامانجیان چەسپاندنی بەها ئیسلامییەکان بوو لە کۆمەڵگای عێراقدا.
ـ لە ساڵی 1998 لە کاتی سەردانێکیدا بۆ شاری کەربەلای باشووری بەغداد لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو. 

بارودۆخی عیزەت دووری پاش ڕووخانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و لە سێدارەدانی سەدام حسێن

ـ تاکوو ساڵی 2003 جێگری ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕش بووە لە عێراق، پاشان وەکوو سکرتێری گشتی حیزبی بەعس دەستنیشانکرا دوای لەسێدارەدانی سەدام حسێن لە کۆتایی ساڵی 2006دا.
ـ عیزەت دووری جێگری پێشووی سەرکۆماری عێراق شەشەم داواکراوترین بەرپرسی پێشووی عێراق بوو کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە نەگیراوە و زیندانی نەکراوە، ئەمریکا پاداشتێکی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر کەسێک تەرخانکرد کە شوێنی عیزەت دووری ئاشکرا بکات و ڕادەستی هێزەکانی هاوپەیماننی بکەنەوە.
ـ هێزە عێراقییەکان چەندان جار ڕایانگەیاند کە عیزەت دووری دەستگیر کراوە یاخود کوژراوە، بەڵام لە هەر ڕووداو و بارودۆخێکی سیاسی عێراق گرتە ڤیدیۆیی و تۆماری دەنگی خۆی بڵاودەکردوە و بەڵگەی لە ژیانبوونی دەخستەڕوو، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا چەند خزم و دۆستێکی نزیکیان دەستبەسەر کرد بۆ ئەوەی خۆی ڕادەست بکات بەڵام هەموو هەوڵەکانیان بێسوود بوو.
ـ لە ساڵی 2007دا 22 فراکسیۆنی چەکداری و سەرۆکایەتی سوپای پیاوانی نەقشبەندی خۆیان بە ناوی فەرماندەیی باڵای جیهاد و ڕزگاری ڕاگەیاند و عەیزەت ئیبراهیم دووریان بە سەرۆکی باڵای خۆیان هەڵبژارد.
ـ لە چەند ڕووداوێکی کاریگەر لە عێراق عیزەت دووری تۆماری دەنگییەکانی بڵاودەکردەوە و تێیدا هەڵوێستی خۆی و حیزبەکەی بۆ بابەتەکان دەردەبڕی، کاتێک لە ساڵی 2011 هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پاشەکشێیان کرد، تۆمارێکی بڵاوکردەوە تێیدا بە دەستکەوتی دەزانی و پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکرد، هەروەها لە کاتی داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن هێزی ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە پاڵپشتی خۆی بۆ داعش دووپاتکردەوە. 

باری خێزانی

ژیانی هاوسەری لەگەڵ پێنج ژن پێکهێناوە و 24 منداڵی هەیە، کچە گەورەکەی بە ناوی هۆزان بۆ ماوەیەک هاوسەری عودەی کوڕی سەدام حوسێن بووە. 

کۆچی دوایی

لە 26ی 10 ساڵی 2020 حیزبی بەعسی عێراقی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کۆچی دوایی سکرتێری گشتی حیزبەکەیان عیزەت دووری ڕاگەیاند، بەپێی سەرچاوەکان عیزەت دووری دووچاری نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن ببوو هەر شەش مانگ جارێک خوێنیان دەگۆڕی، ڕاگەیاندنەکان چەندان جار هەواڵی نادروستیان لەبارەی کۆچی دوایی عیزەت دووری بڵاوکردووەتەوە، دیارترینیان لە ساڵی 2015 تەلەڤزیۆنی فەرمی عێراق ڕایگەیاند کە عیزەت دووری لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە ناوچەی حەمرینی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەدین لە کاتی پێکدادانەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی لەگەڵ چەکدارانی ناوچەکە کوژراوە، گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوکرایەوە تێیدا تەرمی عیزەت دووری دەردەکەوت، بەڵام حیزبی بەعس هەواڵەکەی بە درۆخستەوە. 


سەرچاوەکان



613 بینین