بێکاری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-28-02:15:00 - کۆدی بابەت: 3807
بێکاری

ناوه‌ڕۆك

بێکاری چییە؟

بێکاری (بە ئینگلیزی: Unemployment، بە عەرەبی: بطالة) وەکوو دیاردەیەک لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی لە کۆنەوە تاکو ئێستا هەبووە، وە هیچ کۆمەڵگایەکی مرۆیی کەم تا زۆر بێ ئەم دیاردەیە نەبووە، لە سیستەمی ئابووری سەردەم وا دەردەکەوێت کە خولی ئابووری چالاک بەبێ دیاردەی بێکاری ڕوونادات، ئەم حاڵەتەش بەسەر ئابووری ناوخۆ و نەتەوەییەوە ڕەنگ دەداتەوە، لە بوارەکانی گەشەکردن و بوژانەوە و پەرەپێدان، کە دەبێتە هۆی دابینکردنی هەلی کاری جۆراوجۆر و دواتریش کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاران لە ناو کۆمەڵگادا، بەم جۆرە خولی ئابووری ڕۆڵی سەرەکی لە پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵگا شارستانییەکان و چالاکی لە بازاڕی کاردا دەبینێت، چونکە بێکاری بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی کاتدا بەو بارگۆڕانە ئابووریانەی دەوڵەت دەبەسترێتەوە، کاتێک بێکاری دەردەکەوێت کە ڕێژەکەی لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی داکشانەوەی ئابووری، هاوکات لەگەڵ ڕوودانی قەیرانی ئابووری کاتی کە بە هۆکاری ناوخۆیی ڕوودەدات لە ئاکامی کار و کردەوەی کار یاخود خراپی پەیوەندی نێوان پڕۆگرامەکانی خوێندن و بازاڕی کار یاخود بەهۆی هۆکار و فشاری دەرەکی پەیوەستە بە سیستەمی ئابووری نێودەوڵەتی.

بێکاری بە یەکێک لە دیارترین گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تاک و حکومەت دادەنرێ کە کێشە و گرفتی جۆراوجۆری لێ دەکەوێتە، ئەمەش لە ئاکامی ئەو کاریگەرییە خراپانەی کە لەسەر سیستەمی ئابووری و سیستەمی کۆمەڵایەتی دروستی دەکات، بۆیە زۆربەی ولاتان لە جیهانی هاوچەرخ بە بەردەوامی هەوڵی لێکۆڵینەوە لەسەر بێکاری و هۆکار و دەرەنجامەکان لەسەر کۆمەڵگاکانیان بەدیار دەخەن و لەگەڵ سەرجەم دانیشتوان بەراورد دەکەن، ژمارەی بێکاران و کێشەی بێکاری کە لە نەبوونی هەلی کاری گونجاو دەکەوێتەوە چآرەسەر بکەن.

بێکاری لە گرنگترین ئەو کێشانەیە کە (سیاسەتمەدار و بڕیاربەدەستان)ـی سەرقاڵ کردووە و هەوڵی دانانی پلان و پڕۆگرامی داڕێژراون بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاران و کەمکردنەوەیان لە ناو کۆمەڵگەدا، ئەم گرنگیدانە زۆرەش لەو ڕووانگەیەوە دێت کە دیاردەی بێکاری خۆی لە خۆیدا گرنگە و شوێنەواری گەورەی لێدەکەوێتەوە، بە تایبەتی لەسەر ژێرخانی کۆمەڵایەتی.


سەرچاوەکان



13697 بینین