تەقینەوەی خۆکوژی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-06-24-14:42:00 - کۆدی بابەت: 5668
تەقینەوەی خۆکوژی

ناوه‌ڕۆك

تەقینەوەی خۆكوژی چییە؟

تەقینەوەی خۆكوژی یان خۆتەقاندنەوە، یان (لە هەندێک حاڵەتدا بە خۆشەهیدكردن ناودەبرێت) یان (suicide attack) كارێكە كەسێك یان چەند كەسێك پێی هەڵدەستن بۆ لەناوبردنی ئامانجێكی دیاریكراو بە بەخشینی گیانی خۆیان، ئەم كردە سەربازییە بۆیە بە ناوی خۆكوژییەوە ناونراوە چونكە ئەگەری مردنی هێرشبەر دڵنیاییە، لە نێوان ساڵانی 1981 بۆ 2006 لە جیهاندا 1200 كردەی هێرشی خۆكوژی ئەنجامدراوە و %32ـی هێرشەكان تیرۆر بوون، زیاتریش لە ناوچەكانی ئەفغانستان و پاكستان و سریلانكا و عێراق و ئیسرائیل و نەیجیریا ڕوویداوە.

زۆرجار ئەم جۆرە هێرشە پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیاوە هەیە و پاڵنەری سەرەكی ئامانجێكی گەورەترە لە پشت كردەكەوە، بۆیە ئەو كەسەی گیانی خۆی فیدا دەكات موژدەیەكی دیكەی پێدەدرێت چ بە پێوەری ئایین یان نەتەوەیی بێت.

مێژووەكەی

هێرشی خۆكوژی زیاتر لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم بەدیاركەوت، كاتێك بەشێك لە فڕۆكە جەنگییەكانی ژاپۆن جگە لە تۆپبارانكردنی كەشتییەكانی ئەمریكا، خۆیشیان دەكێشا بە كەشتییەكاندا و خۆیان دەكوشت و زیانێكی زۆریان دەگەیاند، بەم كردەیەش دەوترا هێرشی "كامیكازی"، دواتریش ئەم ڕەوشتە لە جەنگەكانی دیكەدا بینرا وەك پڵنگەكانی تایمۆر لە سریلانكا و هێزە بەرگریكارەكانی عێراق و فەڵەستین.

کۆنترین نموونە

بەپێی مێژووناسەكان كۆنترین كردەی خۆكوژی دەگەڕێتەوە بۆ كەسایەتی سامسۆن یاخود شەمشۆن لە ئینجیل لە پەیمانی كۆندا كاتێك بۆ كوشتنی فەڵەستینییەكان پایە و دیوارەكانی پەرستگا دەڕووخێنێت و خۆیشی تێیدا دەكوژرێت.

زۆر نموونەی دیكەش لە ساڵانی 1700 بۆ جەنگی ڤێتنام و هیندستانیش.

كردە خۆكوژییە دیارەكان

هێرشە خۆكوژییەكان بوونە بابەتێكی گرنگ كاتێك لە سەرەتاكانی سەدەی بیست و یەك لە عێراق و ئەفغانستان ئەم جۆرە هێرشە پەرەی سەند، پێشتریش لە فەڵەستین و پاكستان ڕوویدەدا.

لە بابەتی فەڵەستین یەكێك لە گەورەترین هێرشەكان هێرشی تەقاندنەوەی پاسی ژمارە 18ـی فایا بوو لە ئیسرائیل لە ساڵی 1996، دواتریش شێخی ئەزهەر، دكتۆر محەمەد سەید طەنطاوی وتی: "ئەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە لە هێزەكانی بەرەی بەرگری فەڵەستین دژی ئیسرائیل شەهیدن".

دكتۆر یوسف قەڕزاوی دڵنیای كردەوە كە ژنانیش بۆیان هەیە بەشداری كردەی خۆتەقاندنەوە بكەن و شەهیدن.

بەڵام موفتی سعوودیە "عەبدولعەزیز بن عەبدوڵڵا ئال شەیخ" دەڵێت:

" جیهاد لە پێناوی خودا کارێکی پیرۆزە، بەڵام تەقینەوە و پارچەکردنی مرۆڤ بۆ گەشتن بە ئامانجەکەی کارێکی شەرعی نییە و دەتوانرێت بە شێوازی دیکە ئەنجام بدرێت".

ئەو ئایەتانەی بەكاردەهێنرێن بۆ حەڵاڵكردنی كردەی خۆكوژی

هەركاتێك دوژمن وڵاتی موسوڵمانان داگیربكات و موسوڵمانان بۆ لەناوبردنی دوژمن ڕووبكەنە خۆتەقاندنەوە ڕێگەی پێدراوە بە تایبەت دوای هێرشە خۆكوژییەكانی فەڵەستین بەهۆی نەبوونی چەك و توانای جەنگی ڕووبەڕبوو.

بەڵام بۆ گرووپە تیرۆرستییەكان بەو شێوەیە نییە یاخود كاتێك خەڵكی مەدەنی زۆر دەكوژرێن ئەوكاتە حەرامە و هیچ پەیوەندی بە ئایینەوە نییە.

ئەم كردەوەیە بە ڕێژەیەكی كەم بۆ كردەوەی بەرگری بەكارهێنراوە و ئێستا بەزۆری لەلایەن گرووپە تیرۆرستییەكانەوە ئەنجام دەدرێ و هیچ موژدەیەكی بەهەشت یاخود خەیرێكیشیان پێ ناگات، بەڵام كارەكە لە ژێر ناوونیشانی فرمانەكانی خودا ئەنجام دەدرێت كە ئەمەش بووەتە هۆی دروستكردنی كێشە بۆ موسوڵمانانی جیهان و زڕاندنی ناویان.

چەند ئایەتێك هەیە كە هەركات كەسێك خۆی بتەقێنێتەوە بۆ بەجێهێنانی ئامانجێك بۆ كوشتن بە نموونە دەهێنرێنەوە، وەك:

وَمِنَ النَّاسِ مَن يَشْرِي نَفْسَهُ ابْتِغَاءَ مَرْضَاتِ اللَّهِ، وَاللَّهُ رَءُوفٌ بِالْعِبَادِ ئایەتی 207 لە سورەتی البقرة.

واتە: وه‌ له‌ناو خه‌ڵكیدا كه‌سانێك هه‌ن كه‌ نه‌فسی خۆیان فرۆشتووه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌، ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌سه‌ر (صوهه‌یبی رۆمی) دابه‌زی كه‌ كۆچی كرد بۆ مه‌دینه‌ كافران دوای كه‌وتن رێگری لی بكه‌ن وتی له‌ مه‌ككه‌ پاره‌م به‌جێهێشتووه‌ هه‌مووی بۆ ئێوه‌ ته‌نها رێگه‌م بده‌ن بگه‌م به‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم خوای گه‌وره‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ی دابه‌زاند.

یاخود ئایەتی "واعدوا لهم ما استطعتم من قوة من رباط الخيل ترهبون به عدو الله وعدوكم"، كە خوای گەورە دەفەرموێت هەرچیتان پێدەكرێ بۆ ڕووبەڕووبونەوەیان بیكەن، ئەمەش كراوە بە بەڵگە بۆ ڕووبەڕووبونەوە بە هەموو شێواز و جۆرێك.

جۆرەكانی هێرشی خۆتەقاندنەوە

هێرشی خۆكوژی ئامانجەكەی ئەوەیە بە باشترین و پڕكوشتارترین شێوە ئەنجام بدرێت، بۆیە هەمیشە پلانێك دادەنرێت بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بگرێتەوە و گەورەترین زیان بگەیەنێت.

كاتێكیش كەسی هێرشبەر بەرەو ئامانجەكەی لە ڕۆشتندایە زۆر مەترسیدارە چونكە بە هەر نزیكبوونەوەیەكی مەترسییەكی گەورەترە، زۆرجار لە كاتی دەستگیركردنیشیاندا ئەگەری زۆرە بە پشتوێنی بۆمبڕێژكراوەوە خۆیان پڕچەك كردبێت.

هێرشی خۆتەقاندنەوەش بە كەمترین تێچوو دەتوانرێت بەدەست بخرێت، چونكە كەسێكی شارەزا دەتوانێت بە كەمێك بزمار و كێبڵێكی بچووك و كەمێك باروت و سویچێكی گڵۆپ تەقینەوەیەكی مەترسیدار دروست بكات.

زۆرێك لە خۆكوشتنەكانی دونیا بەهۆی پووچی و بێ ئامانجییەوەیە، بەڵام ئەم جۆرە خۆكوژە لەبەر ئەوە خۆی دەتەقێنێتەوە چونكە ئامانجێكی هەیە، نموونەی سەرەتایی خۆكوژی لە هێرشی سەر بەندەری پێرل هاربەرەوە دەست پێدەكات، نوێترین نموونەی خۆكوژی گەورەش هێرشەكانی 11/9/2001ـی ئەمریكایە لەلایەن 19 خۆكوژەوە دوای ڕفاندنی چوار فڕۆكە، فڕۆكەكانیان كێشا بە دوو تاوەرە بازرگانییەكەی نیۆیۆرك و بینای وەزارەتی بەرگری ئەمریكادا و 2973 كەسیان لەناوبرد، هەروەها هێرشە خۆكوژییەكەی میترۆ لەندەن و هێرشەكانی داعش لە عێراق و سوریا نموونەی ساڵانی دواترن.

دەتوانرێ هێرشەکان دابەش بکرێن بۆ هەردوو هێرشی ئامانجدار و بێ ئامانج.

لێرەدا وشەی ئامانجدار و بێ ئامانج بۆ ئەوە بەکاردەهێنرێت کە هەندێ لە هێرشەکان بۆ کوشتنی کەسێک یان گرووپێک لە خەڵکی بەکاردێت ئەوەش پێی دەوترێت ئامانجدار، بەڵام هێرشی بێ ئامانج بۆ پشێوی نانەوە و گۆڕینی ئاسایشی وڵات و دروستکردنی ترس و تۆقینە.

هەمیشە لە هێرشەکاندا بەبێ جیاوازی خەڵکی بێتاوانی مەدەنی یان سەربازیش دەبنە قوربانی.

ئەم جۆرە هێرشە یەکێکە لە ترسناکترین و مەترسیدارترین هێرشە نێودەوڵەتییەکان کە هەموو وڵاتان بەبێ جیاوازی لێی دەترسن چونکە ئەو کەسەی هێرش دەکات خۆی ئامادە کردووە بۆ مردن و ئەوەی کە مرۆڤەکان لێی دەترسن ئەو دەیهەوێت، بەمەش وەستاندنی کارێکی زەحمەتە و ئەرکێکی سەنگینە.

کەسی تاک

لەم جۆرە هێرشە هێرشبەرەکە کۆنتڕۆڵ لە دەستی خۆیەتی و ڕووبەڕووی ئامانجەکەی دەبێتەوە و خۆی دەتەقێنێتەوە، هێرشەکانیش بە زۆری لە مزگەوت و بازاڕ و ئاهەنگی هاوسەرگیری و ئاهەنگە کلتووری و بۆنە ئایینیەکاندا دەکرێت.

لەم هێرشەدا بە زۆری سێ کەس هەن کە یەکێکیان ئەنجامدەری تەقینەوەکەیە و ٢ کەسی دیکەش چاودێری دەکەن بۆ بینینی ئاستی زیان و گەیاندن و هاوکاریکردنی.

بۆ کوشتنی کەسایەتییە گرنگەکان زیاتر ئەم جۆرە بەکاردەهێنرێت و بە لێهاتوویانە کەسەکە نزیکی ئامانجەکە دەکرێتەوە و ئەنجامی دەدات، وەک کوشتنی:

چوونە ناو شوێنی مەبەست

لەم جۆرە هێرشەدا کەسەکە دەڕواتە ئەو شوێنەی کە دەیەوێت بە ئۆتۆمبێل یان هەر سوارییەک و خۆی دەتەقێنێتەوە، ئەم جۆرەش زۆر ڕوودەدات و هێرشێکی باوە و زیانێکی زۆر دەگەیەنێت، وەک هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە ئەفغانستان و باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و زیندانی قەندەهار.

کۆنتڕۆڵ لە ڕێگای دوورەوە

ئەم جۆرەیان لە ناوچە سەربازییەکان و نوسینگە حکومییەکان و ماڵەکان ڕوودەدات زیاتر، تەقینەوەکە لە ئاژەڵێک یاخود مرۆڤێک یاخود جانتا و کەرەستەی گواستنەوە دەبەسترێت، هەندێجار تەقینەوەکە بە گیاندارانی وەک پشیلە و سەگەوە دەبەسترێت یاخود هەندێکجار بووە کەسێکیان بێهۆشکردووە و لە جلوبەرگەکەی یان کەرەستەکانیدا تەقینەوەیان داناوە.

چی لە ناو پشتوێنی بۆمبڕێژکراودا هەیە؟

دوای کردنەوەی ئەو پشتوێنانەی کە پێش پلانی تەقاندنەوەیان کراونەتەوە تێبینی کراوە کە پشتوێنەکان پێکهاتوون لە : بڕێکی زۆر ساچمە، پارچەی ئاسن و گۆیی بۆ بڵاوبوونەوە و زیانگەیاندنی زیاتر.


سەرچاوەکان



727 بینین