کچ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-02-00:19:00 - کۆدی بابەت: 5707
کچ

ناوه‌ڕۆك

کچ چییە؟

کچ مێینەی مرۆڤە لە تەمەنێکی کەمدا کە هێشتا هاوسەرگیری نەکردووە، واتە یان منداڵە یان هەرزەکارە، و کاتێک گەیشتە تەمەنی پێگەیشتن و هاوسەرگیری کرد پێی دەوترێت ژن یاخود ئافرەت، هەروەها دەستەواژەی کچ بە واتای ژنی بچووکیش بەکاردەبرێت، یاخود دەکرێت بە مەبەستی خۆشویستن بەکارببرێت وەک ئەوەی کەسێک بڵێت "من و کچەکان چووینە دەرەوە" کە زیاتر لەوەی ئاماژەبێت بۆ ڕەگەزێک ئاماژەیە بۆ نزیکی هاوڕێکانی لە یەکتری.

مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕەگەزەی مرۆڤ جیاوازە لە هەر پارچەیەکی دونیادا و هەموو کۆمەڵگا و ئایینێک کۆمەڵێک ئەرک و مافی بۆ دیاری کردووە و بە گشتی ئازادییەکی کەمتری هەیە لە ڕەگەزی بەرامبەری کە کوڕ یاخود پیاوە.

لە ڕووی زیندەییەوە

مرۆڤی کچ بەهۆی یەکگرتنی دوو کرۆمۆسۆمی Xـەوە دروست دەبێت و ڕەگەزی دیاری دەکرێت کە یەکێکیان لە باوکیەوەیەتی و ئەوەی دیکە لە دایکیەوە، لە هەر ١٠٠٠ کچێکیش یەک کچ کرۆمۆسۆمی XXX,47ـی هەیە، و لە هەر ٢٥٠٠ کچێکیش یەکێک شێوەی کرۆمۆسۆمی X,45ـی هەیە.

کچەکان لەگەڵ لەدایکبوونیاندا بە مێیە ئەندامی زاوزێیان کە پێی دەوترێت زێ دەناسرێنەوە، کە جیاوازە لە نێرەکان و لەجێی ئەوەی ئەندامێکی ئاشکرا بێت، ئەندامێکی ماسولکەییە و دەکەوێتە خوارەوەی جەستە و بەشێکە لە کۆئەندامی زاوزێی مێینە و چاڵە.

توانای درێژبوونی پرچی کچەکان بەهێزترە لە هی کوڕەکان و لە تەمەنی پێگەشتنیشدا گۆڕانکارییەکان زیاتر دەبن و بە تەواوی لە یەکتری جیادەکرێنەوە.

جەستەی کچان لەدوای پێگەیشتن

لە تەمەنی پێگەشتندا مێشکی کچان دەست دەکات بە دەردانی هەندێک هۆڕمۆن بۆ ئامادەبوون بۆ گۆڕانکاری گەورە لە جەستەدا بە شێوەیەکی گشتی، و سەرەتاش بە دەرکەوتنی ئارەزووی سێکسی و سوڕی مانگانە دەست پێدەکات کە زۆرینەی کات لە تەمەنی ١٢ و ١٣ ساڵیدا دەردەکەوێت، دواتریش بە درێژبوونی پەل و باڵا و دەرکەوتنی موو لە هەندێک لە ناوچەکانی جەستە وەک: "بنباڵ، خوار ناوک، دەست و قاچەکان، و ڕووخسار"، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر لە هی ڕەگەزی بەرامبەریان، هەروەها سمت و مەمکەکانیان گەورە دەبێت و جەستەیان پڕتر دەبێت.

تەمەنی پێگەیشتنیش لە نێوان ١٠ ساڵی بۆ ١٦ ساڵی دەردەکەوێت و لە کچێک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازی هەیە.

هەڵسوکەوتی کچانە

کچانە، دەستەواژەیەکە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەو کردەوە و کارانەی کچێک یاخود ئافرەتێک ئەنجامی دەدات و پێی دەناسرێتەوە کە بە شێوەیەکی تەواو لە پیاوان جیادەکرێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی هۆکاری ئەم کردارانە بایۆلۆجییە و هەندێک لە ڕەفتارەکانیش کۆمەڵگا دیاری دەکات و خووی پێوە دەگرن.

ڕەفتارەکانیش بریتین لە "ناسک دەرکەوتن، شەرم کردن، نازکردن، هەستیاری، سۆزی زۆر"، بەڵام دەگونجێت بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵگا و چۆنیەتی ژیانی کەسەکەوە ئەم ڕەفتارانە بگۆڕێن و بەهێزتر و لاوازتر ببن.

جیاوازی ڕەگەزی

جیاکردنەوەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتییە لەسەر بنەمای ڕەگەزی مرۆڤەکان، و دواتریش پەیڕەوکردنی لە زۆرینەی شوێنەکانی دەوڵەت، بەتایبەت دوای ئەوەی مرۆڤەکە دەگاتە تەمەنی پێگەشتن، هەمیشەش ئەم یاسا کۆمەڵایەتی و دەستوورییە جیاوازی لە نێوان ڕای خەڵکیدا کردووە و هەندێک بە کردەوەیەکی جیاکارانەی ڕێگر لە ئازادییەکانی دادەنێن و هەندێکی دیکەش بە یاسایەکی باشی دادەنێن بۆ پاراستنی کلتوور و دابونەریتە ئایینی و مێژووییەکان، لە زۆرینەی کۆمەڵگاکانیش مێینە ئەو ڕەگەزەن کە زۆرترین یاسا کۆمەڵایەتییەکان دەیانگرێتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرینەی کات خۆیان بە ستەملێکراو و بەشخوراو بزانن و هەمیشە گلەیی لە دۆخی کچێتییان بکەن.

تەندرووستی کچان

کچان لە منداڵیدا جەستەیان بەهێزترە لە کوڕان، بەڵام لە گەورەبوونیاندا مەترسییەکان بۆ ئەوان زیاترە وەک لە کوڕان، یەکێک لە گەورەترین کێشە تەندرووستیە دروستکراوەکان بۆ کچان بریتییە لە بەشوودانی پێشوەختە، کە بریتییە لە بەشوودانی کچان لە پێش تەمەنی پێگەیشتنی تەواوە و زۆرینەی جار بە هاوسەرگیری پێش ١٨ ساڵی دەناسرێت، کە بە گشتی دەبێتە هۆی زوو سکپڕبوون و مردنی دایکەکە لەکاتی سکپڕی و منداڵبووندا، هەروەها یەکێکی دیکە لە کێشەکان بریتییە لە خەتەنەکردنی منداڵی کچ کە دەبێتە هۆی نەخۆشی و مەترسی گەورە بۆ سەر ژیانی کچەکە.

هەردوو مەترسییەکە لە کیشوەری ئەفریقا و چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری کیشوەری ئەمریکای لاتین بە شێوەیەکی بەربڵاو هێشتا هەیە.

خوێندنی کچان

لە مێژوودا کەمترین گرنگی بە خوێندنی کچان دراوە، هەر ئەمەش وادەکات ئەو کەسانەی لە مێژوودا هانی خوێندنی کچانیان داوە بەناوبانگ بن و بە کەسانی ڕۆشنبیر ناوزەند بکرێن، لە سەرەتای سەدەی ١٨ ئەوروپییەکان گرنگی خوێندنیان زانی و ئەمەش ڕێگای بۆ خوێندنی کچان بە شێوەیەکی گشتی خۆشکرد، بەڵام هەتاوەکو سەدەی ١٩ قوتابخانەی ناوەندی بۆ کچان بوونی نەبوو، هەتاوەکو ساڵەکانی ١٩٢٤ـیش کچان نەدەبوونە خاوەن بڕوانامەی بەکالریۆس، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیشەوە خوێندنی تێکەڵ بە تەواوی لە ئەورووپا سەری هەڵدا و گەشەی پێدرا.

لە ئێستادا لە زۆرینەی وڵاتان خوێندن بۆ کچانیش بەردەستە وەک کوڕان، لە هەرێمی کوردستاندا کچان دەتوانن لە تەواوی بەش و پلەکانی خوێندندا بخوێنن.

ڕێگرییەکان بۆ گەیشتنی کچان بە خوێندن

زۆرترین ئەو ڕێگرییانەی دەبنە هۆی نەخوێندنی کچان یاخود تەواونەکردنی بریتیین لە:

  • کاری زۆرەملێ لە خێزانە هەژارەکاندا
  • بەشوودانی بە زۆر
  • بەشوودانی پێشوەختە
  • نەبوونی ئاستێکی هۆشیاری بەرز لە نێو هەندێک کۆمەڵگای جیهاندا بۆ ناردنی کچان بۆ خوێندن.
  • دووریی خوێندنگا لە شوێنی نیشتەجێبوون
  • کرێی خوێندن

کچ لەناو کێشەکاندا

کچ بە درێژایی مێژوو زۆرجار بۆ سڕینەوەی تاوان بەکارهاتووە، ئێستاش لە هەندێک وڵاتدا ئەم دیاردانە دەبینرێن، وەک دیاردەی پێدانی کچێک لە ماڵی بکوژ بە ماڵی کوژراو لەجێی خوێنی کوژراوەکەیان بەبێ ڕەزامەندی خۆی، یان فرۆشتنی کچان بەرامبەر بە بڕێک پارە، یاخود دۆڕاندنی کچ و ژن لە قومارکردندا لەلایەن باوک و برا و کەسی نزیکەوە.

لە کوردستاندا ئەم جۆرە چارەسەر بەکارهێنراوە بەڵام ئێستا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بوەتەوە.

توندوتیژی دژی کچان

لە زۆر شوێنی جیهاندا کچان تووشی توندوتیژی دەبنەوە بە چەندین جۆری جیاواز:

لەباربردنی کچان و نەویستنیان لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا

لە هەندێک لە وڵاتاندا بە تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و هەندێک وڵاتانی خۆرئاوادا بە چاوێکی کەم سەیری کچان دەکرێت و بە ڕەگەزێکی پێویستیان نازانن، بۆیە زۆربەی جار تووشی لەباربردن و فڕێدان لەدوای لەدایکبوون دەبنەوە لەلایەن خێزانەکانیانەوە، بۆ نموونە لە وڵاتی چین ژمارەی کوڕان ٣٠ ملیۆن زیاترە لە ژمارەی کچان، لە وڵاتی هیندستانیش ساڵانە نزیکەی ١٠٠ هەزار کچ لەباردەبردرێن، ئەم جیاوازییەی ڕەگەز لە هەریەک لە جۆرجیا و ئەرمینیا و چەند وڵاتێکی دیکەش هەن.

خەتەنەکردنی کچان

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی خەتەنەکردنی کچانی وەک تاوان ناساندووە، لەگەڵ ئەمەشدا خەتەنەکردنی کچان لە ٢٨ وڵات بە شێوەیەکی سەرەکی ئەنجام دەدرێت کە زۆرینەیان دەکەونە کیشوەری ئەفریقا، و بەتایبەت میسڕ و ئەسیوبیا، هەروەها لە هەندێک وڵاتی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەنجام دەدرێن.

خەتەنەکردنی کچان لە پێش ١٥ ساڵییەوە ئەنجام دەدرێت.

هاوسەرگیری بە زۆر

بریتییە لە بەزۆر بەشوودانی کچان بە کەسێکی نەناسراو یاخود نەویستراو لەلایەن کچەکەوە کە زۆرینەی کات کەسێکی بە تەمەنە، یاخود کەسێکە کێشەی لەگەڵ ماڵەوەی کچەکەدا هەیە و بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە کچەکەی پێشکەش دەکەن، ئەم دیاردەیەش لە هەریەک لە ئەفریقیا و باشووری ئاسیا و باشووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین و ئۆقیانوسیا دەردەکەوێت.

لە ١٠ وڵاتی جیهان زۆرترین ڕێژەی هاوسەرگیری پێشوەختە و بە زۆر ڕوودەدات:

  • نەیجیریا
  • چاد
  • کۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست
  • بەنگلادیش
  • گینیا
  • مۆزەمبیق
  • مالی
  • بۆرکینافاسۆ
  • باشووری سودان
  • مالاوی

گێچەڵی سێکسی

یەکێکە لە کردەوە قێزەونەکانی جیهان کە لەلایەن کەسێکی هەرزەکار یاخود پێگەشتووەوە دەکرێت بەرامبەر کچانی منداڵ، و لە وڵاتە ئەورووپییەکان بە تاوانێکی زۆر گەورە سەیردەکرێت، یەکێک لە شێوازە باوەکانی گێچەڵی سێکسی بە کچان بریتییە لە بەکارهێنانیان بۆ کاری لەشفرۆشی بۆ بەدەستهێنانی پارە، ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک کچ دەبنە لەشفرۆش کە زۆرینەیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوەن.

لە هەریەک لە وڵاتەکانی تایلەند و کەمبۆدیا لەشفرۆشی و سێکسی کچانی منداڵ باوە و لە زۆر شوێنی جیهانەوە خەڵکی دەوڵەمەند بۆ وەرگرتنی چێژ لە کچان ڕوو لەوێ دەکەن.

تاوانی شەرەف

لە زۆر وڵاتدا گەر کچێک ڕەفتارێک پیشان بدات کە دژی کلتوور یاخود ئایین بێت، یاخود لەگەڵ کەسێکدا بخەوێت بەبێ هاوسەرگیری، یان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی تایبەت بە خۆی تووشی کوشتن و تاوانی شەرەف دەبێتەوە لەلایەن خێزانەکەیەوە.


سەرچاوەکان

2308 بینین