ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی - داعش

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-18-00:37:00 - کۆدی بابەت: 6613
ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی - داعش

ناوه‌ڕۆك

داعش

ڕێکخراوی ئیسلامی لە عێراق و شام یان داعش (بە ئینگلیزی: Islamic State of Iraq and the Levant)، ڕێکخراوێکی تیرۆرستی چەکداریە و هەڵگری فیکری سەلەفی جیهادییە، ئەندامەکانی بە بڕوای خۆیان دەیانەوێت دەوڵەتێک دابمەزرێنن بە پێی دەستوورەکانی ئیسلام بەڕێوەبچێت، بە شێوەیەکی گشتی لە هەریەک لە عێراق و سوریا بڵاوبوونەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٤ بە تەواوی جیهان پێیان ئاشنابوو بەهۆی هێرشکردنە سەر شاری مووسڵ لە عێراق.

دوای بڵاوبوونەوەیان لە مووسڵ و سەڵاحەدین و هێرشکردنیان بۆ سەر کوردستان و عێراق، ناوبانگی ڕێکخراوەکە بە جیهاندا تەقییەوە و ترسی خستە دڵی هەموو مرۆڤایەتی، هەر لەو کاتەدا شانشینی سعودیە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ناساندی، دوابەدوای سعودیە هەریەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمریکا و بەریتانیا و ئوستوڕالیا و تورکیا و سوریا و ئیسرائیل و ئەندەنووسیا و ئێران و هیندستان و چەند وڵاتێکی دیکە داعشیان خستە نێو ڕێکخراوە تیرۆرستەکان، داعش نەتەوە یەکگرتووەکان بە هۆکاری جەنگەکانی جیهان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤیش بە تاوانبار و هۆکاری ڕەگەزپەرستی دادەنێت، زۆرێک لە موسوڵمانانی جیهان ڕەتدەکاتەوە و هەرکەسێک سەلەفی جیهادی نەبێت لای ئەوان کافرە، هەر ئەمەش وایکردووە کە زۆرینەی موسوڵمانانی جیهان داعشەکان وەک خەواریج و تەکفیری بناسێنن و دژیان بوەستنەوە چونکە لە ڕێگای ئیسلام لایانداوە و توندڕەون.

مێژوو

پێشووتر ڕێکخراوەکە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی قاعیدەدا بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٤ ئەبو موسعەب زەڕقاوی دروستی کرد دژی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بەهۆی داگیرکردنی عێراقەوە، هەتاوەکوو ساڵی ٢٠١١ دژی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت و ئەمریکییەکان شەڕیان کرد و دواتر پەلیان هاویشت بۆ جەنگی ناوخۆی سوریا و لە هەریەک لە ڕەققە و ئیدلب و دێرزور و حەلەب دەسەڵاتیان زیادی کرد، بەهۆی جیاوازی مەزهەبی و تائیفییەوە لە عێراق سوننەکانی عێراق بە شێوەیەکی زۆر چەوسێنرابوونەوە، ئەوەش وایکرد لەکاتی هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ و سەڵاحەدین و بەعقوبە لە ٢٠١٤ لە عێراق، لەلایەن هەندێک سەرانی سوننەوە پێشوازی لە ڕێکخراوەکە لێبکرێ و جێگایان بکرێتەوە.

ساڵی ٢٠١٥ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پێکهێنرا و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی تێدابوو، بەهۆی جەنگی هاوپەیمانانەوە لە هەمان ساڵ داعش %٢٥ بۆ %٣٠ زەوییەکانی ژێر دەستی لە عێراق لەدەستدا.

بەهۆی مشتومڕ و ململانێیان لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە بۆ ماوەی هەشت مانگی ناکۆکی کەوتە نێوانیان و بووە هۆی پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتری، دوابەدوای ئەوە قاعیدە ڕێکخراوی داعشی وەک ڕێکخراوێکی دڕندە ناساند.

هێز

لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ ڕێکخراوەکە ٤٠٠٠ سەربازی لە نێو عێراق هەبوو، لە ئابی هەمان ساڵ ڕاگەیەندرا کە هێزەکانی داعش لە سوریا ٥٠,٠٠٠ کەس و لە عێراق ٣٠,٠٠٠ کەسن.

ئامانجی سەرەکی داعش دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو لە ناوچە سوننییەکانی عێراق، لە ڕۆژی ٢٠١٤/٦/٢٩ دوای وتاردانی ئەبوبەکر بەغدادی لە مزگەوتی مووسڵ، ڕێکخراوی داعش ناوی ڕێکخراوەکەی لە (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) گۆڕی بۆ (دەوڵەتی ئیسلامی) و دەوڵەتەکەی ڕاگەیاند، بڕیاریشیدا هەرکەس ناوی دەوڵەتەکە بە داعش بهێنێت سزای بدات.

کارەکانی ڕێکخراوەکە

ڕێکخراوەکە دژی هەموو ئەو کەسانەبوو کە دژی بیروڕای بوون، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٥ پێنج تەقینەوەی لە مزگەوتی شیعەکان ئەنجامدا لە هەریەک لە کوەیت و سعودیە، هەروەها تەقینەوەیەک لە بازگەیەکی پشکنینی سعودیە و کوشتنی دەیان گەشتیاری تونسی و تەقاندنەوەی بازاڕی دیالەی عێراق، کە بە هەموویانەوە زیاتر لە ١٩٠ کوژراوی لێکەوتەوە، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٧ چەندین ناوچەی گەورەی لەدەستدا بەهۆی هێرشکردنە سەر مووسڵ لەلایەن سووپای عێراق و پێشمەرگە و هاوپەیمانان و لە سوریاش لەلایەن فەیلەقی قودس و هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە چەندین ناوچەی لێ سەندرایەوە.

لە ٢٠١٧/١١/٢١ سەرۆکی فەیلەقی قودس (قاسم سولەیمانی) نامەیەک ئاڕاستەی عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و کۆتایی ڕێکخراوەکەی پێڕادەگەیەنێت.

ناکۆکی نێوان بەرەی نوسڕە و داعش

دوای ناکۆکی ناوخۆی سوریا و دروستبوونی جەنگ لە ساڵی ٢٠١١، چەندین بەرەی چەکداری دروستبوون دژی حکوومەتی سوریا، یەکێک لەوانە بەرەی نوسڕە بوو، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق کە ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی بوو یەکگرتنی دەوڵەتەکەی لەگەڵ بەرەی نوسڕە ڕاگەیاند و چەندین کاری هاوبەشیان پێکەوە ئەنجامدا، بەڵام دوای ماوەیەک سەرۆکی بەرەی نوسڕە (ئەبی محەمەد جولانی) جیابوونەوەی بەرەی نوسڕە و دەوڵەتی ئیسلامی ڕاگەیاند و بەیعەتی بە ڕێکخراوی قاعیدەی ئەفغانستان دا، بەهۆی ئەمەشەوە لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی سوریا شەڕ لە نێوانیان دروستبوو.

کڵێشەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت

دەوڵەتی ئیسلامی یان داعش خاوەنی خەلیفەیەکە کە سەرۆکی تەواوی ڕێکخراوەکەیە و لە ساڵی ٢٠١٤ ئەبوبەکری بەغدادی بە فەرمی بوویە خەلیفە و بەیعەتی پێدرا، لەدوای خەلیفە ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری هەیە و یەکێکە لە گرنگترین پێگەکانی دەوڵەت، خەلیفە خاوەنی دوو جێگرە کە یەکێکیان لە عێراق و یەکێک لە سوریایە، لەگەڵ ١٢ بەڕێوبەر لە هەردوو وڵاتەکە.

هەروەها چەندین لیژنەی هەیە وەک لیژنەی دارایی و سەرۆکایەتی و کاروباری سەربازی و لیژنەی یاسایی و لیژنەی کۆمەک و هاوکاری و لیژنەی ئاسایش و لیژنەی ڕاگەیاندن.

هەروەها خاوەنی بەیتولمالە و لە ترۆپکی دەسەڵاتیدا دەوڵەمەندترین ڕێکخراوی تیرۆرستی ئیسلامی بوو و پێشی قاعیدە و ڕێکخراوەکانی دیکە کەوت.

ڕێکخراوەکە گرنگییەکی زۆر دەدا بە ڕاگەیاندن و بیرۆکەی جیهادی ئەلیکترۆنی پەرەپێدا، بەهۆی ئینتەرنێتەوە فیکری جیهادی بڵاودەکردەوە و زۆرێک لەو کەسانەی کە پەیوەندییان پێوەکرد بەهۆی ئینتەرنێتەوە پێی ئاشنابووبوون.

وڵاتانی دیکە

جگە لە عێراق و سوریا، لە هەریەک لە وڵاتانی یەمەن و لیبیا و سینا و ئەزواد و سۆماڵ و نەیجیریا و پاکستان و مۆزەمبیق و نیگر بوونیان هەیە.

ویلایەتەکان

  • ویلایەتەکانی ڕەقە و خەیر و حەلەب و دیمەشق و حیمس و بادیە و حەما و برکە و فوڕات و لە سوریا.
  • ویلایەتەکانی عەدەن و حەزڕمەوت و شەبوە لە یەمەن.
  • نەجد و حیجاز و بەحرەین لە سعودیە.
  • ویلایەتی قەوقاز (زۆرێک لە سەرانی ئیماڕەتی قەوقازی ئیسلامی بەیعەتیان بە داعش دا)
  • خوراسان لە پاکستان و ئەفغانستان.
  • ویلایەتەکانی نەینەوا و کەرکووک و ئەنبار و سەڵاحەدین و باکووری بەغداد و باشوور و جەزیرە و دیجلە لە عێراق.
  • ویلایەتی سینا لە میسڕ.
  • ویلایەتی بەرقە و تەڕابلوس و فەزان لە لیبیا.
  • ویلایەتی جەزائیر.
  • لە ویلایەتی نەیجیریاش بوکۆ حەرام بەیعەتی بە داعش دا.

ئەو ڕێکخراوانەی بەیعەتیان پێداوە

  • بوکۆحەرام
  • ویلایەتی سرت لە لیبیا
  • ویلایەتی جەزائیر لە جەزائیر
  • ڕێکخراوی ئیسلامی لە سۆماڵ
  • ویلایەتی خوراسان
  • ئەنساڕی بەیتولمەقدس

وڵاتانی دژی داعش

ئەو لایەنانەی هێرشیان کردە سەر داعش

خۆهەڵقورتاندن لە سوریا

خۆهەڵقورتاندن لە لیبیا

  • میسڕ
  • هێزەکانی حەفتەری لیبیا
  • ئیماڕات

خۆهەڵقورتاندن لە نەیجیریا

  • نەیجیریا
  • چاد
  • کامیرۆن
  • نیگر

هاوپەیمانی ناوخۆی عێراق

هاوپەیمانی ناوخۆی سوریا

  • سوپای سوریای ئازاد
  • بەرەی شۆڕشگێرانی سوریا
  • ڕۆژئاوای کوردستان

یارمەتی و هاوکاری

یارمەتی سەربازی

هێزە چەکدارە شەڕکەرەکانی دوژمنی داعش


سەرچاوەکان



2380 بینین