سوپای پاسدارانی ئێران

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-04-13:59:00 - کۆدی بابەت: 119
سوپای پاسدارانی ئێران

ناوه‌ڕۆك

پاسدارانى شۆڕشی ئێران

سوپاى پاسداران، سوپایەکى ئایدۆلۆژی و پاسداریکى بەوەفاى ڕابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامییە لە ئێران لەگەڵ ئەوەشدا بەڕای چاودێران بەشێک نییە لە هێزە چەکدارەکان لەڕووى ڕێکخستنەوە و سەرکردایەتییەکى سەربەخۆى هەیە، گرنگترین دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ و دەستی ئەم دامەزراوە سەربازییە ئاسایشییە لە هەموو بوارەکان دەبینرێت، لە ڕۆشنبیری و سینەما و ژینگە و ئابووری و سیاسەت و دەسەڵاتی دادوەری.

یەکەم دروستبوون ١٩٧٩/٢/٢٨
دروستبوونی فەرمی ١٩٧٩/٤/٢٢
وڵات کۆماری ئیسلامیی ئێران
وەفاداری ڕژێمی ئیسلامیی ئێران
فەرمانداری سەرۆکایەتی هاوبەش
هێزەکان هێزی زەمینی (نزسا) - هێزی ئاسمانی (نهسا) - هێزی دەریایی (ندسا) - هێزی قودس - بەسیج
ئەندازە - ٢٠٢٠ ١٩٠,٠٠٠ کەس
بەشێکە لە  هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران (بە وتەی ئێران)
بنکە تاران، ئێران
دروشم وَأَعِدُّوا لَهُمْ مَا اسْتَطَعْتُمْ مِنْ قُوَّةٍ
بودجە ١٨ هەزار و ٣١٥ ملیار تمەن (٢٠٢٠)
کۆتا پلە ئەرتشبەد
فەرماندەی گشتی سەید عەلی خامنەیی
سەرۆکی لیژنەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد باقری
فەرماندەی گشتی سوپا حسێن سەلامی

دروستبوون

سوپای پاسداران لە 5ـی ئایارى 1979 دواى سەرکەوتنى شۆڕشی ئیسلامى و کەوتنى شاى ئێران دروست بوو، لە ڕێگاى فەرمانێکى تایبەتى سەرکردەى شۆڕش "ئیمام ئایەتوڵا خومەینی"یەوە و کەوتە ژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆى ڕابەرەوە، ئامانجى سەرەکى لەپشت دروستبوونى ئەو هێزە سەربازییە، کۆکردنەوەى سەرجەم هێزە سەربازییە هەمەجۆرەکان بوو کە لە دواى شۆڕشەوە سەریان هەڵدابوو، لە بونیەیەکى یەکگرتوودا بە مەبەستى پارێزگاریکردن لە دەسەڵاتدارانى ئێران، هەروەها دروست کردنى هاوسەنگى بوو لەگەڵ سوپاى ئێراندا کە بەشدارى شۆڕشیان نەکرد و هەندێک لەسەرکردەکانیان دڵسۆزى فەرمانڕەوایی شا بوون.

سوپاى پاسدارانى ئێران– بەپێى خەمڵاندنى پەیمانگاى نێودەوڵەتى بۆ لێکۆڵینەوەى ستراتیژى لە لەندەن – لە 350 هەزار کەس پێکدێت، ئەمە لە کاتێکدا کە پەیمانگاى لێکۆڵینەوە ستراتیژى و نێودەوڵەتى لە واشنتۆن پێی وایە کە ئەندامەکانى لە 120 هەزار کەس تێناپەڕێت.

گرنگترین بەرپرسیارێتیشی پاراستنی شۆڕش و دەسکەوتەکانییەتی، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتربوو و دەسەڵاتی زیادی کرد و دەستی لە سیاسەتی وڵاتانی دەوروبەریشیدا هەبووە.

کار و پڕۆژە

ئەندامانى سوپاى پاسداران بەوە دەناسرێنەوە کە بیروباوەڕیکى تۆکمەیان هەیە، هەروەها پاڵپشتى تەواوى دەسەڵاتدارانى ئێرانى دەکەن، ئامادەن کە پارێزگاری لێبکەن دژى هەر "دوژمنێکى ناوخۆ و دەرەکى"، ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى کە لەلایەن سەرکردەکانەوە ڕێزیان لێبگیرێت، هەروەها ببن بەخاوەنى دەسەڵاتێکى بەهێز لە دامەزراوەکانى حکومەتدا لە هەردوو بوارى سیاسی و ئابووریدا.

چاودێران پێیان وایە کە دیاریترین بەڵگە لەسەر هەژموونى سوپاى پاسداران، بریتییە لە گەیشتنە بە دەسەڵاتى "مەحمود ئەحمەدى نەژاد"ـی سەرۆک کۆمارى پێشوو، کە یەکێک بووە لە ئەندامانى سوپاى پاسداران.

یەکەمین پەیڕەوی سوپا لە ساڵی ١٩٨٠ لەڕێی ئەنجومەنی فەرماندەیی لە ٩ ماددە و ٩ خاڵ ڕێکخراو دەنگدانی بۆدرا، پەیڕەوەی کۆتایی سوپا بە ٤٩ ماددە و ١٤ خاڵ لە ١٩٨٢ بە دەنگدانی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری ئیسلامیی (په‌رله‌مانی ئێران) و دوابەدوای ئەوەش گەشت بە دانپێدانانی ئەنجومەنی پاراستن (شورای نگهبان) و یاسای بنەڕەتی (ده‌ستوور).

بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو هەندێک مادە چاکسازیی تێداکراوە، بەپێی ماده‌ی ١٥٠ی ده‌ستوور، ڕۆڵی سەرەکی سوپا بریتییه‌ له‌" پارێزگاری شۆرشی ئیسلامی و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشه‌"، ئەم ڕۆڵەش لە ماددەی یەک و دووی پەیڕەوی سوپای پاسداراندا دووپاتکراوەتەوە.

درەختی سوپا بە درێژایی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوو بەتایبەت دوای کۆتاییهاتنی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لە بوارەکانی ئاسایش، کولتووری، سیاسەت و ئابووری ئێران گەشەی کردووە و لە ئێستادا سوپا گەورەترین دامەزراوەی ئێران و کاریگەرترین كاره‌كته‌ری ئابووری و ئاسایشی و سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

لە ئەدەبیاتی سیاسی ناوخۆی ئێراندا، سوپا بەناوەکانی (دەوڵەتی تەریب)، (دەوڵەتی نادیار)، (دەوڵەتی تفەنگ) ناودەبرێت کە هێزی سەپێنراوی ئەم دامەزراوە لە بۆنە و  ململانێی و کێشمەکێشمەکاندا، باڵادەستی لە سیاسەتی ئێرانیدا دەردەخات، ئەم دامەزراوە سەربازییە بە سەپاندنی هەژموونی خۆی، هێڵەکانی سیاسەتی دەرەوە و مه‌یدانی فەرهەنگ نەخشەڕێژ دەکات.

سوپا نوێنەری دانراو و هەژموون سەپێنی هەیە لە دامەزراوە سیاسییەکانی ئێراندا وەک ئەنجومەنی باڵای نه‌ته‌وه‌یی، ئەنجومەنی شورای ئیسلامی - په‌رله‌مان، كۆمه‌ڵه‌ی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نیزام، شورای باڵای شۆرشی فه‌رهه‌نگی.
هه‌روه‌ك لە چوارچێوەی بەرنامەکانی وەک "راهیان نور" هەژموونی خۆی لە په‌ره‌وه‌رده‌ و فێرکردن و داهێنانەکان سەپاندووە.
سوپا بە ناونیشانی کۆنتڕۆڵکەری فەرمی دەسەڵاتی دادوەری، ڕۆڵێکی جدی هەیە لە چاودێریکردن و هەڕەشەکردن له‌ بەرهەڵستکارارانی ڕژێمی ئیسلامی.

دامەزراوە و ئەرکەکان

ئەم دامەزراوە سەربازییە هەژمونێکی تایبەتی هەیە لە بەدواداچوون بۆ کەیسە دادوەرییەکان، دەزگای زانیاری سوپا دەزگایەکی پڕ هێز و کاریگەری ئاسایشە کە پشتیوانیەکی باڵای سیاسیی و دادوەریی هەیە لەلایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

هەروەها سوپا بە دامەزراندنی ناوەندی فێرکردن و چالاکیی دیاریکراو لە جیهانی تەکنەلۆژیا، گرنگترین گروپی هاککەری لەژێر دەستدایە و چەندین مەڵبەندی بۆ ئامادەبوون و چاودێریی و کۆنتڕۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیان دروست کردووە.

پارێزگاریکردن لە: "ئایەتوڵا عەلی خامنەیی" ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هه‌رسێ سەرۆکایەتیەکانی ئێران، کەسایەتییە پلەباڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دابینکردنی ئاسایش بۆ تارانی پایتەختی ئێران لە ئەستۆی سوپای پاسداراندایه‌.
دەزگا میدیاییه‌كانی وه‌ك: (تسنیم)، (فارس)، (خبر دانشجو)، (رۆژنامەی جوان) پەیوەستن بە سوپا و تۆڕێکی گەورەی گۆڤارەکان و وێب سایتەکان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک زمانحاڵی ڕیکلامی سوپا چالاکی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دەزگای فەرهەنگی و هونەری ئه‌وج "سازمان فرهنگی هنری اوج" پەیوەست بە سوپایە بۆ یەکێک لە بەهێزترین دامەزراوەی سینەمای ئێران گۆڕاوە.

بنکەی (قرارگاه خاتم الانبياء)، پەیوەست بە سوپا بە گەورەترین و گرنگترین دابینکاری ئابوری ئێران دەژمێرێت و لەپاڵ (بنیاد تعاون سپاه) تۆڕێکی بەتوانای ئابوری لە بواری بانکی، خزمەتگوزاری و هاوردەکردن دامەزراندووە.
سوپا لە ئێستادا بە سوودوەرگرتن لە (قرارگاه خاتم الانبياء)، هەنگاوی ناوە بۆ دروستکردنی بنکەی پێشکەوتووی ئاوەدانی لە هەموو پارێزگاکان.

فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران، بە لایەنی کەمەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕیاربەدەسترین دامەزراوەیە لە بواری دیبلۆماسی ئێران، وه‌ هەندێک لە باڵیۆزەکانی ئێران لە وڵاتەکانی ئەم ناوچە دەبێت بە هەماهەنگی ئەم هێزە دابندرێت.
هێزە شێوە سەربازییەکان (گروپه‌ چه‌كداره‌كان) کە لە ئێرانەوە هاوکاری دارایی و سەربازیی دەکرێن لە وڵاتەکانی یەمەن، لوبنان، فەڵەستین، عێراق، سوریا، بەحرەین، ئەفغانستان و پاکستان لەگەڵ فەیلەقی قودس لە پەیوەندی و هه‌ماهه‌نگیدان.

سوپای پاسداران کۆنتڕۆڵی بەرنامەی موشەکی ئێران و گرنگترین دامەزراوەی بەرپرسی خاڵە سنورییەکان و ناوچە جوگرافیا هەستیارەکانی ئێرانی لە ژێر دەست دایە.

سوپای پاسداران کۆنتڕۆڵی بەرنامەی موشەکی ئێرانی و گرنگترین دامەزراوەی بەرپرسی خاڵەسنوریەکان و ناوچە جوگرافیە هەستیارەکانی ئێرانی لە ژێر دەست دایە.

بەسیج

تۆڕێکی کۆمەڵایەتی گەورەی شێوە سەربازیی خۆبەخشانەیە لە شارەکان و گوندە بچوک و گەورەکان چەندەها ئەندامیان هەیە، به‌شێكه‌ له‌ پاسداران، بە دروستکردنی بنکەی بەرگریکردن لە زۆربەی شارەکان و لادێکان و مزگەوتەکان و فەرمانگەکانی حکومەت تۆڕێکی گەورەی شێوە سەربازیی لە دەستدایە.

سوپای پاسداران، لە ماوەی یەک دەیەی کۆتایی بە سەرنجدان لە بیرۆکەیەکی پێنج قۆناغی كه‌ لەلایەن ئایەتوڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ ڕاگەیەندراوە، كارده‌كات له‌سه‌ر: (شۆرشیی ئیسلامیی)، (حکومەتی ئیسلامی)، (دەوڵەتی ئیسلامیی)، (کۆمەڵگەی ئیسلامیی)، (شارستانێتی ئیسلامیی) به‌رنامه‌ و بانگه‌شه‌ و به‌رنامه‌رێژیی و جوڵه‌ ده‌كات.

گرنگترین دامه‌زاروه‌كانی سوپای پاسداران

ـ فەرماندەی گشتی و دامەزراوەکانی (فرماندهی کل سپاه و چارت تشکیلاتی آن).
ـ نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیھ له‌ سوپا و یاریده‌ده‌رێتیه‌كانی په‌یوه‌ست پێیه‌وه‌ (نماینده ولی‌فقیه در سپاه و معاونت های وابسته به آن).
ـ دامەزراوە زانیاري و ئەمنیيەکانی سوپا (نهادهای اطلاعاتی و امنیتی سپاه و زیرمجموعه های آن).
ـ دامه‌زراوه‌ فه‌رهه‌نگی و زانستییه‌كانی ژێر چاودێریی سوپا (نهادهای فرهنگی و علمی تحت نظر سپاه).
ـ دامه‌زراوه‌ ئابورییه‌كانی ژێر چاودێریی سوپا (نهادهای اقتصادی تحت نظارت سپاه).
ـ بنکەکانی سوپا (قرارگاه‌های سپاه).
ـ سوپای پارێزگاکان (سپاه استان ها).
ـ هێزی زەمینی سوپا و بنکەکانی پەیوەست بەوەوە (نیروی زمینی سپاه و قرارگاه‌های وابسته به آن).
ـ هێزی قودسی سوپا (نیروی قدس سپاه).
ـ هێزی ئاسمانی سوپا (نیروی هوافضای سپاه).
ـ دەزگای به‌سیجی چه‌وسێنراوه‌كان (بسیج مستضعفین؛ سازمان‌ها و معاونت ها).
ده‌زگای هاوكاریی به‌سیج (بنیاد تعاون بسیج ؛ شرکت ها و  موسسات وابسته).
ـ دەمەزراوەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کە لەژێر چاودێری سوپان (نهادهای اجتماعی و فرهنگی تحت نظارت بسیج).
ـ دامەزراوە زانسیتیەکان کە لەژێر چاودێری سوپان (نهادهای علمی تحت نظارت بسیج).
ـ بنکەکانی بەرگریکردنی بەسیج (پایگاه های مقاومت بسیج).
میحوەر و بنکەکانی ڕێکخستنی سەربازی پەیوەست بە بسیج (قرارگاه‌ها و تشکیلات نظامی وابسته به بسیج).

جومگەکانى دەوڵەت

دواى دەست بەکاربوونى ئەحمەدى نەژاد، پێنج لە وەزیرەکانى حکومەتەکەى لە ئەندامانى سوپاى پاسدران دامەزراند، سەرەڕاى ئەوەش دەیان ئەندامانى پەرلەمان پێشتر ئەندامى سوپاى پاسداران بوون.

ژمارەیەکى زۆر لە کادیرەکانى پاسداران لەناو جومگە هەستیارەکانى دەوڵەتدا جێگیرکران، لە دیارترینیان "عەلى لاریجانى" کە سکرتێرى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشی نەتەوەیی بوو، هەروەها سەرۆکى شارەوانى تاران بەناوى "محەمەد باقر قالباف" کە پێشتر -سەرکردەیەکى پۆلیس بوو- ژمارەیەکى دیکەشیان کەسانى چالاک بوون لە بوارەکانى بیناسازى و نەوتدا.

لە ماوەى جەنگى دژ بە عێراق 1980-1988، سوپاى پاسداران ڕۆڵێکى کارایان گێڕا، بەشێوەیەک سەیردەکرێت کە سوپایەکى هاوتاى سوپایە و خاوەنى چەکى فڕۆکەوانى و دەریاوانى تایبەت بەخۆیەتى.

لەگەڵ ئەوەدا کە سوپاى پاسداران بەشدارى سوپا دەکات لە چاودێریکردنى سنوورەکان، بەڵام پاسداران خاوەنى چەکى پێشکەوتووترن، بەتایبەتى سیستەمى مووشەکى دوور مەودا "شەهاب 3".

لە کاتى داگیرکردنى عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، واشنتۆن پاسدارانى تاوانبارکرد بەوەى –لە ڕێگاى سوپاى قودسى سەر بە پاسداران– کە یارمەتى گروپە شیعییەکانى عێراقی داوە، ئەمەش لەلایەن تارانەوە ڕەتکرایەوە، چاودێران پییان وایە کە سوپاى پاسداران یارمەتى گروپەکانى بەرگرى دەکات، لەسەرو هەمووشیانەوە حیزبوڵای لوبنان.

هەروەها ئاماژە بەوە دەدرێت کە بەسیجەکان کە ئەوانیش ڕێکخراوێکى نیمچە سەربازین کە پێکهاتووە لە گەنجەکان و خوێندکارانى زانکۆ، بە هەمان شێوە –کە ژمارەیان مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٠– ئەمانیش شوێنکەوتووى سوپاى پاسدارانن و هەر ئەمانیش مەشقیان پێدەکەن و چەکیان بۆ دابیندەکەن.

تواناکان

سوپاى پاسداران پشکى لە چەندین پڕۆژەى ئابووریدا هەیە، ئەو پڕۆژانە مەزەندە دەکرێت بە ملیارەها دۆلار لە بوارەکانى نەوت و گاز و ژێرخانى ئابوورى، چەندین دامەزراوەى دارایی، وەبەرهێنان سەر بە سووپاى پاسدارانن، لەناو ئێراندا بەتایبەتى لە بوارەکانى کەرتى بەرهەمهێنان و خزمەتگواری دا، کە سەرجەم بوارەکانى بیناسازى و ڕێگاوبان و پەیوەندییەکان و نەوت، دەگرێتە خۆى.

سوپاى پاسداران خاوەنى توانایەکى بەرگرى کاریگەرە، وەک ئەو سیستەمە موشەکییانەى کە تواناى هەڵگرتنى کڵاوەى هێشوویی هەیە، بەشێوەیەک کە لەتوانایدایە 1400 نارنجۆکى بچووک بهاوێژێت بەسەر ئامانجەکەیدا، هەروەها بەرپرسەکانیان دەڵێن کە هەزارەها خۆکوژیان هەیە.

لە چەند ساڵى ڕابردوودا سوپاى پاسداران توانا سەربازییەکانى خۆى تۆکمەتر کردووە، سەرەڕاى چەندین مانۆڕى سەربازى – کە لە ماوەى ساڵێکدا چەند جارێک ئەنجامى دەدات – فەرماندەکانیان توانیویانە چەندین جۆرى چەک پەرەپێبدەن وەک فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان، سیستەمى موشەکى شەهاب 1 و 2 و 3، هەروەها پەرەبدەن بەسیستەمى دژە ئاسمانى و جەنگى ئەلەکترۆنى.

لە کاتێکدا کە مەوداى شەهاب 3 تا قوڵى 300 کیلۆمەتر بڕدەکات، شارەزایانى ئێرانى لە هەوڵى ئەوەدان کە شەهاب 4 و شەهاب 5 پەرەپێبدەن، تاکو دوورى مەوداى بگاتە 5000 کیلۆمەتر.
 
لە چوارچێوەى جەنگى دەروونیشدا، سوپاى پاسداران بەشێوەیەکى خولى چەند جۆرە چەکێکى دیکە ڕادەگەیەنن و تاقیکردنەوەى نوێش دەکەن، لە هەموو جارێکدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دروستکردن و پەرەپێدانى لەلایەن شارەزا ئێرانییەکانەوە بووە.

سزاكانی ئەمریکا

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە13 ى تشرینى یەکەمى 2017، لەسەرداواى "دۆنالد ترامپ" ى سەرۆکى ئەمریکا، چەندین سزاى دارایی سەپاند بەسەر سوپاى پاسداراندا، بەهۆى ئەو دەنگۆیانەى دەوترێتەوە سەبارەت بەپەیوەندییانەوە بە تیرۆرەوە، بەڵام ئامادە نەبوو ئەو سوپایە لە لیستى تیرۆردا دابنێت.

ئامانجى ئەم ڕێکارانە – هەروەک نوسینگەى چاودێرى ڕەچەڵەکە بیانییەکانى سەر بە خەزێنەى ئەمریکا ڕایگەیاند – لەمپەر دروست کردنە لە بەردەم تۆڕە داراییەکانى ئەم دەزگایە، هەروەها بلۆک کردنى هەر سەرچاوەیەکە کە پەیوەندى بەسوپاى پاسدارانەوە هەبێت بەپێى یاساى ئەمریکى.

هەروەها هیچ پێکهاتەیەکى بازرگانى ئەمریکى بۆى نییە کە پەیوەندى بەسوپاى پاسدارانى ئێرانییەوە بکات، ئەمەش ئاستەنگ دروست دەکات لە بەردەم گەیشتن بە سیستەمى بانکى ئەمریکى، لە هەمانکاتدا مامەڵە نێودەوڵەتییەکان ئاڵۆزتر دەکات.

پێشتر سوپاى پاسداران، لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە، سزاى یاسایی ودارایی دراوە، ئەوەش بەهۆى بەرنامەى بالیستى تاران وتۆمەتبارکردنى بە پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ.

پلەکان

ستوان سێیەم جێداری سێیەم
ستوان دووەم جێداری دووەم
ستوان یەکەم جێداری یەکەم
سەروان پێشەنگ
سەرگورد پێشڕەو
سەرهەنگی دووەم پێشکار
سەرهەنگی یەکەم سەرهەنگ
سەرتیپی دووەم سەرتیپی دووەم
سەرتیپ سەرتیپی یەکەم
سەرلشەگر سالار
سپهبەد سەردار
ئەرتەشبەد سەرداری یەکەم

 


سەرچاوەکان



3863 بینین