ناوهڕۆك
ناساندن
زمانی سویدی (بە ئینگلیزی: Swedish language، بە عەرەبی: اللغة السویدیة)، زمانێکی ئیسکەندەناڤییە وەک زمانەکانی دانیمارک و نەرویج، لەگەڵ زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی هاوبەشی و لێكچوونی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، هەروەها زمانەکە تەنها تایبەت نییە بە خەڵکی سوید، بەڵکو دووەم زمانی فەرمی وڵاتی فیلەندایە و نزیکەی (% ٥)ی دانیشتوانی فیلەندا زمانی سویدی بریتییە لە زمانی دایکیان.
پۆلێنکردن و مێژووی دروستبوونی
زمانی سویدی زمانێکی هیندۆ ئەورووپییە، لە زمانی ئیسکەندەناڤیای دێرینەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە ڕابردوودا و لە سەردەمی ڤایکینگەکان تەواوی ناوچەی ئیسکەندەناڤیا هاوزمان بوون، لە سەدەی نۆزدەدا زمانەکە پەرەیسەند و بەرەوپێشچوو پاشان لە سەدەی بیستەمدا خۆی نوێکردەوە، دواتر هاوشێوەی زۆرینەی زمانەکانی تر و بە گوێرەی ناوچەکان شێوەزاری جیاواز دروستبووە، ئەو جیاوازییە هەتاکوو ئێستەش بەردەوامە، بۆ نموونە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە وشە و دەربڕینی دانیشتوانی گوندەکان لەگەڵ دانیشتوانی شارەکاندا.
زانیاری گشتی دەربارەی زمانەکە
شێوازی دروستبوونی ڕستەی سویدی هاوشێوەی ئینگلیزییە و پێكدێت لە بکەر و کار و تەواوکەر، بەڵام دەکرێت جێگەکانیان ئاڵوگۆڕ بکرێت بە مەبەستی جەختکردنەوە لە وشەیەک، هەروەها لە ڕێزمانی زمانەکەدا بە گوێرەی ڕەگەزەکانی نێر و مێ جیاوازی دروستدەبێت، تاک و کۆ و دانانی زۆرینەی ئامڕازەکانیش لە زمانی ئینگلیزییەوە نزیکە.
ئەلفبێی سویدی
ئەلفبێ و پیتەکانی زمانی سویدی ٢٩ دانەن و هاوشێوەی زمانی ئینگلیزییە، تەنها جیاوازییان ئەوەیە کە ئەم زمانە سێ پیتی تری هەیە کە لە ئینگلیزیدا نین، پیتەکانیش بریتین لە (å, ä, ö ).
هەندێک لە دەستەواژە باوەکانی زمانی سویدی
سڵاو = Hej
چۆنیت؟ = Hur mår du?
من باشم، سوپاس = Bra, tack
سوپاس = Tackar
ناوت چییە؟ = Vad heter du?
من ناوم.... = Jag heter …
ماڵئاوا = Vi ses