ئەو ڕەنگانەی فشاری دەروونی کەم دەکەنەوە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-22:38:00 - کۆدی بابەت: 13057
ئەو ڕەنگانەی فشاری دەروونی کەم دەکەنەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو ڕەنگانەی فشاری دەروونی کەم دەکەنەوە (بە ئینگلیزی: Colors that reduce stress، بە عەرەبی: الألوان التي تقلل من التوتر) بێزاربوون لە شوێنی کارەکەت یان هەستکردن بەوەی ناتوانی ڕۆژانە هەموو کارەکانت ئەنجام بدەیت، ئەمانە هەمووی دەبنە هۆی دروستکردنی فشاری دەروونی. بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە، کە بەبەکارهێنانی ڕەنگەکان دەتوانیت فشاری دەروونی کەم بکەیتەوە. ڕەنگە سەرنج نەدەیت، بەڵام جەستە و مێشک هەردووکیان کاردانەوەیان بۆ بینینی ڕەنگەکان هەیە. ڕەنگە ڕووناکەکان هانی مێشک دەدەن و وزەت پێدەدەن.

ئەو ڕەنگانەی ئارامیت پێ دەبەخشن و فشاری دەروونیت کەم دەکەنەوە

شین

ڕەنگێکی کلاسیکە، هۆکاری زۆر هەیە کە شین ڕەنگێکی ئارامە و دەتوانێت لە ئارامکردنەوەی مێشکێکی سەرقاڵ یارمەتیدەر بێت. بۆ بەکارهێنان لە ژووری نوستندا ڕەنگێکی گونجاوە، چونکە هانی توانای خەوتن دەدات.

وەنەوشەیی

ڕەنگی وەنەوشەیی بنچینەیەکی شینی هەیە، لەبەر ئەمەش ڕەنگێکی ئارام کەرەوەیە. ڕەنگی وەنەوشەیی دەتوانێت هاوسەنگی دروست بکات. دەوترێت تەنانەت تێڕامان (meditation) یش لە ژێر تیشکی وەنەوشەیدا دە هێندە کاریگەرتر دەبێت. بۆ چالاکی ئێسکەکان و هێشتنەوەی هاوسەنگی سۆدیۆم پۆتاسیۆم لە جەستەدا گرنگە.

سەوز

ڕەنگێکی هێمن و ئارام بەخشە. چونکە نیشانەی سروشتە، یەکێکە لە ئارامترین ڕەنگەکان. یارمەتی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و هەستکردن بە ئارامی دەدات. سەوزە کاڵە زەردباوەکان لە تۆنەکانی ڕەنگی سەوزدا فشار کەم دەکەنەوە.

پەمەیی

ڕەنگی پەمەیی ڕەنگێکی دیکەیە کە دەتوانێت ئارامیت پێ بخەشێت و هاوسەنگی وزەت بپارێزێت. هەرچەندە باوەڕ وایە کە ڕەنگی پەمەیی ڕەنگێکی کچانەیە و زیاتر لە ژووی منداڵی کچی تازە لەدایکبوو بەکاردێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگی پەمەیی دەگونجێت بۆ هەموو ژوورێک ڕەنگێکی جوان و ئارام بەخش بێت.

سپی

ڕەنگی سپی نیشانەی پاکی و تازەییە. لە کاتی هەبوونی فشاری دەروونیدا، هەڵبژاردنێکی گونجاوە کە ڕەنگی سپی لە چواردەورت هەبێت. ژووری سپی بۆ ئافرەتانی دووگیان ڕەنگێکی زۆر گونجاوە، بەڵام بیرت بێت ڕەنگی سپیی دەبێت پاک و دراوشاوە بێت. ڕەنگێکی سپی تاریک و پیس بوو کاریگەری خراپت لەسەر دروست دەکات.

ڕەساسی

زۆر کەس وا بیر دەکاتەوە ڕەنگی ڕەساسی ڕەنگێکی تاریک، بێزارکەرە و تووشی بێتاقەتیت دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا کاتێک ڕەنگی ڕەساسی لەگەڵ سپی یان شین تێکەڵ ببێت ڕەنگێکی ئارام بەخش دروست دەکات.

زەرد

بیرۆکەی ئەرێنی زۆر دەربارەی ڕەنگی زەرد هەیە. لەو کاتەی سەیری ڕەنگی زەرد دەکەیت وزەیەکی زۆرت پێ دەبەخشێت. ئەگەر دەتەوێت سەرەتای ڕۆژەکەت بە وزەیەکی زۆر دەست پێ بکەیت ئەوا هەندێک شتی ڕەنگ زەرد لە شوێنە دیارەکانی ماڵەکەتدا دابنێ. یان دەتوانیت چێشتخانەکەت ڕەنگی زەرد بکەیت بە تەواوی یان بەشێکی ماڵەکەت، چەند توێژینەوەیەک دەری خستووە ئەو کەسانی لە ژوورێکدان کە ڕەنگی زەردی تێدا بەکارهاتووە چالاکتر و داهێنەر ترن لەو کەسانەی کە لە ژوورەکەیاندا ڕەنگی تر هەیە.

پرتەقاڵی

ڕەنگی پرتەقاڵی وا دەکات زیاتر هەست بە چالاکی بکەیت.

ئەو ڕەنگەی کە لە هەموو ڕەنگەکان زیاتر کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی فشاری دەروونی هەیە، ڕەنگی شینە. کاتێک هەست بە فشار دەکەیت بەبێ ئاگایی سەیری ڕەنگی شین دەکەیت. ڕەنگە لە کاتێکدا هەست بە فشار دەکەیت سەرت بەرز بکەیتەوە و سەیری ئاسمان بکەیت، یان لە کەناری ئاوێک دابنیشیت و چێژ لە کاتێکی هێمن وەربگریت. دەوترێت سەیرکردنی ڕەنگی شین دەبێتە هۆی ئەوەی ماددەی کیمیایی لە لەشدا دەربدرێت کە هانی هێمنکردنەوە دەدات. ئەگەر بەتەواوی ئارەزووی ڕەنگی شین ناکەیت دەتوانیت ئەو ڕەنگانە کە پێکهاتەی ڕەنگی شینیان تێدایە وەک مۆر یان سەوز – شین هەڵبژێریت.


سەرچاوەکان



244 بینین