مۆر

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-21-21:30:00 - کۆدی بابەت: 7866
مۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەنگی مۆر یاخود ئەرخەوانی (بە عەرەبی: اللون البنفسجي، بە ئینگلیزی: Purple) مۆر له تێکەڵکردنی بڕێکی دیاریکراو لە ڕەنگی شین و سوور بەرهەم دەهێنرێت، لە دروستکردنیدا بڕی ڕەنگی شین زیاترە لە بڕی ڕەنگی سوور، هەروەها لە شەبەنگی بینراو دەکەوێتە نێوان هەمان ئەو دوو ڕەنگەوه.
درێژی شەپۆلی ئەم ڕەنگە لە نێوان 380 بۆ 450 نانۆمەترە. 

جیاوازیی نێوان ڕەنگی مۆر و ڕەنگی وەنەوشەیی

ڕەنگی مۆر ڕەنگێکە لە شەبەنکی بینراو بوونی هەیە و ڕەنگێکی کاڵترە لە وەنەوشەیی، بەڵام ڕەنگی وەنەوشەیی (بە عەرەبی: ارجواني، بە ئینگلیزی: Violet) لە شەبەنگی بینراو بوونی نییە، لەڕێگەی تێکەڵکردنی ڕەنگی سوور و مۆری سروشتی بەرهەم دەهێنرێت، دروستکردن و گۆڕینی پلەی ڕەنگی بنەوشەیی لە ڕەنگی مۆر ئاسانترە، هەروەها نیوتن ڕەنگی بنەوشەیی لە بازنەی ڕەنگەکان بەکارنەهێناوە. 

مێژووی ڕەنگی مۆر

هەر لە کۆنەوە ئەم ڕەنگە تایبەت کراوە بە پۆشاکی کەسانی خانەدان و دەوڵەمەند و پاشاکان، چونکە زۆر گران بووە و هەموو کەس نەیتوانیوە بیکڕێت.
ئەسکەندەری مەزن و پاشاکانی میسڕی کۆن و ئیمپراتۆرییە چینییەکان ئەم ڕەنگەیان پۆشیوە و لە دیزاینی جلوبەرگە شاهانەکانیان بەکاریان هێناوە، تەنانەت پاشاکانی ئەورووپا قەدەغەیان کردبوو کەسانی چینی هەژار ئەم ڕەنگە بپۆشن.
لە سەردەمی نوێدا شاژنە ئیلیزابێس ئەو ڕەنگەی زۆر دەپۆشێت چونکە پێی وایە ئەو ڕەنگە واتای دانایی و ژیرییە.
لە ڕابردوودا ڕەنگی مۆر لە جۆرێکی تایبەتی لە ئاژەڵی لولپێچی دەریایی دەردەهێنرا، بۆیە نرخەکەی زۆر گران بووە، پاشاکان ڕاوکەری تایبەتیان بۆ ئەو ئاژەڵە دابین کردبوو. 
بەپێی بەڵگە مێژووییەکان مێژووی دۆزینەوەی ئەم ڕەنگە دەگەڕێتەوە بۆ 1400 ساڵ پێش زایین و ئەفسانەیەکی هەڵبەستراو هەیە لەو بارەیەوە، ئەفسانەکە بریتییە لەوەی کە کاتێک پاشایەک و سەگەکەی لە کەنار دەریایەک پیاسەیان کردووە، پاشاکە تێبینی دەمی سەگەکەی کردووە کە بە ڕەنگێکی نامۆ داپۆشراوە، بۆیە ڕەنگەکەی زۆر بەدڵ بووە فەرمانی کردووە کە دەبێت ئەو زیندەوەرە بەکاربهێنن بۆ ڕەنگکردنی پۆشاکەکانی بە هەمان ڕەنگ.
تا ساڵی 1856 جگە لە چینی پاشا و دەسەڵاتداران هیچ کەسێکی ئاسایی بۆی نەبوو ئە ڕەنگە بپۆشی، دوای ئەو ساڵە زانای گەنجی کیمیایی "ویلیام بیرکن" کە تەمەنی 18 ساڵی تێنەپەڕاندبوو، لە ڕیگای هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرکردنی نەخۆشی مەلاریا، دوای تێکەڵکردنی چەند ماددەیەک ڕەنگێکی مۆری تۆخی بەدەستهێنا کە چڕییەکەی زۆر بوو و سەرسام بوو، بۆیە لەو ڕێگەیەوە توانرا یەکەمین ڕەنگی مۆری دەستکرد بەرهەم بهێنرێت، زاناکە توانی کارگەیەکی تایبەتی بۆ بەرهەمهێنانی ڕەنگی مۆر دانێت.

واتای مۆر لەڕووی دەروونناسییەوە

ڕەنگی مۆر بەپێی زانستی دەروونناسی ڕەنگێکی نامۆ و ئاڵۆزە، لەهەمان کاتدا ئاماژەیە بۆ داهێنان و بوێری.
ڕەنگی مۆر هەستی متمانە بەخۆبوون و پەسەندکردن لەلای تاکەکان زیاد دەکات، بۆیە لە چاوپێکەوتنی کاردا زۆر کەس جلی مۆر دەپۆشن چونکە ئاماژەیە بۆ متمانە و هێزی کەسایەتی کەسەکان.
ئەم ڕەنگە وەکوو چارەسەرێک بەکاردەهێنرێت بۆ هێورکردنەوەی ئەو کەسانەی کە نیشانەکانی چەند نەخۆشییەکی دەروونیان هەیە، چونکە هەستی ئاسوودەیی و ئارامییان پێدەبەخشێت.
لە چارەسەییەکانی وزە و ڕۆحانییەت لە زۆرێک لە بەرد و گەوهەرەکانی ئەو بوارە بەکارهاتووە چونکە هەستی نوێبوونە بە مرۆڤ دەبەخشێت.

بەکارهێنانی ڕەنگی مۆر

ـ ئەو خۆراکانەی ڕەنگیان مۆرە: ئەو خۆراکانەی کە هەڵگری ئەم ڕەنگەن نموونەی توو، چەوەندەر، توور و پەتاتەی شیرین و کەلەرم، کاریگەرییەکی بەهێزیان هەیە لەسەر لەشی مرۆڤ و زۆر سوودبەخشن و بەهای خۆراکییان بەرزە، چونکە بڕێکی زۆر لە ماددەی ئەنسۆسیانیان تێدایە کە دژە ئۆکسانێکی بەهێزە و کاردەکاتە سەر باشترکردنی تەندروستی دڵ، ئەم ڕەگە لە خۆراکدا بۆ مرۆڤ زۆر سەرنج ڕاکێشە چونکە چاوی مرۆڤ زوو تێبینی ئەو ڕەنگە مۆر  دەکات.
ـ گوڵە مۆرەکان: گوڵی ڕەنگ مۆر گوڵێکی ناوازە و سەرنجڕاکێش و کاریگەرە نموونەی گوڵە ڕەنگ مۆرەکان، گوڵی هێرۆ، گوڵی ئۆرکید، گوڵی وەنەوشە و گوڵی تۆلیب.
ـ ڕەنگی مۆر لە دیزایندا: لە زۆرێک لە دیزاینی ناوەوەی تەلار و ماڵەکان ڕەنگی مۆر بەکاردەهێنرێت، چونکە ڕەنگێکی ئاسوودەبەخشە، ڕەنگی مۆر لەگەڵ زۆرێک لە ڕەنگەکان ناگونجێت، بۆیە پێویستە لە پانتاییەکی دیارییکراودا پلە جیاوازەکانی ڕەنگی مۆر بەیەکەوە بەکاربهێنرێت، بەوشێوەیە شوێنەکە جوانتر و ڕێکتر و شاهانە دەردەخات.
ـ ڕەنگی مۆر لە جلوبەرگ و مۆدەدا: لە مۆدە و دیزاینی پۆشاکەکانی ئەمڕۆدا  ڕەنگی مۆر بە هەموو پلەکانیەوە زۆر بەکاردەهێنرێت، بۆ بەدەسهێنانی مۆدێکی جلوبەرگی ڕێک و شاهانەیی ڕەنگی مۆر لەگەڵ ڕەنگی سپی و ئاڵتوونی بەکاردەهێنرێت، هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کە پێستیان تۆخە و ئەسمەرن دەتوانن ڕەنگی مۆر لەگەڵ پلەکانی ڕەنگی پاستیڵ بەکاربهێنن، ئەوانەشی کە سپی پێستن ڕەنگی مۆر و بێجی پێکەوە زیاتر گونجاوترە بۆیان.


سەرچاوەکان



2616 بینین