ناوهڕۆك
ناساندن
چاندنی شویت (بە ئینگلیزی: Planting dill، بە عەرەبی: زراعة الشبت)، سەوزەیەکی گەشەخێرایە و بۆ چەندین مەبەستی جیاواز بەکاردێت، جگە لە ئەوەی شیاوی خواردنە، دەکرێت بەمەبەستی جوانیش بچێنرێت، لقەکانی زۆر بە چڕی سەوزدەبن و لە وەرزی هاوینیشدا گوڵی زەرد دەگرێت، جگە لە ئەمانەش هەندێک جۆری تایبەتی پەپوولەکان هەن کە ئارەزووی شویت و گوڵەکەی دەکەن و دەنیشنەوە لەسەری، یاخود دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی زەردەواڵەکان. نشینگە بنەڕەتییەکەی ناوچەکانی ئۆراسیا و دەریای سپی ناوەڕاستە، چەندین جۆری جیاوازی هەیە، هەندێکیان درێژترن و هەندێکی تریان تۆوی زیاتر بەرهەمدەهێنن، یاخود هەندێک جۆری تریان لە گۆزەکاندا باش گەشەدەکەن و بەرهەمیان دەبێت.
هەنگاوەکانی چاندن
- باشترە لە وەرزی بەهاردا بچێنرێت، کاتێک کە پلەی گەرمی خاکەکە لە نێوان ١٥-٢١ پلەی سیلیزییە.
- تۆوەکەی لە قوڵاییەکی زۆر کەمدا بچێنرێت و ڕاستەوخۆ بخرێتە خاکەوە.
- پاش ١٠-١٤ ڕۆژ تۆوەکان چەکەرە دەکەن و دەردەکەون.
- لە دوای دەرکەوتنیان و کاتیك کەمێک گەشەدەکەن، باشتر وایە کە مەودای نێوان بنجەکان زیادبکرێت، هەر دانەیەک بۆ دانەیەکی تر ٢٥-٣٠ سانتیمەتر دووربێت.
شێوازی گرنگیپێدان
جێگەکەی خۆرەتاوبێت و بەلایەنی کەمەوە زۆرینەی ڕۆژەکان شەش کاتژمێر ڕووناکی ڕاستەوخۆی خۆری هەبێت، دابینکردنی خاکێک کە بە باشی وشکبێتەوە و لەهەمان کاتدا بە شێداری بهێڵرێتەوە، پلەی ترشێتی خاکەکەی باشترە لە نێوان ٦.٥-٧ پلە ببێت واتە کەمێک ترشبێت، دەکرێت تووشی نەخۆشی کەڕووەکان ببێت، یان تووشی جۆری جیاوازی نەخۆشییەکانی ڕەگ ببێت، لەبەر ئەوە پێویستە چاودێریبکرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ دابینبکرێت.