ناوهڕۆك
ناساندن
زەردەچەوە یان زەردەچێوە (بە عەرەبی: كركم، بە ئینگلیزی: Turmeric) بەهارات و ڕووەکێکی ناودارە، بەخشەری ڕەنگی زەرد و تامی زۆرێک لە خواردنەکانە، تامەکەی کەمێک توونی کەمی هەیە و سادەیە. لە جیهاندا وڵاتی هیندستان بە یەکەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری زەردەچەوە دادەنرێت و لەو وڵاتە ئەم بەهاراتە زۆر بەکاردێت. لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا نموونەی چین، کۆریا لە زۆرێک لە خوانەکانیاندا زەردەچەوە زۆر بەکاردێت. زەردەچەوە ڕووەکێکی خولگەییە و لە خێزانی زەنجەفیل پۆلێن کراوە.
پێکهاتەی خۆراکی
بڕی ١٠٠ گرام زەردەچەوە پێکهاتووە لە:
- ٩٫٧ گرام پرۆتین
- ٦٧٫١ گرام کاربۆهیدرات
- ١٦٨ ملیگرام کالسیۆم
- ٥٥ ملیگرام ئاسن
- ٢٠٨ ملیگرام مەگنسیۆم
سوودە تەندروستییەکانی زەردەچەوە
- زەردەچەوە دژەهەوکردنە چونکە چەند جۆرێکی دژەئۆکسێن لە پێکهاتەکەی هەیە بۆیە بۆ هەوکردن زۆر سوودبەخشە.
- بۆ چەند جۆرە نەخۆشییەکی پێست نموونەی نەخۆشی سەدەف سوودبەخشە.
- زەردەچەوە بۆ تەندروستی جگەر زۆر باشە و سووڕی خوێن لە لەشدا چالاک دەکات.
- ڕێژەی کولیستڕۆڵ و چەوری زیانبەخش لە خوێندا کەم دەکاتەوە.
- کۆنتڕۆڵی ئاست و ڕێژەی شەکری خوێن دەکات.
- زەردەچەوە چەند تایبەتمەندییەکی هەیە کە هاوکاری تەندروستی پێست دەدات و قژ بەهێز دەکات، بۆیە لە پێکهاتەی زۆرێک لە ماسک و کرێمی سروشتی بە بڕێکی دیاریکراو بەکاردێت.
زیانە تەندروستییەکانی زەردەچەوە
- بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی زەردەچەوە و زیادکردنی لەناکاوا لە خواردنەکاندا زیانی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت، بە تایبەتی زیانی تەندروستی بە کۆئەندامی هەرس دەگەیەنێت، نموونەی ئەندامەکانی گەدە و جگەر، هاوکات لە هەندێک بارودۆخدا کەسەکە تووشی وشکبوونەوە و قەبزی دەکات.
- ئەو کەسانەی کێشە و نەخۆشییەکانی زراو و بەردی زراویان هەیە زەردەچەوە بۆیان خراپە.
- زەردەچەوە بۆ هەندێک لە ژنانی دووگیان ناپەسەندە و کاریگەری هەیە لەسەر دروستبوونی گرژبوونی منداڵدان.
- ئەو کەسانەی دەرمانی ئیسپرین بەکاردەهێنن پێویستە ئاگادار بن و بە بڕێکی زۆر زەردەچەوە بەکارنەهێنن.
- ئەو کەسانەی کەمیی ڕێژەی ماددەی ئاسنیان هەیە پێویستە دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی زەردەچەوە چونکە لە ڕیخۆڵەکان ڕێگری لە هەڵمژینی ماددەی ئاسن دەکات.
- بەکارهێنانی زەردەچەوە بە بڕێکی زۆر لە خواردندا تامی تاڵی دەبەخشێتە خواردنەکە و ڕەنگی خواردنەکە زیاد زەرد دەکات.
بەکارهێنانی زەردەچەوە لە خواردندا
زەردەچەوە بۆ پێدانی ڕەنگی زەرد و تام خۆشکردنی خواردن وەکوو بەهارات لە زۆر خواردندا بەکاردەهێنرێت، لە کولتووری هیندستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵات لە زۆر خواردن بەکاردەهێنرێت. زەردەچەوە دروستکردنی برنج و بریانیدا بەکاردەهێنرێت، لە دروستکردنی شۆربای سەوزەوات و شۆربای مریشک بە بڕێکی دیاریکراو بەکاردێت. لە هەندێک ناوچەی هیندستان لەگەڵ شیر و چادا تێکەڵ دەکرێت، یان هەر لەگەڵ ئاوی گەرم تێکەڵ دەکرێت و گیراوەکەی وەکوو چا دەخوورێتەوە.