شویت

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-25-17:46:00 - کۆدی بابەت: 12981
شویت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شویت (بە عەرەبی: الشبنت یان الشبت، بە ئینگلیزی: Dill، ناوی زانستی: Anethum graveolens) گیایەکی گەڵا وردی تامدار و بۆنداری ڕەنگ سەوزە. تۆوی شویت ڕەنگەکەی قاوەییە و شێوەی هێلکەییە تام و بۆنی تۆوەکەی لە گەڵاکان و شویتی تەڕ زیاترە، لە خواردنەکان بەکاردەهێنرێت و تامەکەی هەر وەکوو شویت وایە بەڵام ترشییەکی کەمی هەیە. شویتی تازە تام و بۆنەکەی بە بەراورد لەگڵ شویتی کوتراو و وشککراوە زیاتر و تیژترە، بۆیە لەکاتی بەکارهێنانی شویتی وشککراوە لە خوانەکاندا بڕێکی زیاتر بەکاردەهێنرێت.

مێژووی بەکارهێنانی شویت دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ، هەر لە سەردەمە کۆنەکانەوە مرۆڤ شویتی وەکوو دەرمانی سروشتی و چارەسەرکەر بەکارهێناوە. بنەچەی شویت دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی مەغریب و ئیسپانیا و پورتوگال و چەند ناوچەیەکی ئەورووپا. لە باشوور و ڕۆژاوای ئاسیا لە زۆرێک لە خواردنەکانیان بەکاردەهێنرێت، بە تایبەتی لە خواردنە دەریاییەکان و شۆربا و زەڵاتە بەکاردەهێنرێت.

پێکهاتەی خۆراکی

پێکهاتەی خۆراکی شویت وەکوو هەر سەوزە و ڕووەکێکی تر بە ماددەی ڕیشاڵ دەوڵەمەندە، ماددەی کانزایی نموونەی کالسیۆم بە بڕێکی دیاریکراو لە شویت هەیە، بڕ و ڕێژەی کاربۆهیدراتیش تێیدا کەمە. ١٠٠ گرام لە شویتی تازە و فرێش پێکهاتووە له:

  • ٤٣ کالۆری
  • ٧ گرام کاربۆهیدرات
  • ٢٫١ گرام ڕیشاڵ
  • ٣٫٤ گرام پرۆتین

سوودە تەندروستییەکانی شویت

  • شویت بۆ پارێزگاری کردن لە تەندروستی ئێسک زۆر گونجاوە، چونکە ماددەی کالسیۆم لە پێکهاتەی خۆراکی شویت بە بڕێکی دیاریکراو هەیە.
  • شویت بە یەکێک لە خواردنە ڕووەکییەکان دادەنرێت کە بۆ ڕێکخستنی ئاست و ڕێژەی شەکری خوێن پەسەندە و زۆر هاوکارە، نەخۆشان و تووشبووانی شەکرە ئامۆژگاری دەکرێن کە لە ژەمە خۆراکییەکانیان تەنانەت ئەگەڕ بڕێکی کەمی شویتیش بێت زیادی بکەن چونکە سوودی تەندروستی بۆیان زۆرە.
  • شویت یارمەتی هەرس دەدات و کێشەکانی هەرس کەم دەکاتەوه.
  • بۆنی دەم و هەناسە خۆش دەکات و بۆنی ناخۆشی ناو دەم ناهێڵێت.
  • شویت بە ڕووەکێکی ئارامکەرەوە و هێورکەرەوە دادەنرێت و یارمەتی خەوێکی ئارام دەدات.
  • شویت لە ڕیجیمەکانی کێش کەمکردنەوەدا بەکاردەهێنرێت، چونکە پێکهاتەی خۆراکی دەوڵەمەندە و هەستی تێری دەبەخشێت و کالۆری کەمە و وزەبەخشە.

زیانە تەندروستییەکانی شویت

  • ئەو کەسانەی هەستیارییان هەیە بە چەند ڕووەکێک نموونەی گێزەر پێویستە ئاگاداربن لە خواردنی شوێت و دڵنیابن لەوەی هەستیارییان بە شویت بۆ دروست نابێت.
  • تۆوی شویت و گیراوەی شویت بۆ ژنانی دووگیان زیانی هەیه و مەترسی لەبارچوونی کۆرپەلە زیاد دەکات.
  • خواردنی گیراوەی شویت ئاست و ڕێژەی شەکری خوێن زۆر دادەگرێت، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی مامناوەند بخوورێتەوە.

ئەو خۆراکانەی شویتی تێدا بەکاردێت

زەڵاتە بە تایبەتی زەڵاتەی خەیار و ماست بەکارهێنانی شویت تێیدا سەرەکییە، هەروەها لە یاپراخیش شویت بەکاردەهێنرێت.
شویتی وشککراوە لە تورشیات و زەڵاتە و شۆربادا بەکاردەهێنرێت. تۆوی شویت دەبرژێندرێت و دەهاڕدرێت لە کاری هەویرکاری نموونەی نان و سەموون بەکاردەهێنرێت.


سەرچاوەکان



1428 بینین