ناوهڕۆك
ناساندن
چاندنی کەوەر (بە ئینگلیزی: planting leek، بە عەرەبی: زراعة الکراث)، کەوەر سەوزەیەکی تام خۆشە و لە باخچەکاندا بۆ ماوەیەکی زۆر بە سەوزی دەمێنێتەوە، دەکرێت هەر بەتەنها و بە تازەیی بخورێت یاخود لە دروستکردنی خواردنەکاندا بەکاربهێنرێت، چەندین جۆری هەیە کە جیاوازن لە ڕووی ڕەنگ، تام، قەبارە، کاتی پێگەیشتن. جگە لە تامی خۆش چەندین سوودی جیاوازی تەندروستیشی هەیە، لە جێگەیەکی کەمدا سەوز دەبێت و بەرگەی کەشی ساردیش دەگرێت، بەڵام هاوشێوەی زۆرینەی سەوزەکانی تر کەوەریش ڕووبەڕووی هۆکاری نەخۆشی دەبێتەوە، بۆیە پێویستە چاودێری بەردەوام بکرێت و لەکاتی هەبوونی کێشەدا چارەسەری گونجاوی بۆ بکرێت.
هەنگاوەکانی چاندن
- باشترە لە وەرزی بەهاردا بچێنرێت.
- سەرەتا خاکەکەی بۆ ئامادەبکرێت بە تێکەڵکردنی لەگەڵ پەیینی کۆن.
- دواتر تۆوەکە بە خاکەکەدا بپرژێنرێت و باشترە مەودای نێوان تۆوێک بۆ یەکێکی تر بگاتە نزیکەی ١٥ سانتیمەتر.
- پاشان بە بەردەوامی جێگەکەی بە شێداری بهێڵرێتەوە.
- هەندێکیان هەر لە وەرزی بەهاردا پێدەگەن و ئامادەدەبن بۆ لێکردنەوە، بەڵام هەندێک لە جۆرەکانی تریان لە وەرزی پاییزدا پێدەگەن.
شێوازی گرنگیپێدان
کەوەر پێویستی بە جێگەیەکی خۆرەتاوە و ڕۆژانە پێویستە بەلایەنی کەمەوە شەش کاتژمێر ڕووناکی خۆری بەربکەوێت، بەڵام لە جێگەیەکی پارێزراودا بچێنرێت، هەروەها دەبێت خاکەکەی بەپیتبێت و شیبووەوەبێت بۆ ئەوەی وشکببێتەوە و ئاوی تێدا کۆنەبێتەوە، بەباشی ئاو بدرێت بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، پاکبکرێتەوە لە هەموو گژوگیایەکی زیانبەخش و پاشان ڕشتنی چینێک سەماد بۆ ئەوەی ڕێگریبکات لە دووبارە سەوزبوونیان، لەهەمان کاتدا سەماد دەبێتە هۆی هێشتنەوەی شێی خاکەکە.
دوای ئەوەی درێژی کەوەرەکان دەگەنە نزیکەی ٢٠ سانتیمەتر باشترە تەنکبکرێن بۆ ئەوەی گەشەی تەواو بکەن، کاتی لێکردنەوەشیان بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت و دوای لێکردنەوەشی دەکرێت بۆ ماوەیەک لە بەفرگردا هەڵبگیردرێت، هەروەها پێش بەکارهێنانی دەبێت بەجوانی هەمووی بشۆردرێتەوە.