مێخەک

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-26-17:55:00 - کۆدی بابەت: 12996
مێخەک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مێخەک (بە عەرەبی: قرنفل، بە ئینگلیزی: Clove) ڕووەکێکی بۆندار و تامدارە، لە خواردنەکان وەکوو بەخشەری تام و بەهارات بەکاردەهێنرێت. لە چێشتخانەی چینی و ئەفریقی و هیندی لەگەڵ خواردنە ڕۆژهەڵاتییەکان لە زۆر خواردن وەکوو بەهارات بەکاردێت. بنەچەی مێخەک لە دوورگەکانی وڵاتی ئەندۆنیسیا و فلیپین بووە، لە سەردەمی هاوچەرخدا لە زۆرێک لە وڵاتانی نموونەی تەنزانیا، بەڕازیل، هیندستان، پاکستان، سریلانکا و بەنگلادیش مێخەک بەرهەم دەهێنرێت.

مێژووی بەکارهێنانی

لە ڕابردوودا مێخەک بە بەهارات و ڕووەکێکی گرانبەها دانراوە و بازرگانی پێوەکراوە، ڕەچەڵەکی ئەم ڕووەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوورگەکانی مالکۆ لە ئەرخەبیلی وڵاتی ئەندۆنیسیا. شوێنەوارناسان لە شوێنەواری قاپ و کووپی کۆن کە لە سیرامیک دروست کراوە لە ناوچەیەکی سووریا شوێنەواری بەکارهێنانی مێخەکیان تێدا دۆزییەتەوە، مێژووی شوێنەوارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ١٧٠٠ ساڵ پێش زایین. لە سەدەی سێیەمی پێش زایین لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی هان لە چین، پاشاکانیان فرمانێکیان دەرکردبوو کە هەر کەسێک سەردانی پاشای کرد پێویستە مێخەک بجووێت تاکوو بۆن دەمی ناخۆش نەبێت و پاشا بێزار نەبێت.

موسڵمانان و عەرەبەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە دەستیان کرد بە بازرگانی مێخەک و بە تایبەتی لەلایەن کەشتیوانەکانەوە لە زەریای هیندی بازرگانی پێوە دەکرا. لە ڕێگەی پورتوگالییەکانەوە مێخەک گەیشتە ناوچەکانی ئەورووپا. کۆنترین دەنکی مێخەک لە جیهاندا لە ناوچەیەکی هەڵکۆڵدراوی سریلانکا دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دووسەد ساڵی پێش زایین.

تایبەتمەندیی ڕووەکی مێخەک

داری مێخەک هەمیشە سەوزە و شێوەی قووچەکی هەیە و بەرزی قەدی داری مێخەک ٨ مەتر بۆ ١٢ مەترە و گوڵدارە، تەمەنی دارەکە زۆر درێژە و بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە. گوڵەکەی لە چوار بەش پێکهاتووە و بۆنەکەی زۆر تیژە، تۆوەکەی هاوشێوەی بزمارە و زۆرترین بەشی دارەکەیە کە بەکاردێت و سوودی لێ دەبینرێت، لە سەرەتای گەشەکردنی تۆوەکەی ڕەنگێکی سووری تۆخی هەیە دواتر کە وشک دەبێتەوە ڕەنگەکەی دەگۆڕدرێت بۆ ڕەنگی قاوەیی تۆخ.

بەکارهێنانی مێخەک لە بواری پزیشکیدا

مێخەک بەوە ناسراوە سڕکەرە و یارمەتی کەمکردنەوەی ئازار دەدات و بە تایبەتی ئازاری ددان، لە دروستکردنی هەویری ددان بەکاردێت، زەیتەکەی سوودی زۆری هەیە چونکە دژە بەکتریایە و لە دەرمانەکانی پاککردنەوەی دەم و ددان و سڕکردنی ئازاری ددان بەکاردێت. لە تۆوی مێخەک زەیتی Eugenol بەرهەم دەهێنرێت کە سوودی زۆری هەیە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و نیشانەکانی هەستیاری و ئازار. بۆیە تام و بۆن و زەیتی مێخەک لە دروستکردنی هەویری ددان بەکاردەهێنرێت. هەروەها لە دروستکردنی کرێم و مەرهەمی جوانکاری و چارەسەرییەکانی پێستیش بەکارووەهێنرێت.

بەکارهێنانی مێخەک لە خواردندا

مێخەک لە دروستکردنی زۆر خواردن وەکوو بەهاراتێکی بۆندار بە کوتراوی یان دەنکەکەی بە وشککراوی بەکاردەهێنرێت. لە دروستکردنی برنج و بریانیدا زۆر بەکاردەهێنرێت، هەروەها لە دروستکردنی سۆسی خواردن و برژاندنی گۆشت و ماسی بەکاردەهێنرێت و بۆنی ساردی ناهێڵێت. لە شیرینی و قاوەیشدا بە بڕێکی دیاریکراو لەگەڵ هێل تێکەڵ دەکرێت و بەکاردەهێنرێت، تامێکی پەسەند دەبەخشێتە خواردنەکان. هاوکات لە ناوچەکانی ئەندۆنیسیا لە جگەرەدا لەگەڵ تووتندا تێکەڵ دەکرێت و بەکاردێت. لە ناوچەکانی ئاسیا لە دروستکردنی خواردنە شۆرکراوەکاندا بەکاردەهێنرێت.

پێکهاتەی خۆراکی مێخەک

یەک کەوچکی گەورە مێخەکی هاڕدراو کە نزیکەی ٦٫٦ گرامە پێکهاتووە لە:

  • ٢١ کالۆری
  • ١٫٣٢ گرام چەوری
  • ٤٫٠٤ گرام کاربۆهیدرات
  • ٢٫٣ گرام ڕیشاڵ
  • ٠٫٣٩ گرام پرۆتین

سوودە تەندروستییەکانی مێخەک

  • مێخەک لەش لە هەوکردن دەپارێزێت و سیستمی بەرگری بەهێز دەکات، چونکە دژەئۆکسێنی فینۆڵەکانی (Phenols) تێدایە و ئەم ماددەیە دژی هەوکردنەکانی نموونەی هەوکردنی ڕۆماتیزمە، زیاتر زەیتی مێخەک دەوڵەمەندە بەم ماددەیە.
  • مێخەک سیستم و کۆئەندامی هەناسەدان بەهێز دەکات، دژی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەیە و نیشانەکانی کۆکە و هەڵامەت و ڕەبۆ کەم دەکاتەوە.
  • مێخەک بۆ چارەسەر و کەمکردنەوە و سڕکردنی ئازاری ددان و پووک بەسوودە، چونکە زەیتی (Eugenol)ـی تێدایە وەکوو سڕکەر و پاککەرەوە کاردەکات. دەکرێت زەیتی مێخەک بکرێتە لۆکەوە و بۆ کەمکردنەوە و سڕکردنی ئازارەکانی ددان بەکاربهێنرێت.
  • بەکارهێنانی مێخەک وەکوو بەهارات یان بە شێوەیەکی کوتراو و بە بڕی دیاریکراو لە خواردنەکاندا یارمەتی کرداری هەرس دەدات و بۆ ئازارەکانی گەدە سوودبەخشە.
  • مێخەک یارمەتی ڕێکخستنی ڕێژە و ئاستی شەکری خوێن دەدات و بۆ نەخۆشانی شەکرە پەسەندە.
  • مێخەک بەهۆی ئەوەی لە پێکهاتەی خۆراکیدا بە دژەئۆکسێن دەوڵەمەندە بۆ باشترکردنی کار و فرمانەکانی جگەر زۆر سوودبەخشە.
  • زەیتی مێخەک لە دروستکردنی بەشێک لە بابەتەکانی جوانکاری نموونەی کرێم و مەرهەم بەکارهاتووە، چونکە سوودی هەیە بۆ پێست و یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی زیپکەی پێست.

زیانە تەندروستییەکانی مێخەک

بەکارهێنانی مێخەک بە بڕی دیاریکراو و گونجاو زیانی نییە، بەڵام بەکارهێنانی بە شێوەیەکی ناتەندروست یان زیادکردنی لە خواردنەکان بە بڕێکی زۆر و لە پڕدا زیانی تەندروستی هەیە. بەکارهێنانی زەیتی مێخەک بە شێوەکی گونجاو و بە بڕێکی دیاریکراو و مامناوەند تەندروستە، بەڵام بۆ منداڵان و ژنانی دووگیان و ژنانی شیردەر نابێت بەکاربهێنرێت و پەسەند نییە، هاوکات هەندێک کەس بە پێکهاتەی زەیتی مێخەک یان مێخەکی وشک هەستیارییان هەیە و نیشانەکانی هەستیارییان لەسەر دەردەکەوێت. بەکارهێنانی مێخەکی کوتراو وەکوو بەهارات بە بڕێکی زۆر لە خواردنەکاندا تامێکی تاڵ دەبەخشێتە خواردنەکە.


سەرچاوەکان



1776 بینین