مەگنیسیۆم

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-11-17:50:00 - کۆدی بابەت: 8211
مەگنیسیۆم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەگنیسیۆم (بە ئینگلیزی: Magnesium) توخمێکی کیمیاییە کە هێماکەی بریتییە لە Mg و گەردیلە ژمارەکەی بریتییە لە ١٢، ڕەقێکی خۆڵەمێشی ڕەونەقدارە کە دەکەوێت کۆمەڵەی دووی خشتەی خولییەوە، چەندین ڕەوشتی فیزیایی و کیمیایی لەگەڵ پێنج توخمە ئەلکالییەکەی تری کۆمەڵەی دوو هاوبەشی پێدەکات.

مێژوو

وشەی مەگنیسیۆم وشەیەکی یۆنانییە کە ئاماژەبووە بۆ ئەو شوێنەی هۆزی (ماگنێتیز) تیایدا ماونەتەوە، لە ساڵی ١٦١٨ جووتیارێک لە ئینگلتەرا هەوڵیدا لە بیرێکی ناوچەی نیشتەجێبوونەکەی ئاو بدات بە مانگاکانی، مانگاکان ئاوەکەیان نەخواردەوە چونکە تامی تاڵبوو، بەڵام جووتیارەکە تێبینی ئەوەی کرد کە ئاوەکە توانای چاککردنەوە برینی هەیە، ماددەکەی بە خوێی ئیپسەم (Epsom salts) ناسرا، کە دواتر بە هایدراتی گۆگرداتی ماگنیسیۆم MgSO4.7H2O ناسرا، پاشان کانزای مەگنیسیۆم بۆ یەکەمجار لەلایەن (هامفری داڤی) لە ئینگلتەرا لە ساڵی ١٨٠٨ جیاکرایەوە، بۆ ئەم جیاکردنەوەیە کردەی کارۆشیکاری لەسەر گیراوەیەک کە پێکهاتبوو لە ئۆکسیدی مەگنیسیۆم و ئۆکسیدی قوڕقوشم بەکارهێنا.

تایبەتمەندی

خشتەی خولی

گەردیلە ژمارە ١٢
کۆمەڵە کۆمەڵەی ٢
خول خولی ٣
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [Ne] 3s2

فیزیایی

کانزای مەگنیسیۆم کانزایەکی کێش سووکی خۆڵەمێشی – سپییە، لەناو هەموو ئەلکالییەکانی کۆمەڵەی دوودا کەمترین پلەی شلبوونەوەی هەیە کە دەکاتە (649.85 پلەی سیلیزی) و کەمترین پلەی کوڵانی هەیە کە دەکاتە (1089.85 پلەی سیلیزی)، فرەکریستاڵی مەگنیسیۆمی خاوێن شکۆکە و بە ئاسانی درز دەبات، کاتێک لەگەڵ بڕێکی کەمی کانزاکانی تردا داڕشتە دەکرێت زیاتر کوتۆک دەبێت.
مەگنیسیۆم ئەگەر بکرێت بە تۆزی ورد دەتوانێت کارلێک بکات بۆ دروستکردنی گازی هایدرۆجین:
Mg(s) + 2H2O(g) → Mg(OH)2(aq) + H2(g) + 1203.6 kJ
لە کاتێکدا کە ئەم کارلێکە ئەگەری ڕوودانی کەمترە بە بەراورد بە کارلێکی کانزا ئەلکالییەکانی تر لەگەڵ ئاودا، چونکە هایدرۆکسیدی مەگنیسیۆم زیاتر ئارەزووی لە دروستکردنی ڕووکارێکە لە مەگنیسیۆمی خاوێن و ڕێگریکردنە لە ڕوودانی کارلێکەکە.

کیمیایی

کیمیای گشتی

مەگنیسیۆم کاتێک هەوای بەرکەوێت ژەنگێکی کەم دەکات، پێویست ناکات وەک کانزا ئەلکالییەکانی تر لەناو ژینگەی خاڵی لە ئۆکسجیندا هەڵبگیرێت، چونکە مەگنیسیۆم بە چینێکی ئەستووری ئۆکسید داپۆشراوە کە لابردنی قورسە.
بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی مەگنیسیۆم لەگەڵ هەوا یان ئۆکسجین لە پلەی گەرمی ئاساییدا تەنها ئۆکسیدی مەگنیسیۆم MgO پێکدەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ئۆکسیدی مەگنیسیۆمە دەکرێت لەگەڵ ژوورئۆکسیدی هایدرۆجین یەک بگرێت بۆ پێکهێنانی ژوورئۆکسیدی مەگنیسیۆم MgO2
لە پلەی گەرمی ژووردا مەگنیسیۆم لەگەڵ ئاودا کارلێک دەکات، بەڵام کارلێککردنەکەی لە کالسیۆم کە بەهەمان شێوە کانزایەکی کۆمەڵەی دووە هێواشترە. کاتێک ژێرئاو دەکەوێت بڵقی هایدرۆجینی بە هێواشی لەسەر ڕووکاری کانزاکە دروست دەبن، لەبەر ئەم هۆیە ئەگەر بکرێت بە تۆز (پاودەر) خێراتر کارلێک دەکات، هەروەها ڕوودانی کارلێکەکە بە بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی خێراتر دەبێت.
کارلێکی پێچەوانەی مەگنیسیۆم لەگەڵ ئاودا دەتوانرێت بۆ هەڵگرتنی وزە و کارپێکردنی بزوێنەری بنچینە مەگنیسیۆم بەکاربێت، هەروەها مەگنیسیۆم بەشێوەی کارلێکی گەرمیدەر لەگەڵ زۆربەی ترشەکانی وەک ترشی هایدرۆکلۆریک کارلێک بکات، کە کلۆریدی مەگنیسیۆم و گازی هایدرۆجین دروست دەبێت.

گڕگرتوویی

مەگنیسیۆم توانایەکی بەرزی گڕگرتنی هەیە، بەتایبەت کاتێک کە دەکرێت بە تۆز یان توێژاڵی تەنک، بەهەمان شێوە قورسە کە بە بارستەی گەورە گڕبگرێت، پلەی گەرمی گڕی مەگنیسیۆم و داڕشتەی مەگنیسیۆم دەکرێت بگاتە ٣١٠٠ پلەی سیلیزی.

کیمیای ئەندامی

ئاوێتەی ماددە ئەندامییە مەگنیسیۆمییەکان لە کیمیای ئەندامیدا بەربڵاون، بەشێوەیەکی باو لە ئاوێتە گریگناردەکاندا دەدۆزرێنەوە، ئاویتە گریگناردەکان ئەو ئاوێتانەن کە شێوگی گشتیان بریتییە لە R-Mg-X کاتێک X ئاماژەیە بۆ هالۆجینەکان و  Mg ئاماژەیە بۆ مەگنیسیۆم و R ئاماژەیە بۆ گرووپێکی ئەندامی، مەگنیسیۆم دەتوانێت لەگەڵ هالۆئەلکانەکاندا کارلێک بکات بۆ دروستکردنی ئاوێتەی گریگنارد.

بەکارهێنان

  • مەگنیسیۆم بە ڕێژەی ١\٣ چڕی لە ئەلەمنیۆم کەمترە، کە ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی کاتێک مەگنیسیۆم لەگەڵ ئەلەمنیۆم داڕشتە دەکرێت تایبەتمەندی میکانیکی و پێکهێنان و جۆش‌گەری باشتر دەبێت، ئەم داڕشتانە بەسوودن لە بنیادنانی فڕۆکە و ئۆتۆمبێل.
  • مەگنیسیۆم لە دروستکردنی ئەو بەرهەمانەدا بەکاردێت کە پێوسیتە کێشیان سووک بێت، وەک شوێنی دانیشتنی ئۆتۆمبێل، لاپتۆپ، کامێرا و ئامڕازەکانی وزە، هەروەها دەکرێتە ئاسنی شل و ستیلەوە بۆ لابردنی گۆگرد.
  • مەگنیسیۆم بەئاسانی لە هەوادا گڕدەگرێت و ڕووناکییەکی ڕووناکی هەیە، کە لە دروستکردنی یاریی ئاگریندا بەکاردێت.
  • گۆگرداتی مەگنیسیۆم وەک ڕەنگ‌چەسپێنەر لە بۆیەدا بەکاردێت، ئۆکسیدی مەگنیسیۆم دەکرێتە پلاستیکەوە بۆ ڕێگریکردن لە گڕگرتنی، هەروەها لە فڕندا بەکاردێت بۆ دروستکردنی بەرگری گەرمی. هایدرۆکسیدی مەگنیسیۆم و گۆگرداتی مەگنیسیۆم و کلۆریدی مەگنیسیۆم وەک دەرمان بەکاردێن.
  • ئاوێتە گریگناردەکان کە ئاوێتەی مەگنیسیۆمی ئەندامین لە کیمیای پیشەسازیدا گرنگن.


سەرچاوەکان



1174 بینین