بەردی زراو

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-11-16-21:55:00 - کۆدی بابەت: 1695
بەردی زراو

ناوه‌ڕۆك

بەردی زراو چییە؟

بەردی زراو (Gallstone) پارچەی ماددە ڕەقەکانی توورەگەی زراوە کە شوێنەکەی دەکەوێتە ژێر جگەرەوە، توورەگەی زراو ناوچەی کۆکردنەوە و دەردانی ماددەی زەرداوە کە شلەیەکە جگەر دروستی دەکات بۆ ئاسانکردنی کرداری هەرس، لەگەڵ ئەوەشدا زەرداو ماددەی بەکارهێنراوی وەک کۆلیسترۆڵ و بیلیڕووبین لە خۆ دەگرێت کە لە تێکشکاندنی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە دروست دەبن، ئەمانەش بەردی زراو دروست دەکەن.
قەبارەی بەردی زراو لە نێوان قەبارەی (گەردیلەیەک تاکو تۆپێکی گۆڵف)دایە، زۆرجار تاکو بەردەکە بۆری زراو دانەخات هەست پێکردنی قورس و ئەستەم دەبێت، کە ئەوەش ڕوویدا بەهۆی ئازارەوە چارەسەرکردنی دەبێتە کارێکی پێویست.

جۆرەکانی

- بەردی کۆلیسترۆڵ: جۆرە زۆر باوەکەی بەردی زراوە و ڕێژەی ٪٨٠ـی پێکدەهێنێت، زۆرجار ڕەنگیان (زەرد -سەوز)ە.
- بەردی بۆیە (ڕەنگ): پێکهاتەکەیان بیلیڕووبینە و  ڕەنگەکانیان تێرترە هەروەها قەبارەیان بچووکترە.

نیشانەکانی بەردی زراو

• ئازاری بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک، نزیکی پەراسووەکان.
• ئازاری پشت و شانی ڕاست.
• ناڕەحەتی و گرفتی گەدە.
• ڕشانەوە.
• بوونی گرفتی هەرسکردن وەکو دڵەکزێ و با کردن.
• زەردهەڵگەڕانی پێست و چاو (زەردوویی).
• گۆڕانی ڕەنگی میز بۆ ڕەنگێکی تۆخ.
• تا (وەکو نیشانەیەکی میکڕۆبەهەوکردن).

هۆکارەکانی دروستبوونی بەردی زراو

بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە زەرداودا: بۆ کردارێکی گرنگی وەکو هەرس، لەش پێویستی بە زەرداوە کە بەشێوەیەکی ئاسایی کۆلیسترۆڵ شیدەکاتەوە، بەڵام کاتێک ناتوانێت بەو ئەرکەی هەستێت، کۆلیسترۆڵی زیادە دەشێت بەرد دروست بکات.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی بیلیڕووبین لە زەرداودا: لە حاڵەتەکانی میکڕۆبەهەوکردن، گرفتەکانی خوێن، ئەستووربوونی شانەکانی جگەر دا بیلیڕووبینی زیاتر دروست دەبێت و ئەگەری درووستبوونی بەردی زراو زیاد دەکات.
پڕبوونی توورەگەی زراو: هۆکارە بۆ خەستبوونەوەی زەرداو لەکاتی دەردانی دا ئەمەش پێدەچێت هۆکاری دروستبوونی بەردی زراو بێت.

ئەوانەی زیاتر تووشی حاڵەتەکە دەبن

• پێشینەی بۆماوەیی.
• ڕەگەزی مێ.
• ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ٤٠ ساڵ زیاترە.
• نەتەوە (بەتایبەت ئەمریکی ڕەسەن و مەکسیکی).
قەڵەوی.
• ژەمە خۆراکی دەوڵەمەند بە چەوری و کۆلیسترۆڵ هەروەها کەمیی ماددە ڕیشاڵییەکان لە ژەمەکاندا.
• کەم جووڵەیی.
• بەکارهێنانی کەپسولی دژە سکپڕی یان چارەسەری هۆڕمۆنی دەستکرد.
• سکپڕی.
شەکرە.
• گرفتەکانی گورچیلە.
• ئەستووربوونی شانەکانی جگەر (Cirrhosis).
• نەخۆشی کەمخوێنی توانەوەی خوێن (Hemolytic anemia).
• دەرمانی دژە بەرزی کۆلیسترۆڵ.
• کەمبوونەوەی کێشی لەش لە ماوەیەکی کەمدا.

دەستنیشانکردنی نەخۆشی بەردی زراو

پزیشکی پسپۆڕ بە (دەستی خۆی) پکشنینی جەستەیی دەکات بۆ نەخۆشەکە یاخود هەندێک پشکنینی دیکە دەکات بۆ ئاسانکردنی دیاریکردنەکە: 
پشکنینی خوێن: بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی میکڕۆبەهەوکردن، گیران یاخود داخستنی بۆری زراو، ڕووداوی نائاسایی دیکەش.
• سۆنەر (Ultrasound).
CT-Scan.
• تیشکی ڕەنینی موگناتیسی (MRI): ئەم پشکنینە بواری موگناتیسی و وزەی شەپۆلی ڕادیۆیی تێدا بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی وێنەی ناوەوەی لەش (جگەر و توورەگەی زراو).
(ERCP): کورتکراوەیەکە بۆ ئەو پرۆسەیە بەکاردێت کە بۆرییەک بەکاردێنن بۆ تێپەڕکردنی ناوبینێک لە دەمەوە بۆ ڕیخۆڵەباریکە، بەبەکارهێنانی بۆیەیەک (ڕەنگێک)، دەتوانرێ بۆری زراو ببینرێت لەڕێی کامێرای ناو ناوبینەکەوە، بەمەش بەردی ناو بۆرییەکە دەبینن و کارئاسانی بۆ دەرهێنانی دەکات.
(Endoscopic ultrasound): ئەم پشکنینەش تێکەڵکردنی هەردوو ڕێگای سۆنەر و ناوبینە بۆ بینینی بەردی زراو.

چارەسەر

ئەگەر هیچ نیشانەیەک دەرنەکەوتبوو، بەهیچ شێوەیەک پێویستی بە چارەسەر نییە، لەم بارەدا هەندێک بەردی بچووک کە دروست دەبن، دەتوانن بە ئاسانی بێنەدەرەوە، بەڵام بەشێکی دیکەی خەڵک کە بەردی زراویان هەیە بە دەرهێنانی توورەگەی زراو چارەسەریان بۆ دەکرێت، دەبێ بزانین کە مرۆڤ دەتوانێ بەبێ توورەگەی زراویش خواردن هەرس بکات، پزیشکان دوو ڕێگەی نەشتەرگەری دەگرنەبەر:

نەشتەرگەری لابردنی توورەگەی زراو بە ناوبینی سک: باوترین نەشتەرگەرییە کە بۆ چارەسەری بەردی زراو ئەنجام دەدرێت، پزیشکەکە لە ڕێی کونێکی بچووکەوە ناوبینەکە دەباتە ناوەوەی سک و ڕووناکییەک و کامێرایەکیش هەڵدەگرێت پاشان لەڕێی کونێکی دیکەوە توورەگەی زراو دەردەهێنێت، پاش نەشتەرگەری نەخۆشەکە هەمان ڕۆژی نەشتەرگەرییەکە دەتوانێ بچێتەوە ماڵەوە.
نەشتەرگەری کراوەی لابردنی توورەگەی زراو: پسپۆڕەکە کونێکی گەورەتر دەکاتە سک بۆ لابردنی توورەگەی زراو، پاش نەشتەرگەرییە چەند ڕۆژێک نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە دەهێڵرێتەوە و پاشان دەنێردرێتەوە ماڵەوە.

لەگەڵ بوونی نەشتەرگەری بۆ چارەسەرکردنی بەردی زراو، دەرمانیش بەکاردەهێنرێت بۆ تواندنەوە و هەڵوەشاندنی بەردەکان بەماوەیەکی درێژخایەن.

لێکەوتەکان

هەوکردنی توورەگەی زراو: لەکاتی داخستنی بۆری زراو ڕوودەدات و دەبێتە هۆی تا و ئازاری بەردەوام، ئەگەر چارەسەر نەکرێت لەوانەیە توورەگەکە بتەقێت.
داخستنی بۆری زراو: هۆکارە بۆ تا و خوراندن و زەردوویی.
هەوکردنی پەنکریاس: کاتێک بەردەکە ئەو بۆرییە دابخات کە بەرەو پەنکریاس دەچێت، ئەوا دەبێتە ھۆی هەوکردنی ئەندامێکی گرنگی وەکو پەنکریاس.
میکڕۆبەهەوکردنی توورەگەی زراو: بۆری داخراوی زراو زیاتر تووشی میکڕۆبەهەوکردن دەبێت، کاتێکیش بەکتریا بڵاودەبێتەوە بۆ ناو سوڕی خوێن دەبێتە هۆی حاڵەتی مەترسیداری وەکو ژەهراویبوونی خوێن.
شێرپەنجەی توورەگەی زراو: حاڵەتێکی دەگمەنە، بەڵام بەردی زراو مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاد دەکات.

ڕێگریکردن

- ژەمە خۆراکی تەندروست کە دەوڵەمەند بێت بە ماددەی ڕیشاڵی و چەوری بەسوود وەکو ڕۆنی ماسی و ڕۆنی زەیتون هەروەها کەمکردنەوەی شەکر لە سیستمی خۆراکیدا.
- وەرزشکردن.
- دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی چارەسەری هۆڕمۆنی بەتایبەت لە ئافرەتانی تەمەن ٤٠ ساڵ هەروەها ڕێکخستنی دەرمانی دژە سکپڕی.


سەرچاوەکان



4368 بینین