ناوچە قەدەغەکراوەکانی جیهان

له‌لایه‌ن: - سایە موستەفا - به‌روار: 2021-07-08-02:00:00 - کۆدی بابەت: 5786
ناوچە قەدەغەکراوەکانی جیهان

ناوه‌ڕۆك

ئەو نۆ شوێنەی کە قەدەغەیە مرۆڤ بڕواتە ناوی

لە جیھاندا چەند ناوچەیەک ھەن، کە بۆ مرۆڤ قەدەغەیە بچێتە ناوی لەبەر سەلامەتی گیانیان، ئەمانەش نۆ لەو ناوچانەن:

دوورگەی مارەکان لە بەڕازیل

ئەم دوورگەیە بە شوێنی مەترسیدارترین مارەکانی جیھان دادەنرێت، و ژمارەیەکی نەژمێراو ماری تێدایە، و یەکێک لەو مارانە ماری سەرە ڕمی ئاڵتونیە کە ژەھرەکەی بە مەترسیدار دادەنرێت، چونکە گۆشتی ئەو شوێنەی کە پێوەیداوە دەتوێنێتەوە.
وا دادەنرێت کە لە ھەر مەتر چوارگۆشەیەکدا پێنج مار ھەبێت، لەبەر پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان و گەشتیاران حکومەتی بەڕازیل ڕێگە بە ھیچ کەسێک نادات کە ڕوو لەو دورگەیە بکات.

مەزارگەی تشینگ شی ھوانگ لە چین

لە ساڵی ١٩٧٤ چەند جوتیارێک گۆڕی یەکەم پادشای چین (تشینگ شی ھوانگ)ـیان دۆزیەوە، لەو کاتەوە شوێنەوارناسان نزیکەی دووھەزار سەربازی مۆمیا کراو بە قوڕیان دۆزیوەتەوە، پێشبینی دەکرێت کە ھەشت ھەزار سەربازی دیکە ھەبن کە ھێشتا نەدۆزراونەتەوە.
ھەرچەندە لەگەڵ گەڕان و بدواداچونەکاندا، بەڵام حکومەتی چین ڕێگەی نەداوە کە شوێنەوارناسان دەست بدەن لە گۆڕی تشینگ شی ھوانگ، ئەم بڕیارە بۆ ڕێزگرتن لە مردووەکان دەگەڕێتەوە، ھەروەھا ترس لەوەی کە تەکنەلۆژیای ئێستە نەگونجاو بێت بۆ لێکۆڵینەوە و زیان بگەیەنێت بە شوێنەوارەکان.

چێرنۆبڵ لە ئۆکرانیا

لە ٢٦ نیسانی ساڵی ١٩٨٦، ئەو تەقینەوەیەی لە نزیک چێرنۆبڵ لە ئۆکرانیا ڕویدا بە گەورەترین تەقینەوەی ئەتۆمی دادەنرێت لە مێژوودا.
ئەم ناوچەیە بۆ ماوەی بیست ھەزار ساڵی دیكە بۆ نیشتەجێبوون ناگونجێت.

ناوچەی پەنجا و یەک لە نیڤادا

حکومەتی ئەمریکا تاکو ساڵی ١٩٩٢ دانی نەنا بە بوونی ناوچەی پەنجا و یەک، و لە ساڵی ٢٠١٣ چەند بەڵگەنامەیەک دەرچوون، تێیدا ناوی دامەزراوەی سەربازی نیڤادا ھاتبوو، تا ئێستا دەسەڵاتداران ئەوەیان ئاشکرا نەکردووە کە چ جۆرە لێکۆڵینەوەیەک لەم ناوچەدا ئەنجام دەدرێت، زۆربەی ڕاوبۆچوونەکان دەڵێن کە لێکۆڵینەوە و چالاکی سەیری تێدا ئەنجام دەدرێت، ئەم ناوچەیە لەژێر چاودێری و پاراستنی سەربازی تونددایە، و تەنھا ئەو کەسانە دەتوانن بچنە نێو ئەم ناوچەیەوە کە ڕێگەپێدانی یاساییان ھەیە، یەکێک لە ڕێگەکانی چوونە نێو ئەم ناوچەیە بریتییە لە بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت، تا ئێستا ناوچەی پەنجا و یەک بە نھێنی ماوەتەوە.

دوورگەی سینتینلی باکوور لە ھیند

دوورگەکانی ئەندمان و نیکوبار دەکەونە کەنداوی بونگال، و وادادەنرێت کە ھۆزی سینتینڵیز (Sentinelese tribe) لە دورگەی سینتینلی باکوور بن، کە لە دووھەزار ساڵ پێش ئێستەوە بوونیان ھەیە، و ئەم ھۆزە بە یەکێک لەو کۆمەڵگەیانە دادەنرێت کە تا ئێستە دابڕاون لە کۆمەڵگەی دەرەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٦ بەلەمی دوو ڕاوچی لە ئاڕاستەی خۆی لادەدات بەرەوە دوورگەی سینتینلی باکوور دەڕوات، بەڵام لەلایەن تاکەکانی ئەو ھۆزەوە دەکوژرێن، و لەو کاتەوە چەند ڕاپۆرتێک ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەلایەن تاکەکانی ئەو ھۆزە ڕمیان بە ئاڕاستەی چەند فڕۆکەیەک ھەڵداوە، کە بە ڕێکەوت بە لای ئەو دوورگەیەدا فڕیون.

ئەرشیفی نھێنی ڤاتیکان

چەندەھا پەیماننامە و دەستوری تێدایە کە پەیوەندیدارە بە کەنیسەی کاسۆلیکیەوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ھەشت و دەکەوێتە ناوچەیەکی گەورەی پارێزراو لە ڤاتیکان.
لەنێو ئەم بەڵگەنامانەدا نامەیەکی ماری شاژنی سکۆتلەندای تێدایە، تێیدا کە لە پاپای سیکستۆسی پێنجەم دەپاڕێتەوە تا لە لەسێدارەدان ڕزگاری بکات، وا دادەنرێت کە ئینجیلی ڕاستەقینە لە نێو ئەم ئەرشیفەدا بێت و  لە ساڵی ١٨٨١ ڕێگەدرا بە لێکۆڵەران بچنە نێو ئەرشیفەکانەوە، بەڵام وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی بۆ چونە ژوورەوە کارێکی ئاسان نییە.

قەڵای فۆرت نۆکس لە کانتاکی

گەنجینەکانی قەڵای فۆرت نۆکس بە شوێنی زۆربەی زێڕی یەدەگی ئەمریکا دادەنرێت، کە پارێزراوترین شوێنە لەسەر زەوی،  ھیچ کەسێک ناتوانێت بە تەنھا بچێتە نێو ئەو گەنجینەیەوە، و پێویستی بە چەندین وشەی نھێنی ھەیە بۆ چوونە ژوورەوە، زۆربەی کارمەندەکانی تەنھا یەک وشەی نھێنی دەزانن.

خەزێنەی تۆوی جیهانی سڤاڵبارد

خەزێنەی تۆوی جیهانی سڤاڵبارد درێژ دەبێتەوە بۆ زیاتر لە ٣٢٠ پێ بۆ ناوەڕاستی شاخێک لە نێوان نەرویج و بەستەڵەکی باکور، ڕێژەیەکی زۆر تۆوی تێدا ھەڵگیراوە، بە شێوەیەک بنیاتنراوە بەرگەی کارەساتە سروشتی و مرۆیەکان بگرێت، ئەگەر کارەساتێکی گەورە ڕووبدات، ئەوە ئەم گەنجینەیە ٨٩٠ ھەزار جۆر لە تۆوی وڵاتانی جیھانی ھەڵگرتووە، کە چەندین ھەڵبژاردەی خۆراکی جۆربەجۆر بۆ مرۆڤ دەستەبەر دەکات و دەرگاکانی ئەم خەزێنەیە لە یەک ساڵدا تەنھا چەند جارێک دەکرێنەوە، چەند ژمارەیەکی دیاریکراو دەتوانن بچنە نێوی ئەویش بەمەبەستی دانانی تۆوەکان لە ڕەفەی تایبەتی خۆیاندا.

ئەشکەوتی لاسکۆ لە فەڕەنسا

لە ساڵی ١٩٤٠ چەندین تابلۆ لەم ئەشکەوتە دۆزراوەتەوە کە بۆ پێش زایین دەگەڕێنەوە، و ئەم ئەشکەوتە بوو بە شوێنێکی گەشتیاری لەدوایی جەنگی دووەمی جیھانی، ئەو دوانەئۆکسیدی کاربۆنەی کە لە ھەناسەی گەشتیارانەوە دروست دەبوو، بووە ھۆی تێکدانی تابلۆکانی نێو ئەشەکەوتەکە، کە ئێستا بە شوێنێکی کەلەپوری جیھانی دادەنرێت لەلایەن یونسکۆوە، بەو ھۆیەوە لە ساڵی ١٩٦٣ سەردانیکردنی گەشتیاران بۆ ئەم ئەشکەوتە قەدەغە کرا، تەنھا ڕێگە بە شوێنەوارناسان و پارێزەرانی کەلەپوری دەدرێت بچنە نێو ئەم ئەشەکەوتەوە.


سەرچاوەکان



1577 بینین