کارەساتی چێرنۆبڵ

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-01-01:27:00 - کۆدی بابەت: 5058
کارەساتی چێرنۆبڵ

ناوه‌ڕۆك

تەقینەوەی شاری خێوەكان

كارەساتی چێرنۆبڵ تەقینەوەیەكی ناوەكی بوو لە ڕیئاكتەری ژمارە چواری وێستگەی وزەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ، لە ڕۆژی شەممە 26/4/1986 لە نزیك شاری پریپاتی باكووری ئۆكرانیای سۆڤیەتی، گەورەترین ڕووداوی ئەتۆمییە لە تەواوی جیهان و مێژوو، ئەمەش لە كاتێك بوو كە 200 كەس لە بنكەكەكانی 1 و 2 و 3 كاریان دەكرد و لە وێستگەی چوارەم تاقیكردنەوە دەكرا و بووە هۆی تەقینەوە، بەشێكی گەورەی هۆكاری تەقینەوەكەش ڕیئاكتەرەكە خۆی بوو چونكە لە ستوونی گرافیت دروستكرابوو.

ئەم ڕووداوە كاتێك ڕوویدا كە كۆمەڵەی ئەندازیاران و بەرپرسانی وێستگەكە دەیانویست تاقیكردنەوەیەكی سەلامەتی بكەن لەسەر ڕیئاكتەری RBMK كە لە یەكێتی سۆڤیەت بەزۆری بەكاردێت.

لەكاتێك كە بەرپرسی تاقیكردنەوەكە هەست بە كێشەكە دەكات دەست دەنێت بە دوگمەی وەستاندنی ڕیئاكتەرەكە، بەمەش ستوونە گرافیتەكان كە دەوری یۆرانیۆمەكە دەدەن دادەبەزنە خوارەوە بۆ هێواشكردنەوەی چالاكی گەردیلەیی و كەمكردنەوەی گەرمی، بەڵام ئەوەی نەدەزانرا ئەوەبوو كە گرافیتەكە پێش ئەوەی هێواشی بكاتەوە، بۆ چركەیەك چالاكی بەرزدەكاتەوە، لەبەرئەوەشی جوڵەی تەنۆلكە و تەواوی ڕیئاكتەرەكە ناجێگیربوو بوو لە كاتی تاقیكردنەوە، بۆیە ستوونە گرافیتەكان نەیانتوانی بە شێوەیەكی ڕێك دابەزن و بەمەش تووشی كێشە دەبن و دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی هایدرۆجین و سووتانی ڕیئاكتەرەكە، بەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ تەقینەوەی ناوكەكە.

ڕووداوەكە خرایە ئەستۆی هەڵەی مرۆیی و نەبوونی ئەزموونی ئەندازیارە گەنجەكانی وێستگە، بڵاوبوونەوەی تیشكی ناوكە گەردیلەییەكەش زیانی گیانی و ماددییەكی زەبەلاحی لێكەوتەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، كە زیانی ماددی لە سێ ملیار دۆلار تێپەڕی، دواتریش ڕیئاكتەرەكانی دیكەی وێستگەكە لە ساڵی 2002 بە شێوەیەكی یەكجاری داخران.

دوای تەقینەوەكە دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا ناوچەی چێرنۆبڵیان وەك ناوچەیەكی داخراو دانا كە ئەمە شاری پریپاتیشی دەگرتەوە كە لە ساڵی 1970 دروستكرابوو بۆ كرێكارەكانی وێستگە، بەمەش 300 هەزار كەس لە شارەكە و دەوروبەری وەدەرنران و بەهۆی زیانەكانی تەقینەوەكەوە ناچاركران كۆچ بكەن، هەرچەند پێیان وترابوو بۆ ماوەیەكی كاتییە، بەڵام ئەوان هەرگیز نەگەڕانەوە بۆ ماڵەكانیان.

ساڵانێكی زۆریش دوای تەقینەوەكە ڕێژەی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە ڕووی لە زیادبوون كرد و كەسانێكی زۆر بەتایبەت سەرباز و كرێكارانی پاككردنەوەی وێستگە و شارەكە گیانی خۆیان لەدەستدا بەهۆی زۆری كاریگەری تیشكدانەوە.

لەم ڕووداوەدا ناوی دووكەس بە زۆری دەنگی دایەوە ئەوانیش پڕۆفیسۆر لیگاسۆڤ و بۆریس شێربینا بوون كە توانییان پێكەوە ڕووداوەكە كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام بەهۆی تیشكدانەوە هەردووكیان لە كۆتاییەكانی تەمەنیان تووشی شێرپەنجە بوون.

تەقینەوەكان

پێش تەقینەوەكە لەكاتی تاقیكردنەوەی سەلامەتی چەند شتێك ڕوویدا كە بوونە هۆكار بۆ تەقینەوەكە كە وایكرد خەڵكی بپرسن

"تەقینەوەی ڕیئاكتەرە مەزنەكەی یەكێتی سۆڤیەت چۆن ڕوویدا؟" بە شێوەیەكی زانستی.

تەقینەوەی یەكەم : لە كاتژمێر 1:23:45ـی بەیانی یەكەمین تەقینەوە ڕوویدا كاتێك هەڵمی ئاوەكە پەستانی خستە سەر ڕووپۆشە پۆڵایینە هەزار تەنەكەی سەر ڕیئاكتەرەكە، ئەمەش بووە پێشەكی بۆ تەقینەوەی دووەم.

تەقینەوەی دووەم : ڕاستەوخۆ لەدوای تەقینەوەی یەكەم ڕوویدا، كاتێك ئۆكسجین كارلێكی لەگەڵ گرافیتی زیاد لە ئاستی ئاسایی گەرمبوو كرد و تەقییەوە، بەوەش سەقفی وێستگەكەی ڕووخاند و %25ـی تەواوی وێستگەكەی لەناوبرد، بەهۆی تەقینەوەكەش گرافیتی پارچە پارچەبوو كە خۆی لە دەوروبەری ناوكەكە دادەنرێت هەڵدرایە دەرەوەی بیناكە و بووە هۆی دروستبوونی 30 ناوچەی ئاگرینی دیكە، ئەمەش بووە هۆی سوتانی قیر و سەقفی بینای سێیەم كە لە تەنیشت بینای چوارە.

ڕاستەوخۆ ئەمە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی تیشكدانی ناوكەكە بە درێژایی یەك كیلۆمەتر لە ئاسماندا، دواتریش بە خێرایی بڵاوبوویەوە بە هەموو ئۆكرانیا و ڕووسیای ناوەڕاست و ڕووسیا و دواتریش بەهۆی باوە بڵاوبوویەوە بە پۆڵەندا و وڵاتانی ئەسكەندەناڤی و چیك و ئەڵمانیا و ڕۆمانیا و بولگاریا و یۆنان و توركیا.

زیانە ماددیەكان

بەهۆی تەقینەوەكە 31 كرێكار و ئەندازیار و ئاگركوژێنەوە، ئەمەش بەپێی ئاماری یەكێتی سۆڤیەت، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان ئامارەكە بە 4 هەزار كەس دەخەمڵێنێت، دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیاش دەڵێن هەشت هەزار كەسی تێپەڕاندووە، ڕێكخراوەكانیش بە 10 بۆ 70 هەزار كەسی دادەنێن كە بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەستداوە، تا ئێستاش زیاتر لە دوو ملیۆن كەس بەهۆكاری جیاجیا دەناڵێنن بەدەست كارەساتەكەوە، و زیاتر لە 1،4 هێكتار زەوی ئۆكرانیا و ڕووسیاش تووشی تیشكدان بووەتەوە و زیانی هەیە بۆ تەندروستی.

دوای ڕووداوەكەش چەندین هێكتار زەوی پاككرایەوە بە بڕینەوەی درەختەكانی و هەڵگێڕانەوەی خاكەكەی، دواتریش كۆكردنەوەی گیاندارەكانی و كوشتنیان، دارستانەكەشی ناونرا بە (دارستانی سوور) چونكە ڕەنگی درەختان گۆڕابوو بۆ ڕەنگی زەنجەبیلی ڕوون، ئەو كەسانەشی مردن خرانە نێو چەند چینێك چیمەنتۆوە و دواتر نێژران.

زنجیرە

لە ساڵی 2019 لە تۆڕی HBO زنجیرەیەكی پێنج ئەڵقەیی بەناوی چێرنۆبڵ دەرچوو كە بە زۆری لەسەر بنەمای كاسێتەكانی لیگاسۆڤ دروستكرابوو، و ئەكتەر (جارێد فرانسیس هاریس) ڕۆڵی لیگاسۆڤ دەبینێت تێیدا.

هەندێك زانیاری تایبەت

  • لە ماوەی 206 ڕۆژدا كرێكار و ئەندازیاران توانییان پلێتێك لە پۆڵا و چیمەنتۆ دروست بكەن و سەری ناوكەكەیان پێگرت.
  • یارۆسلاڤ مینك دەڵێت : ئێمە بە سێ شیفت كارمان دەكرد، بەڵام تەنیا بۆ 5 تا 7 خولەك ئەویش بەهۆی زۆری تیشكدانەكەوە، دواتر دەبوایە جلەكانمان فڕێ بدایە.
  • ساڵی 2016 بە پلێتێكی 35 هەزار تەنی دووبارە ڕووپۆش كرایەوە.
  • تیشكدانی ناوكەكە هەتاوەكو سەد ساڵی دیكەش بەردەوام دەبێت و دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا دەڵێن هەتاوەكو 24 هەزار ساڵی دیكە خەڵكی ناتوانن لەوێ بژین.
  • بكەرانی سەرەكی ڕووداوەكە (نیكۆڵای فۆمین، ڤیكتۆر بركانۆڤ، ئاناتۆلی دیاتلۆڤ) حوكمی دە ساڵ كاركردنی زۆرەملێ دران، بەڵام دوای ئازادكردنیان نیكۆلای فۆمین گەڕایەوە بۆ كار لە وێستگەی ناوەكی لە كالینینی ڕووسیا، دیاتلۆڤیش بەهۆی تیشكدانەوە گیانی لەدەستدا لە ساڵی 1995.
  • ڤالێری خۆدیمچۆك كە یەكێك بوو لە ئەندازیارانی سەر ڕووپۆشی ناوكەكە، لەكاتی تەقینەوەكە گیانی لەدەستدا و بۆ هەمیشە تەرمەكەشی لەوێدا نێژرا.
  • لەكاتی ڕووداوەكەدا لە شەو، چەند كەسێك لەسەر پردی شارەكەوە سەیریان دەكرد، بەڵام دواتر بەپێی ڕاپۆرتێك ڕاگەیاندرا كە هیچكامیان دیار نین و نەماون لە ژیاندا، بۆیە ئێستا ئەو پردە ناوی پردی مەرگە.
  • دوای ڕووداوەكە بەراز و سەگ و گورگ و سەگە ئاوییەكان و گامێش و مانگاكانی دەوروبەری شوێنەكە كوژران.
  • ئەو ئاگركوژێنەوانەی بانگكران بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە هەرگیز پێیان نەوترا چی ڕوویداوە، بۆیە زۆربەیان بەبێ زانیاری دەربارەی ناوكەكە، تووشی تیشكدان بوون و چەند ڕۆژ دواتر زۆرێكیان مردن، ئەوان دەیانوت هەستیان كردووە بەردەوام شتێك وەك دەرزی لە ڕووخساریان دەچەقێت و بۆنی ئاسن دەكەن، جلوبەرگی ئەوان دواتر كۆكرایەوە و لە ژوورێكی نەخۆشخانەی شارەكە فڕێ درا، ئێستاش ئەو جلوبەرگانە ماونەتەوە و تیشكێكی زۆر دەدەنەوە و بكوژن.
  • یەكێتی سۆڤیەت نەیویست ئەمە ئاشكرا بكات بۆ هیچ لایەنێك تەنانەت خەڵكی پریپاتیش، بەڵام دوای ئەوەی بەهۆی هەواوە چڕەهەورێك لە تیشكدانی چێرنۆبڵ لە سوید دەركەوتبوو و زانا و شارەزایانی ئەوێ داوای ڕوونكردنەوەیان كرد و یەكێتی سۆڤیەتیش بە ناچاری دانی پێدانا كە وێستگەیەكی تەقیوەتەوە.
  • میخائیل گۆرباتشۆڤ لە 14/5 فرمانی دا 600 هەزار سەرباز و كرێكار بەرەو چێرنۆبڵ بڕۆن و كاربكەن بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری تیشكدانەكە.
  • بۆ ڕێگری لە توانەوەی ناوكەكە و هاتنە خوارەوە بۆ ئاوی ڕووبارەكە، ناچاركران بە هێنانی كرێكاری كانەكانی خەڵوز بۆ ئەوەی لە ژێرەوەی وێستگەكە كاری هەڵكەندن بكەن و بگەنە ناوكەكە، دواتر زۆرێكیشیان بەهۆی تیشكدانەوە گیانیان لەدەستدا كە زیاتر لە 100 كەسیان لەژێر تەمەنی 40 ساڵییەوە بوون
  • ساڵی 2006 میخائیل گۆرباتشۆڤی سەرۆكی ئەوكاتی یەكێتی سۆڤیەت ڕایگەیاند "تەقینەوەی چێرنۆبڵ یەكێك بوو لە هۆكارەكانی ڕووخانی سۆڤیەت".
  • سەرانی دەوڵەت نەیاندەویست ناوی یەكێتی سۆڤیەت لەكەدار بێت بۆیە بە هەموو شێوەیەك ویستیان خراپی ڕیئاكتەرەكیان بشارنەوە، بەڵام دوای ئەوەی پڕۆفیسۆر لیگاسۆڤ هەموو ڕاستییەكانی ئاشكرا كرد ناچاربوون گۆڕانكاری گەورە بكەن و ڕیئاكتەرەكان نوێ بكەنەوە، دانپێدانانەكانی ئەویش خرانە كۆمەڵگای زانستی سۆڤیەتی.


سەرچاوەکان

83 بینین