جەژنی ڕەمەزان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-08-17:57:00 - کۆدی بابەت: 5224
جەژنی ڕەمەزان

ناوه‌ڕۆك

جەژنی یەكەمی موسوڵمانان

جەژنێكی ئیسلامییە لە ڕۆژی یەكەمی مانگی شەوال دەست پێدەكات، تێیدا موسوڵمانان ئاهەنگ دەگێڕن بەهۆی بەدەستخستنی توێشوو و خەیرێكی زۆر لە مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووگرتن و عیبادەت و بەرزڕاگرتنی شەوانی قەدر، ئەمەش یەكێكە لە دوو جەژنە گەورەكەی موسوڵمانان كە ئەوی دیكەیان جەژنی قوربانە لە ڕۆژی دەیەمی مانگی ذی الحجەیە، لە ساڵی دووەمی كۆچییەوە موسوڵمانان جەژنی ڕەمەزان دەگێڕن، دوای یەكەمین مانگی ڕەمەزان لە مێژووی ئیسلام لەو ساڵەدا بوو بە یەكێك لە جەژنەكانی موسوڵمانان.

لە ڕۆژی یەكەمی جەژندا ڕۆژووگرتن لە هەموو موسوڵمانێك حەرامە، چونكە ڕۆژی ئاهەنگ و خۆشییە و پێویستە بە گێڕانی شیرینی و سەردانكردن و خواردن و تێركردنی سكی یەكتری و میوانداریكردن و گەردن ئازادكردن پیرۆز بكرێت.

بە فەرمی جەژنەكە یەك ڕۆژە، لەدوای ڕۆژئاوابوونی كۆتا ڕۆژی ڕەمەزانەوە دەست پێدەكات بۆ خۆرئاوابوونی یەكەم ڕۆژی مانگی شەوال، پێغەمبەر دەربارەی ڕۆژی ئاهەنگ و جەژنەكانی موسوڵمانان فەرموویەتی : قدْ أبدلَكم اللهُ تعالَى بِهِمَا خيرًا مِنْهُمَا يومَ الفطرِ ويومَ الأَضْحَى" كە ترمذی و ئەبوداود ڕیوایەتیان كردووە واتە: "خوای گەورە قەرەبووی بۆ كردوونەتەوە بۆ دوو خەیر، كە جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربانن".

جەژنی ڕەمەزان بە پارەدان بە هەژاران جیادەكرێتەوە كە پێش ئەوە لە مانگی ڕەمەزان هەركەس و سەرفیترەی خۆی دەردەكا و دەیدات بە كەسێك كە پێویستی بێت، هەروەها زەكات و خەیر دەبەخشرێت بە كەمدەرامەتان.

یەكەمین كاری جەژنیش نوێژكردنی جەژنە كە دوای سێ چارەك لە خۆرهەڵاتن ئەنجام دەدرێت، لەوێش موسوڵمانان بە یەكتری دەگەن و داوای گەردن ئازادی لە یەكدەكەن و جەژن لە یەكتری پیرۆز دەكەن، منداڵانیش بە جەژنانە و دیاری دڵخۆش دەكەن.

لە جەژندا موسوڵمانان بەردەوام بە شیرینی و كێك و خواردنەوەی تایبەت پێشوازی لە یەك دەكەن.

جیاوازی جەژنی موسوڵمانان لەگەڵ ئەوانی دیكە

جەژنی موسوڵمانان بەوە جیادەكرێتەوە كە تێیدا عیبادەتی خوا دەكرێت و هەموولایەك سوپاسی خودا دەكەن كە جارێكی تر دڵخۆشی كردن و ڕەمەزانێكی دیكەی پێبەخشین بۆ ئەوەی بتوانن توێشووی ڕۆژی قیامەتیان پڕبكەن، جەژنی موسوڵمان بە پەرستش و بە الله اكبر و هێنانی ناوی خوا و نوێژكردن دەست پێدەكات.

زۆرێك لە خەڵكیش لەو كەسانە خۆشدەبن كە دڵیان ڕەنجاندوون و لەبیری دەكەن.

لە جەژندا زۆرینەی ئاكارەكانی ئیسلام لە موسوڵماناندا ڕووندەبێتەوە، وەك تەوقەكردن و زەردەخەنە و گەردن ئازادی یەكتری و سەردانی خزم و دۆستان و بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی و بەخشین و دڵخۆشكردنی بێباوكان و ئاگادارییان و ڕازاندنەوەی سفرەی بێدەرامەتان.

لە ڕۆژی جەژن پێغەمبەری خوا  ڕێگای داوە بە گۆرانی وتن و لێدانی زەڕب و دەف و خۆشحاڵی دەربڕین.

عائیشە دەفەرموێت : جارێك لە ڕۆژی جەژن ئەبوبەكری سدیق هاتە ژوورەوە و بینی دوو كچ گۆرانی دەڵێن لەلای پێغەمبەری خوا ﷺ، ئەویش توڕەبوو و فەرمووی "ئاوازی شەیتان لێدەدەن لەلای پێغەمبەری خودا؟" پێغەمبەریش ﷺ  فەرمووی :" وازیان لێ بهێنە ئەبوبەكر، هەموو گەلێك جەژنی هەیە، جەژنی ئێمەش ئەمڕۆیە".

سوننەتەكانی جەژن

تەكبیركردن

تەكبیر واتە وتنەوەی "الله اكبر" و بەرزڕاگرتنی ناوی پیرۆزی خوای گەورە، ئەمەش لە ئێوارەی كۆتا ڕۆژی ڕەمەزان بۆ سەرەتای ڕۆژی جەژن و هاتنە خوارەوەی ئیمام لەسەر مینبەر لە بەیانی جەژن، دەقەكەی بەمشێوەیەیە :

"الله اكبر الله اكبر الله اكبر، لا اله الا الله، الله اكبر الله اكبر، و لله الحمد".

خۆشۆردن

خۆشۆردن بۆ ڕۆژی جەژن سوننەتێكی دڵنیاكراوەیە بۆ هەمووان، هەمووان بینیویانە پێغەمبەری خوا ﷺ هەموو ڕۆژێكی جەژن خۆی شۆردووە، بۆیە موسوڵمان دەبێت خۆی بشوات، جوانترین پۆشاكی لەبەربكات و خۆی ڕێكوپێك بكات و بۆنی خۆش لە خۆی بدات و ددانەكانی پاك ڕابگرێت.

خواردن پێش نوێژ

پێغەمبەری خوا لە پێش نوێژ چەند دەنكەخورمایەكی دەخوارد و ئەوجا نوێژی دەكرد.

دەرچوون بۆ نوێژگە

لە (أبو سعید الخدری)ـەوە رضي الله عنه فەرموویەتی : پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم جەژنی ڕەمەزان و قوربان دەردەچوو بۆ نوێژگە (مصلی) یەكەم شت دەستی پێ‌ دەكرد نوێژەكە بوو.

ڕۆیشتن و گەڕانەوە لە نوێژگە

سوننەتە بە پێ بچیت بۆ نوێژی جەژن : لە (عەلی)ـەوە رضي الله عنه بۆمان دەگێڕنەوە كە فەرموویەتی: (سوننەتە بە پێ بچیت بۆ نوێژی جەژن).

ڕێگا گۆڕین

لە (جابری كوڕی عبدالله)ـەوە رضي الله عنه فەرموویەتی : پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەگەر ڕۆژی جەژن بوایە ڕێگاكەی دەگۆڕی، واتە : لە ڕێگایەكەوە بڕۆیشتایە بۆ مزگەوت لە ڕێگایەكی ترەوە دەهاتەوە.

چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژی جەژن

  • نوێژی جەژن دوو ڕکاتە، وەک نوێژی بەیانییه، بەڵام جیاوازە بە وتنی زیکر و کردنی (الله اکبر) لە نوێژەکەدا.
  • نیەت بە دڵ دەهێنیت و دڵ ئامادە دەکەیت کە نیازت وایە نوێژی جەژن دەکەیت،
  • دواى ئەوەی دەستت بە نوێژەکەت کرد حەوت جار دەڵێی (الله اکبر) و لە نێوان (الله اکبر)ـەکان دەڵێیت: سبحان الله والحمد لله و لا اله الا الله و الله اکبر.
  • پاشان سورەتی الفاتحە دەخوێنیت.
  • پاشان سورەتێکی تری بەدوادا دەخوێنی
  • پاشان رکوع سوجدە دەبەیت وەک نوێژی ئاسایی
  • پاشان هەڵدەسیتەوە بۆ ڕکاتی دووەم
  • ڕکاتی دووەمیش وەک ڕکاتی یەکەمە تەنها جیاوازە لە ژماری ووتنی (الله اکبر)ـەکان و زیکرەکان، لە ڕکاتی دووەم پێنج جار دەڵێی (الله اکبر) و لە نێوان (الله اکبر)ـەکان دەڵێیت: سبحان الله والحمد لله و لا اله الا الله و الله اکبر.
  • (الله اکبر) دەستت بەرزبکەوە گەر ویستت

زانایان فەرمویانە کە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لەنێوان تەکبیرەکان زیکری نە خوێندووە و دەستی بەرز نەکردووەتەوە

بەڵام عبدالله ی کوڕی عمر رەزای خوای لێبێت دەستی بەرزکردووەتە و زیکر خوێندنیش لە عبدالله ی کوری مەسعودەوە رەزای خوای لێبێت هاتووە، کەواتە وتن و نەوتنی زیکر و دەست بەرزکردنە و نەکردنەوەی کێشە نیە و هەمووی درووستە.

هەركەسێكیش فریای نوێژی جەژن نەكەوت بە جەماعەت ئەوا بە تەنیا دەتوانێت بیکات.

جیاوازی جەژن لە وڵاتان

  • لە ئیندۆنیسیا ناردنی كارتی جەژنە پیرۆزە دیارترین نەریتە، بەجۆرێك كارمەند و فەرمانبەرانی پۆستە و گەیاندن لەو ڕۆژەدا پشوو وەرناگرن و ئەركیان گەیاندنی كارتەكانی پیرۆزباییە. بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە زیاتر دانیشتوانی گوندەكان پەیڕەوی ئەو نەریتە دەكەن و خەڵكی شارە گەورەكانیش لەڕێی نامەی مۆبایلەوە پیرۆزباییەكانیان دەنێرن.
  • لە میسر ئامادەكارییەكان لە ناوەڕاستی ڕەمەزانەوە دەستپێدەكات، كڕینی جلی نوێ و خاوێنكردنەوەی ماڵ و ئامادەكردنی لیستی خواردن و دروستكردنی شیرینی دیارترین كارەكانە.
  • مالیزییەكان لە جەژندا دەگەڕێنەوە شوێنی لەدایكبونیان ماڵەكانیان بە گڵۆپ دەڕازێننەوە، بەناوبانگترین خواردنە میلییەكان ئامادە دەكەن، لەهەمووشی گرنگتر كردنەوەی دەرگای ماڵە بە درێژایی ڕۆژ بۆ پێشوازیكردن لە میوانەكان.
  • کورد بەشێوەیەکى جیاوازتر لە رۆژانى جەژنى رەمەزان و قورباندا ئەو یادە دەکەنەوە، بەجۆرێک بەشێکى زۆرى خێزانەکان بەیانیانى رۆژانى جەژن ژەمە خۆراکێکیان دەبێت، کە برنج و شلەى قەیسى تێدا ئامادە دەکەن و تائێستاش ئەم نەریتە بەردەوامى هەیە، هەروەها بە درێژایی سێ ڕۆژ جەژنە پیرۆزە لە یەكتری دەكەن و منداڵانیش زۆرترین بڕە پارە و دیاری لە باوان و خزمانیانەوە وەردەگرن.

سەرپێچیەكانی جەژن

١. نەكردنی نوێژی بەیانی، هەندێك كەس پێیان وایە نوێژی بەیانی و جەژن یەك نوێژە، لەكاتێكدا دوو نوێژی جیاوازن و لە دوو كاتی جیاواز ئەنجام ئەدرێن .

٢. وازهێنان لە نوێژ كردن بەهۆی سەرقاڵ بوون بە جەژن و سەردان كردنی خزم و كەس و كار بەتایبەتی وازهێنان لە نوێژی جەماعەت پەروەردگاریش دەفەموێت : فَوَيْلٌ لِّلْمُصَلِّينَ * الَّذِينَ هُمْ عَن صَلَاتِهِمْ سَاهُونَ واتە : ئینجا سزای سەخت بۆ نوێژ خوێنەكان ئەوانەی لە نوێژەكانیان غافڵ و بێ‌ ئاگان و لەكاتی خۆیدا نایكەن .

٣. وازهێنانی ئافرەتان لە پۆشاكی شەرعی و گەڕانەوەیان بۆ سەر جلی ناشەرعی و تەسك نیوە ڕوت لەبەر كردن بەبیانوی خۆشی جەژن و پێشوازی كردن لە میوان یان دەرچونیان لەماڵ بەبێ‌ كارێكی پێویست خوای پەروەردگاریش ئەفەرموێ‌ : وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَى جُيُوبِهِنَّ واتە : جوانی و خشڵی خۆیان دەرنەخەن لە ئاست نامەحرەم جگە لەوەی لێی دەرئەكەوێ‌ (واتە : تەنها هەردوو دەست و دەم و چاویان) و با سەرپۆش و لەچكەكانیان بدەن بەسەر گەردن و سنگیانیشدا تا سنگ و بەرۆكیان دەر نەكەوێ‌. بۆیە دەبێ‌ ئافرەتان خۆیان بپارێزن لە خۆ ڕازاندنەوەی ناشەرعی.

٤. تەوقە كردنی ئافرەتان و پیاوان لەگەڵ یەكتر بەهەمان شێوە كوڕان و كچانی باڵغ بوو بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە و بەبیانوی دڵپاكی و خزمایەتی، پێغەمبەری خوایش صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : ئەگەر مێخێكی ئاسنین لەسەر پیاوێك دابكوترێت باشترە بۆی لەوەی دەستی بەر دەستی ئافرەتێك بكەوێت كە بۆی حەڵاڵ نەبێت.

٥. چاو نەپاراستن لە ئاست نامەحرەم و تێڕوانینی حەرام ، لەكاتێكدا خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌: بە ژنانی باوەڕدار بڵێ‌ : با چاویان دابخەن لە تەماشاكردنی نامەحرەم. بە هەمان شێوە بۆ پیاوانیش ئەفەرموێ‌: بە پیاوانی باوەڕدار بڵێ‌ : چاو دابخەن لە ئاست تەماشاكردنی ژنانی نامەحرەم.

٦. تایبەت كردنی ڕۆژی جەژن لەلایەن هەندێ‌ خەڵكی بێ‌ ئاگا بەسەردان كردنی گۆڕستان و تازەكردنەوەی تەعزیە و یادكردنەوەی مردوو بە گریان و ناسازییەكی زۆر و بەشێوەیەكی ناشەرعی.


سەرچاوەکان



3495 بینین