هۆکاری سڕبوونی پێیەکان چییە؟

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-06-29-16:35:00 - کۆدی بابەت: 13368
هۆکاری سڕبوونی پێیەکان چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سڕبوونی پێیەکان (بە ئینگلیزی: Numbness in feet، بە عەرەبی: تنمیل القدمین)، سڕبوون بریتییە لە لەدەستدانی هەستکردن لە تەواوی جەستە یان لەدەستدانی هەستکردن لە هەندێک بەشدا، بەزۆری کاتێک ڕوودەدات کە گۆڕانکاری تر لە هەستدا دەبێت، گۆڕانکارییەکانیش لە شێوەی پیاچوونی دەرزی، دڕک، دەمبووس یان سووتانەوە دەردەکەون، ڕەنگە سڕبوون لە یەک دەماردا لە لایەکی جەستەدابێت، یان بە شێوەیەکی هاوسەنگ لە دەمارەکانی هەردوو لای جەستەدا ڕووبدات.

دەکرێت بڵێین بەهۆی هەستکردن لە پێیەکاندا جەستە لە ڕووی گەرمەوە دوور دەکەوێتەوە، لە نێوان جێگە جیاوازەکانیشدا دەجووڵێت، بەڵام ئەگەر کێشەی سڕبوون لە پێدا ڕووبدات، ڕەنگە مرۆڤەکە کەمتر هەست بکات، یان لەوانەیە بە تەواوەتی هەستکردن لەدەستبدرێت، سڕبوون لە پێدا بە گشتی کاتییە، لە هەندێک حاڵەتیشدا ئەم کێشەی سڕبوونە لە ئەنجامی کێشەیەکی تەندروستی درێژخایەنی ترەوەیە وەک نەخۆشی شەکرە.

لەوانەیە سڕبوون لە نەخۆشانی شەکرەدا زیاتر پەرەبسێنێت و بەرەو پێش بچێت، دواتر لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا مرۆڤەکە زیاتر و زیاتر هەستەکانی لەدەستدەدات، بۆیە  باشترە کەسانی تووشبوو بەم دۆخە داوای ڕاوێژی پزیشک بکەن، کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ هێواشکردنەوەی پەرەسەندنی بارودۆخەکە.

هۆکارەکان

بەگشتی سڕبوونی پێیەکان بەشێوەیەکی کاتییە کە لە ئەنجامی وەستان یان دانیشتنێکی دیاریکراودا ڕوودەدات، ئەمە بەجۆرێکە کە بەهۆی ئەو شێوازەوە فشارێکی زۆر لەسەر دەمارەکانی قاچ دروستدەبێت، یاخود لەوانەیە پیاڕۆشتنی خوێن بۆ پێیەکان کەم بکاتەوە، بەڵام لەئەو کاتانەی کە سڕبوون بە شێوەیەکی درێژخایەنە، یان بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت، ئەوا لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ هەبوونی کێشەیەکی تری تەندروستی، وەک ئەمانە:

  • دۆخی جەستە: ئەو خووانەی پەیوەستن بە دانیشتن لە دۆخی ناتەندروستدا دەبێتە هۆی دروستبوونی فشار لەسەر دەمارەکان، یان کەمکردنەوەی ڕۆیشتنی خوێن بۆ پەلەکانی خوارەوەی جەستە، کە ئەمە باوترین هۆکارە بۆ سڕبوونی کاتی لە پێ و قاچەکاندا، لەنێو ئەو خووانەی کە دەبنە هۆکار بریتین لە: دانیشتن لەسەر پێیەکان یان ئەژنۆدانان بۆ ماوەیەکی زۆر، یاخود لەبەرکردنی پانتۆڵ، گۆرەوی یان پێڵاوی زۆر تەسک و توند.
  • برینداربوون: دروستبوونی برین لە بەشی سەرەوەی جەستە، وەک بڕبڕەی پشت، یان لە شان، قاچ، پاژنەی پێ و پێیەکان لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی فشار لەسەر دەمارەکان و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی سڕبوونی قاچ و پێیەکان.
  • نەخۆشی شەکرە: هەندێک کەس کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە لەوانەیە جۆرێک لە تێکچوونی دەمارەکانیان هەبێت، کە پێی دەوترێت نەخۆشی شەکرەی دەماری، نەخۆشەکە ئازاری دەبێت لە قاچ و پێیەکانیدا و لەکاتی زۆر پەرەسەندنی نەخۆشییەکەش دەبێتە هۆی سڕبوونی پەلەکانی خوارەوەی.
  • گرژە ماسولکەی درێژخایەن: ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە و دەبێتە هۆی ئازار لە زۆربەی بەشەکانی جەستەدا، هەروەها هەندێک کەس کە تووشی ئەم دۆخە دەبن، لەوانەیە تووشی سڕبوون و تەزینی دەست و پێیەکانیش ببن، لە نێو ئەو نیشانانەی کە کەسی تووشبوو هەیەتی ئەمانەن: هەستکردن بە ڕەقبوون و ئازار بەبێ هیچ هۆکارێکی تایبەت، بە تایبەتی لە بەیانیاندا یان دوای خەوتن، ماندوێتی درێژخایەن، کێشە لە بیرەوەری و بیرکردنەوەدا.
  • نەخۆشی فرەڕەقبوون: نەخۆشییەکی پێشبینینەکراوە و زۆرجار ناوەندە کۆئەندامی دەمار تێکدەدات، دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕۆیشتنی زانیاری لەناو مێشکدا خۆی و لە مێشکیشەوە بۆ جەستە، بەهۆیەوە ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییەکەوە دەناڵێنن ڕووبەڕووی زیانگەیاندن بە دەمار و هەستەوەرەکان دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بێهێزی لە ناوچەیەکی دیاریکراوی جەستەدا، یان لە کۆتاییەکانی جەستە، هەرچەندە ئەو بێهێزییەی کە لە ئەنجامییەوە ڕوودەدات ماوەیەکی کورت دەخایەنێت، بەڵام لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامبێت و ببێتە هۆی کەمئەندامی.
  • کەمی ماددە خۆراکیەکان: کەمی هەندێک ڤیتامین و ماددە خۆراکیەکان لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشی بۆ دەمارەکان، بەزۆری بەهۆی کەمی ڤیتامین B12 ڕوودەدات.
  • تێکچوونی دەمارەکان: ئەم تێکچوونە لە ئەنجامی بەکارهێنانی تووتن، یان دەرمان و چارەسەری کیمیاییەوە ڕوودەدات.

چارەسەرکردن

پێویستە چارەسەری سڕبوونی پێیەکان بکرێت بە گوێرەی هۆکارەکەی، بۆ چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانەش کە هەرچەندە هیچ چارەسەرێکی تەواو بۆ نەخۆشییەکانی چێوە کۆئەندامی دەمارەکان نییە، بەڵام دەتوانرێت دۆخەکە باشتر بکرێت بە بەکارهێنانی هەندێک ڕێگا، وەک ئەمانە:

  • جڵەوکردنی ئاستی شەکر لە خوێندا لە تووشبووانی شەکرەدا.
  • خواردنی تەواوکەری خۆراکی و ڤیتامین بۆ ئەو کەسانەی بەدەست کەمی ڤیتامینەوە دەناڵێنن.
  • پاراستنی کێشی گونجاو.
  • دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتن بە ژەهر.
  • پەیڕەوکردنی بەرنامەی وەرزشکردنی گونجاو بە سەرپەرشتی پزیشک.
  • خواردنی خۆراکی هاوسەنگ.
  • وازهێنان لە جگەرەکێشان، لەبەر ئەوەی کە جگەرەکێشان ڕۆیشتنی خوێن بۆ خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە، کە ئەوان ماددە خۆراکیەکان بۆ دەمارەکانی دەوروبەری جەستە دابین دەکەن.
  • بەکارهێنانی دەرمانی خەمۆکی و دەرمانی گرژبوون، لە هەندێک حاڵەتدا.


سەرچاوەکان



39 بینین