ئاسووری (سورایا) 

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-23-20:38:00 - کۆدی بابەت: 2603
ئاسووری (سورایا) 

ناوه‌ڕۆك

ئاسووری (سورایا) 

مەبەستمان لە زارەوی ئاسووری، لەو دیانانەن کە خۆیان بە ئاسووری، کلدانی، یاقوبی، دەزانن. بە لای یەکەمیانەوە، جیاوازی نەتەوەی لە نێوان ئەو سێ دەستەیەدا نییە، هەموویان بە ئاشووری دادەنرێن، بەڵام کلدانییەکان و یاقوبییەکان، ئەم بۆچوونەیان لا پەسەند نییە، بەڵکوو خۆیان بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ دادەنێن، با لەگەڵ ئاسووریەکانیشدا، لە زۆر ڕووەوە لە ئاینەکەیاندا هاوبەش بن.
بۆ ساغکردنەوەی ڕەچەڵەکی ئاسوورییەکان، کێشە و باسی زۆر لەسەرە، هەندێک پێیان وایە، ئاسووریەکان لە ئەوڕۆ لە نەوەی ئاشووریەکانی سەر بە نێوچەی موسڵن، کە لە کاتی خۆیدا میدیەکان (مادەکان) لە ساڵی ٦١٢ی پێش زایینیدا، موسڵیان داگیر کرد و ئیمپڕاتۆرییەتەکەیان تێک دا و خەڵکێکی زۆریان لێ کوشتن، ئەوانەی لەم کوشتارە خۆیان ڕزگارکرد، ڕوویان لە چیاکان کرد و خۆیان شاردەوە، بەو شێوەیە خۆیان لە دەست مردن قوتار کرد. بەڵگەشیان بۆ ئەم بۆچوونەش ئەوەیە، لە هەردوو زاراوەی (ئاشووری) و (ئاسووری) زۆر لەیەکدیەوە نزیکن. ئەوڕۆش ئاشووریەکان هەوڵی چەسپاندنی ئەو بیروڕایە دەدەن. بەڵام هەندێ سەرچاوە و ژمارەیەک لە نوسەران، ئەو بۆچوونەیان لا ڕاست نییە پێ لەسەر ئەوە دادەگرن، کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئاشووری و ئاسووریەکاندا نییە، تەنانەت یەکێک لە نووسەرەکان دەڵێت: (لە ڕاستیدا، ئاسووریەکان کۆمەڵێکی ئەتنۆگرافین، زیاتر لەوەی کۆمەڵێکی ئتنۆلۆژی بن. لە تێکەڵاوبوونی چەند نەتەوەیەک پێک هاتوون، کە لە سەردەمی خۆیدا لای ناوچەی موسڵ ژیاون، بە زمانی سریانی قسەیان کردووە و بە ئایینیش سەر بە دیانەکان بوون.
بە بۆچوونی هەندێک نووسەری دیکە، بەشێک لە ئاسوورەیەکانی ئەوڕۆ، ئەو کوردانەن کە کاتی خۆی چوونەتە سەر ئایینی دیانەکان، لەو بارەیەوە نوسەر دەڵێت: (ڕاست نییە، ناوی ئاسووری لە تەیارەکانی دانیشتووانی چیاکانی هەکاریی بنێن، ئەوان بە ڕەچڵەک کوردن و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاشووریەکانەوە نییە. 


سەرچاوەکان



941 بینین