کیشوەری ئەنتارکتیکا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-06-21:15:00 - کۆدی بابەت: 10404
کیشوەری ئەنتارکتیکا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

کیشوەری ئەنتارەکتیکا یان جەمسەری باشوور (بە ئینگلیزی: Antarctica، بە عەرەبی: انتاركتيكا) یەکێکە لە حەوت کیشوەرەکەی جیهان, زۆربەی ناوچەکانی جەمسەری باشوور پێکدەهێنێت، جەمسەری باشوور ناوچەیەکی سارد و دوورە لە نیوەگۆی باشوور، بە یەکگرتنی جەمسەری باشوور دەگرێتەوە، یەکگرتنی جەمسەری باشوور هێڵێکی نایەکسانی پانییە، کە ئاوە ساردەکانی جەمسەری باشوور بەرەو باکوور دەڕژێن و لە باکوورەوە لەگەڵ ئاوە گەرمەکانی زەریاکانی جیهاندا یەک دەگرنەوە. جەمسەری باشوور نزیکەی ٢٠٪ـی نیوەگۆی باشووری گۆی زەوی دەگرێتەوە.

ئەنتارکتیکا پێنجەم گەورەترین کیشوەرە لە ڕووی ڕووبەرەوە. هەروەها کیشوەرێکی بێهاوتایە لەبەر ئەوەی هیچ دانیشتووانێکی ڕەسەنی نییە، ئەنتارکتیکا هیچ وڵاتێکی نییە، هەرچەندە حەوت نەتەوە بانگەشەی بەشە جیاوازەکانی دەکەن کە نیوزلەندا، ئوستڕالیا، فەڕەنسا، نەرویج، بەریتانیا، شیلی و ئەرجەنتینن

زانیاری گشتی

ڕووبەر ١٤,٢٠٠,٠٠٠ کیلۆمەتری دووجا
دانیشتووان ١٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ (وەرزی)
چڕی دانیشتووان  ٠,٠١ بۆ هەر کیلۆمەترێک دووجا
بەرزترین خاڵ لە ئاستی ڕووی دەریا ڤینسۆن ماسیف ٤,٩٨٢ مەتر
نزمترین خاڵ لە ئاستی ڕووی دەریا قوڵایی سەهۆڵبەندانی بێنتلی -٢,٥٥٥ مەتر

جوگرافیا

ئەنتارکتیکا بەشێوەیەکی ناهاوسەنگ هێڵی پانی باشووری گۆی زەوی گرتووە، بە زەریای باشوور دەورە دراوە، لە ئەنتارکتیکادا ڕووبارەکان هەن، درێژترینیان ئۆنێکسە، ئەنتارکتیکا نزیکەی ١٤,٢ ملیۆن کیلۆمەتری دووجا دەگرێتەوە، بەمەش دەبێتە پێنجەم گەورەترین کیشوەر لە جیهاندا. درێژی کەناراوەکانی نزیکەی ١٨ هەزار کیلۆمەترە. لە هاویندا سەهۆڵەکانی لێواری دەریاچەکان دەتوێنەوە و بۆ ماوەیەکی کاتی کانییەکان دروست دەبن. ئەنتارکتیکا دەریاچەی ئاوی سوێر و ئاوی شیرینیشی هەیە.

ئەنتارەکتیکا بەهۆی چیای ترانس ئەنتارکتیکەوە بۆ دوو بەش دابەشکراوە، کە ئەنتارکتیکای ڕۆژهەڵات و ئەنتارکتیکای ڕۆژاوان، لە ڤیکتۆریا لاندەوە تا دەریای ڕۆس درێژدەبێتەوە.

ڕۆژهەڵاتی ئەنتارکتیکا پێکهاتووە لە کۆتس لاند، کوین ماود لاند، ئێندەربی لاند، ماک، ڕۆبێرتسۆن لاند، ویلکس لاند و ڤیکتۆریا لاند. جگە لە بەشێکی بچووکی ناوچەکە هەمووی لە نیوەگۆی ڕۆژهەڵاتدایە.

چەندین دوورگە لە دەوروبەری ئەنتارکتیکا هەیە کە زۆربەیان گڕکانن و بە پێوەرەکانی جیۆلۆجی زۆر نوێن.

ڤینسۆن ماسیف لە چیاکانی ئێڵسوۆرس بەرزترین لوتکەی ئەنتارەکتیکایە، کە بەرزییەکەی ٤,٩٨٢ مەترە، چیای ئێریبوس لە دوورگەی ڕۆس لە گڕکانە چالاکەکانی جیهانە، ڕۆژانە نزیکەی ١٠ جار دەتەقێتەوە، خۆڵەمێشی گڕکانەکە لە دووری ٣٠٠ کیلۆمەتر لە سەرچاوەی گڕکانەکەوە دۆزراوەتەوە.

بەڵگە لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە گڕکان لە ژێر سەهۆڵەکاندا هەیە، ئەگەر ئاستی چالاکییان بەرزبێتەوە مەترسی بۆ سەر سەهۆڵەکە دروست دەکەن.

ئەو شوێنە سەهۆڵییەی کە بە دۆم ئارگۆس ناسراوە لە ڕۆژهەڵاتی ئەنتارکتیکا، بەرزترین سەهۆڵی جەمسەری باشوورە، بەرزییەکەی ٤٠٩١ مەترە، یەکێکە لە ساردترین و وشکترین شوێنەکانی جیهان، ڕەنگە پلەی گەرمی بگاتە نزیکەی -٩٠ پلەی سیلیزی، بارانبارینی ساڵانە ١ بۆ ٣ سانتیمەترە.

کەشوهەوا

ئەنتارکتیکا ساردترین و وشکترین کیشوەری جیهانە، هەروەها خاوەنی زۆرترین ڕێژەی بایە، تێکڕای پلەی گەرمی لە ناوچەکانی ناوەوە بە درێژایی ساڵ لە -٥٧ پلەی سیلیزیدایە، کەمترین پلەی گەرمی لە زستاندا -٩٠ پلەی سیلیزییە. کەناراوەکان گەرمترن و پلەی گەرمی لە هاویندا دەگاتە -٢ بۆ ٨ پلەی سیلیزی.

لەڕاستیدا ئەنتارکتیکا وەکوو بیابانێکە، چونکە زۆر وشکە، تێکڕای بارانبارینی ساڵانەی بە درێژایی ناوچە کەنارییەکان ١٦٦ میلیمەترە، لە ناوچەکانی ناوەوە کەمترە.

بە گشتی بارین لە ئەنتارکتیکا لە شێوەی بەفرە، لەم بارودۆخە ساردانەدا بەفر زۆر کەم دەتوێتەوە، لە بری ئەوە بە تێپەڕبوونی کات بەفرەکە پەستانی دەچێتە سەر و دەبێت بە سەهۆڵ. ئەم سەهۆڵبەندە ٩٨٪ـی کیشوەرەکە دەگرێتەوە، هەروەها نزیکەی ٩٠٪ـی سەهۆڵەکانی جیهان دەگرێتەوە. لە ژێر کاریگەری هێزی کێشکردندا سەهۆڵەکە بەرەو کەناراوەکان دەچێت، پاشان سەهۆڵەکە دەچێتە ناو زەریا و زۆرجار ڕەفەی سەهۆڵی گەورە دروست دەکەن، ئەم ڕەفانە دەکرێت بتوێنەوە و شاخی سەهۆڵی دروست بکەن و کاتێک دەگەنە ئاوی گەرمتری زەریاکان دەتوێنەوە. 

ڕەفەی سەهۆڵ و سەهۆڵی دەریا

قەبارەی سەهۆڵی دەریا بە گشتی ساڵانە لە زستانی جەمسەری باشووردا فراوانە، بەڵام زۆربەی لە هاویندا دەتوێتەوە، سەهۆڵەکە لە زەریادا دروست دەبێت و بەشداری لە گۆڕانکاری لە ئاستی ڕووی دەریا ناکات.

لەو کاتەوەی مانگە دەستکردەکان لە ساڵی ١٩٧٨ دەستیان بە چاودێریکردنی ڕووی زەوی کردووە، تێکڕای ڕادەی سەهۆڵی دەریا لە دەوروبەری ئەنتارکتیکا گۆڕانکاری کەمی بەسەردا هاتووە، بە پێچەوانەی جەمسەری باکوورەوەیە کە بە خێرایی سەهۆڵی دەریای لەدەست داوە.

مێژووی ئەنتارکتیکا

مێژووی ئەنتارکتیکا لە تیۆرییە سەرەتاییەکانی ڕۆژاواوە سەرچاوە دەگرێت، کە باس لە کیشوەرێکی فراوان دەکات کە بە تێرا ئوسترالیس ناسراوە کە پێیان وابوو لە دووری باشووری جیهان بوونی هەیە. لە ساڵی ١٧٧٣ جەیمس کوک و تیمەکەی بۆ یەکەمجار بازنەی جەمسەری باشووریان بڕی، هەرچەندە دوورگەکانی نزیکیان دۆزیەوە، بەڵام چاویان بە خودی ئەنتارکتیکا نەکەوت.

بێلینگشازن و لازارێڤ بوونە یەکەم گەڕیدە کە خاکی کیشوەری ئەنتارکتیکایان بینی و بە فەرمی دۆزییانەوە. دوای سێ ڕۆژ و لە ٣٠ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٢٠، گەشتێک بە کاپتنی ئێدوارد برانسفیڵدی ئێرلەندی کرا و نیمچە دوورگەی ترینیتییان بینی، دوای ١٠ مانگ گەڕیدەیەکی ئەمریکی بە ناوی ناتانیێل پاڵمەر لە ١٧ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٢٠ ئەنتارکتیکای بینی. لە سەدەی بیستەمدا چەندین گەشت بۆ جەمسەری باشوور کرا، لە ئەنجامدا چەندین مردن و برینداربوونی لێکەوتەوە.

ئاژەڵەکانی جەمسەری باشوور

زۆر ئاژەڵی جۆراوجۆر لە ئەنتارکتیکا دەژین، نزیکەی زۆربەی ئاژەڵەکان وابەستەی دەریان، گەورەترین مێرووی وشکانی مێروویەکی بێ باڵە، نزیکەی ١٣ ملیمەترە. بەو پێیەی ژیانی ئاژەڵەکان وابەستەی دەریایە بەشێوەیەکی سەرەکی خوێنیان گەرمە، مەیلی گەورەبوونیان هەیە. ئەو ئاژەڵانەی لە ئەنتارکتیکا دەبینرێن بریتین لە جۆری جیاواز لە پەنگوین، بەرازەئاوی، بەرازەفیلی ئاوی، باڵندەی بەفری، نەهەنگی کوشندە، ئاڵباتروسی هەڵوەدا یان قەترەس و نەهەنگی شین و چەندانی تر.

چالاکییەکانی مرۆڤ لە ئەنتارکتیکا

پاشماوەی خەڵووز، هایدرۆکاربۆن، ئاسن، پلاتینۆم، مس، کرۆم، نیکڵ و زێڕ و کانزاکانی تر لە جەمسەری باشوور دۆزراونەتەوە، بەڵام بە ڕێژەیەک نییە بۆ دەرهێنان ببێت، خراپ بەکارهێنان و دەرهێنانی سەرچاوەکانی جەمسەری باشوور، لە نێویاندا کانزاکان سنووردارە. 

لە ساڵی ١٩٥٧ـەوە گەشتیاران سەردانی ئەنتارکتیکا دەکەن، گەشتیاران بە کەشتی بچووک و مامناوەند گەشتەکانیان دەکەن، دوای دەستپێکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەی گەشتیاران بەخێرایی دابەزینی بە خۆیەوە بینی، گەشتە ئاسمانییەکانی گەشتیاری لە دەرەوەی ئوستوڕالیا و نیوزلەندا تا کارەساتی چیای ئێریبوس لە ساڵی ١٩٧٩ ئەنجامدرا، کاتێک فڕۆکەیەکی ئێر نیوزلەندا کەوتە سەر چیای ئێریبوس و سەرجەم ٢٥٦ کەسی ناو فڕۆکەکە گیانیان لەدەست دا، کۆمپانیای کوۆنتس لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانەوە گەشتە بازرگانییەکانی لە ئوستورالیا بۆ ئەنتارکتیکا دەست پێکردەوە. 

ساڵانە چەندین زانا لە ئەنتارکتیکا توێژینەوە ئەنجام دەدەن، زیاتر لە ٧٠ وێستگەی توێژینەوەی هەمیشەیی و وەرزی لە کیشوەرەکەدا هەیە، گەورەترینیان وێستگەی مەکمۆردۆی ئەمریکایە، توانای نیشتەجێکردنی زیاتر لە ١٠٠٠ کەسی هەیە. 

زەویناسەکان بە پلەی یەکەم لێکۆڵینەوە لەسەر تەکتۆنی پلێتەکان، نەیزەکەکان و لەیەک جیابوونەوەی گۆندوانا دەکەن (ناوچەیەکی گەورەی زەوی بوو کە ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر لە نیوەگۆی باشووردا بوو پاشان جیابوویەوە).

سەهۆڵبەندانناسەکان لە مێژوو و دینامیکی سەهۆڵە سەرئاو کەوتووەکان، بەفری وەرزی، ڕووباری سەهۆڵین و سەهۆڵەکان دەکۆڵنەوە.

زیندەوەرناسەکان جگە لە لێکۆڵینەوە لە گیانلەبەرە کێوییەکان، گرنگی بەوانە دەدەن کە پلەی گەرمی نزم و بوونی مرۆڤەکان چۆن کاریگەرییان لەسەر ستراتیجییەتی گونجاندن و مانەوەی زیندەوەران هەیە.

زانایانی بایۆپزیشکی دۆزینەوەیان دەربارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان کردووە، هاوکات لێکۆڵینەوەیان دەربارەی وەڵامدانەوەی جەستە بۆ پلەی گەرمی وەرزی زۆر ئەنجام داوە.


سەرچاوەکان

235 بینین