قەترەس

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-08-23:34:00 - کۆدی بابەت: 7536
قەترەس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

قەترەس یان ئالباترۆس (بە ئینگلیزی: albatrossباڵندەیەکی خێزانی قەترەسەکانە، بە ژمارەی جیاواز لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بوونی هەیە، زۆرینەیان دەکەونە نیوەگۆی باشووری زەوییەوە، و ژمارەیەکی کەمیشیان لە نیوەگۆی باکووردان، لە ناوچەکانی ژاپۆن و دوورگەکانی هاوای و باکووری زەریای هێمن و چەند ناوچەیەکی تر، تەنها لە دەوروبەری زەریای هێمندا ١.٦ ملیۆن دانەی پێگەیشتوو هەیە، لە جێگەکانی تردا ڕێژەکە کەمترە، کۆچکردنی ئەم باڵندەیە دەگۆڕێت بە گوێرەی چەند هۆکارێک کە بریتین لە، جۆری باڵندەکە، شێوازی ژیانکردنی، هەڵسوکەوتەکانی و هەلومەرجی ناوچەکەی لە کاتە دیاریکراوەکانی ساڵدا، هەندێک لە جۆرەکان بە جێگیری دەمێننەوە و تەنها لە دەوروبەری کۆمەڵەی زۆربووندا بۆ خۆراک دەگەڕێن، هەندێک لە جۆرەکانی دیکەش کۆچدەکەن، هەروەها هەڵبژاردنی کۆچکردن یاخود ئەنجام نەدانی بە گوێرەی ئەزموونی باڵندەکەیە پێش قۆناغی پێگەیشتنی، لەگەڵ ئەو بژاردەیەی کە بۆ ژیانکردنی بۆی پەسەند و گونجاوە، کۆچکردن زیاتر لە نێرینەکاندا باوە بە بەراورد بە مێینەکان، ئەم باڵندەیە لە چەندین نووسراو و سەردەمدا ناوی هاتووە و هێما و ئاماژە بووە بۆ بابەتی جیاواز، و ئەدیبەکان دەڵین کە هێمایەکی ئاڵۆزە، کەشتیوانەکان بە هێمای بەختێکی باشیان زانیووە و بە بینینی گەشبین بوون، کەسانێکی تر باوەڕیان وابووە کە دەتوانێت لە نێوان جیهانی مرۆڤەکانەوە بڕوات بۆ جیهانی ڕۆحەکان، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە باڵندەی قەترەس توانای هەیە لە تەمومژدا دەرچێت، بۆیە بووبوو بە هێمای نێوان جیهانی مرۆڤ و جیهانی ڕۆحەکان.

شێوەی دەرەوەی

لە شێوەی دەرەوەی باڵندەی قەترەسدا چەندین تایبەتمەندی هەیە کە جیای دەکاتەوە لە باڵندەکانی دیکە، بۆ نموونە ڕەنگەکەی، چەندین ڕەنگ لە جەستەی جۆرە جیاوازەکاندا هەیە و بەدی دەکرێت وەک، سپی، ڕەش، قاوەیی و ڕەساسی، بەڵام جۆرێکی تایبەتی هەیە کە پێی دەوترێت قەترەسی پاشایی باشووری کە هەموو جەستەی بە ڕەنگی سپی داپۆشراوە و تەنها ڕەنگی دەنووکەکەی جیاوازە، کە دەکرێت پرتەقاڵی یان زەرد بێت، هەروەها قەترەسەکان قەبارەیان زۆر گەورەیە و لەوانەیە درێژییەکەیان بگاتە زیاتر لە ١.٢ مەتر، و مەودای درێژی لێواری باڵێکی هەتا ئەوی تریان دەگاتە ٣ مەتر، کێشی دەگاتە زیاتر لە ١٠ کیلۆگرام، ئەم قورساییە زۆرەش هۆکاری گەورەیی باڵەکانییەتی بۆ ئەوەی بتوانێت بەرزی بکاتەوە، و لە کاتی هەبوونی با و ڕەشەبادا توانای فڕینی هەبێت.  

خۆراک

قەترەسەکان دەتوانن خواردنە دەریاییەکان بخۆن و ئاوە سوێرەکانیش بخۆنەوە، ژەمە خۆراکەکانی بریتین لە گیانەوەر جیاوازەکانی دەریا وەک، مرەکەب، هەشت پێ، ماسییە جیاوازەکان و هەڵواسراوەکان،  یان دەتوانێت لەسەر کەشتییەکان بنیشێتەوە و خۆراکەکەی لە پاشماوەی مرۆڤەکانەوە بەدەستبهێنێت، هەندێک لە جۆرەکانیشی دەتوانن ئەو گیانەوەرانە بخۆن کە بەمردوویی سەر ئاو دەکەون، لە کاتی گەڕان بۆ ژەمەکانی باڵندەی قەترەس زۆر لە نشینگە وشکانییەکەی دوورناکەوێتەوە، تەنها مەودایەکی کەم بەسەر ئاوی زەریا و دەریاکاندا دەفڕێت، و زۆر لە دوورەوە نێچیرەکەی دەبینێت پاشان بە خێرایی هەوڵی ڕاوکردنی دەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ناتوانێت مەودایەکی زۆر بچێتە نێو ئاوەوە بۆیە دەستکەوتنی خۆراکی کەمێک قورسە.

یەکگرتن و زۆربوون

دوای هەڵبژاردنی هاوبەش قەترەس هێلانەکەی دروستدەکات، لە دوورگە و کەناراوەکاندا ناوچەیەکی بەرزی زۆر چۆڵ و دوورەدەست هەڵدەبژێرێت، پاشان نێرینەکە هێلانەیەکی گەورە دروست دەکات کە پێکهاتووە لە خۆڵ، پوش، لق و چڵی درەخت و پەڕ، دوای یەکگرتن لە ماوە ساڵەکەدا مێینەکە تەنها یەک هێلکەی سپی دادەنێت کە خاڵی قاوەیی تێدایە، هەردوو نێرینە و مێینەکە هاوبەشن لە ماوەی نیشتن لەسەر هێلکەکە کە ١١ هەفتە دەخایەنێت، پاشان بێچووەکان هەڵدێن و بۆ ماوەی ٣ هەفتەی تر گرنگی پێدەدەن و ژەمە خۆراکییەکانی بۆ دەهێنن، بەهۆی پلەی گەرمی جەستەیانەوە گەشەدەکەن و پەرەدەسێنن، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم جۆرە باڵندەیە دەگاتە نزیکەی ٥٠ ساڵ.

پەیوەندیکردن

باڵندەی قەترەس چەندین دەنگی جیاواز دەردەکات بۆ پەیوەندیکردن، بۆ نموونە لەکاتی پێشبڕکێکردن لەسەر خۆراک هەندێک دەنگی وەک غەرغەرەکردن و هاوار و قیژە و گریانی هەیە، بەڵام کاتێک گیانەوەرێک دێتە ناوچەکەیەوە هاوارێکی زۆر بەرزی دووبارەبووی هەیە کە زۆر بەخێرایی دەیکات وەک هەڕەشەیەک بۆ بەرانبەرەکەی، هەروەها قەترەسەکان لە نێوان خۆشیاندا چەندین دەنگی جیاوازیان هەیە بۆ پەیوەندیکردن، و لەگەڵیدا جووڵە و سەمای تایبەت ئەنجام دەدەن بە گوێرەی پێویست، قەترەسەکان جگە لە دەنگ دەتوانن لە ڕێگەی بەرکەوتنی جەستەیانەوە پەیوەندیبکەن بە یەکترییەوە وەک خوراندن یاخود سەریان بکێشن بە یەکتریدا.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • قەترەسی بەفری: یاخود پێی دەوترێت قەترەسی گەڕیدە، قەبارەی مێینەکانی کەمێک بچووکترە لە نێرینەکان، و ڕەنگی پەڕەکانیان بە پەرەسەندنی تەمەنیان دەگۆڕێت، کە لە سەرەتادا قاوەییە پاشان سپی دەبێت.
  • قەترەسی برۆ ڕەش: جیاواز لە جۆرەکانی دیکە هێڵی ڕەش لەسەر چاوەکانییەتی، بەهۆیەوە شێوەیەکی توڕەی پێدەدات، و لە ناوچەکانی باکووری زەریای ئەتڵەسیدا دەژی دوور لە کەناراوەکان.
  • قەترەسی پێ ڕەش: یەکێکە لە ئەو سێ جۆرەی کە لە باکووری زەریای هێمندا دەژی، ڕەنگی قاوەییەکی کاڵە و دەتوانێت بە هەموو ناوچەکانی باکووری زەریای هێمندا بگەڕێت.
  • قەترەسی ئەمستردام: ئەم جۆرە لە دوورگەی ئەمستردامی باشووری زەریای هیندیدا دەژی.
  • قەترەسی لیزانی: نشینگەکەی هاوشێوەی قەترەسی پێ ڕەشە، بەڵام ڕەنگی جەستەی سپییە و لێواری باڵەکانیشی ڕەشە.


سەرچاوەکان



1002 بینین