کۆلێرای باڵندە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-14-14:27:00 - کۆدی بابەت: 13186
کۆلێرای باڵندە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆلێرای باڵندە بە ئینگلیزی (Fowl Cholera)، بە عەرەبی (کولیرا الطيور)، هەروەک چۆن نەخۆشی کۆلێرا لە مرۆڤدا زەرەر و زیانێکی گەورە بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت کە تووشی سکچوونێکی بەردەوام و لەش ووشک بوونەوەی دەکات. بەهەمان شێوەش نەخۆشی کۆلێرای باڵندە یەکێکە لەو نەخۆشییانەی کە زەرەر و زیانێکی گەورە بە سامانی پەلەوەر و باڵندە دەگەیەنێت و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی گۆشتی سپی لە بازاڕەکاندا چونکە باڵندە بە شێوەیەکی گشتی لە مریشک و قەل و قاز و مراوی بە سەرچاوەیەکی گرنگی گۆشتی سپی دەژمێردرێت کە ڕێژەیەکی باش پڕۆتینی تێدایە. لەبەر ئەوە بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی نەخۆشی کۆلێرای باڵندە کارێکی پێویستە. نەخۆشی کۆلێرای باڵندە نەخۆشییەکی زۆر بڵاوە و لە هەموو وڵاتێکی جیهاندا هەیە و تووشی باڵندەی ماڵی دەبێت لە مریشک و قەل و قاز و مراوی، هەروەها تووشی باڵندەی کێویش دەبێت و دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆر لێیان.

لە سەرچاوەکانی پزیشکی ڤێرتەرنەری چەند ناوێکی دیکەی هەیە 

  • Avian cholera
  • 2.avian Pasteurellosis
  • 3.Avian Hemorrhagic septi caemia

نەخۆشی کۆلێرای باڵندە زیاتر لە کۆتایی وەرزی هاوین و پاییز و زستان لە ناو باڵندەدا بڵاودەبێتەوە و تەشەنە دەکات و سەلمێنراوە کە قەل وەک باڵندەیەکی ماڵی لە باڵندەکانی دیکە زیاتر هەستیارترە بۆ نەخۆشییەکە و مریشکی پێگەیشتووش لە مریشکی تەمەن بچووکیش هەستیارترە.

کورتەیەکی مێژوویی

بۆ یەکەم جار لە لە وڵاتی فەڕەنسا لەلایەن زانا Charbet دۆزرایەوە لە ساڵەکانی ١٨٧٧ و ١٨٧٨ هەردوو زانایان (Per onci to) و (Semer) لە ڕووسیا توانیان تێبینی هۆکاری نەخۆشییەکە بکەن کە بەکتریایە و سەلماندیان کە شێوەی خڕی هەیە. پاستۆرێش توانی هۆکاری نەخۆشی کۆلێرای باڵندە دیاری بکات و هۆکارەکەی بەکاربهێنێت لە تاقیکردنەوەکانیدا بە مەبەستی پڕۆسەی کوتاندن و دروستبوونی بەرگری.

هۆکاری نەخۆشی کۆلێرای باڵندە

هۆکاری نەخۆشی کۆلێرای باڵندە دەگەڕێتەوە بۆ بەکتریایەک کە پێی دەوترێت (Pesteurella multocida) لە سیفاتە گرنگەکانی ئەم بەکتریایە:

  • لە کۆمەڵەی (G-) بەکتریای نەگەتیڤی ڕەنگی گرام.
  • توانای جوڵەی نییە.
  • توانای دروستکردنی سپۆڕی نییە.
  • توانای گەشەکردنی هەیە بە بوون و نەبوونی ئۆکسجین.
  • توانای گەشەکردنی هەیە لە ٣٧ پلەی سەدی.
  • بۆ دەرمانی دژە زیانی کۆمەڵەی پەنسلین زۆر هەستیارە.
  • توانای دروستکردنی کەپسولی هەیە.
  • توندوتیژی (Vi r u ence) بەکتریاکە بەندە لەسەر جۆری بەکتریاکە (strain) و جۆری خانەخوێکە و بارودۆخی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە.
  • توانای بەرهەم هێنانی ژەهری هەیە لە جۆری (Endot oxi n) کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە توندوتیژی نەخۆشییەکە لە باڵندەدا، کە لە ڕووی کیمیاییەوە پێکهاتووە (Phodphor yl at ed li po-pol ysacchar I de).

خانەخوێی نەخۆشی کۆلێرای باڵندە و چۆنیەتی نەخۆشبوون (patho genesis)

نەخۆشی کۆلێرای باڵندە هەروەک شۆڕشی نەخۆشی لە جیهاندا بڵاودەىێتەوە بە تایبەتی لە نیوەی دووەمی سەدەمی هەژدەیەم دا لە ئەورووپا زیانێکی زۆری گەورەی بە باڵندە و پەلەوەری ئەو کیشوەرە گەیاند، نەخۆشی کۆلێرای باڵندە تووشی باڵندەی وەکو قەل و مریشک و قاز و مراوی دەبێت، هەروەها تووشی جۆرەکانی دیکەی باڵندە دەبێت وەکو باڵندەی نێچیر و باڵندە یارەکان و باڵندە کێوییە جۆر بە جۆرەکان.

تاقیکردنەوەکان سەلماندویانە کە بەکتریای نەخۆشی کۆلێرای باڵندە دەبێتە هۆی لە ناوچوونی ٪٩٠-١٠٠ی قەلی پێگەیشتوو لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا. لە مریشکدا نەخۆشییەکە زیاتر تووشی تەمەنە گەورەکان دەبێت وەک لە تەمەن بچوکەکان و مریشکی خوار تەمەنی شازدە هەفتە زیاتر بەرهەڵستی نەخۆشی کۆلێرای باڵندە دەکات و کەمتر هەستیارترە بۆ بەکتریای نەخۆشییەکە. قاز و مراویش لەو باڵندانەن کە زۆر هەستیارن بۆ نەخۆشی کۆلێرای باڵندە و دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆر لەو باڵندانە و هەندێک جار دەگاتە ٪٥٠. باڵندە ئاوییەکان و باڵندەکانی باخچەکانی ئاژەڵانیش هەستیارن بۆ نەخۆشی کۆلێرای باڵندە و ساڵانە زەرەروو زیانێکی گەورەیان پێدەگات بە تایبەتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

زۆر هۆکار هەن کە کاریگەرییان هەیە لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی نەخۆشی کۆلێرای باڵندە لە نێو باڵندەکاندا

١- هۆکاری ژینگە هەروەک گۆڕانی کتوپر لە ئاووهەوای دەوروبەردا.

٢- خۆراک: کەمی خۆراک هۆکارێکی ڕێگە خۆشکەرە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

٣ جۆری خانەخوێکە (جۆری باڵندەی تووشبوو).

٤. جۆری بەکتریاکە (ئاستی توندوتیژی بەکتریاکە).

٥- ئاستی بەرگری لەشی باڵندەکە. بەکتریای نەخۆشی کۆلێرای باڵندە لە کۆئەندامی هەناسەی باڵندەکەوە تووشی باڵندە دەبێت و زیاتر لە لینجە پەردەی گەرووەوە یان بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسەوە دەچێتە لەشی باڵندەکەوە یان هەندێک جار لە ڕێگەی پەردەی پێڵووی چاوی باڵندەکەوە یان لە ڕێگەی پێستی بریندارەوە دەچێتە لەشی باڵندەکەوە و لە دواییدا وردە وردە بە هەموو لەشدا بڵاودەبێتەوە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی بڕیکی زۆر لە ژەهر کە کاردەکاتە سەر هەموو کۆئەندامەکانی لەشی باڵندەکە و مردنی شانە و خانەکانی لەش و مرداربوونەوەی باڵندەکە.

نیشانەکان

نەخۆشی کۆلێرای باڵندە بە شێوەیەکی سەرەکی دووشێوە نەخۆشی هەیە:

یەکەم/ شێوەی تیژ (Acute form)

زۆرجار باڵندەی توشبوو لەم شێوەیەدا بە مردارەوەبووی دەبینرێت واتا لە نیشانە سەرەکییەکانی شێوەی تیژی نەخۆشی کۆلێرای باڵندە، باڵندەکە کتوپڕ مرداردەبێتەوە، بەڵام هەندێک جار چەند نیشانەیەک لەسەر باڵندەی توشبوو دەبینرێت پێش مرداربوونەوەی بە چەند کاتژمێرێک لەوانەش:

  • پلەی گەرمی لەشی باڵندەی تووشبوو بەرزدەبێتەوە.
  • لە خواردن دەکەوێت و کێشی کەم دەکات.
  • پەرەکانی زۆر گرژ دەبێت و کزدەبێت.
  • ئاو لە دەمی باڵندەکە دێتە خوارەوە.
  • بەخێرایی هەناسە دەدات.
  • تووشی سکچوون دەبێت و ڕیقنەی شل دەبێت و ڕەنگی سەوزباو دەبێت.
  • پێش مرداربوونەوەی باڵندەکە سەری باڵندەکە بە تەواوی پۆپنەی باڵندەکە شین هەڵدەگەڕێت.
  • ئەو باڵندانەی توانای بەرهەڵستی کردنیان هەیە بە لاوازی دەمێنێتەوە و لەشیان ووشک دەبێتەوە.

دووەم/ شێوەی درێژخایەن Chronic form

ئەم شێوەیە نەخۆشی کۆلێرای باڵندە لە دوای سیوەی تیژی نەخۆشیەکەوە دەست پێ دەکات یان بەهۆی توشبوونی باڵندەکە بە جۆرێک لە بەکتریا کە کەمتر توندوتیژ بێت. نیشانەکانی ئەم شێوەیەی نەخۆشییەکە زیاتر جێگەییە واتا تووشی بەشێک لە لەشی باڵندەکە یان لاقەکانی یاخود جومگەی باڵەکانی یان ژێر پێی باڵندەکە.

  • هەندێک جار تووشی هەناسەتوندی دەبێت.
  • پەردەی پێڵوی چاوی باڵندەکە هەو دەکات.
  • دوای مرداربوونەوە لەشی باڵندەکە سور هەڵدەگەڕێت، جگەری باڵندەکە قەبارەی گەورە دەبێت.

گواستنەوەی نەخۆشی کۆلێرای باڵندە

باڵندەی توشبوو لە نەخۆشی کۆلێرای باڵندە لە شێوەی درێژخایەن بە سەرەکیترین سەرچاوەی گواستنەوەی نەخۆشییەکە دادەنرێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، هەڵگری نەخۆشییەکە لە باڵندەی بەتەمەن توانای هەڵگرتنی بەکتریای نەخۆشییەکەی هەیە بۆ ماوەی سالێک کە ئەمەش بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دادەنرێت.

  • هەندێک لە ئاژەڵەکانی وەک مانگا و مەڕ و بەراز دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە چونکە توانای هەڵگرتنی میکرۆبیان هەیە.
  • بەهۆی مێشەوە دەگوازرێتەوە.
  • بەهۆی مرۆڤەوە نەخۆشیەکە دەگوزرێتەوە.
  • بەهۆی ئاوی پیسەوە دەگوازرێتەوە.

دیاریکردنی نەخۆشی کۆلێرای  باڵندە

دیاریکردنی نەخۆشی کۆلێرای باڵندە بەندە لەسەر:

  • مێژووی نەخۆشییەکە.
  • نیشانە دیارەکانی نەخۆشییەکە
  • بەهۆی تاقیگەوە

چارەسەرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکە

بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی کۆلێرای باڵندە پێویستە ڕێوشوێنێکی زانستیانە بگیرێتە بەر بۆ بەخێوکردنی پەلەوەر لە بەڕێوەبردن و پاک و خاوێن ڕاگرتنی پێویستییەکانی هۆڵی بەخێوکردن و جیاکردنەوەی ئەو پەلەوەرانەی کە تووشی نەخۆشی بوون. لە هەندێک لە وڵاتانی جیهاندا پەلەوەرەکان دەکوترێت بە ڤاکسینی نەخۆشی کۆلێرای باڵندە.


سەرچاوەکان



72 بینین