ناوهڕۆك
ناساندن
شا ماسیگر (بە ئینگلیزی: Kingfisher، بە عەرەبی: الرفراف)، جۆرێک باڵندەیە کە نشینگەکەی وڵاتە جیاوازەکانی هەموو کیشوەرەکان دەگرێتەوە، جگە لە ئوستوڕالیا و بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنیشی دەکەوێتە ناوچە نزمەکانی نزیک ئاوە سازگارەکان یاخود لە تەنیشت ڕووبارەکاندایە، شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی بەتەنهایە واتە پێکەوە کۆمەڵە و پۆل دروستناکەن بۆ ژیانکردن.
ئەم باڵندەیە خێرایە و لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە ٤٠ کیلۆمەتر دەبڕێت، هەروەها توانای هەڵکۆڵینی زەویشی هەیە، بۆ پەیوەندیکردنیش دەنگی زۆر بەرزیان هەیە وەک کرتە و فیکەلێدان لەگەڵ قیژە و ئاواز خوێندن، بەهۆیانەوە بەئاسانی لە قەرەباڵخیدا دەناسرێنەوە، جگە لە ئەمانەش شا ماسیگر گرنگی بە خاوێنی جەستەی دەدات و کاتێکی زۆر بە خاوێنکردنەوە بەسەر دەبات، دەچێتە نێو ئاوەوە و ئاو دەکات بە سەریدا پاشان دەنووکی بە بەرزی دەهێڵێتەوە هەتاکوو پیس نەبێت.
بەگشتی زۆرینەی جۆرەکانی کۆچەری نین واتە هەر تاکێک لە جێگە و ماڵەکەی دوور ناکەوێتەوە، مانەوە لە ناوچەی خۆیاندا زۆر بە گرنگی دەزانن، بە جۆرێک کە ئەگەر بوونەوەرێکی تر بێتە جێگەکەیانەوە ئەوا زۆر بە شەڕانگێزی پارێزگاری لێدەکەن، بەڵام هەندێک جۆریشیان گرنگی بە مانەوە نادەن و کۆچدەکەن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر و مەودای دوور دەبڕن.
شێوەی دەرەوەی
شا ماسیگر جەستەیەکی بچووکی هەیە لەگەڵ دەنووکێکی درێژ و تیژ و ڕێک، جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک قاوەیی، زەرد، سوور، شین، سەوز، پرتەقاڵی یاخود ڕەش، کە بە چەندین هێڵ و خاڵ و نیشانە ڕازاوەتەوە، هەروەها هەندێکیشیان لەسەر سەریاندا تاجیان هەیە، جگە لە ئەمانەش قەبارەیەکی بچووکی هەیە کە کێشی لە نێوان ١٠-١٧٠ گرام دەبێت و درێژییەکەشی دەگاتە ١٠-٣٧ سانتیمەتر، هەروەها مەودای نێوان باڵەکانی بە نزیکەیی ٦٠ سانتیمەتر دەبێت، قاچەکانی زۆر بەهێزن و دەتوانێت زۆرینەی کاتەکان لەسەر درەختەکان بمێنێتەوە.
خۆراک
ئەم باڵندەیە هەموو شتخۆرە واتە لەهەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە، خۆراکی سەرەکی بریتییە لە ماسی و ڕۆبیان لەگەڵ بۆق و مێرووەکان، لەناویشیاندا ماسییەکان خۆراکی پەسەند و دڵخوازییەتی، هەروەها ئەم باڵندەیە هەلقۆزەرەوەیە و دەتوانێت گیانەوەری زۆری تریش بخوات وەک مار، قرژاڵ، دووپشک، مشک، جاڵجاڵۆکە و تەنانەت باڵندەی لەخۆی بچووکتریش، واتە جۆری خۆراکەکەی بەگوێرەی شوێنەکەی دەگۆڕێت، کە زۆرینەی ژەمەکانی گیانەوەر ڕاودەکات و گۆشت دەخوات.
بۆ ڕاوکردن شا ماسیگر لەسەر لقی درەختەکان چاودێری ژینگەکەی دەکات، پاشان بەخێرایی نێچیرەکەی دەگرێت، هەروەها ئەگەر نێچیرەکەی بجووڵێت و هەوڵی دەربازبوون بدات، ئەوا باڵندەکە لێیدەدات هەتاکوو بێدەنگی دەکات، لەبەر ئەوەی هەرسکردنی زۆر بەهێزە ئەوا ئەم باڵندەیە دەتوانێت گیانەوەرێک بخوات کە لە جەستەی خۆی گەورەتر بێت، بەجۆرێک کە کاتێک بەشێکی لە دەمیدایە بەشەکەی تری لە گەدەیدا هەرسبووە.
بەڵام لەهەمان کاتدا شا ماسیگر خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تری وەک ڕێوی، ڕاکۆن، فسۆک، شامپانزی و مارەکان، یاخود بەهۆی لەدەستدانی نشینگە و جێگەکانیانەوە لەناودەچن، هۆکارێکی تر زیادکردنی گیانەوەرێکە بۆ ناوچەکەی، کە ئەو گیانەوەرە لە بنەڕەتدا نشینگەکەی لەوێدا نەبێت.
یەکگرتن و زۆربوون
وەرزی یەکگرتن دەکرێت لەهەر کاتێکی ساڵدا ڕووبدات بەڵام پلەی گەرمی هاوین و بەهار گونجاوترە، شێوازی ڕاکێشانی سەرنجی یەکتری بۆ بوون بە هاوبەش چەند شتێکی جیاواز دەگرێتەوە، وەک هێنانی خۆراک بۆ هاوبەشەکانیان و نیشاندانی خۆشەویستی لەگەڵ فڕین بەشوێن یەکترییدا، کە ئەمانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان نێر و مێیەکە، ئەنجامدانی ئەمانە کارێکی پێویستە چونکە هاوبەشەکان بەدرێژایی ژیانیان پێکەوە دەمێننەوە.
یەکێک لە جیاوازییەکانی ئەم باڵندەیە ئەوەیە کە هێلانەکەی لە خاکدا دروست دەکات، کە ئەمەش شتێکی باو و ئاسایی نییە لە کۆمەڵەی باڵندەکاندا، دوای هەفتەیەک لە بەردەوام بوون چاڵێکی درێژ هەڵدەکۆڵن کە لە کۆتاییەکەیدا چەند ژوورێکی تایبەتی بە بێچووەکانی تێدایە، دوای یەکگرتنیش مێینەکە ڕۆژانە یەک هێلکەی سپی دەکات هەتاکوو دەگەنە ١-١٠ هێلکە.
کاتی نیشتن لەسەر هێلکەکان ٢-٤ هەفتە دەخایەنێت، پاشان ناوەندە ڕێژەی ژمارەی بێچووەکان دەگاتە چوار دانە، لەسەرەتادا بێچووەکان نابینا و لاوازن کە دایک و باوکەکە دەبێت گرنگییان پێبدەن و خۆراکیان بۆ بهێنن، پاشان لە ماوەی تەمەنی ٣-٨ هەفتەیدا پەڕەکانیان دەوەرێت و پەڕی نوێ جێگەی دەگرێتەوە، بەڵام بێچووەکان کاتی پێویستیان نییە هەتاکوو بە وردی فێری شێوازەکانی فڕین ببن، چونکە دوای ماوەیەک کە چەند مانگێکی کەم دەخایەنێت، دایک و باوکەکە بێچووەکان ناچار دەکەن هێلانەکەیان جێبهێڵن، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانی شا ماسیگر ٦-١٠ ساڵ دەخایەنێت.
جۆرە سەرەکییەکان
نزیکەی ٩٠ جۆری جیاواز لە ئەم جۆرە باڵندەیە دۆزراونەتەوە و ناسراون، کە لە سێ کۆمەڵەی سەرەکیدا دانراون، کۆمەڵەکان بریتین لە شا ماسیگری ڕاستەقینە و شا ماسیگری دارستان لەگەڵ شا ماسیگری جیهانی نوێ نموونەی هەندێک لە جۆرەکانیش ئەمانەن:
- شا ماسیگری کورتەباڵای ئەفریقا
- شا ماسیگری گەورە
- شا ماسیگری کوکابرای پێکەنین
- شا ماسیگری پشتوێندار
- شا ماسیگری باو