ڕاکۆن

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-24-13:45:00 - کۆدی بابەت: 6963
ڕاکۆن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕاکۆن (بە عەرەبی: الراكون، بە ئینگلیزی: raccoon)، مەمکداری گۆشتخۆرن لە سەرەتادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باکووری کەنەدا نیشتەجێبوون، واتای ناوەکەی لە زمانی دانیشتووانە ڕەسەنەکەدا واتە ئەو ئاژەڵەی بەهۆی هەستی بەرکەوتنەوە ئاڕاستەی ڕێگەکەی دەدۆزێتەوە، تیرەی ڕاکۆنەکان جۆری زۆری هەیە ١٧ جۆریان لە ئەمریکای باکوور دەژین و دوانیش لە ئاسیا بە دیاریکراوی لە چین و تبت، نشینگەی دارستانەکانیان بەلاوە پەسەندە چونکە لەسەر دارەکان دەژین یان لە نزیک دەریاچەکان یان شارەکان، چونکە توانای بەرزە بۆ مەلەکردن و سەرکەوتن بەسەر دارەکاندا، بە گشتی زۆرینەی زستان لە لانەکەیدا بە خەوتن بەسەر دەبات، تەنها ئەو ڕۆژانەی پلەی گەرمی زۆر نزم نەبێت و بەدیاریکراوی بەرزتر بێت لە پلەی بەستن دێتە دەرەوە، لەبەر ئەمە لە زستاندا ٥٠%ی کێشی لەدەستدەدات، بەهۆی بەکارهێنانی چەوری خەزنکراوی جەستەی، زۆرینەی مێینەکان لە زستاندا لە یەک لانەدا کۆدەبنەوە لەگەڵ بێچووەکانیان و تەنها ڕێگە بە یەک نێرینە دەدەن لەگەڵیان بمێنێتەوە، ڕاکۆنەکان هۆکاری گواستنەوەی ژمارەیەک نەخۆشین و بە دیاریکراوی ڤایرۆسی مەترسیدار بۆ مرۆڤەکان، وەک سارس و نەخۆشی سەگەکان، هەروەها هەڵگری کرمە مەترسیدارەکانن، بۆیە مرۆڤەکان دەبێت وریا بن لە مامەڵە کردن لەگەڵیدا و ماڵی نەکرێت.

شێوەی دەرەوەی

ڕوخساری وەک ڕێوییە و جەستەی هاوشێوەی پشیلەیەکی قەڵەوە، درێژییەکەی نزیکی مەترێک دەبێتەوە، کە تەنها کلکە ئەستوورەکەی نزیکەی ٤٠سم درێژە، فەرووەکەی کلکی ٧ بازنەی ڕەشی نەرمی پێوەیە، کێشی لە نێوان ٢-١٢کگم دایە، سەرێکی پانی هەیە لەگەڵ دوو کوێچگەی قیت و لوتێکی قنج، فەرووی جەستەی درێژە و ڕەنگەکەشی لە قاوەییەکی ڕەساسی باوەوە لەسەر پشتییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕەساسییەکی کاڵ لە سکی و بەشەکانی ژێرەوەی، لەسەر سەرییەوە هەتا کۆتایی پشتی هێڵی ڕەشێ تێدایە واتە فەرووەکەی هێڵدارە، بەڵام ڕەنگی ڕوخساری ڕەساسییەکی کاڵە لەگەڵ دوو چاوە ڕەشە گەورەکەیدا هاوشێوەی ماسک دەردەکەوێت، پێیە بچووکەکانی هاوشیوەی مرۆڤە، پێنج پەنجەی هەیە هەموویان نینۆکی درێژیان پێوەیە بەڵام تیژ نین، هەروەها لەسەر پاژنە و ناوەڕاستی پێیەکانی ڕێدەکات هاوشێوەی مرۆڤەکان.

خۆراک

ڕاکۆنەکان گۆشتخۆر و ڕووەکخۆرن، مشک و باڵندە و هێلکە و مێروو و ماسی و بۆقەکان دەخۆن، هەندێک جاریش ژمارەیەکی جیاوازی میوە و سەوزەکان دەخۆن، زۆر هەستیارە لە هەڵبژاردنی خۆراکدا و گرنگی زۆر پێدەدات، سەرەتا ماوەیەکی باش بۆنی دەکات و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات کە ئاخۆ بۆ خواردن دەشێت یان نا، هەروەها نەریتی شۆردنەوەی خۆراکەکانی هەیە ئەگەر لە نزیک سەرچاوەی ئاوی بژی پێش خواردنی هەموو کاتێک دەیشواتەوە دواتریش بە نینۆکەکانی پاکی دەکاتەوە و ئامادەی دەکات بۆ خواردن.

زۆربوون

مێینەکان دوای ٦٠-٧٣ ڕۆژ لە سکپڕی یەک بێچوویان دەبێت، لە ٢ مانگی سەرەتای تەمەنیاندا بە بەردەوامی لە لانەکانیان دەمیننەوە، لە دوای ١٢ هەفتە بێچووەکان بە شەودا لە دایکیان دوور دەکەونەوە، دواتر لە تەمەنی ٨-١٢ مانگی بە تەواوەتی پشت بە خۆیان دەبەستن، دەتوانن لە کاتژمێرێکدا ٢٤کم ببڕن و لە بەرزی ١١-١٢ مەترەوە باز بدەن بە بێ ئەوەی برینداربن، هەروەها تەمەنی ڕاکۆنەکان لە سروشتدا بە گشتی ٢-٣ ساڵ دەبێت.

تایبەتمەندییەکانی

  • ڕاکۆنەکان هاوشێوەی مەیموونەکان ئاژەڵی زیرەک و ژیرن.
  • زیاتر بە شەودا دەچێتە دەرەوەی لانەکەی، هەندێک جار بەڕۆژیشدا  ئەگەر پێویست بێت.
  • لە ڕابردوودا تەنها لە چەند شوێنێک هەبوون، بەڵام دواتر لەبەر ئەوەی ئاژەڵێکە توانای گونجاندنی هەیە لەگەڵ زۆربەی ژینگەکان گوازراوەتەوە بۆ زۆرینەی کیشوەرەکان.
  • لەگەڵ ئەوەی گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە و زۆرینەی سەرچاوەکان دەکات بە خۆراک، بەڵام بە هیچ جۆرێک خۆراکی خراپبوو ناخوات.
  • لە کاتی گەشتنی بە قۆناغی پێگەیشتن دەگۆڕێت بۆ ئاژەڵێکی زۆر دڕندە کە بە دەگمەن جڵەو دەکرێت.
  • لەبەر ئەوەی فەرووەکەی درێژ و ئەستوورە خواستی زۆری لەسەرە و ڕاودەکرێت بەتایبەتی بۆ دروستکردنی جلوبەرگی پیاوانە یان بۆ خواردنی گۆشتەکەی.
  • لە شارستانییەتە ڕۆژئاواییەکان زۆر بەناوبانگ بووە، پەیکەری گرانبەها و داستان و چیرۆکی هەبووە، لە ساڵانی کۆتایشدا لە بواری کۆمیدیدا ڕاکۆنەکان بەکار هاتوون.   


سەرچاوەکان



733 بینین