مشک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-26-14:15:00 - کۆدی بابەت: 862
مشک

ناوه‌ڕۆك

مشکەکان

مشک (بە ئینگلیزی: mouse)، ئاژەڵێکی شیردەری بچووکە و لە پلەی قرتێنەرەکانە، مشکەکان نزیکەی ٣٨ جۆری جیاوازیان هەیە، بەناوبانگترین دوو جۆریان بریتین لە مشکی ماڵی و مشکی تاقیگەکان، نشینگەکەی هەمەجۆرە و توانای ژیانکردنی هەیە لە شاخ و دەشت و کێڵگە و دارستان و نزیک سەرچاوە ئاوییەکان و تەنانەت بیابانەکانیش، بەڵام مشکەکان ژیانکردن لە نزیک باڵەخانە و ماڵی مرۆڤەکان بە پەسەند دەزانن و لە ئێستادا بە فەرمی هەندێک جۆریان دەفرۆشرێت وەک ئاژەڵی ماڵی و مرۆڤەکان پەروەردەیان دەکەن، تەنها بەو مەرجەی پێشوەخت چارەسەری پزیشکی تەواوی وەرگرتبێت و بە دوایدا گرنگی بدرێت بە پاکوخاوێنی و پشکینی، مشکەکان توانای بینینی ڕەنگە جیاوازەکانیان نییە، تەنها گۆڕان لە ڕەشەوە بۆ سپی دەناسنەوە و هەستی پێدەکەن.

مێژووی مشکەکان

لە بنەڕەتدا مشکەکان لە دوو کیشوەری ئاسیا و ئەوروپادا هەبوون و مرۆڤەکان زۆر لە دێرینەوە بە ئەم ئاژەڵە بچووکە ئاشنا بوون، تەنها ڕۆمەکان نەبێت کە توانای جیاکردنەوەی مشک و جرجەکانیان نەبووە و بە جرجیان وتووە مشکی گەورە، مشکەکان لە ڕابردوودا تەنها یەک ڕەنگیان هەبووە، دواتر لە چین لە ٩٠٠ ساڵ پێش زاینەوە مشکی ڕەنگ جیاواز بینراوە، سەرەتاش مشکێکی سپی بووە، باوەڕ وایە کە ڕەنگەکەی لە بنەڕەتدا پەمەیی کاڵ بووە بەڵام دواتر بەهۆی بازدان لە بۆماوە ماددەکەیدا ڕەنگەکەی کاڵتر بووەتەوە و بووە بە سپی.

شێوەی دەرەوەی

درێژییەکەی ٩ سم تێناپەڕێنێت و کلکیشی هاوتای درێژییەکەیەتی یاخود کەمێک کورتتر، درێژی کلکی هاوکاری دەکات لە ڕاکردن و بازدانی، کێشی مشکەکان لە نێوان ٧-٥٧ گم دایە، جەستەی بە فەروو داپۆشراوە و ڕەنگەکەی لە نێوان قاوەیی بۆ سپیدایە، بەڵام مشکەکانی تاقیگە دەکرێت ڕەنگی زۆر جیاوازتریان هەبێت، هەستی بۆنکردنی بەهێز و پەرەسەندووە، بەهۆیە بە شەودا بەدوای خۆراکدا دەگەڕێت، هەروەها مشکەکان لەگەڵ ئەوەی حەزیان لە ئاو نییە بەڵام توانای مەلەکردنیان هەیە.

خۆراک

بە ئاژەڵی ڕووەکخۆر دادەنرێت بەڵام بە شێوەیەکی زانستی توانای قرتاندن و خواردنی زۆربەی ماددەکانی هەیە، مشکەکان بە گشتی ڕووەک و تۆو و سەوزە و میوەکان دەخۆن، لەگەڵ ئەوەدا هەر بابەتێک کە لە دار دروستکرابێت دەیخوات وەک کاغەز، لە ئەگەری دەسنەکەوتنی خۆراکی پێویست ڕەگی ڕووەک و جلوبەرگ و پێست و تەنانەت تەرمی مشکی دیکە و کلکی خۆی دەخوات.

یەکگرتن و زۆربوون

مشکەکان کاتێک تەمەنیان دەگاتە ٥٠ ڕۆژ دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان هەیە، دەکرێت مێینەکان لە کەمتر لە ئەو کاتەش توانای زۆربوونیان هەبێت، مشک دەتوانێت بە درێژایی ساڵەکە بێچووی ببێت واتە لە هەموو وەرزەکاندا، مێینەکان هەموو ٢٠ ڕۆژ یاخود مانگێک جارێک دەتوانن بێچوویان ببێت، چونکە ماوەی سکپڕییەکەی تەنها ١٨-٢١ ڕۆژ دەخایەنێت، لە هەر جارێکیشدا ٤-٧ بێچووی دەبێت، واتە مشکەکان بە کاتێکی کەم ژمارەیان زۆردەبێت، سەرەتای لەدایکبوونیان بێچووەکان نابینان و فەروویان نییە، دوای دوو هەفتە چاوەکانی دەکاتەوە و دوای ١٠ ڕۆژیش فەرووەکەی دروستدەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی مشکەکان دەگاتە ٣ ساڵ، بەڵام زۆرینەیان پێش ئەم کاتە ڕاودەکرێن لەلایەن مرۆڤەکان و ئاژەڵە دڕندەکانەوە، وەک مار و باز و هەڵۆ و سەگ و پشیلە و ڕێوییەکان.

زیانەکانی مشک بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤەکان

  • زیان گەیاندن بە بەروبومی کێڵگەکان، بە تایبەتی ئەو ڕووەکانەی تازە پێگەیشتوون وەک برنج.
  • زیان گەیاندن بە دانەوێڵە هەڵگیراوەکان (ئازووقەکراو)، مشکەکان هێرش دەکەن بۆ خواردنی دانەوێڵەکان لە هەمان کاتدا دانەوێڵکە پیس دەبێت بە هۆی بەکتریا و میکرۆبەکانی مشکەکەوە و لە ئەنجامدا بۆ خۆراکی مرۆڤ نابێت.
  • زیانی ئابووری لە ناوماڵەکان، بەهۆی خواردنی کەلوپەلی ناوماڵ و جلوبەرگەکان، هەر ماددەیەک کە لە تەختە و کوتاڵ دروستکرابێت.
  • گواستنەی ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی، وەک ژەهراویبوونی خۆراک و کۆلێرا و سکچوونی ئەمیبی و هەوکردنی بەستەرەکان و کرمی شریتی و تاعوون.

ڕێگاکانی ڕووبەڕوبوونەوەی مشکەکان

  • پاکوخاوێنی گشتی.
  • ڕزگاربوون لە زبڵ و خاشاکەکان بە شێوەیەکی دروست و فڕێدانی بۆ جێگەی تایبەتمەند.
  • توندی دیوار و پەرژینەکانی دەورەی ماڵەکان وا باشترە کە بناغەکەی لە قوڵایی مەترو نیوێکەوە بێت بۆ ڕێگریکردن لە مشکەکان لە دروستکردنی تونێل لە ژێرییەوە.
  • هەڵگرتنی دانەوێڵەکان لە جێگەی پارێزراو و ڕشتنی دەرمانی تایبەت بۆ ڕێگریکردن لە نزیکبوونەوەی مشکەکان.


سەرچاوەکان



4152 بینین