هەڵۆ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-29-10:40:00 - کۆدی بابەت: 6746
هەڵۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەڵۆ (بە عەرەبی: الصقر، بە ئینگلیزی: hawk)، لە جۆری باڵندە بریندارکەرەکاندا پۆلێندەکرێت، باڵندەیەکی ژیرە و بە خێراترین گیانەوەری سەر ڕووی زەوی هەژمار دەکرێت، هێلانەکانیان لە بەرزایی دارەکان و چیا و لەسەر ڕووی زەویش دروست دەکەن، بەشێوەیەکی گشتی لە لقی داری بەهێز دروستی دەکەن، و هەندێک جۆری لە چڵی بچووکی درەخت و دەوەنیش دروستی دەکەن، بەڵام پێشوەخت هەڵۆ هەر هێلانە و لانەیەک کە چۆڵکرابێت و جێهێڵرابێت دەیکاتە لانەی خۆی و تیایدا دەژی، لەئەگەری نەبوونیدا ئینجا خۆی لانە دروستدەکات، هەروەها ئەم باڵندەیە هەموو ژیانی تەنها لە یەک نیشتیمان و نشینگەدا بەسەردەبات و بە ئاشقی جێگەکەی ناودەبرێت.

هەڵۆکان لەلایەن ڕاوچییەکانەوە ڕادەگیرێن

هەڵۆ زۆر لێهاتووە لە ڕاوکردندا و بەهۆیەوە لە زۆرینەی وڵاتەکان پەروەردە دەکرێت بە مەبەستی ڕاوکردن، و دواتر سوود لێ بینینی لە بازرگانی کەروێشک و چەندین جۆری باڵندەکان، بەڵام ڕاوچییە لێهاتوەکان کە شارەزاییان هەیە لە ویستی بازەکاندا، لە کاتی گرتنیاندا بە هیچ جۆرێک نایانخەنە قەفەسەوە چونکە هەڵۆکان بە ڕادەی مردن لە دیل کردن دەترسن، تەنها سەریان دادەپۆشرێت بە پارچەیەک کوتاڵ و سنگیان تەڕ دەکرێت و دەگوازرێنەوە بۆ جێگەیەکی فێنک و ئارام، دواتر دوای چەند ڕۆژێک راهێنانی پێدەکرێت و پەروەردە دەکرێت بە گوێرەی پێویست، هۆکاری ویستی زۆری مرۆڤەکان بۆ ڕاگرتنی هەڵۆکان خێراییەکەیانە کە زۆر ناوازەیە و لە کاتی ڕاوکردندا دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ٣٢٠ کم ببڕێت، زۆرترین ژمارەشی کە تا ئێستا زانرابێت گەشتووەتە ٣٩٠ کم لە کاتژمێرێکدا.

شێوەی دەرەوەی

کێشی هەڵۆ تەنها ٢ کگم دەبێت بەڵام بەرزییەکەی دەگۆڕیت بە گوێرەی جۆرەکانی کە لە نێوان ٢٥-٧٠ سم دەبێت، و لە هەموو جۆرەکانیدا مێینەکان گەورەترن لە نێرینەکان، ئەمەش گونجاوە لەگەڵ ئەرکە زۆرەکانی مێینەکان، هاوشێوەی جۆرەکانی دیکەی باڵندەی ڕاوکەر بازەکان توانای بینینیان زۆر بەهێزە، یەکێک لە جۆرە تیژ بینەکانی بەراورد کراوە بە مرۆڤەکان، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە تواناکەی ٢.٦ هێندەی مرۆڤەکان دەبێت.

خۆراک

هەڵۆ گیانەوەرێکی لێهاتووی گۆشتخۆرە و چالاکییەکانیشی بە ڕۆژدا ئەنجام دەدات، و سوود دەبینێت لە هەموو جۆرە خشۆکەکان و هەندێک جۆری باڵندە و مەمکدارەکان کە لە نشینگەکەیاندا هەیە، هەروەها دەتوانێت هەریەک لە مێروو و ماسییەکانیش راوبکات بە سوود بینین لە چنگە تیژەکانی، و زۆر بە دەگمەن دەبێت بە نێچیری ئاژەڵی دیکە.

یەکگرتن و زۆربوون

گیانەوەرێکی کۆمەڵایەتی نییە و بە تەنها و دوور لە هەموو ئاژەڵەکانی دیکە دەژی، نێرینە و مێینەکانیش تەنها لە وەرزی زۆربووندا پێکەوە دەبن، بازەکان بە ماوەیەکی کەم و بە بڕێکی زۆری بێچوو زیاد ناکەن، لە ساڵێکدا تەنها یەکجار مێینەکان هێلکە دادەنێن ئەویش بە ژمارەیەکی کەمی نزیک لە سێ، هێلکەی بازەکان لە کۆتایی وەرزی هاویندا هەڵدێت دوای مانەوە بەسەریانەوەی بۆ ماوەی ٣٠-٣٥ ڕۆژ، کە ژمارەکەیان لە ٣ هێلکە تێپەڕناکات، دایکەکەیان ئاژەڵەکانی نزیک نشینگەکەی ڕاودەکات و دەیهێنێتەوە بۆ بێچووەکانی، کاتێک بێچوویەکی لاواز لەدایک دەبێت دایکەکەی جێیدەهێڵیت بۆ ئەوەی بمرێت یاخود دەیکات بە خۆراکی بێچووەکانی دیکە، لە سەرەتادا بێچووەکان هەموویان لاواز و ڕەنگ سپین، دواتر لەگەڵ پەرەسەندندا بەهێز دەبن و رەنگی تایبەت بە گوێرەی جۆرەکانیان وەردەگرن، هەروەها دوای تێپەڕینی ساڵیک لە تەمەنیان بێچوە هەڵۆکان دەگەنە قۆناغی پیگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت.

جۆرەکانی

هەڵۆ جۆری زۆری هەیە و نموونەی سەرەکیترین و بەناوبانگترین جۆرەکانیشی بریتین لە شاهین و مەغریبی و شامی و فارسی و حیجازی و چەندینی دیکە، هەر جۆرێکیشیان لە چەندین جۆر و ئەندامی دیکە پێکهاتوون، هەموویان لە ژمارەیەکی زۆر تایبەتمەندیدا جیاوازن و شێواز و ڕەوشتی تایبەت بە خۆیان هەیە.


سەرچاوەکان



4429 بینین