باڵندەی قیسارە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-06-01-17:24:00 - کۆدی بابەت: 13089
باڵندەی قیسارە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باڵندەی قیسارە (بە ئینگلیزی: Lyrebird، بە عەرەبی: طائر القثارة)، باڵندەیەکی بچووکە و نشینگەکەی دارستان و دەوەنەکانی ئوستوڕالیایە بە تایبەتی ناوچەی تاسمانی، ژمارەی تاکەکانی بە دیاریکراوی زانراو نییە بەڵام نزیکە لە ئەوەی مەترسی بۆ لەناوچوونی دروستببێت، هۆکاری لەناوچوونیشی دەگەڕێتەوە بۆ تێکدانی نشینگەکەی و ڕاوکردنی لەلایەن مرۆڤ و ئاژەڵەکانی ترەوە.

باڵندەی قیسارە بەوە دەناسرێتەوە کە شەرمن و فێڵبازە، بۆ ئەوەی کەسێک لە سروشتدا بیبینێت ئەوا پێویستی بە چاوەڕوانکردنی زۆر و ئارامگرتن هەیە، باڵندەیەکی کۆچەری نییە و ئارەزوو دەکات لە مەودای نزیکەی ١٠ کیلۆمەتردا بمێنێتەوە و بژی، هەرچەندە توانای لاساییکردنەوەی بەهێزە بەڵام ناتوانێت وشەکانی مرۆڤ بە تەواوەتی بڵێتەوە، لەبری ئەوە دەتوانێت ئەو دەنگانەی مرۆڤەکان دروستی دەکەن وەک فیکە لێدان بە نایابی دووبارەی بکاتەوە.

ناونراوە قیسارە چونکە ئەو دووپەڕە جیاوازەی لە کلکی نێرینەکاندا هەن هاوشێوەی قیسارەن، قیسارە ئامێرێکی مۆسیقایی کۆنی سەردەمی یۆنانییەکانە، بەڵام ئەو دوو پەڕە جیاوازە لە کلکی مێینەکاندا بوونی نییە، ماڵیکردنی ڕێگەپێدراو نییە و تەنانەت لە باخچەی ئاژەڵاندا بە تەندروستی هێشتنەوەی قورسە، چونکە بۆ ژەمە خۆراکییەکانی پێویستی بە مێروو و بێ بڕبڕەی جیاواز هەیە کە لە دۆخی ئاسایی و ئاساندا دەستناکەون.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی بە پەڕ داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی دەکرێت قاوەیی یان ڕەساسیبێت، مەودای نێوان باڵەکانی ٦٨-٧٨ سانتیمەتر دەبێت، لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت تەنها ١٤ کیلۆمەتر ببڕێت، درێژی و کێشی جەستەی بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە باڵندەی قیسارەی نایاب بە نزیکەیی کیلۆگرامێک دەبێت بەڵام جۆری ئەلبێرت کەمترە لە کیلۆگرامێک، یاخود بۆ درێژییەکەی جۆرە نایابەکە بە نزیکەیی دەگاتە ١٨٨-٢٤٩ سانتیمەتر، لە کاتێکدا جۆری ئەلبێرت لە نێوان ٢١٣-٢٢٨ سانتیمەترە.

بە بەراورد بە باڵندە خوێنەرەکانی تر باڵندەی قیسارە قەبارەیەکی گەورەتری هەیە، هەریەک لە مل، کلک، جەستە و دەنووکی درێژن، هەروەها دوو قاچی بەهێزیشی هەیە، قەبارەی نێرینەکانی گەورەترە لە مێینەکان، کلکی ئەم باڵندەیە لە ١٦ پەڕی درێژ و شێوە دەزوولەیی ڕەنگ زیوی پێکهاتووە، لە ئەو ١٦ پەڕە دوانیان ڕەنگیان جیاوازە و نیشانەیان لەسەرە، کلکی مێینەکان درێژترە لە نێرینەکان بەڵام شێوە دەزولەییەکە و دوو پەڕە ڕەنگ جیاوازەکەی نییە.

باشترین تایبەتمەندی ناسەرەوە بۆ ئەم باڵندەیە ئەوەیە کە دەرکەوتنێکی سادە و یەک ڕەنگی هەیە، هەرچەندە هەندێک پەڵە و نیشانەی ڕەنگ سووری تێدایە، بەڵام بەگشتی ڕەنگی پەڕەکان یەکسان دەردەکەون، توانای لاساییکردنەوەیەکی باشی هەیە، جگە لە ئەمانەش پەڕەکانی کلکی زۆر تاک و جیاوازن و باڵندەیەکە توانای خوێندنی هەیە.

خۆراک

باڵندەیەکی گۆشتخۆرە و ژەمە خۆراکی سەرەکی بریتییە لە مارمێلکەی بچووک و بۆق، لەگەڵ بێبڕبڕەی وەک جاڵجاڵۆکە، کرم، کرمۆکە و مێرووەکان، دەکرێت هەندێکجار تۆویش بخوات، بەڵام باڵندەی قیسارە خۆشی دەبێت بە خۆراکی بوونەوەری تر بەتایبەتی باڵندە ڕاوکەرەکان، جگە لە باڵندە ڕێوی و سەگ و پشیلەکانیش ڕاویدەکەن و دەیخۆن، بە ڕۆژدا لەناو دەوەنەکاندا دەبێت و کاتی شەویش دەچێتە سەر دارەکان، باڵەکانی بەهێزنین و باڵندەی قیسارە ناتوانێت بۆ فڕینی زۆر بەکاریانبهێنێت، هەرکاتێکیش هەست بە مەترسی بکات لە بری فڕین بە ڕاکردن لە جێگەکە دووردەکەوێتەوە.  

یەکگرتن و زۆربوون

سروشتی ژیانکردنی باڵندەی قیسارە بە تاک و تەنهایە، واتە پێکەوە پۆل و کۆمەڵە دروستناکەن، تەنها لە کاتی زۆربووندا پێکەوە دەبینرێن یان کاتێک مێینەیەک گرنگی بە بێچووەکەی بدات، لەکاتی ئاساییدا لاسایی کۆمەڵێک دەنگی ئامێر و گریانی منداڵ و شتی تر دەکاتە، لە وەرزی زۆربوونیشدا نێرینەکان گۆرانییەکی سروشتی دەخوێنن بۆ مێینەکانیان، ئەو گۆرانییە بەلایەنی کەمەوە پێکهاتووە لە ئاواز و دەنگی ٢٠ جۆری جیاواز لە باڵندەکانی تر، لەهەمان کاتدا پەڕەکانی کلکی بەرزدەکاتەوە و دەیهێنێتەوە بەرەو پشتی و سەما دەکات، شێوازی سەماکردنەکەشی لەگەڵ ئاوازی خوێندنەکەیدا دەگۆڕێت.

دوای یەکگرتن مێینەکە هێلانە دروستدەکات، جێگەی دروستکردنی هێلانەی ئەم باڵندەیە لەسەر زەوی یان لەناو بەردەڵانەکاندایە، یاخود ئەگەر مەترسی هەبوونی گیانەوەری ڕاوکەر و مرۆڤ هەبێت ئەوا لەسەر دارەکان دروستی دەکات، مێینەکان بە شێوەی ناڕێک و شپرز دروستی دەکەن و لەیەک شوێندا دەروازەی چونە ناوەوەی هەیە، بە گشتی لەدوای یەکگرتن تەنها یەک هێلکە دەکات، ماوەی نیشتنیش تەنها مێینەکە ئەنجامی دەدات، کاتێک بێچووەکە هەڵدێت پەڕی نییە و لاوازە.

بێچووەکە شەش هەفتەی پێویستە هەتاکوو پەڕەکانی سەرەتای دەوەرێت و پەڕی نوێ دروستدەکات، لە تەمەنی شەش هەفتەییدا هێلانەکەی جێدەهێڵێت و جیادەبێتەوە لە دایکی، دواتر هەتاکوو نەبێت بە سێ ساڵ پەڕەکانی کلکی دروستنابن، هەروەها لە تەمەنی پێنج ساڵیدا دەگاتە توخمە پێگەیشتن و توانای زۆربوونی دەبێت، لەگەڵ گەورەبوونی بێچووەکە توانای  ئاواز خوێندن و دەرکردنی ئاوازەکانی ئاڵۆزتر و ڕاستردەبن، واتە بۆ پەرەپێدانی خوێندنەکەی پێویستی بە گەورەبوونی تەمەنییەتی.   

جۆرە سەرەکییەکان

تەنها دوو جۆری سەرەکی لە باڵندەی قیسارە هەن، ئەوانیش بریتین لە ئەمانە:

  • باڵندەی قیسارەی نایاب
  • باڵندەی قیسارەی ئەلبێرت


سەرچاوەکان



161 بینین