ئاوی سازگار

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-05-19:22:00 - کۆدی بابەت: 9290
ئاوی سازگار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاوی سازگار یان ئاوی شیرین (بە ئینگلیزی: Fresh water)، بریتییە لە هەر ئاوێکی شل یان بەستووی سروشتی کە چڕیی خوێی تواوە و کۆی گشتی ماددە ڕەقە تواوەکانی تر تێیدا کەمە. هەرچەندە ئەم زاراوەیە ئاوی دەریا و ئاوی سوێر ناگرێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاوی دەوڵەمەند بە کانزای بێخوێی وەکوو ئاوی ئاسنە سەرچاوەکان دەگرێتەوە. لەوانەیە ئاوی سازگار ئاوی بەستوو و تواوەی ناو سەرقاپی سەهۆڵ، بەفری سەر لووتکەی چیا، سەهۆڵەکان، بەفری نێو کێڵگەکان و کێوە سەهۆڵەکان، دابارینه سروشتییەکانی وەکوو بارانبارین، بەفربارین، تەرزە/گلێرکه و گوڵیچ یان دانەی بەفر، و ئاوی لێشاوی ڕووکار کە ئاوی ناوخۆیی وەکوو زەوییە زۆنگەکان، گۆمەکان، دەریاچەکان، ڕووبارەکان، چەمەکان، هەروەها ئاوی ژێر زەوی بگرێتەوە. ئاوی سازگار ئەو سەرچاوە ئاوییەیە کە زۆرترین و دەستبەجێترین سوودی بۆ مرۆڤەکان هەیە.

دەربارە

ئاو بۆ مانەوەی هەموو زیندەوەرە زیندووەکان گرنگە. زۆرێک لە زیندەوەران دەتوانن لەسەر ئاوی سوێر بژین، بەڵام زۆرینەی زۆری ڕووەکە ئاوکێشەکان و زۆربەی مێروو، وشکاوەکییەکان، پەلەوەرەکان، شیردەرەکان و باڵندەکان بۆ مانەوەیان لە ژیاندا پێویستیان بە ئاوی سازگارە.

ئاوی سازگار هەمیشە ئاوی خواردنەوە نییە، بەو واتایەی کە ئاوی سازگار هەمیشە ئاوێکی سەلامەت نییە بۆ خواردنەوە لەلایەن مرۆڤەکانەوە. زۆربەی ئاوی سازگاری زەوی (‌ئاوی سەرزەوی و ئاوی ژێرزەوی) تا ڕادەیەکی بەرچاو بۆ خواردنەوە ناشێت. ئاوی سازگار بە ئاسانی بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤ یان بەهۆی پرۆسەی ڕووداوە سروشتییەکانی وەکوو داخورانی زەویەوە پیس دەبێت.

ئاوی سازگار سەرچاوەیەکی سروشتیی نوێبووەوە و گۆڕاوە، بەڵام سنووردارە. ئاوی سازگار لەڕێگەی پرۆسەی سووڕی ئاوەوە پڕ دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە باری خۆی، کە تێیدا ئاوی دەریا، دەریاچە، دارستان، زەوی، ڕووبار و کۆگاکان بەهەڵم دەبێت و هەور دروست دەکات و وەکوو دابارین دەگەڕێتەوە بۆ ناوی. بەڵام، لە ئاستی ناوخۆییدا، ئەگەر ئاوی سازگار زیاتر لە ڕێگەی چالاکییەکانی مرۆڤەوە بەکاربهێنرێت لەوەی کە بە شێوەیەکی سروشتی دەگەڕێتەوە، ئەوا ڕەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی سازگار (یان کەمی ئاو) لە سەرچاوەکانی سەرزەوی و ژێرزەوی و دەکرێت زیانێکی گەورە بە ژینگەکانی دەوروبەر بگەیەنێت. هەروەها پیسبوونی ئاو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاوی سازگاری بەردەست.

پێناسە

دەتوانرێت ئاوی شیرین بەو ئاوە پێناسە بکرێت کە لە ملیۆنێک کەمتر لە هەزار بەش خوێی تواوەی تێدایە.

سەرچاوەکان

سەرچاوەی بنەڕەتی نزیکەی تەواوی ئاوی سازگار بریتییە لە دابارین بە شێوەی تەم و باران و بەفر. ئاوی سازگار کە وەکوو تەم، باران یان بەفر دێتەخوارەوە، ماددەی وای تێدایە کە لە کەشدا تواوەتەوە لەگەڵ ماددەی ئەو دەریا و زەوییەی کە هەورە قایمەکه بەسەریاندا ڕۆیشتووە. دابارینەکە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاوی تەنە ئاوییەکان کە مرۆڤەکان دەتوانن وەکوو سەرچاوەی ئاوی سازگار بەکاری بهێنن، لەوانەش، گۆم، دەریاچە، بارانبارین، ڕووبار، چەم و ئاوی ژێرزەوی لە چینی ئاوهەڵگری ژێر زەوی.

لەوانەیە ئاوی سازگار لە ناوچە کەنارییەکاندا چڕییەکی بەرچاو خوێیەکانی تێدابێت کە لە دەریاوە سەرچاوەیان گرتووە ئەگەر بارودۆخی با دڵۆپەکانی ئاوی دەریای بەرزکردبێتەوە بۆ ناو هەورەکانی هەڵگری باران. ئەوا ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی چڕیی سۆدیۆم، کلۆرید، مەگنیسیۆم، گۆگردات و هەروەها چەندین پێکهاتەی دیکەی چڕی کەمتر.

لە ناوچە بیابانییەکاندا، یان ئەو ناوچانەی کە خاکەکەیان وشکە، وەرزەبا دەتوانێت خۆڵ و تۆز هەڵبگرێت و ئەمەش دەتوانێت لە شوێنەکانی تری بە شێوەی دابارین ببارێت و ببێتە هۆی پیسبوونی ئاوی سازگار لەلایەکەوە بەهۆی ماددە ڕەقە نەتواوەکانەوە و لەلایەکی تریشەوە بەهۆی پێکهاتە تواوەکانی ئەو خاکانە. ڕەنگە بڕێکی بەرچاو لە ئاسن بەم شێوەیە بگوازرێتەوە لەوانە بارینی بارانی دەوڵەمەند بە ئاسن لە وڵاتی بەڕازیل کە لە زریانی لماوی لە بیابانی سەحارا لە باکووری ئەفریقا وەرگیراوە.

دابەشبوونی ئاو

ئاوی سوێری ناو زەریاکان، دەریاکان و ئاوی سوێری ژێرزەوی نزیکەی ٩٧٪ی سەرجەم ئاوی سەرزەوی پێکدەهێنن. تەنها ٢٫٥٪ بۆ ٢٫٧٥٪ ئاوی سازگارە، لەوانە ١٫٧٥٪ بۆ ٢٪ لە شێوەی سەهۆڵ و بەفردا بەستوویەتی، ٠٫٥٪ بۆ ٠٫٧٥٪ وەکوو ئاوی ژێرزەوی سازگار و شێی خاک، و کەمتر لە ٠٫٠١٪ وەکوو ئاوی سەرزەوی لە دەریاچە و زەلکاو و ڕووبارەکاندایە. ‌ئەو دەریاچانەی کە ئاوەکەیان سازگارە نزیکەی ٨٧٪ی ئەم ئاوە ڕووکارییە شیرینەیان تێدایە، لەنێو ئەمەشدا  ٢٩٪ لە دەریاچە گەورەکانی ئەفریقا، ٢٢٪ لە دەریاچەی بایکاڵ لە ڕووسیا، ٢١٪ لە دەریاچە گەورەکانی ئەمریکای باکوور، و ١٤٪ لە دەریاچەی دیکە. کەش ٠٫٠٤٪ ئاوی تێدایە. زۆربەی ئاوی سازگاری جیهان لەناو سەرقاپەکانی سەهۆڵدا بەستوویەتی. زۆرێک لە ناوچەکان ئاوی سازگاریان زۆر کەمە، وەکوو بیابانەکان.

سیستمی ژینگەیی ئاوی سازگار

ئاو پرسێکی گرنگە بۆ مانەوەی هەموو زیندەوەرە زیندووەکان. هەندێکیان دەتوانن ئاوی سوێر بەکاربهێنن بەڵام زۆرێک لە زیندەوەران لەناویاندا زۆربەی زۆری ڕووەکە ئاوکێشەکان و زۆربەی شیردەرەکان بۆئەوەی درێژە بە ژیانیان بدەن ‌پێویستیان بە ئاوی سازگارە. هەندێک لە گیانەوەرە شیردەرەکانی زەوی بەتایبەتی ئاژەڵە قرتێنەرەکانی بیابان، وا دیارە بەبێ خواردنەوە دەژین، بەڵام لە ڕێگەی مێتابۆلیزمی تۆوی دانەوێڵەکانەوە ئاو کۆدەکەنەوە، هەروەها چەند میکانیزمێکیان هەیە بۆ پاراستنی ئاو تا ئەوپەڕی ئاست.

سیستمی ژینگەیی ئاوی سازگار بەشەکۆمەڵەیەکی سیستمی ژینگەیی گیانەوەر یان ڕووەکی ئاوی زەوییە. لەوانە دەریاچە، گۆم، ڕووبار، چەم، کانی، زۆنگ و زەلکاوەکان. دەتوانرێت لەگەڵ سیستمی ژینگەیی دەریاییدا بەراورد بکرێت، کە ڕێژەی خوێیان زیاترە. دەتوانرێت ژینگەی ئاوی سازگار بەپێی هۆکاری جیاواز پۆلێن بکرێت، لەوانە پلەی گەرمی، پێداتێپەڕینی ڕووناکی، ماددە خۆراکییەکان و ڕووەک. هەروەها سێ جۆری بنەڕەتی سیستمی ژینگەیی ئاوی سازگار هەیە: مەنداوژی (ئاوی جووڵەخاو، بۆ نموونە، ئاوی حەوز، گۆم و دەریاچە)، لۆتیک (ئاوی جووڵە خێراتر، بۆ نموونە چەم و ڕووبارەکان) و ناوچە زۆنگییەکان (ئەو ناوچانەی کە خاکەکەیان تێر ئاو بوون). سیستمی ژینگەیی ئاوی سازگار ٪٤١ـی جۆرە ماسییە ناسراوەکانی جیهان لەخۆدەگرێت.

گۆڕانکاری لە سیستمی ژینگە

سیستمی ژینگەیی ئاوی سازگار بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە، کە کاریگەری لەسەر تایبەتمەندییە جیاوازەکانی سیستمی ژینگەیی هەبووە. بەهۆی ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر تەندروستی مرۆڤەکان هەیبوو (بۆ نموونە نەخۆشی کۆلێرا بەهۆی پیسبوونی ئاوەڕۆوە بڵاودەبێتەوە) هەوڵی بنچینەیی بۆ تێگەیشتن و چاودێریکردنی سیستمی ژینگەیی ئاوی سازگار درا. لە کاتێکدا چاودێری پێشوەختە سەرنجی لەسەر دیاریکەرە کیمیاییەکان بوو، پاشان بەکتریا، و لە کۆتاییدا قەوزە، کەڕوو و پرۆتۆزۆوا (زیندەوەرە یەکخانەکان). جۆرێکی نوێی چاودێریکردن بریتییە لە ژماردن و دیاریکردنی گروپە جیاوازەکانی زیندەوەران (بێبڕبڕە گەورەکان، گاشەگیاکان یان گاشەڕووەکەکان و ماسییەکان) لەگەڵ پێوانەکردنی بارودۆخی چەمەکانی پەیوەست بەوانەوە.

بەکارهێنانەکانی مرۆڤ

بەکارهێنانەکانی ئاو بریتین لە چالاکییە کشتوکاڵییەکان، پیشەسازی، ناوماڵ، چالاکییەکانی ژینگەیی و کات بەسەر بردن.


سەرچاوەکان



1274 بینین