بیابان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-06-13-22:08:00 - کۆدی بابەت: 9005
بیابان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بیابان (بە ئینگلیزی: desert، بە عەرەبی: صحراء)، ناوچەیەکی وشک و بێبەرە کە بارانبارینێکی کەمی لێ دەبارێت، لە ئەنجامدا بارودۆخی ژیان بۆ هەریەک لە ڕووەک و ئاژەڵان سەخت دەکات. نزیکەی یەک لەسەر سێی ڕووی زەوی وشک یان نیمچە وشکە. ئەمەش زۆربەی ناوچە جەمسەرییەکان دەگرێتەوە، کە ڕێژەی دابارینی باران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمە، و هەندێک جار پێیان دەوترێت بیابانی جەمسەری یان (بیابانی سارد). دەتوانرێت بیابانەکان بەپێی ئەو بڕە بارانەی کە لێیان دەبارێت، پلەی گەرمی زاڵ، و هۆکارەکانی بە بیابانبوون یان شوێنی جوگرافییەکەیان پۆلێن بکرێن.

لەڕووی وشەزانییەوە

وشەی (desert)ـی ئینگلیزی کە بە واتای بیابان دێت و هاوشێوەی (deserto)ـی ئیتاڵی و پورتوگالی، (désert)ـی فەڕەنسی و (desierto) ئیسپانییە. هەموویان لە وشەی لاتینی (dēsertum)ـەوە هاتوون، کە لە بنەڕەتدا بە واتای (شوێنێکی چۆڵ‌کراو) دێت. پەیوەندی نێوان وشکی و کەمی دانیشتووان ئاڵۆز و داینامیکییە، بەپێی کولتوور و سەردەم و تەکنەلۆجیاکان دەگۆڕێت، بەم شێوەیە بەکارهێنانی وشەی بیابان دەتوانێت ببێتە هۆی سەرلێشێواوی. لە زمانی ئینگلیزیدا و پێش سەدەی بیستەم، وشەی (desert) زۆرجار بە واتای (ناوچەی بێ دانیشتوو) بەکاردەهێنرا، بەبێ ئەوەی ئاماژەیەکی تایبەت بە وشکی ناوچەکە بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ وشەکە زۆرترین جار بە مانای زانستی کەشوهەوا بەکاردێت (ناوچەیەک کە ڕێژەی دابارینی نزمە). دەستەواژەکانی وەکوو (دوورگەی بیابان) و (بیابانی گەورەی ئەمریکا)، یان (بیابانەکانی بۆهیمی) (چیرۆکی زستان)ـی ولیام شکسپیر لە سەدەکانی پێشوودا مەرج نییە ئاماژە بە خۆڵ یان وشکێتی بکەن، بەڵکوو سەرنجیان لەسەر ڕێژەی کەمی دانیشتوان بووە.

کەشوهەوای بیابان

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای بیابان کەشوهەوایەکە کە ڕێژەی بەهەڵمبوونی بەرزترە لە ڕێژەی دابارین. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی بیابانەکان ١٨ پلەی سەدییە، لە کەشی سارددا سفر بۆ -٣ پلەی سەدییە.

لەڕووی جوگرافییەوە

بەهۆی نزمی ڕێژەی دابارین و کەم باران، بیابان ناوچەیەکی زۆر وشکە، ئەو بڕە کەمەی دابارینیش بەزۆری لە شێوەی باران و دەشێت بەفر یان تەمدا بێت. زۆرجار ڕووەکی کەمی لێیە، هەروەها جۆگەکان وشک دەبن، جگە لەو جۆگانەی کە لە ڕێگەی ئاوی دەرەوەی ناوچەکەوە دێن. ڕێژەی دابارینی ساڵانەی بیابانەکان بەگشتی کەمتر لە ٢٥٠ ملیمەترە (١٠ ئینچ). ڕەنگە ئەگەری بەهەڵمبوون زۆر بێت بەڵام (لە نەبوونی ئاوی بەردەستدا) لەوانەیە ڕێژەی بەهەڵمبوون لە سفر نزیک بێتەوە. هەروەها نیمچە بیابانەکان ئەو ناوچانەن کە ڕێژەی دابارینی ساڵانەیان لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ ملیمەتر (١٠ بۆ ٢٠ ئینچ) دایه و بە چیمەن پۆشراون و بە ناوچە بەرفراوانەکان ناسراون.

مرۆڤەکان و بیابان

خەڵک بۆ ماوەی هەزاران ساڵ لە بیابانەکان و زەوییە نیمچە وشکەکانی دەوروبەری بە سەختی ژیاون. دەشتەکییەکان ئاژەڵەکانیان بۆ ئەو شوێنانە بردووە کە لەوەڕیان هەبووە و مێرگەکان دەرفەتیان بۆ شێوازی ژیانێکی جێگیرتر ڕەخساندووە. كشتوكاڵکردن لە ناوچە نیمچە وشکەکان داخورانی خاک زیاد دەکات و یەکێکە لە هۆکارەکانی بەبیابانبوون. دەکرێت بە هاوکاری ئاودانی دەستکرد کشتوکاڵ لە بیاباندا بکرێت، دۆڵی ئیمپراتۆری (Imperial Valley) لە کالیفۆرنیا نموونەیەک دەخاتە ڕوو کە چۆن دەتوانرێت زەوییە بێ بەرهەمەکان بە هاوردەکردنی ئاو لە سەرچاوەیەکی دەرەوە بەرهەمدار بکرێت. زۆرێک لە ڕێگا بازرگانییەکان لە بیابانەکاندا دروستکراون، بە تایبەت لە سەرانسەری بیابانی سەحارا (Sahara desert)، کە سێیەم گەورەترین بیابانی جیهانە لە باکووری ئەفریقا، و بە شێوەیەکی نەریتی لەلایەن کاروانەکانی وشترەکانەوە بەکاردەهێنران کە خوێ، زێڕ، عاج و کەلوپەلی تریان هەڵدەگرت. سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەکی زۆر کۆیلە بە سەحارادا و بەرەو باکوور بردران. هەروەها هەندێک کانزا لە بیابانەکاندا دەردەهێنرێن و سوود لە تیشکی بێ پچڕانی خۆر وەردەگیردرێت.

ژیانی ڕووەک و ئاژەڵان

ئەو ڕووەک و ئاژەڵانەی لە بیاباندا دەژین پێویستیان بە گونجاندنی تایبەت هەیە بۆئەوەی لە ژینگەی سەختدا بژین. ڕووەکەکان زیاتر کز و بەهێزن، لەگەڵ ئەوەشدا گەڵایان بچووک و وردە یان بە هیچ شێوەیەک گەڵایان نییە، بەرگی ڕووەکە بیابانییەکان ئاوگێڕەوەیە و زۆرجار دەرپەڕیووی تیژیان پێوەیە بۆئەوەی ڕێگیری لە گیاخۆرەکان بکەن نەیانخۆن. هەندێک لە ڕووەکە ساڵانەکان لەماوەی چەند هەفتەیەک دوای بارانبارین دەڕوێن و گوڵ دەکەن و لەناودەچن، لە کاتێکدا ڕووەکی تری تەمەن درێژ بۆ ماوەی چەد ساڵێک لە ژیاندا دەمێننەوە و ڕەگی ئەم جۆرە ڕووەکانە شێی ژێرزەمین هەڵدەمژن و توانای مانەوەی زیاتر بە ڕووەکەکان دەدەن.

هەروەها ئاژەڵەکانیش پێویستیان بە کەشێکی فێنک و خۆراک و ئاوی پێویستە بۆئەوەی بتوانن بەردەوامی بە ژیانیان بدەن. زۆربەیان چالاکییەکانیان بە شەودا ئەنجام دەدەن، و لە کاتی گەرمای ڕۆژدا لە ناوچەی سێبەر یان ژێر زەویدا دەمێننەوە. ئەم ئاژەڵانە دەتوانن ئاو لە جەستەیاندا بۆ ماوەیەکی زیاتر بهێڵنەوە و میزکردنیان کەم بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن زۆربەی پێداویستییەکانیان لە خۆراکەکانیان دەربهێنن. هەندێک لە ئاژەڵەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە دۆخێکی سڕیدا دەمێننەوە، لەو کاتە دەگمەنانەی کە باران دەبارێت جارێکی تر چالاک دەبنەوە. لە کاتێکدا کە بارودۆخ لەبارە بەخێرایی وەچە دەخەنەوە پێش ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ دۆخی سڕی.

بیابانەکانی سەر هەسارەکانی تر

جگە لە زەوی، مەریخ تاکە هەسارەیە لە کۆمەڵەی خۆردا کە بیابانەکانی لەسەر دەستنیشانکراون. سەرەڕای نزمی پەستانی بەرگەهەوای ڕووەکەی (کە تەنها ١\١٠٠ ی زەوییە)، شێوازەکانی سووڕانی بەرگەهەوا لەسەر مەریخ دەریایەک لە خۆڵی دەورەجەمسەری دروستکردووە کە ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٥ ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە، گەورەترە لە زۆربەی بیابانەکانی سەر زەوی. بیابانەکانی مەریخ بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە گردۆڵکەکان پێکهاتوون کە لە شێوەی نیوە مانگدان لە ناوچە تەختەکانی نزیک سەهۆڵپۆشە جەمسەرییەکانی باکووری هەسارەکە.


سەرچاوەکان

750 بینین