تەم

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-14-16:45:00 - کۆدی بابەت: 8245
تەم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تەم (بە ئینگلیزی: Fog) دیاردەیەکی سروشتیی کەشوهەوایە جۆرێکە لە ئەیرۆسۆڵی بەرگەهەوا کە بریتییە لە هەوری پێکهاتوو لە چڕبوونەوەی دڵۆپە ئاوی بچووک لە چینی ژێرەوەی بەرگەهەوادا کە زۆر نزیکە لە ئاستی ڕووی زەوی و ئەو دڵۆپە ئاوانە توانای خۆهەڵواسینیان هەیە لە هەوادا، تەم بەڕادەیەک چڕە کە دەتوانێت توانای بینینی ئاسۆیی بۆ کەمتر لە ١٠٠٠ مەتر کەمبکاتەوە. هەروەها وشەی تەم ئاماژەیە بۆ هەوری پێکهاتوو لە تەنۆلکەی دووکەڵ، تەنۆلکەی سەهۆڵ یانیش تێکەڵەیەک لەم پێکهاتانە. لە هەمان بارودۆخدا بەڵام کاتێک ڕوونبینیی ئاسۆیی زیاتر لە ١٠٠٠ مەترە دیاردەکە پێی دەوترێت مژ (Mist) بە پشتبەستن بەوەی کە نادیارییەکە بەهۆی دڵۆپەکانی ئاو یان تەنۆلکەی ڕەقەوە لەهەوادا دروست بووە.

چۆنیەتی دروستبوونی تەم

تەم دروست دەبێت کاتێک جیاوازی نێوان پلەی گەرمیی هەوا لەگەڵ خاڵی شەونم کەمتر بێت لە ٢.٥ پلەی سیلیزی، تەم لە چڕبوونەوەی هەڵمی ئاو دروست دەبێت کە بە سروشتی لە هەوادا هەیە و گەردەکانی هەڵمی ئاو یەکدەگرن بۆئەوەی دڵۆپە ئاوی بچووک دروست بکەن کە لەهەوادا هەڵدەواسرێن و تەم بەهۆی ئەم دڵۆپە ئاوە بچووکانەوە دەتوانرێت ببینرێت چونکە هەڵمی ئاو گازێکە لە هەوادا کە نابینرێت. ئەم چڕبوونەوەیە دەبێتە هۆی شێداربوونی هەوا کە تێربوونی بە ڕێژەی سەدا یەک زیاد دەکات، لە هەوای زۆر پیسبوودا ناوکەکە بەشێوەیەکی تەواو  گەشەدەکات بۆئەوەی تەمێک دروست بکات کە شێدارییەکەی بەڕێژەی ٩٥٪ یان کەمتر بێت. زۆرجار گەشەی دڵۆپە ئاوەکان بەهۆی هەڵمژینی گازە تواوەکانەوە دەبێت، وەکوو دوانەئۆکسیدی گۆگرد بۆئەوەی ترشی گۆگردیکی ڕوون دروست ببێت، هەروەها شێداریی هەوا بە سێ پڕۆسە زیاد دەبێت ئەوانیش، ساردبوونەوەی هەوا بەهۆی کشانی گەرمیی جێگیرەوە، تێکەڵبوونی دوو تەوژمی هەوای شێدار کە پلەی گەرمییان جیاوازە لەگەڵ ساردبوونەوەی ڕاستەوخۆی هەوا بەهۆی تیشکدانەوە.

تەم کاتێک دروست دەبێت کە کەشوهەوا لەڕادەبەدەر شێدار بێت و هەوا بۆ خاڵی شەونم سارد دەبێتەوە، دواتر شێ بۆ هەواکە زیاد دەبێت و خاڵی شەونم زیاد دەکات. بۆ ئەوەی تەمەکە دروست ببێت پێویستە بڕێکی زۆر لە هەڵمی ئاو لە هەوادا هەبێت، هەروەها پێویستە تۆز، دووکەڵ و هەندێک لە پیسکەرەکانی هەوا لە هەواکەدا هەبن و هەڵمی ئاوەکە لەدەوری ئەم تەنۆلکە ڕەقە بچووکانەی هەوا چڕدەبێتەوە، هەروەها بەپێی ڕێژەی شێداری و پلەی گەرمی تەم دەتوانێت زۆر بەخێرایی دروست ببێت و دیار نەمێنێت، ئەمەش پێی دەوترێت تەمی خێرا (Flash fog).

تەم لەگەڵ مژ هەمان شت نین، چڕیی تەم لە چڕیی مژ زیاترە، ئەمەش واتای ئەوەیە تەم قورستر و خەستترە لە مژ چونکە لەهەمان بۆشایییدا تەم بڕێکی زیاتر لە گەردی ئاو لەخۆدەگرێت، تەم توانای بینین بۆ ١٠٠٠ مەتر کەمدەکاتەوە واتا لە دوای یەک کیلۆمەترەوە ناتوانیت هیچی تر ببینیت، بەڵام مژ توانای بینین بۆ نێوان یەک تا دوو کیلۆمەتر کەمدەکاتەوە، واتا مەودای بینین لە مژدا زیاترە لە تەم.

جۆرەکانی تەم

تەم چەند جۆرێکی هەیە بە پشتبەستن بە چۆنیەتی ساردبوونەوە کە دەبێتە هۆی چڕبوونەوەی هەڵمی ئاو. 

تەمی تیشکدان (Radiation fog): ئەم تەمە لە ئێواراندا دروست دەبێت کاتێک ئەو گەرمییەی کە لە ڕۆژدا لە ڕووی زەوییەوە هەڵمژراوە، تیشکدەدرێتە ناو هەوا بە کردەی تیشکدانی گەرمیی خوارسوور (Infrared thermal radiation)، کاتێک گەرمییەکە لە زەوییەوە بۆ هەوا دەگوازرێتەوە ئەوا دڵۆپەی ئاو دروست دەبن، هەندێکجار زاراوەی تەمی زەمینی (Ground fog) ئاماژەیە بۆ تەمی تیشکدان، تەمی زەمینی زۆر بەرز نابێتەوە بۆ هەورەکانی ئاسمان و کەمتر لە ٦٠٪ی ئاسمان لێڵ و نادیار دەکات. تەمی تیشکدان بە شەوان دروست دەبێت و بەیانیان لەگەڵ دەرکەوتنی خۆردا نامێنێت، پڕۆسەی ساردبوونەوەی ڕاستەوخۆی هەوا بەهۆی تیشکدانەوە ڕۆڵی هەیە لە دروستبوونی ئەم تەمەدا.

تەمی باڕەوی ئاسۆیی (Advection fog): ئەم تەمە دروست دەبێت کاتێک هەوای گەرم و شێدار بەسەر ڕوویەکی سارددا تێپەڕ دەبێت و پڕۆسەکەش پێی دەوترێت باڕەوی ئاسۆیی کە ناوێکی زانستییە بۆ پەسنکردنی جووڵەی شلە. کاتێک هەوا گەرم و شێدارەکە لەگەڵ ڕووە ساردەکە بەریەک دەکەون، هەڵمی ئاو چڕدەبێتەوە بۆئەوەی تەم دروست بکات. ئەم تەمە بەزۆری لەو شوێنانە دەبینرێت کە هەوای گەرمی خولگەیی بەر ئاوی زەریا ساردەکان دەکەوێت، کەنارەکانی زەریای هێمن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە واشنتن تا کالیفۆرنیا زۆرجار بەم تەمە دادەپۆشرێت.

تەمی دۆڵ (Valley fog): ئەم تەمە بەزۆری لە وەرزی زستاندا لە دۆڵی شاخەکان دروست دەبێت. تەمی دۆڵ کاتێک دروست دەبێت کە شاخەکان ڕێگری لە دەربازبوونی هەوای چڕ دەکەن. ئەم تەمە لە بنکی دۆڵەکاندا قەتیس دەبێت. لە ساڵی ١٩٣٠ تەمی دۆڵی میوس لە بەلجیکا بووە هۆی مردنی نزیکەی ٦٠ کەس لەو دوڵەدا.

تەمی بەستن (Freezing fog): ئەم تەمە دروست دەبێت کاتێک دڵۆپە شلەکانی تەم لەسەر ڕووە ڕەقەکاندا دەیبەستێت. لوتکەی شاخەکان کە بە هەور داپۆشراون زۆرجار بە تەمی بەستن دادەپۆشرێن. کاتێک تەمە بەستووەکە نامێنێت سەرزەمین، درەختەکان و تەنانەت تەونە جاڵجاڵۆکەکانیش بە ڕووپۆشێک لە شەختە دادەپۆشرێن. تەمی بەستوو لە پلەی گەرمی خوار -٩ پلەی سیلیزی دروست دەبێت، ئەم تەمە لەو شوێنانەی کەشوهەوایەکی سارد و شێداریان هەیە زۆر باوە و دیمەنێکی سپی دروست دەکات، وەکوو سکاندەنەیڤیا و ئەنتاکتیکا کە ناوچەیەکی سەهۆڵبەندانی جەمسەری باشووری زەوییە.

تەمی هەڵم (Steam fog): ئەم تەمە زیاتر لە وەرزە ساردەکاندا باوە لەسەر ڕووی ئاو، تەمی هەڵم دروست دەبێت کاتێک هەوای سارد و وشک بەسەر ئاوی گەرمدا تێپەڕ دەبێت. ئەم جۆرەی تەم زۆر کەم کاریگەریی هەیە لەسەر فڕۆکەوانانی فڕۆکەی دەریایی و دەریاگەڕەکان کە ڕێڕەویان لە نزیک ئاوەکەوەیە.

تەمی سەروولاری یان هەڵکشاو (Upslope fog): کاتێک هەوای شێدار و جێگیر بەسەر ناوچەیەکی تایبەتدا بەرزدەبێتەوە و سارد دەبێتەوە تەمی سەروولاری دروست دەبێت کە دەتوانێت چەندەها مەتر بەسەر ناوچەکەدا بڵاو ببێتەوە، پڕۆسەی کشانی گەرمیی جێگیر ڕۆڵی هەیە لە دروستبوونی ئەم تەمەدا.

تەمی نیشتن (Precipitation fog): کاتێک بارانێکی گەرم بەسەر هەوای سارددا دەبارێت، کردەی نیشتن هەوا ساردەکە تێر دەکات و تەمی نیشتن دروست دەبێت، ئەم تەمە چڕه و ماوەیەکی زۆریش دەمێنێتەوە.

کاریگەری لەسەر ڕوونبینی

ڕوونبینی یان توانای بینین لەکاتی تەمدا بەپێی خەستیی دڵۆپە بچووکەکان دەگۆڕێت لە دەرکەوتنی نەرمەهەور تاوەکوو توانای بینینی سفر واتا هیچ شتێک دیار نەمێنێت. ساڵانە کەسانێکی زۆر لە جیهاندا ژیان لەدەست دەدەن بەهۆی پێکدادان و ڕووداوی هاتوچۆی ڕێگە گشتییەکان لە کەشوهەوای تەماویدا، وەکوو پێکدادانی فرەگوێزەرەوە (Multiple-vehicle collision) کە بریتییە لە ڕووداوی پێکدادانی چەند هۆیەکی گواستنەوە.

پیشەسازیی گەشتی فڕین بەهۆی توندیی بارودۆخی تەمەوە کاری تێ دەکرێت و ئاستەنگ بۆ فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەکان دروست دەبێت، هەرچەندە کۆمپیوتەری نیشتنەوەی خودکاری هاوچەرخ دەتوانێت فڕۆکەیەک بنیشێنێتەوە بەبێ یارمەتیی فڕۆکەوان. کاری پاراستن و فریاکەوتن لە کاتی بوونی تەمی ئەستوور و خەست زەحمەت دەبێت، بۆیە فڕۆکەخانە شارستانییەکان فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکە قەدەغە دەکەن تا ئەوکاتەی بارودۆخەکە باشتر دەبێت.

لە جەنگی جیهانیی دووەمدا کارپێکردنی پشکنین و بڵاوکردنەوەی تەم (FIDO) بۆ نیشاندن و گەڕاندنەوەی فڕۆکە سەربازییەکان پەرەی سەند کە بڕێکی زۆر لە سووتەمەنییان لە نزیک ڕێڕەوی فڕۆکەکە دەسووتاند بۆئەوەی تەمەکە بەهەڵەم ببێت، ئەمەش وای لە فڕۆکەوانە شەڕکەرەکان دەکرد توانای بینینیان باشتر ببێت و بەشی ئەوە بکات کە بە سەلامەتی فڕۆکەکانیان بنیشێننەوە، بەڵام بەهۆی تێچووی زۆر و پێویستبوونی بڕێکی زۆری وزە ئەم پڕۆسەیە بۆ کاتە ئاسایییەکان بەکار ناهێنرێت.


سەرچاوەکان



767 بینین