ناوهڕۆك
سەرەتا
قاز (بە عەرەبی: وزة، بە ئینگلیزی: goose)، جۆرێکی باڵندەکانن و لە پلەی تایبەت بە خۆیاندا پۆلێنکراون و لە ژێر خێزانی مراوییەکاندان، ٤٠ جۆری سەرەکییان هەیە کە ١٤٦ ئەندامی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لە ساڵی ١٦٠٠ دا پێنج جۆری قازەکان بە تەواوەتی لەناوچوون، زۆرینەی جۆرەکانی دیکەش مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، نموونەی باوترین جۆرەکانی قازەکان بریتین لە قازی میسڕی و قازی تولوز، لەگەڵ پەیوەندییە هاوبەشەکەی نێوان مرۆڤەکان و سوودە زۆرەکانی قاز بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام لە هەمان کاتدا زیانیشی هەیە، وەک لەناوبردنی بڕێکی زۆری کێڵگە و چێنراوەکانی مرۆڤەکان، هەروەها گواستنەوەی نەخۆشی وەک پەتای باڵندەکان.
قاز لە ڕابردوودا
لە جیهاندا چەندین ئەفسانەی جیاواز هەیە دەربارەی قازەکان، دۆزینەوە و ئاشنابوون بە قازەکان لە هەزاران ساڵ پێش زایینەوە بووە، بەڵام لە سەرەتا لە میسڕ ماڵی کراوە و دوای ماوەکی زۆرتر لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا ماڵیکراوە، پێگەی قازەکان لە میسڕدا جیاواز بووە لە هەموو ناوچەکانی دیکە، کە لەسەر تابلۆ و دۆزراوە بەدرینەکاندا وێنەی قازەکان دۆزراونەتەوە بەو مانایەی کە خەڵکی دێرینی میسڕ گرنگییان بە ماڵی کردنی داوە و سوودیان لێ بینیوە، لە ئێستادا لە هەموو کیشوەر و دورگە و کۆمەڵە دورگەکاندا بڵاوبوونەتەوە، جگە لە جەمسەرەکانی گۆی زەوی، هەروەها بە گشتی ژیانکردنیان لە نزیک سەرچاوە ئاوییە سازگارەکان بۆ پەسەندە یاخود ئەوانەی کەم خوێن و سوێر نین.
شێوەی دەرەوەی
ملێکی بەهێزی درێژیان هەیە بەڵام قاچەکانی کورتن و لە هەمان کاتدا بەهێزیشن، بەرکەوتەی پێستی پێیەکانی هاوشێوەی خشۆکەکانە توند و زبر، بۆیە قازەکان جووڵە کردنیان لەسەر وشکانی بۆ پەسەند نییە و حەزیان لە ئاوە، هەروەها دەنوکێکی پرتەقاڵییان هەیە، ڕەنگی پەڕەکانی زۆرینەیان سپییە بەڵام دەکرێت تێکەڵەبێت لەگەڵ ڕەنگەکانی ڕەش و قاوەیی و خۆڵەمێشی، ئەو جۆرانەی کە قەبارەیان بچووکە کێشیان دەگاتە ٤ کگم و درێژییەکەیان ٢٦.٥ سم دەبێت، جۆرە گەورەکانیش کێشیان دەگاتە ١٧.٢ کگم و درێژییەکەیان دەگاتە ١٨٣ سم، هەندێک لە جۆرەکان جیاوازی هەیە لە نێوان نێرینە و مێینەکان لە ڕەنگی پەڕەکانیاندا بەڵام هەندێکی دیکەیان هاوشێوەن، هەموو جەستەی قاز جگە لە پێ و قاچەکانی بە پەڕ داپۆشراوە بەڵام ئەوانەی کە لەسەر باڵەکانی هەن درێژتر و بەهێزترن، ئەمەش بووە بە هۆی ئەوەی قازەکان توانای فڕینیان هەبێت.
خۆراک
قازەکان باڵندەی گۆشتخۆرن، بە شێوەیەکی سەرەکی ڕووەک دەخۆن، هەندێک جۆریشی هەیە توانای ڕاوکردن و خواردنی ماسی هەیە، بێچووی قازەکان لە سەرەتای لەدایکبوونیاندا دەتوانن گیانەوەرە بێ بڕبڕەکان بخۆن، بەڵام دوای گەشتنیان بە قۆناغی پێگەیشتن بە تەواوی دەبن بە ڕووەکی و دور دەکەونەوە لە خواردنی ئاژەڵەکانی دیکە.
یەکگرتن و زۆربوون
قازەکان پێکەوە بە کۆمەڵە دەژین، لە کۆمەڵەی قازەکاندا فرە ژنی نییە و قازەکان لە ژیانیاندا هەتا کاتی مردن تەنها یەک هاوبەشیان دەبێت، وەرزی یەکگرتن و زۆربونیشیان بە گشتی لە بەهار و سەرەتای هاویندا دەبێت، مێینەکە ٦ هێلکە دەکات کە هاوشێوەی هێلکەی مریشکەکانە، دوای نزیکەی یەک مانگ بێچووەکان لە هێلکەکان هەڵدێن، و هەموو خێزانەکە پێکەوە دەژین هەتا وەرزی زۆربوونی ساڵی دواتر، هەروەها قۆناغی پێگەیشتنی قازەکان لە تەمەنی ٣ ساڵیدا دەستپێدەکات، و ناوەندە ڕێژەی تەمەنی قازەکانیش دەگاتە نزیکەی ٣٠ ساڵ.
تایبەتمەندییەکانی
قازەکان گەورەترین ئەندامی خێزانی مراوییەکانن، توانای مەلەکردن و مانەوەیان هەیە لە سەر ڕوی ئاو، بەهۆی ئەوەی زەیتی جیاواز هەیە لە جەستەیاندا و بە ئاسانی پاڵ بە ئاوەوە دەنێن، ئەم زەیتانە لەلایەن ڕژێنێکەوە دەردەدرێت کە جێگەکەی نزیک کلکیەتی، لە هەندێک باردا قازەکان کە ناچار دەبن لە ژێر ئاویش مەلە بکەن کە لە ئەو بارانەشدا توانای مەلەکردنیان هەیە، قازەکان جۆری کێوییان هەیە لەگەڵ ماڵیکراوەکان کە بۆ سوود بینین لە گۆشت و جگەر و پەڕەکانیان ڕادەگیرێن یاخود تەنها وەک حەزێک و بۆ چێژبینین، دەنگێکی بەرزی هەیە کە هاوشێوەی دەنگی زوڕنایە، هەروەها جۆرە کێوییەکانی قازەکان کۆچەرین و ساڵانە لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا کۆچدەکەن.
جۆرە سەرەکییەکانی قاز
قازەکان بۆ دوو کۆمەڵەی سەرەکی دابەشدەکرێن، قازە کێوییەکان و قازە ماڵییەکان، هەر کۆمەڵەیەکیش ژمارەیەکی جیاواز جۆری تایبەت لەخۆ دەگرێت، باوترینیشیان ئەمانەن:
قازە کێوییەکان
- قازی بارنەکڵ: ڕووخسارێکی سپی هەیە لەگەڵ هێڵێکی ڕەش کە لە دەنووکییەوە بۆ چاوەکانی درێژ بووەتەوە و سنگیشی ڕەنگی ڕەشێکی درەوشاوەیە بەڵام سکی سپییە و ڕەنگی باڵەکانیشی دەگۆڕێت، نێرینە و مێینەکان هاوشێوەن لە ئەو تایبەتمەندییانەدا، هەروەها ناوچەی کەنارە گژوگیاییەکان نشینگەی پەسەندی ئەم جۆرە قازەیە، وەک دوورگەکانی جەمسەری باکوور و گرینلاند و باکووری ئینگلتەرا و هۆڵەندا.
- قازی کەنەدی: ئەم جۆرە قازە تایبەتمەندە بە هەبوونی تاجێکی ڕەش کە لە بەشی پێشەوە سەری درێژ دەبێتەوە بۆ ملی، هەروەها دەنووک و پێیەکانیشی ڕەشن، سنگی قاوەییەکی کاڵە و پشتی ڕەساسییەکی نزیک لە قاوەییە، بەشەکانی دیکەی سپییە، نێرینە و مێینەکانیشی هەمان شێوەن، بەڵام نێرینەکان قەبارەیان گەورەترە، لە دەریاچە و ڕووبار و کێڵگەکانیشدا دەژی و بە زۆری دەبینرێت کاتێک کۆچدەکات لە نێوان ئەمریکا و مەکسیکدا.
- قازی ڕەساسی: ئەم جۆرە هەموو قازە ڕەساسییەکان دەگرێتەوە لەگەڵ هەندێک جۆر لە سپییەکانیش، هەموو توخمەکانی دەنووک و قاچەکانیان پەمەیی یان پرتەقاڵییە، بەڵام مل و سەری قاوەییەکی تۆخە و لە ناوچەکانی سنگ و سکیدا کاڵدەبێتەوە، نشینگەی ئەم قازە ناوچە شێدارەکانە، لە چەندین وڵاتی جیاواز دەژی و دواتر بە گوێرەی وەرزەکان کۆچدەکات.
- قازی برانتی سنگ سوور: بەشەکانی سەرەوەی جەستەی ڕەشە، ڕوومەت و سنگیشی سوورێکی کەستانەییە، بەهەمان شێوەی جۆرەکانی پێشوو نێرینە و مێینەکانی هاوبەشن لە خاسیەتەکانیاندا، هەروەها ژمارەکەی لە ماوەی ڕابردوودا کەمبوونەوەیەکی زۆری بینیوە، هەروەها سیبیریا بە ناوچەی زۆربوونی ئەم جۆرە قازە دادەنرێت و لانەکەی لە نزیک هێلانەی باڵندە دڕندەکانەوە دروستدەکات بۆ پاراستنی لە هێرشی ئاژەڵە دڕندەکان.
قازە ماڵییەکان
- قازی تولوز: نەوەیەکی ڕەنگ ڕەساسییە و جووڵەی هێواشی هەیە و یەکێکە لە باوترین جۆرە ماڵیکراوەکان، ناوەکەی لە شاری تولوزی فەڕەنساوە هاتووە کە یەکەمجار تیایدا دۆزراوەتەوە و ئەم قازە جیاواز لە جۆرەکانی دیکە قەبارەی گەورەیە و جەستەیەکی پڕ و گۆشتنی هەیە، بەهۆیە ناتوانێت بە ئاسانی بفڕێت.
- قازی ئەفریقی: نەوە جیاوازەکانی قازە ئەفریقییەکان ناوی جیاوازیان لێنراوە، لەبەر ئەوەی بەهۆی کەشتییەوە ڕۆشتووە بۆ ئەمریکای باکوور و لەوێشەوە بۆ هەموو ناوچەکانی جیهان بڵاوبووەتەوە، بۆیە هەتا ئێستە نشینگە بنەڕەتییەکەی زانراو نییە و باوەڕ وایە کە ئەم جۆرە و قازە چینییەکانیش لە چەندین خاڵدا هاوشێوەن و لە ئەنجامی یەکگرتنی قازی کێوی و بجعی دروستبوون.
- قازی چینی: ئەم جۆرە ماڵییە لە بنەڕەتدا دروستکراوە بۆ ئەوەی قەبارەیەکی گەورەتری هەبێت لە نەوە کێوییەکانی، کێشی نێرینەکانی لە نێوان ٥-١٠ کگم دەبێت و مێینەکانیش ٤-٩ کگم دەبن، هەروەها ئەم قازە بە دوو ڕەنگی جیاواز هەیە کە ڕەساسی و سپییە، جیاوازیش لە نێوان نێرینە و مێینەکان هەبوونی ترۆپکێکە لەسەرەوەی دەنووکی نێرینەکان.