بورژوازی - Bourgeoisie

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-21-16:10:00 - کۆدی بابەت: 1549
بورژوازی - Bourgeoisie

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بورژوازی (بە عەرەبی: البرجوازیة، بە ئینگلیزی: bourgeoisie) زاراوایەکی فەڕەنسی سەدەی هەژدەمە، لەو کاتەوە بە شێوازێکی فراوان لە زانستی کۆمەڵناسیدا بەکاردەهێنرێت، کە واتای زاراوەکە بە واتای چینی ناوەڕاست یاخود چینی سەرمایەگوزار "کاپیتاڵیست" دێت. زاراوەی بورژوازی ناوەڕۆکی کتێب و نووسراوەکان و بیردۆزەکانی کاڕڵ ماڕکسە. لە نووسراوەکانی ماڕکسدا هاتووە "چینی بورژوازی خاوەنداریەتی چینی کرێکاران دەکەن". کە ئەو خاوەنداریەتییەش بەواتای ئەوە دێت کە بورژوازییەکان خاوەنی بەرهەمی چینی کرێکارانن لە خواردن و کێڵگە و بەرهەمەکانی کارگە و پێداویستییەکانی ڕۆژانەدا. کە لە کۆمەڵناسیدا بۆ ئەمەش زاراوەیەک هەیە "پڕۆلیتار"ی پێ دەگوترێت. 

مێژوو و بنەچەی بورژوازی

زاراوەی بورژوازی لە کۆمەڵگە نیشتەجێ بوونەکانی سەدەکانی ناوەڕاستەوە وەرگیراوە کە بە واتای شارۆچکە بە دیوار دەوردراوەکان دێت، کە چینی خانەدان و هەژارانی لێک جیادەکردەوە، لەو دیو دیوارەکانەوە خانەدانەکان دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکە گشتییەکەدا دەشکایەوە، ئەوان خەریکی کاری بازرگانی و گرێبەستی بازرگانی و خاوەنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان بوون، وەک ئاغا و دەرەبەگ ڕەفتاریان دەکرد و بەرهەمی جوتیاران و کرێکارانیان بۆ خۆیان قۆرخ دەکرد. هەروەها، بە زەبری هێز دەبوو خەڵکی گشتی ئەودیو دیوارەکان بەرهەمی فڵان خانەدان بکڕن و هیچ جێگرەوەیەک بۆ کاڵاکان نەبوو، کەسێکی نوێ ڕێگەی پێ نەدەدرا کاڵاکانی خۆی ساغ بکاتەوە. 

شۆڕشی پیشەسازی و گەشەسەندنی بورژوازیەت

شۆڕشی پیشەسازی کە لە ساڵی ١٧٦٥ لە بەڕیتانیا سەریهەڵدا، هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی بورژوازیەت بگاتە لوتکە، بەهۆی گەشەسەندنی پیشەسازی و بواری ژمێریاری و زیادبوونی کەسایەتی خاوەن سەرمایە، کە ئەم کەسایەتیانە کۆنتڕۆڵی بەرهەمهێنانیان دەکرد، هەر لەو سەردەمەدا بەپێی بیردۆزەکانی بەڕێوەبردن و کارگێڕی مۆدێلێک داڕێژرابوو (مرۆڤ = ئامێر) هەر چەند پارەی زیاتر بخەیتە ئەو ئامێرەوە ئاستی بەرهەمهێنان لە کارگەکاندا زیاتر دەکات. 

هەر لەبەر ئەم هۆیە چینی کرێکاران ڕووبەڕووی ناڕەحەتی زۆر بوونەوە، بە سەختی کاریان دەکرد تاوەکو دەستکەوتی زیاتریان هەبێت، بەڵام خاوەن سەرمایەکان هەر وەکو کۆیلە و بەردەست لێیان دەڕوانین. 

هەر لەو سەردەمەدا جیاوازییەکی زۆر لە شەقام و باڵەخانە و کۆڵانەکاندا دەبینرا، چینی سەرمایەگوزار (بورژاکان - کاپیتاڵیستەکان) لە خۆشترین جێگەی شاردا خانوویان هەبوو، لە باشترین خواردنگە نانیان دەخوارد، بەڵام خەڵکی کرێکار و ڕەش و ڕووت دەستەکانیان هەموو قڵیشاو و لە کۆڵانە تەسک و پیسەکاندا دەژیان کە هیچ خزمەتگوزارییەکیان تێدا نەبوو. ماڵەکانیان بێ گەرم کەرەوە و زۆر جاریش لە نەبوونی خانوو یان نەبوونی سەرمایە بۆ پێدانی کرێ، لەسەر شەقام دەخەوتن. 

ئابووری و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بورژوازی

تایبەتمەندی هەرە گرنگی ئەم زاراوەیە بریتییە لەوەی کەسی بورژواز خاوەنی سەرمایەیە و کۆنتڕۆڵی دەکات، وەک خاوەنی کارگە، زەوی، سەرچاوەی دارایی، هەروەها ئەو کەسانەی لە ژێر دەستی کەسی بورژاوز کار دەکەن، قازانجەکانیان بۆ چەند هێندە دەکەن و بۆیان زیاتر دەکەن لە ڕێگەی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان. 

لەلایەکی ترەوە بە واتای کۆنتڕۆڵ کردنی ئابووری دێت، چونکە کەسانی خاوەن سەرمایە بازرگانی دەکەن و کاڵا هەناردە و هاوردە دەکەن، ئەو کاڵایەی دەیخەنە بازاڕ لەسەر خەڵک پێویستە کە بیکڕن، ئەگەر نەیکڕن ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە و نانیان پێ نادرێت، چونکە سەرچاوەی داهات و بژێوی ژیانیان بورژوازییەکانن. 

لایەنی کۆمەڵایەتی چینی بورژوازی

لە تێڕوانینی کۆمەڵناسیانە دەردەکەوێت، کە چینی بورژوازی پەیوەستە بە کۆمەڵێک بابەت وەک شێوازی ژیان و بەهای کۆمەڵایەتی. وەک تیشک خستنە سەر سەرمایە و خانەدان بوون، دۆخی کۆمەڵایەتی، بەکاربردن، چینی بورژواژی پەیڕەوی لە تاک ڕەوی دەکەن، کە لە هەر زەوییەک بورژوازییەک بوونی هەبێت هەر خۆی خاوەنی دەسەڵاتە و کەسێکی تری تێدا جێگە نابێتەوه. بەڵام ڕکابەریش بوونی هەیە لە نێوان دوو کەسی بورژوازدا، بەتایبەت بۆ لایەنی کامیان زۆرترین داهاتی هەیە و گەورەترین خەزێنەی هەیە. 

ڕۆڵی بورژوازی لە کۆمەڵگەی سەرمایە گوزاریدا

بەپێی بیردۆزی مارکسییەکان، پێیان وایە بورژوازەکان حووکمی پارە و کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەکەن. وەک کۆنتڕۆڵ کردنی دەستی کار و ئاستی بەرهەمهێنان. مارکس دەڵێت: بورژوازەکان پارە وەکو چەمکی کۆنتڕۆڵ کردن بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی دەست بەسەر هێزی کاردا بگرن، ئەمەش جۆرێک لە ناسەقامگیری و نا یەکسانی ئابووری دروست دەکات.

بە پێی ئەم لێکدانەوەی مارکس بێت سەرمایەدارەکان هەنگاو دەنێن بەرەو دروستکردنی کەرتی تایبەت، کە تیایدا دەستی کار لە ڕێگەی گرێبەستەوە هەلی کاری پێدەدرێت، ئەگەر گرێبەستەکەی تەواو بوو بێکار دەمێنێتەوە. کەرتی تایبەت جۆرێک لە نایەکسانی لە کۆمەڵگە دروست دەکات، ئەوانەی بیانەوێت خێرا سەرمایە پێک بهێنن ڕوو لە کەرتی تایبەت دەکەن، ئەم کەرتە چینی کرێکار و هەژار ناگرێتەوە، هەر بۆ نموونە لە بواری پەروەردە و فێرکردن، کاتێک قوتابخانەیەکی ئەهلی دەکرێتەوە چەندەها خزمەتگوزاری ئاست بەرز بۆ خوێندکاران فەراهەم دەکرێت، بەڵام لە قوتابخانەیەکی حکوومیدا ڕەنگە ئەمانە نەبن چونکە خوێندن بە خۆڕاییە، بەڵام لە ئەهلییەکاندا فێرخواز پاره دەدات. 

کاریگەری بورژوازی لەسەر پەیوەندی چینەکانی کۆمەڵگە

پەیوەندی نێوان پڕۆلیتار و بورژوازی خاڵی سەرەکی شرۆڤە و هەڵسەنگاندنەکانی کاڕڵ مارکس بووە، مارکس ڕەخنە لە بەکارهێنانی چینی کرێکار لەلایەن بورژوازەکان دەگرێت، کە پێی وایە ئەم نایەکسانییە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەریەک کەوتنی نێوان چینی کرێکار و بورژوازدا. پڕۆلیتارەکان دەسەڵاتیان هاوبەشی پێدەکەن لەسەر چینی کرێکاران و لەگەڵ سەرمایەدارەکاندا کاردەکەن. کە ئەم جۆرە ڕەفتارە چینێک کە هەردەم خۆ بە گەورەزانە بەرامبەر کرێکار دروست دەکات.


سەرچاوەکان



1776 بینین