قوبرس

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-09-15-22:45:00 - کۆدی بابەت: 10270
قوبرس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قوبرس یان قوبڕس (بە ئینگلیزی: Cyprus، بە عەرەبی: قبرص) کە بە کۆماری قوبرس دەناسرێت. وڵاتێکی دوورگەییە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە باشووری نیمچەدوورگەی ئەنادۆڵ. لە ڕووی کیشوەرییەوە زۆرجار لە ڕۆژاوای ئاسیا دادەنرێت لە کاتێکدا پەیوەندی کولتووری و سیاسی لەگەڵ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپادا هەیە. دەکەوێتە باشووری تورکیا و ڕۆژهەڵاتی یۆنان و ڕۆژاوای سووریا. نیکۆسیا پایتەخت و گەورەترین شاریەتی.

پایتەخت نیکۆسیا
زمانە فەرمییەکان
نەتەوەکان
  • قوبرسییە یۆنانیەکان
  • قوبرسییە تورکەکان
  • قوبرسییە ئەرمەنییەکان
  • قوبرسییە مارۆنیتییەکان
ئایین
حکوومەت کۆماری یەکگرتووی سەرۆکایەتی
 
• سەرۆک
نیکۆس ئەناستاسیادێس
• سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران
ئانیتا دیمیتریۆ
دەسەڵاتی یاسادانان ئەنجوومەنی نوێنەران
GDP (PPP) ٤٣.٨٠٢ ملیار دۆلار
دراو یۆرۆ
کاتی ناوچەی جوگرافی UTC+2 (EET)
لایەنی لێخوڕین چەپ
کۆدی پەیوەندیکردن +٣٥٧

مێژوو

سەرەتاییترین چالاکیی مرۆڤی ناسراو لە دوورگەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری هەزارەی ١٠ی پێش زایین. شوێنەوارەکانی ئەم قۆناغە بریتین لە گوندی خیرۆکیتیای سەردەمی بەردینی نوێ. قوبرس شوێنی هەندێک لە کۆنترین بیرە ئاوییەکانی جیهانە. لە هەزارەی دووەمی پێش زایین بە دوو شەپۆل لەلایەن یۆنانییەکانی میسینەوە داگیر کرا و لەوێ نیشتەجێ بوون. وەک شوێنێکی ستراتیجی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، دواتر لەلایەن چەند زلهێزێکەوە داگیرکرا، لەوانە ئیمپراتۆریەتی ئاشوورییەکان و میسرییەکان و فارسەکان، لە ساڵی ٣٣٣ پێش زایین دوورگەکە لەلایەن ئەسکەندەری مەکدۆنییەوە دەستی بەسەردا گیرا. دواتر فەرمانڕەوایی میسری بەتلیمۆس، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی کلاسیک و ڕۆژهەڵات، خەلافەتەکانی عەرەب بۆ ماوەیەکی کورت، شانشینی لوسینانی فەرەنسی و ڤێنیزەکان بەدوایدا فەرمانڕەوایەتییان کردووە. دوای ئەوان زیاتر لە سێ سەدە حوکمڕانی عوسمانی لە نێوان ساڵانی ١٥٧١ بۆ ١٨٧٨ دەسەڵاتی گرتە دەست لە دوورگەکە. 

قوبرس لە ساڵی ١٨٧٨ بە پشتبەستن بە ڕێککەوتننامەی قوبرس خرایە ژێر دەسەڵاتی شانشینی یەکگرتوو و لە ساڵی ١٩١٤ بە فەرمی لەلایەن بەریتانیاوە داگیر کرا. ئاییندەی دوورگەکە بووە شوێنی ناکۆکی نێوان هەردوو پێکهاتەی نەتەوەیی دیار، قوبرسییەکانی یۆنانی کە لە ساڵی ١٩٦٠دا ٧٧%ی دانیشتووانیان پێکهێنابوو، هەروەها قوبرسییەکانی تورک کە ١٨%ی دانیشتووانەکەیان پێکدەهێنا. لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بەدواوە دانیشتووانی قوبرس یۆنانی بەدوای ئێنۆسیسدا دەگەڕان، واتە یەکگرتن لەگەڵ یۆنان، کە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا بوو بە سیاسەتێکی نیشتمانیی یۆنان. دانیشتووانی قوبرسی تورکیش لە سەرەتادا بانگەشەیان بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتی بەریتانیا دەکرد، دواتر داوای لکاندنی ئەو دوورگەیەیان بە تورکیاوە کرد و لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لەگەڵ تورکیادا سیاسەتی تەکسیم و دابەشکردنی قوبرس و دروستکردنی بەرەی باکووری قوبرسیان دەست پێکرد. دوای توندوتیژیی ناسیۆنالیستی لە ساڵانی ١٩٥٠دا، قوبرس لە ساڵی ١٩٦٠ سەربەخۆیی پێدرا. قەیرانی ساڵانی ١٩٦٣-١٩٦٤ توندوتیژی زیاتری لە نێوان ئەو دوو پێکهاتەدا هێنایە ئاراوە، زیاتر لە ٢٥ هەزار قوبرسی تورکی ئاوارە کرد بۆ ناو ئینکلاڤەکان و کۆتایی بە نوێنەرایەتی قوبرسی تورک لە کۆمارەکەدا هێنا.

لە ١٥ی تەممووزی ١٩٧٤دا کودەتایەک لەلایەن ناسیۆنالیستە یۆنانییەکانی قوبرس و یەکەکانی حوکمڕانی سەربازیی یۆنانەوە ئەنجامدرا وەک هەوڵێک بۆ ئینۆسیس. ئەم کارە بووە هۆی خێراکردنی داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر قوبرس لە ٢٠ی تەممووزدا، کە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی خاکی ئێستای باکووری قوبرس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٥٠ هەزار قوبرسی یۆنانی و ٥٠ هەزار قوبرسی تورک. بەهۆی ئەمەوە دەوڵەتێکی جیاوازی تورکی قوبرس لە باکوور بە ڕاگەیاندنی تاکلایەنە لە ساڵی ١٩٨٣ دامەزرا؛ ئەم هەنگاوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان شەرمەزارکرا و تەنیا تورکیا دانی بە دەوڵەتی نوێدا نا.

جوگرافیا

قوبرس دوورگەیەکە لە حەوزی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. دوای دوورگەکانی سیسیلیا و سەردینیای ئیتاڵیا، سێیەم گەورەترین دوورگەیە لە دەریای ناوەڕاستدا، هەروەها ٨٠هەمین دوورگەی گەورەیە لە جیهاندا لە ڕووی ڕووبەرەوە. دەکەوێتە باشووری نیمچەدوورگەی ئەنادۆڵ. چیای ترۆدۆس زۆربەی بەشەکانی باشوور و ڕۆژاوای دوورگەکە دەگرێتەوە و نزیکەی نیوەی ڕووبەرەکەی پێکدەهێنێت. زنجیرەی چیرێنیا بە درێژایی کەنارەکانی باکوور درێژ دەبێتەوە. بەرزییەکەی بەقەد چیای ترۆدۆس نییە و ڕووبەرێکی بەرچاو کەمتری داگیرکردووە.

لە ڕووی جیۆپۆلیتیکەوە دوورگەکە بەسەر چوار بەشدا دابەشکراوە. کۆماری قوبرس، تاکە حکوومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە، ٦٠%ی باشووری دوورگەکەی داگیرکردووە، و لە ١ی ئایاری ٢٠٠٤ـەوە وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە. کۆماری تورکی باکووری قوبرس، لەڕووی دیپلۆماسییەوە تەنیا لەلایەن تورکیاوە دانپێدانراوە، باکوور و یەک لەسەر سێی دوورگەکەی داگیرکردووە، کە نزیکەی ٣٦%ی خاکەکەیە. هێڵی سەوز کە لە ژێر کۆنترۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، ناوچەیەکی پارێزەرە کە ئەو دووانە لەیەک جیا دەکاتەوە و نزیکەی ٤٪ـی خاکەکەیە. هەریەک لە ناوچەکانی ئاکرۆتیری و دێکێلیا لە ژێر سەروەری بەریتانیادا دەمێننەوە بۆ مەبەستی سەربازی، کە ٢,٨%ـی دوورگەکە پێکدەهێنن.

ئابووری

ئابووریی قوبرس ئابوورییەکی داهات بەرزە بەپێی ئەوەی لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە پۆلێن کراوە، هەروەها لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە لە لیستی ئابوورییە پێشکەوتووەکانیدا لە ساڵی ٢٠٠١دا جێگیرکراوە. قوبرس لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨دا یۆرۆی وەک دراوی فەرمی خۆی وەرگرت و جێگەی دراوی قوبرسی گرتەوە. قەیرانی دارایی قوبرس لە ساڵی ٢٠١٢-٢٠١٣ کە بەشێکە لە قەیرانی قەرزی ئەورووپا، بووە هۆی تێکچوونی کاروباری ئابووریی ئەو وڵاتەدا. لە مانگی ئازاری ٢٠١٣، حکوومەتی قوبرس لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەی یۆرۆ گەیشتە ڕێککەوتن بۆ دامەزراندنی دووەم گەورەترین بانکی وڵاتەکە، بانکی گەلی قوبرس.

بەرهەمە سەرەکییەکانی کەرتی ئابووریی قوبرس بریتین لە ترێ، پەتاتە، دانەوێڵە، سەوزە، زەیتوون و گێزەر. ئەو ناوچەیەی کە لە ژێر داگیرکاریی تورکیادایە، بەشێکی زۆری میوەی لیمۆ، گەنم، جۆ، گێزەر، تووتن بەرهەم دەهێنێت. هەروەها ئاژەڵداری، بە تایبەت مەڕ، بزن، بەراز و پەلەوەر و بەرهەمە ئاژەڵییەکان نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی بەرهەمی دوورگەکە پێکدەهێنن. هەرچەندە دەوروبەری وڵاتەکە ئاوییە، بەڵام پیشەسازیی ماسی بەشێکی بچووکی ئابووری دەگرێتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئاوەکانی کەناراوەکان ماددە خۆراکییەکانیان کەمە. 

قوبرس سەردەمانێک بە دارستانە بەرفراوانەکانی بەناوبانگ بوو، بەڵام خواست لەسەر دار بۆ دروستکردنی کەشتی لەلایەن داگیرکەرانی یەک لە دوای یەک لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین بەدواوە و بڕینی بەرفراوان بۆ بیناسازی و بۆ سووتەمەنی زۆربەیانی پاککردۆتەوە.

دیمۆگرافی

لە ساڵی ٢٠٢٢ دانیشتووانی وڵاتەکە ١ ملیۆن و ٢٥١ هەزار کەسن. بەپێی کتێبی ڕاستییەکانی جیهانی CIA، لە ساڵی ٢٠٠١دا قوبرسییە یۆنانیەکان ٧٧%، قوبرسییە تورکەکان ١٨% و هەندێکی دیکەش ٥%ی دانیشتووانی قوبرسیان پێکهێناوە. 

قوبرس دوو زمانی فەرمی هەیە، یۆنانی و تورکی. زمانی عەرەبیی مارۆنی ئەرمەنی و قوبرسی وەک زمانی کەمینە ناسراوە. هەرچەندە پێگە فەرمییەکان ئاماژەی پێ نادەن، بەڵام زمانی ئینگلیزی بە شێوەیەکی بەرفراوان قسەی پێدەکرێت و بە شێوەیەکی بەرفراوان لەسەر تابلۆکانی ڕێگاوبان و ئاگادارییە گشتیەکان و لە ڕیکلامەکان دەردەکەوێت. 

زۆرینەی قوبرسییە یۆنانیەکان خۆیان بە مەسیحی دەناسێنن، بە تایبەتی ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی، لە کاتێکدا زۆربەی قوبرسییە تورکەکان پابەندی ئیسلامی سوننەن. بەپێی ئاماری یۆرۆبارۆمێتەر ٢٠٠٥، قوبرس دووەم دەوڵەتی ئایینی بووە لە یەکێتیی ئەورووپادا، لەدوای ماڵتا.


سەرچاوەکان

46 بینین