یۆرۆ

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-11-16:05:00 - کۆدی بابەت: 5837
یۆرۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یۆرۆ، یاخود ئۆرۆ یان ئێرۆ، بریتییە لە دراوی یەکگرتووی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، لە دوای دۆلاری ئەمریکییەوە دێت لە ڕووی گرنگییەوە لەسەر ئاستی دراوە جیهانییەکان، ئەم دراوە لەلایەن بانکی ناوەندی ئەوروپییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت کە بارەگاکەی لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیایە.

ئەمڕۆ یۆرۆ دراوی فەرمیی و کارپێکراوە لە 19 وڵات لە 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا، هەروەها لە شەش وڵاتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاش هەر بە فەرمی دادەنرێت.

لە سەرەتای ساڵی 1999ـوە مامەڵەکردن بە یۆرۆ لە بانکەکاندا دەستیپێکرد، لە سەرەتای 1/1/2002ــشەوە یۆرۆ جێگەی دراوەکانی ئەو وڵاتانەی گرتەوە کە ڕێککەوتبوون لەسەر جێبەجێکردنی بەکارهێنانی یۆرۆ، لەو کاتەشەوە ئەو وڵاتانەی ئەو بڕیارەیان داوە یۆرۆ بەکاردێنن، هەر یۆرۆیەک دابەشکراوە بۆ 100 سەنت.

یۆرۆ لە ساڵی 2008ـدا گەیشتە بەهایەکی مامەڵەکردنی پێوانەیی کە بریتی بوو لە 1.5990$ دۆلار بۆ هەر یۆرۆیەک، لە ساڵی 2002ـشدا نزمترین ئاستی خۆی تۆمار کرد کە بریتیبوو لە 0,8225 دۆلار بۆ هەر یۆرۆیەک.

مێژووی یۆرۆ

بیرۆکەی دراوێکی ئەوروپیی یەکگرتوو هێندەی خودی یەکێتیی ئەورووپا تەمەنی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی کرداری جێبەجێکردنی لە ساڵی 1970ـوە دەستیپێکرد، لە ڕێگەی پلانی ڤێرنەر کە سەرۆک وەزیرانی لۆکسمبۆرگ ''پیێر فێرنەر'' پێشکەشی کرد، ئەم پلانەی ئەو ڕیشە و سەرەتای یەکگرتنی ئابووری و دراوی ئەوروپی بوو.

ئەم پلانە هیوای وابوو دراوێکی یەکگرتووی ئەوروپی لە ساڵی 1980 بەکاربێت، بەڵام هەر زوو ئەم بیرۆکەیە کۆتایی پێهێنرا و یەکێتی مامەڵەی دراوی ئەوروپی لە ساڵی 1972 جێگەی گرتەوە، پاشان لە ساڵی 1979 سیستمی کاشی ئەوروپی دانرا.

ئامانجی سیستمی کاشی ئەوروپی بریتیبوو لە پارێزگاریکردن لە سەقامگیریی دراوە خۆجێییەکان، بۆ بەدیهێنانی ئەمەش دراوێکی ڕووکەش دروستکرا بۆ هەژمارکردنی گۆڕینی دراوەکان و ناویان لێنا ئیکو (ECU)، ئەم دراوە دەکرێت پێی بوترێت دراوی یەکگرتووی ئەورووپا پێش یۆرۆ.

لە ساڵی 1988 لیژنەی ئەوروپی بە سەرکردایەتی جاک دیلۆرس بڕیاری دیلۆرس درا، ئەم ڕەشنووسە بنەمای جێبەجێکردنی دانانی دراوێکی ئەوروپیی یەکگرتوو بوو کە لە سێ قۆناغ پێکهاتبوو.

  • قۆناغی یەکەم: یۆرۆ لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکەوە لە ساڵی 1990ـدا دروستکرا کە ڕێگەی بە گواستنەوەی سەرمایە دەدا لە نێوان وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا.
  • قۆناغی دووەم: ئەم قۆناغە لە ساڵی 1994ـدا دەستیپێکرد، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی ''دامەزراوەی کاشی ئەوروپی'' کە لە پێش بانکی ناوەندی ئەورووپا دروستکرا، لە 16/12/1995ـدا هەمووان لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە دراوە نوێیەکە ناوی لێبنرێت یۆرۆ ''Euro''، لە 13/12/1996ـدا وەزیرەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر پەیماننامەی پارێزگاریکردن لە سەقامگیریی یۆرۆ ڕێککەوتن، کە لە دەقەکانیدا هاتبوو کە دەبێت وڵاتانی ئەندام هاوسەنگیی ئابوورییە خۆجێییەکانیان بپارێزن و بەم پێیەش نرخی ئاڵوگۆڕی یۆرۆ سەقامگیر دەبێت.
  • قۆناغی سێیەم: ئەم قۆناغە بە بەستنی کۆنگرەی ئەوروپی لە ڕۆژەکانی 1-3 ـی ئایاری 1998 دەستیپێکرد و ڕێکەوتن لەسەر کۆمەڵە خاڵێکی نوێ، گرنگترین ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێککەوتن بریتیبوون لە دیاریکردنی ئەو وڵاتانەی کە یۆرۆ دەکەنە دراوی فەرمی و بەکاری دێنن و بەشدار دەبن لە دراو و ئابوورییە یەکگرتووەکەدا.

پێشوازیکردن لە یۆرۆ

پێشوازی جەماوەر لە یۆرۆ لە نێوان وڵاتاندا جیاوازی هەبوو، بۆ نموونە لەو وڵاتانەی کە بەهای دراوەکەیان لاواز بوو وەک ئیتاڵیا و یۆنان، یۆرۆ پێشوازییەکی فراوانتری لێکرا، بەڵام لەو وڵاتانەی کە خۆیان ئابووری و دراویان بەهێز بوو بەو شێوەیە نەبوو وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا.

لە کاتی هاتنی یۆرۆدا جۆرە هەستێک هەبوو کە یۆرۆ گرانی نرخەکان لەگەڵ خۆی دێنێت بەهۆی بەرزیی بەهای دراوەکەوە، لە بوارە نێودەوڵەتییەکانی وەک سەفەرکردن و گەشتوگوزاردا یۆرۆ پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکرا لە نێو گەشتیاراندا، لەبەر ئەوەی کاری گۆڕینەوەی دراوی لەسەر نەهێشتن و ئاسانکاریش بوو لە تێگەیشتن لە نرخی شوێنە گەشتیارییەکان و کردارەکانی پارەداندا.


سەرچاوەکان



2288 بینین