ناوهڕۆك
سەرەتا
زنجیرەیەک ڕووداوی خەمناک (بە ئینگلیزی: A Series of Unfortunate Events، بە عەرەبی: سلسلة من الأحداث المؤسفة) بریتییە لە زنجیرەیەک کتێب کە ژمارەیان سێزدە کتێبە لەلایەن لێمۆنی سنیکت نووسراوە، ئەمەش ناوێکی خوازراوە بۆ دانیاڵ هاندڵێر.
زنجیرە کتێبەکە باسی ژیانی سێ منداڵی بێچارەی بێ دایک و باوک دەکات بە ناوەکانی ڤایۆلێت، کڵاوس و سەننی کە ناوی خێزانەکەیان بەودەڵێرە. ئەم سێ منداڵە هەوڵدەدەن کە لەگەڵ ژیانی سەختیان هەڵبکەن، لە کاتێکدا کاونت ئۆلاف و هاوکارەکانی دەیانەوێت ئەو سامانە بدزن کە ئەم منداڵانە بۆیان بەجێماوە لەلایەن دایک و باوکیانەوە.
کتێبەکان لەماوەی ساڵی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٦ بڵاوکراونەتەوە لەلایەن چاپخانەکانی هارپەرکۆڵینز لە باکوری ئەمریکا و لە ئێگمۆنت لە شانشینی یەکگرتوو. کتێبەکان بە نزیکەیی ٦٠ ملیۆن دانەیان لێفرۆشراوە و بۆ ٤١ زمان وەرگێڕدراون. کتێبەکان کراون بە چەندین بەرهەمی جیاوازەوە لەوانە: کتێبی دەنگی، یاری ئەلیکترۆنی، فیلم و زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی.
ژانر
هەرچەندە ئەم زنجیرە کتێبە بە کتێبی منداڵان پۆلێن دەکرێت بەڵام بۆ نەوجوانان، تازەپێگەیشتووان، گەنج و پیریش گونجاوە. ئەوانیش دەتوانن چێژی لێببینن هەروەکو چۆن زنجیرەی هاری پۆتەر بۆ هەمووان گونجاوە. زنجیرەکە هەندێک ئاڵۆزی تێدایە لە پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکان کە هەندێک جار خوێنەر درەنگتر لێیان تێدەگات. زنجیرەکە بە ئەدەبی منداڵان دادەنرێت کە تیشک دەخاتەسەر ناخۆشێکانی سەردەمی منداڵی. لەهەمان کاتدا هەندێ ناوەڕۆکی تێدایە کە بابەتی گەورەن و کاری ئەکتەری گەورەن لەوانەش: مردنی خەڵک بە ئاگر، ژەهراوی بوون، نقووم بوون لە گۆمدا و خوران لەلایەن زالوو و شێرەوە. لێمۆنی سنیکت وشە و دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی بەکارهێناوە. ئەکتەری پاڵەوانی کتێبەکە بەشێوەی کەسێکی زۆر زیرەک دانراوە کە زۆرجار ئەکتەرە پێگەیشتووەکان تووشی سەرسوڕمان دەکات. ڕاستە کە کتێبەکە بەزۆری تراژیدییە بەڵام چەندین ڕووداوی بەزمەساتی تێدایە بەهۆی هونەری بەکارهێنانی زمانەوە زنجیرەکەیان خۆش کردووە دەشکرێت ژانری زنجیرەکە بە کۆمیدیای ڕەش دابنرێت.
پڵۆت
زنجیرەیەک ڕووداوی خەمناک بەنزیکەیی خۆی لەسەدەی بیستەمدا دەبینێتەوە کە داهێنانی تازە و کۆنەشی تێدایە. تەکنەلۆجیای زۆری تێدا بەکارھاتووە لەوانەش: هێلیکۆپتەر، ئۆتۆمۆبیل، مایکرۆفۆن و کۆمپوتەری پێشکەوتوو. ئەم داهێنانەش کە دەردەکەوێت پیشانیدەدەن سەردەمەکە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازییە. لەگەڵ ئەوەشدا، سێ منداڵەکە جل و بەرگیان وەکو جلوبەرگی سەردەمی ڤیکتۆریایە.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بەکارهێنراون لە زنجیرەکە هەندێک ئاڵۆزی لای خوێنەر دروست دەکەن، بۆ نموونە لەکۆتایی کتێبی یەکەمدا مستەر پۆو وادەردەکەوێت کە ئۆتۆمۆبیلی ڕۆیاڵ مۆدێلی ١٩١٠ لێدەخوڕێت بەڵام کاونت ئۆلاف ئۆتۆمۆبیلێکی ساڵەکانی ١٩٨٠ لێدەخوڕێت. شوێنی ڕووداوەکان دیاریکراو نین و هەر کتێبێک و باس لە شوێنێکی جیاواز دەکات وەکو: نزیک دەریاچە، قوتابخانە، ناوجەرگەی شار، ناوچەی شاخاوی، هۆتێل، دارستان و شاری یاری.
زنجیرەکە چەندین لایەنی فرە کولتووری دەردەخات لەڕووی خەڵک، شوێن و خواردنەوە. بۆنموونە ئاماژەدراوە بە ووڵاتی پیرۆ لە کتێبی دووەم، لە کتێبی شەشەمدا باسی خواردنگەیەکی ڤێتنامی کراوە، هێکتۆر ڕەنگە بە نەتەوە ئیسپانی بێت و خواردنی مەکسیکی دروست دەکات لە کتێبی حەوتەم، لەکتێبی دوازدەیشدا چێشتخانەیەکی هیندی باسکراوە. چەندین دابوونەریت و ئایینی جیاوازیش خراونەتە ڕوو.
زنجیرەکە سەرنج دەخاتە سەر سێ ئەکتەری سەرکی کە ئەوانیش لەسەر ڤایۆلێت و کڵاوس و سەنین. ڤایۆلێت بەهرەی داهێنانی هەیە و مێشکی میکانیکییە، کڵاوس لە خوێندنەوەدا بەتوانایە و سەنی بەهرەی گازگرتنی هەیە، هەرچەندە دواتر دەردەکەوێت کە لە چێشتلێنانیشدا شارەزایی هەیە. لە زنجیرەکەدا بە منداڵی زۆر زیرەک وێنا دەکرێن، بەڵام "سەروو مرۆڤ" نین و کەموکوڕی خۆیان هەیە. بۆ نموونە ڤایۆلێت شتی زۆر سادە نازانێت چییە وەکو زالوو و زەلکاو، کڵاوس هەندێکجار توندی دەنوێنێت و ئارامی خۆی لەدەست دەدات، هەرچەندە کەسێکی خوێنەرە بەڵام نازانێت وشەی "بیانی" واتای چییە. دەتوانین بڵێین سەنی تا ڕادەیەک هەندێک تایبەتمەندی نامۆی هەیە چونکە ئەو لە خوشک و براکەی بچووکترە و بەڵام دەتوانێت بە ددان ڕەقترین کەرەستە ورد بکات.
تەنانەت دەتوانێت بە ددان قورسایی بەرز بکاتەوە. جگە لەم لایەنانەیان، هەندێکجاریش بە منداڵی خراپ دادەنرێن لەلایەن کاونت ئۆلافەوە لەبەرئەوەی گەلەیی دەکەن لەو جێگەیەی کە بۆیانی دابین کردووە. بەڵام مافی خۆشیانە چونکە کاونت ئۆلاف کاری زۆر قورسی پێدەکردن و وەکو کۆیلە سەیری دەکردن.
ئەوان ژیانیان بەرەو بەدبەختی دەگۆڕێت کاتێک دایک و باوکیان لە ئاگرێکدا لەناودەچن کە هەموو ماڵەکەیان وێران دەکات، دەچنە سەر ژیانێکی پڕلە خەم، فشار، بەدبەختی، نەهامەتی و ئازار.
ئەم منداڵانە دوای تیاچوونی دایک و باوکیان لە ئاگرەکەدا دەهێنرێنە لایە کاونت ئۆلاف کە کەسێکی خراپە و بەدوای سامانەکەیانەوەیە. بەپێی یاسای ئەو سەردەمەش ناتوانرێت ئەو سامانە دەستکاری بکرێت هەتاوەکو ڤایۆڵێت نەبێت بە هەژدە ساڵ. کاونت ئۆلافیش بڕیاری داوە سامانەکەیان بدزێت و هەرسێکیان بکوژێت دوای ئەوەی ڤایۆڵێت دەبێت بە ١٨. حەوت کتێبی یەک لەدوای یەکیان هەمان شێوازی گێڕانەوەیان هەیە کە منداڵەکان بەشێوەیەکی بەردەوام هەرجارە و دەنێردرێن بۆلای کەسێک تاوەکو پارێزگاریان لێبکات بەڵام کاونت ئۆلاف هەمیشە بەدوایانەوەیە و سوێندی خواردوە بۆهەر شوێنێک بچن ئەم منداڵانە ئەویش دوایان بکەوێت و وازیان لێنەهێنێت. بەڵام لەکۆتایی کتێبی حەوتەمدا شێوازی چیرۆکەکە دەگۆڕێت چونکە منداڵەکان تاوانبار دەکرێت بە کوشتن، بۆیە ئینجا لەدەستی کاونت ئۆلاف و پۆلیسیش دەبێت هەڵبێن. منداڵەکان ئەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەم ژیانە سەختە بکەن و خۆ ڕزگار بکەن لەدەستی کاونت ئۆلاف و پیاوەکانی. کێشە سەرەکێکەیان ئەوەیە کە کەم کەس بڕوایان پێدەکات کە لەمەترسیدان و هەرجارێک ئەچنە شوێنێک کاونت ئۆلاف دەردەکەوێت و سەروسیمای خۆی دەگۆڕێت، خەڵکیش نازانن کە ئەمە کاونت ئۆلافە و دوای ئەم منداڵانە کەوتووە بۆئەوەی سامانەکەیان ببات.
زۆربەی کارەکتەرەکانی ناو کتێبەکە خاڵی نەرێنیان زۆرە وەکو: گەمژەیی، گەندەڵی، خۆبەزلزانی، ئیرەیی، بێخەمی، سایکۆپاسی، تێنەگەشتوویی و شوێنکەوتنی کوێرانەی یاسا. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خەڵکێکی زۆر ناتوانن بیرکردنەوەی سەربەخۆی خۆیان هەبێت. تەنانەت ئەگەر خەڵکی باشیش لە کتێبەکە هەبێت وەکو خاڵیان مۆنتی ئەوا هەر زوو دەمرێت و لەژیانیان نامێنێت. زنجیرەکە باسی هەندێک بابەت دەکات لەبارەی سایکۆلۆجیای منداڵەوە کەچۆن ئەم سێ منداڵە لەلایەن کچێکی هاوتەمەنیانەوە گاڵتەیان پێدەکرێت، یاخوود چۆن لە قوتابخانە بووڵی دەکرێن.
بابەتی تایبەت بە پێگەیشتووان
جیا لەوەی کە کتێبەکە بە بابەتی منداڵانە دادەنرێت بەڵام بابەتی زۆری تێدایە کە پەیوەندی بە خەڵکی پێگەیشتووەوە هەیە. لێمۆنی سنیکت لەسەرەتای هەموو کتێبێکی ئەم زنجیرەیەدا دەنووسێت "ژیانی ئەم سێ منداڵە پڕە لە خەم و پەژارە، هیچ خۆشییەک لەسەرەتا و کۆتایی ئەم کتێبەدا نییە، و خۆشییەکی کەمیش هەیە لە ناوەڕاستیدا".
لێمۆنی سنیکت دەڵێت من بۆیە ئەم بەرهەمەم نووسی بۆئەوەی دەریبخەم کە چیرۆکی منداڵان هەمیشە بە خۆشی کۆتایی نایات و ناشکرێت ئێمە منداڵان هەڵبخەڵەتێنین و هەمیشە خۆشیان نیشان بدەین و وێنایەکی ناراستی لە بیروهۆشی منداڵدا دروست بکەین. بەڵکو هەندێکجار پێویست ئەکات ژیانی تاڵ و ناخۆشیش پیشان بدەین.
هیچ چاودێرییەکی تەمەن نییە لەسەر کتێبەکە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی تەمەنی هەشت، نۆ، دە و سەرووی دە گونجاوە بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە بەڵام دایک و باوکیش هەبووە کە چیرۆکەکەیان خوێندووەتەوە بۆ منداڵی تەمەن شەش ساڵ، چونکە پێگەشتن منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر دەگۆڕێت.
پێزانین
کتێبی زنجیرەیەک ڕوودوای خەمناک فیدباکی ئەرێنی هەبووە کە ئەوکەسانەی لێدوانیان لەسەرداوە وتویانە کتێبێکی خۆشە و گەورە و بچووک چێژی لێدەبینێت. زیاد لە ٦٠ ملیۆن دانەی لێفرۆشراوە و بۆ ٤١ زمان وەرگێڕدراوە. شایەنی باسیشە لە هەندێک لە قوتابخانەکان وەکو وانە دەخوێندرێت.