مەزرای ئاژەڵان 

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-07-12-22:53:00 - کۆدی بابەت: 9373
مەزرای ئاژەڵان 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

مەزرای ئاژەڵان کورتە ڕۆمانێکە لە چیرۆکێکی گاڵتەجاڕیی سیاسیی پێکهاتووە و لەلایەن جۆرج ئۆڕوێڵ (George Orwell)ـەوە نووسراوە، بۆ یەکەمین جار لە ١٧ـی ئابی ١٩٤٥ بڵاوکراوەتەوە. ئەم ڕۆمانە باس لە کۆمەڵێک ئاژەڵی نێو مەزرایەک دەکات کە لە دژی خاوەنی مەزراکەیان یاخیبوون بەرپا دەکەن، بەمەبەستی دروستکردنی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا هەمووان یەکسان و دڵخۆش و ئازادبن. لەکۆتاییدا کۆمەڵێکیان لەژێر دەستی سەرۆکێکی دیکتاتۆر و زۆردار بەناوی (ناپلیۆن بە ئینگلیزی: Napoleon) خیانەت لە یاخیبوونەکەیان دەکەن و باروودۆخی مەزراکە بەرەو خراپتر دەبەن.

ناوەڕۆک

مەزرای ئاژەڵان ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانی پێش شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٧ و سەردەمی ستالینی یەکێتیی سۆڤیەتە. ئۆروێڵ، سۆسیالیستێکی دیموکراتی و ڕەخنەگری جۆزێف ستالین بووە و دوژمنایەتی ستالینیزمی ئاڕاستەکراوی مۆسکۆی کردووە و لەم ڕۆمانەدا بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە و چەپەڵانە باسی یەکێتیی سۆڤیەتی کردووە.
ئۆروێڵ لە نامەیەکیدا کە بۆ ئیڤۆن داڤێت (Yvonne Davet)ـی نووسیوە، مەزرای ئاژەڵانی وەک چیرۆکێکی تەنزئامێز لە دژی ستالین وەسف کردووە و هاوکات لە وتارێکیدا بەناوی "بۆچی دەنووسم بە ئینگلیزی: Why I Write) لە ساڵی ١٩٤٦ـدا ئاماژەی بەوە داوە کە مەزرای ئاژەڵان یەکەم کتێب بووە بە هەموو بیرییەوە هەوڵیداوە تێیدا مەبەستی سیاسی و هونەری تێکەڵ بە یەکتر بکات و کۆیان بکاتەوە. مەزرای ئاژەڵان یەکێتیی سۆڤیەتی بە شێوەیەکی پێکەنینئامێز و گاڵتەجارانە باس کردووە.

کەسایەتییەکان

  1. مەیجەری پیر (Old Major): بەرازێکی پیرە باسی خراپییەکانی مرۆڤ دەکات و ئاژەڵەکان هاندەدات بۆ یاخیبوون هاوکات خاوەنی فەلسەفە و ڕێبازی ئەنیماڵیزمە کە سەبارەت بە ستەمکاری مرۆڤەکانە لەگەڵ ئەوەشدا سروودی (ئاژەڵانی ئینگلتەرا بە ئینگلیزی: Beasts of England) فێری ئاژەڵەکان دەکات.
  2. سنۆوبۆڵ (Snowball): بەرازێکە کە دەبێتە یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردەکانی ئەو یاخیبوونەی ئاژەڵەکان ئەنجامی دەدەن. لەکۆتاییدا، دوای کێشانی نەخشەیەکی ئاڵۆز لە پێناو دروستکردنی ئاشەبایەک بۆ خزمەتی ئاژەڵەکان، لەلایەن سەگەکانی ناپلیۆن بۆ هەمیشە ڕاوەدونان دەکرێ. هاوکات وەک تاوانبار و قوربانییەک هەمیشە کارە خراپەکان بۆ ئەو دەگەڕێننەوە و لۆمەی ئەو دەکەن.
  3. سکویڵەڕ (Squealer): بەرازێکە کە وەک دەمڕاست و وتاربێژی ناپلیۆن ڕۆڵدەبینێت. بەدرێژایی ڕۆمانەکە بۆ گۆڕینی بیری ئاژەڵەکان لەسەر بارودۆخەکان هەموو توانای خۆی دەخاتەگەڕ و هاوکات توانایەکی باشی هەیە لەوەی وا لە ئاژەڵەکان بکات باوەڕ بە قسەکانی بکەن.
  4. ناپلیۆن (Napoleon): ئەو بەرازەیە کە هاوشانی سنۆوبۆڵ سەرکردایەتی کرداری یاخیبوونی ئاژەڵەکان دەکات لەبەرانبەر جۆنسی خاوەن مەزرای ماینەر. ناپلیۆن ڕاستەوخۆ دوای سەرکەوتنی یاخیبوونەکەیان بەشێوەیەکی ڕێکخراو و نەخشە بۆداڕێژراو هەموو کایەکانی مەزراکە دەخاتە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی خۆیەوە و دەبێتە سەرۆکێکی ستەمکار بەجۆرێک هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ ناکرێت.
  5. بۆکسەر (Boxer): ئەسپێکی خۆبەختکار و لەهەمان کاتدا گەمژە و ساویلکەیە کە هەموو ئامانجەکانی بریتین لەوەی بە زووترین کات ئاشەباکە دروستبکرێت لەگەڵ هەوڵدان بۆ گوێڕایەڵی کردنی ناپلیۆن لەهەموو بارودۆخێکدا. لە کۆتاییدا بەهۆی ماندووبوونە لەڕادەبەدەرەکەیەوە بەرازەکان لەبەرانبەر بڕێک پارەدا دەستبەرداری دەبن و لە عەرەبانەیەکی کەتیرە فرۆشتندا دەیگوازنەوە.
  6. مۆڵی (Mollie): ئەسپێکی مێینەی لەخۆباییە کە پێی وایە هەبوونی شەکر و قردێلەکانی کە بۆ جوانکاری بەکاریدەهێنێ زۆر گرنگترن لە کرداری یاخیبوونیان دژی جۆنس. دواجار لەلایەن خاوەن مەزراکانی دراوسێیانەوە بە بیانووی دابینکردنی ژیانێکی باشتر فریو دەدرێ.
  7. کڵۆڤەر (Clover): مایینێکی بەهێزە کە بەبێدەنگی گومان و پرسیار لە بڕیارەکانی ناپلیۆن دەکات و دوای هەستکردن بە لاوازبوونی بۆکسەر هەڵدەستێت بە یارمەتیدان و هاوکاریکردنی.
  8. بێنجەمین (Benjamin): گوێدرێژێکی گاڵتەجاڕی ڕەشبینی پیرە کە نەدڵخۆش نەدڵگران دەبێت بە کرداری یاخیبوونەکە و وەک ئاژەڵەکانی تر فریوی بانگەشەکانی ناپلیۆن ناخوات. هاوکات هەمیشە دەڵێت “گوێدرێژەکان تەمەنێکی درێژ دەژین بەجۆرێک هیچ یەکێک لە ئێوە مەرگی گوێدرێژێکتان نەبینیووە”.
  9. مۆزس (Moses): قەلەڕەشێکی ماڵییە و سیخوڕ و قسەبەری بەڕێز جۆنسە. بڵاوکەرەوەی ئەفسانە و پڕوپاگەندەی بێمانایە و چیرۆک دەربارەی شارێکی نهێنی دەگێڕێتەوە کە ناوی ناوە “کێوی نەبات” و دەڵێت کە لەوێ هەر حەوت ڕۆژەکەی هەفتە شەممەیە واتا پشووە، لەگەڵ ئەوەشدا قسەزانێکی لێهاتووشە.
  10. بلوبێڵ و جێسی و پینچەر (Bluebell, Jessie, and Pincher): سێ سەگی ناو ڕۆمانەکەن. جێسی و بلوبێڵ نۆ توتکە سەگیان دەبێت و ناپلیۆن دەیانبات و بە نهێنی بەخێویان دەکات تاوەکوو بیانکات بە پاسەوانی خۆی.
  11. بەڕێز جۆنس (Mr. Jones): خاوەنی مەزرای ماینەرە و پیاوێکی هەمیشە سەرخۆشە کە لەلایەن ئاژەڵەکانییەوە لە مەزراکە دەردەکرێت. لەکۆتاییدا دوای لەدەستدانی هیواکانی بۆ بەدەستهێنانەوەی مەزراکەی لە مەیخانەیەکدا دەمرێت.
  12. خاتوو جۆنس (Mrs.Jones): هاوژینی بەڕێز جۆنسە و لەکاتی یاخیبوونی ئاژەڵەکاندا لە مەزراکە هەڵدێت.
  13. بەڕێز ویمپەر (Mr.Whymper): پارێزەرێکە لەلایەن ناپلیۆنەوە بەکرێ گیراوە بۆ ئەوەی وەکوو ناوەندێکی بازرگانی لەنێوان مەزرای ئاژەڵان و مەزراکانی دراوسێیاندا کار بکات.
  14. بەڕێز پیڵکینگتن (Mr.Pilkington): خاوەنی مەزرای فۆکسوودە کە مەزرایەکی پشتگوێخراوە. لەکۆتاییدا بەشێک لە زەوییەکانی بە ناپلیۆن دەفرۆشێت.
  15. بەڕێز فریدریک (Mr.Frederick): کەسێکی سەرسەختە خاوەنی مەزرای پینچفیڵدە کە مەزرایەکی تری دراوسێی مەزرای ئاژەڵانە. فریدریک لە کۆتاییدا فێڵ لە ناپلیۆن دەکات و داری لێ دەکڕێت بە پارەی ساختە دواتر هەوڵدەدات هێرش بکات و دەست بەسەر مەزرای ئاژەڵاندا بگرێت بەڵام شکست دەهێنێت.  
  16. مینیمەس (Minimus): ئەو بەرازە هۆنراوەنووسەیە کە بەیتێک لەسەر ناپلیۆن دەنووسێت بەناوی (مەزرای ئاژەڵان، مەزرای ئاژەڵان لە سایەم هەرگیز پێتناگات زیان) لەجێی هۆنراوەکەی (ئاژەڵانی ئینگلتەرا) کە مەیجەری پیر داینابوو.
  17. موڕێڵ (Muriel): بزنێکی سپییە کە هەرکاتێک کڵۆڤەر گومانی لە شکاندنی یاساکان هەبێت ئەو دووبارە یاساکانی بۆ دەخوێنێتەوە.

کەسایەتییەکان و هاوشێوەکانیان لە ڕاستیدا

  1. بەڕێز جۆنس: هێمایە بۆ سزار (تزار) نیکۆلاسی دووەم (Czar Nicholas II) کە پێش ستالین دەستبەرکار بوو.
    جۆنس نیشاندەری فەرمانڕەوایەتی و حکوومەتی بەر لە ستالین و ساتەوەختی کەوتنی سزاری دووەمە.
  2. مەیجەری پیر: هێمایە بۆ گەورە فەیلەسووفی ئەڵمانی کاڕڵ مارکس (Karl Marx) خاوەنی بیردۆزی مۆدێرن سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمە. ڕەنگە مەبەستی ئۆروێڵ لێرەدا ئەوەبێت کە بیەوێت پەردە لەسەر کەسایەتیی ستالین کە زۆرێک پێیان وابووە بە تەواوی سیاسەت و تیۆریی کۆمەڵایەتی مارکسی پشتگوێ خستووە، هەڵماڵێت. بە پشتبەستن بە کەسایەتیی ساکاری مەیجەری پیر، ئۆروێڵ پێمان دەڵێت کە هیچ کۆمەڵگەیەکی بێخەوش بوونی نییە، هەرگیز ڕێی تێناچێت شارستانییەتێکی کۆمەڵایەتیی بێخەوش بەرهەمبهێنرێت و هیچ ڕێگەیەکیش نییە تاوەکوو مرۆڤ خۆی لە چڕنووکی چەپەڵی سەرمایەداری پێ ڕزگار بکات (ئەم کاریگەرییەش بە شێوەیەکی زەقتر لە کاتی باڵادەستبوونی ناپلیۆندا دەردەکەوێت) و هەر ئەوەندەی ناپلیۆن و سکویڵەر دەستبەکار دەبن، کاریگەریی مەیجەری پیر زیاتر و زیاتر لە مێشکی ئاژەڵەکاندا دەسڕێتەوە.
  3. خەوەکەی مەیجەری پیر: هێمایە بۆ کۆمۆنیست مانیفێستی مارکس.
  4. مۆزس: هێما و تێڕوانینی ئۆروێڵی نووسەرە بۆ کڵێسا و ئایین. بە بیروبۆچوونی ئۆروێڵ، کڵێسا تەنیا کەرەستەیەکە کە لەلایەن دیکتاتۆرەکانەوە بەکاربراوە تاوەکوو بەردەوام چینی کرێکاری پێبخەڵەتێنن و لە کارکردنی بەردەوامدا بیانهێڵنەوە و هیوای ساختەیان پێ ببەخشن. نووسەر مۆزسی بەکارهێناوە تاکوو ڕەخنە لە بیروڕاکانی مارکس سەبارەت بە کڵێسا بگرێت، کە باوەڕی وابوو پاش یاخیبوون کڵێسا هیچ شوێنەوارێکی نامێنێت و دەسەڵاتی ناگەڕێتەوە.
  5. سنۆوبۆڵ: وەک هێمایەک بۆ لیۆن ترۆتسکیی (Leon Trotky) ڕکابەری ستالین لە ڕووسیا، دانراوە.
    ترۆتسکی بە هەمان شێوەی سنۆوبۆڵ کە لە مەزراکە دەرکرا، لە ڕووسیا بۆ مەکسیک دەرکراوە و لەوێ وتاری دژ بە ستالین داوە، ستالین زۆر لە ترۆتسکی دەترسا لەوەی کە بەدەستی شوێنکەوتووانی ترۆتسکی بکوژرێت، بەم جۆرە دیکتاتۆرەکەی ڕووسیا (ستالین) هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ تاوەکوو ترۆتسکی بکوژێت چونکە خەیاڵی مانەوەی لەسەر دەسەڵات خراپ لەنێو کەللەی پیاوێکی دەمارگیر و توندوتیژی وەک ستالین ڕەگی داکوتیبوو.
    دواجار ترۆتسکی لەلایەن هێزی ناوخۆی ڕووسیاوە (NKVD) کە ڕێکخراوێکی سەرەتایی (دەزگای هەواڵگریی سۆڤیەت بە ئینگلیزی: KGB) بوو لە مەکسیک کوژرا، پاچێک لە سەری درابوو و لاشەکەی لەناو تەلارێکدا دۆزرایەوە.
  6. ناپلیۆن: وەک هێمایەک بۆ جۆزێف ستالین (Josef Stalin) دانراوە و نیشاندەری خاڵە لاوازەکانی مرۆڤە لەهەموو شۆڕشەکاندا. ئۆروێڵی نووسەر باوەڕی وابووە کە هەرچەند سۆسیالیزم سیستم و بەرنامەیەکی باش بێت، بەڵام هەرگیز بەبۆنەی خووە سروشتییە خراپە جڵەونەگیراوەکانی مرۆڤەوە ناچەسپێت. 
    ناپلیۆنیش هاوشێوەی ستالین دیکتاتۆرێکی دڵڕەق بوو، پاش ئەوەی لە ئیمپڕاتۆرییەتەکەی خۆیدا گومانی لە چەند کەسێک کرد لەوەی یارمەتیدەر و هاوپەیمانی سنۆوبۆڵ بن، بێ چەند و چۆن زۆرینەیانی کوشت.
  7. بۆکسەرو کڵۆڤەر: وەک هێمایەک بۆ چینی پڕۆلیتار یان ئەو چینە بێبەهرە و نەشارەزا ڕەنجەدەرە دانراوە کە ئەوکات لە ڕووسیادا هەبووە. ئەم چینە نزمەش بە تەواوی ملیان بۆ ستالین دادابوو چونکە پێیان وابوو قازانجێکی زیاتریان لە سیستمەکەی ستالین دەست دەکەوێت. 
    ئۆروێڵ دەڵێت: ”هەردوو ئەسپی عەرەبانەکە، بۆکسەر و کڵۆڤەر، گوێڕایەڵترین و دڵسۆزترین شوێنکەوتووی بەرازەکان بوون. ئەم دووانە بێجگە لەوەی بەرازەکان وەک مامۆستا و سەرمەشقی خۆیان سەیر بکەن، مێشکیان بۆ هیچ شتێکی تر نەدەچوو، هەموو قسە و لێدوانەکانیان لێوەردەگرتن و بە زمانێکی سادە دەیانگەیاند بە ئاژەڵەکانی تر.”
  8. سکویڵەر: وەک هێمایەک بۆ پڕوپاگەندە بە گشتی دانراوە. ئۆروێڵ پێمان دەڵێت کە سکویڵەر دەیتوانی ڕەش بە سپی بنوێنێت!. زۆربەی ڕەخنەکان سکویڵەر بە (پراڤدا)وە گرێ دەدەن، کە ڕۆژنامەیەکی ڕووسی بوو و لە ساڵانی ١٩٣٠ـدا دەردەچوو و سەرچاوەی زۆرێک لە بڵاوکراوەکان بوو، بەهۆی ئەوەی هیچ ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنێک لەو سەردەمەدا نەبووە، ڕۆژنامە سەرچاوەی سەرەکیی زانیارییەکانی میدیا بووە هاوکات قۆرخکارییەکانی (پراڤدا) لەلایەن ڕژێمە شیوعییە نوێکەی ستالینەوە جڵەو گیرا. لە مەزرای ئاژەڵاندا سکویڵەر ڕۆڵی ڕۆژنامە و میدیا دەبینێت و ڕایەڵێکی لەنێوان ناپلیۆن و ئاژەڵەکانی تردا دروست کردووە.
    هاوکات هەندێک پێیان وایە کە سکویڵەر هێمایەکە بۆ (گۆیبێڵز کە شالیار) وەزیری بانگەشەی ئەڵمانیا بووە، بەڵام ئەمەیان لەگەڵ ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی ئۆروێڵدا نایەتەوە چونکە چاوەڕوانی ئەوە لە ئۆروێڵ دەکرا کە خوازەی کەسایەتییەکی ڕووسی دابنێت.
  9. مۆڵی: هێمایە بۆ ئەو بۆرژوازییانەی کە لە دوای شۆڕشی ڕووسیا، لە ڕووسیا هەڵهاتن. ئۆروێڵ لە ڕێگەی مۆڵییەوە ئەو چینەمان نیشان دەدات کە تاکەکانی ئامادەنین بچنە ژێر باری ئەو حووکمڕانی و یاسا ئابوورییانەی کە بە سەریاندا دەسەپێندرێت.
  10. بێنجەمین: نوێنەرایەتی ئەو ڕۆشنبیرانە دەکات کە نەیانتوانی دژایەتی ستالین بکەن. بە شێوەیەکی تر بێنجەمین نوێنەرایەتی هەموو ئەو ڕۆشنبیرانە دەکات کە پشگوێ خستنی سیاسەت هەڵدەبژێرن.
    ئۆروێڵ پێمان دەڵێت: “تەنیا بێنجەمینی پیر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هەموو وردەکارییەلانی ژیانی دوورودرێژی خۆیی لە یادە و دەزانێت کە شتەکان نەخراپتربوون نەباشتر و نەدەشکرا باشتر یان خراپتر ببن! دەیوت کە برسییەتی و کاری قورس و نائومێدی بەشێکن لە یاسای نەگۆڕی ژیان.”
  11. موڕێڵ: هێمایە بۆ کەمینەیەکی چینی کرێکاران، ئەوانەی کە بەشی ئەوە وشیارییان هەیە تاکوو بڕیار لەسەر ژیانی خۆیان بدەن و ڕیاکاریی و گەندەڵیی ڕابەرەکانیان بخەنە ڕوو. 
  12. بەرازەکان: ئوروێڵ بەرازەکانی وەک دەستوپێوەند و هاوکارانی ناپلیۆن بەکارهێناوە. ئەم بەرازانە هێمان بۆ هاوڕێ و حیزبە کۆمۆنیستە وەفادارەکانی ستالین. بەرازەکان بەپێچەوانەی هەموو ئاژەڵەکانی ترەوە ژیانێکی خۆشیان هەیە و لە هەوڵی ئەوەدان دەست بەسەر هەموو مەزراکەدا بگرن، لێرەدا نادادپەروەری و ڕیاکاریی ڕاستەقینەی کۆمۆنیزم خراوەتەڕوو، هاوکات ئەمە ڕەخنەیەکە لە دژی بیروڕا سادە و ساکارەکانی کاڕڵ مارکس، بۆ کۆمەڵگە یوتۆپیاییەکەی سۆسیالیستەکان و لە ڕۆمانەکەدا وا دەردەردەکەوێت کە ئۆروێڵی نووسەر بڕوای بەهەبوونی وەها کۆمەڵگەیەک نییە چونکە دوابەدوای کۆتاییهاتنی ڕۆمانەکە دەڵێت: “مەزراکە تا دەهات دەوڵەمەندتر دەبوو، بەڵام بێجگە لە بەراز و سەگەکان ئاژەڵەکانی تر لەگەڵیدا دەوڵەمەند نەدەبوون وەک خۆیان مابوونەوە.”
  13. سەگەکان: سەگەکان وەک هێمایەک بۆ (دەزگای هەواڵگریی سۆڤیەتی KGB) و هێزە سەربازییە تایبەتەکانی تر دانراون کە لە هەوڵی پاراستنی دەستکەوتەکانی حیزب و لایەنێکی دیاریکراودان. لە ڕۆمانەکەدا سەگەکان پاسەوانە نهێنییەکانی ناپلیۆنن. هاوکات هاوشێوەی ئەم سەگانەی ناو ڕۆمانەکە، ستالینیش هێزێکی چەکداری تایبەت بە خۆیی هەبوو.
  14. ئاژەڵەکان: ئاژەڵەکانی تری ناو ڕۆمانەکە تا ڕادەیەک لە بۆکسەر و کڵۆڤەر دەچن. بە تێڕوانین لێیان، مەڕەکان و ئەسپەکان نیشاندەری چینی پڕۆلیتار و کرێکارانی بێ ئەزموونی زەحمەتکێشن، ئەم ئاژەڵانە لە کارکردندا پشتیان بە جەستە و هێزی شان بەستووە نەک ئەقڵ، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە نزمترین چینی کۆمەڵگەن و بەردەوام لەلایەن سیاسەتمەندارانەوە بەکار دەبرێن و مێشکیان دەشۆردرێتەوە. 
    ئۆروێڵ بەردەوام دووبارەی دەکاتەوە کە ئەگەر باعەباعی مەڕەکان (دووپێکان خراپن، چوارپێکان باشن) نەبووایە، ناپلیۆن هەرگیز ئەو دەسەڵات و جڵەوگیرییەی بۆ نەدەڕەخسا کە دواتر بۆ چەوساندنەوەی ئاژەڵەکان بەکاری هێنا.
  15. بەڕێز فریدریک: هێمایە بۆ ئەدۆڵف هیتلەر (Adolf Hitler) و پەیوەندییەکانی هیتلەر و ڕووسیا.
  16. بەڕێز پیڵکینگتن: نیشاندەری بەریتانیا و ئەمریکایە و هەندێک پێیان وایە هێمایە بۆ وینستن چەرچڵ (Winston Churchill) لەهەمان کاتدا هەندێکی تر پێیان وایە کە هێمایە بۆ هێزە هاوپەیمانەکانی جەنگی جیهانی دووەم (بە ڕووسیاشەوە).
  17. جرجەکان: جرجەکان و ئاژەڵە کێوییەکانی تر ئاماژەن بۆ حیزبە بەرهەڵستکارەکانی شیوعییەت.
  18. کۆترەکان: هێمای بانگەشە (پڕوپاگەندە)ـی ڕووسیین، کە هەواڵەکانیان بە وڵاتانی دەرەوەی وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئینگلتەرادا و تەنانەت ئەمریکاشدا بڵاو دەکردنەوە.


سەرچاوەکان



1988 بینین