مۆبایلی ئینفینیکس infinix note 40 Pro

له‌لایه‌ن: - موحەمەد عەبدوڵا موحەمەد عەبدوڵا - به‌روار: 2024-06-27-00:47:00 - کۆدی بابەت: 13334
مۆبایلی ئینفینیکس infinix note 40 Pro

ناوه‌ڕۆك

زانیاری گشتی

مۆبایلی ئینفینیکس سەرەتا کە لە پاکەت دەیشکێنی لە ناو کارتۆنەکەی شەحنێکی 70Wـی لەگەڵە کە زۆر نایابە، جگە لەو شەحنە حەفتا واتە وایەرلێس چارچینگی لەگەڵە، واتە شەحنی وایەرلێسە و ئەتوانیت بەبێ وایەر مۆبایلەکەت بارگاوی بکەیتەوە و بەشێوەی موگناتیس بە پشتی مۆبایلەکە ئەنوسێت کە بەخێرای 20W بارگاویدەبێتەوە، ئەمەش خاڵێکی زۆر نایابە وایەرلێس چارچینج لەم نرخە و بەبێ بەرامبەر لەگەڵ مۆبایلەکەیە.

کەڤەرێکی تایبەتی لەگەڵە کە پشتگیری ئەو وایەر لێس چارچینگە دەکات کە بەبێ ئەوەی هەموو جار کەڤەری مۆبایلەکە لابەریت ئەتوانی وایەرلێس چارچینگەکە بەشێوەی موگناتیس بەپشتی مۆبایلەکە بنووسێنیت و بەشێوەی وایەرلێس مۆبایلەکەت بارگاوی بکاتەوە.

مۆبایلەکە درعێکی بە شاشەکەوەیە جگە لەو درعە درعێکیشی بە دیاری لەگەڵە لە ناو پاکەت  و دەرزی کردنەوەی سیمکارت و چەند ستیکەرێکیشی لەگەڵە. لەگەڵ ئەمەش هەر لە ناو کارتۆنەکە هێتفۆنی لەگەڵە، واتە کارتۆنی مۆبایلەکە پاکێجە و هەمووشتێکی لەگەڵە کە ئەمە خاڵێکی زۆر دەگمەنە و لە مۆبایلەکانی ئێستا زۆر نابینرێت. 

تایبەتمەندی شاشەی مۆبایلەکە

شاشەکەی لە جۆری AMOLED بە قەبارەی ٦.٧٨ ئینج و ڕوونی +FHD، ڕێژەی نوێبوونەوەی شاشەکەی ١٢٠ هێرتزە و ڕووناکی شاشەکەی لە کۆتا ئاست دەگاتە ١٣٠٠ نیتس، شاشەی ئەم مۆبایلە لە جۆری قەوسە و بە Gorilla Glass داپۆشراوە بۆ بەرگری لە شکان، شاشەکەی مینی کەپسولی هەیە هاوشێوەی داینامیک ئایلاندی ئایفۆن. لەڕووی شاشەوە شاشەیەکی زۆر جوان و ئاست بەرز و ڕوون و خێرایە و ڕووناکی هەیە و بێ کەم و کوڕیە، تەواو شاشەیەکی جوان و گونجاوی هەیە و شایەنی کڕینە بۆ شاشە مینی کەپسولی هەیە و شاشەکەشی قەوسە.

بەشی ناوەکی و چیپ و تەمەنی مۆبایلەکە

بەشی چیپی ئەم جۆرە مۆبایلە لە جۆری Mediatek Helio G99 Ultimate کە لە پاکەت دەیشکێنی ڕاستەوخۆ نوێترین ڤێرژنی لەسەرە کە Android 14ـیە لەسەر ڕووکاری XOS14 کە ئینفینیکس لەم مۆبایلە دوو ساڵ ئەپدەیتی ئەندرۆید و سێ ساڵ ئەپدەیتی ئەندرۆید دەنێرێت.

لەڕووی چیپەوە چیپێکی ئاسایی و گونجاوە لەو نرخە بۆ کار و باری ڕۆژانە و یارییە ئاساییەکان و بۆ یاری قورسی وەک پۆبجیش 45fps ئەدات، بەڵام چیپێک نییە زۆر بۆ یاری قورس و کاری قورس کرابێت بەڵام پێی دەکرێت بە ئاستێکی مامناوەند، ئەگەرتەنیا بۆ یاری و کاری قورس ئەیکڕیت مەیکڕە.

مۆبایلەکە نوێترین فێرژنی لەسەرە و دوو ساڵ ئەپدەیتی ئەندرۆید و سێ ساڵ ئەپدەیتی سکوێریتی بۆ دێت و ئەمەش خاڵێکی زۆر باشە لەو نرخە. لەڕووی سۆفتوێریشەوە ئینفینیکس گەورەترین ڕەخنەی سۆفتوێری لەسەر بوو کە ئەمە وای دەکرد لای کڕیار بە خراپ ناوی بڕوات و کڕیار حەزی پێنەکات. بەڵام بەپێی ئەو تاقیکردنەوە نوێیانەی ئێستا کراوە سۆفتوێری لە جاران باشتر کراوە و تاقیکەرەوان وتویانە لە جاران باشتر کراوە و کێشەی نەماوە، بەڵام ئێستاش زۆر زۆر نییە پێویستە باشتربکرێت.

کامێرا

دوو کامێرا و هەستەوەرێک لە پشتەوە لەخۆدەگرێت لەگەڵ کامێرایەکی سێڵفی.

  • کامێرای سەرەکی 108MP و پشتکیری OIS دەکات بۆ کەم کردنەوەی لەرزینی دەستەکانت لە کاتی وێنە و ڤیدیۆ.
  • کامێرای ماکڕۆ 2MP.
  • هەستەوەر 2MP.
  • هەروەها ڤیدیۆ بە کامێرای پشتەوە بە 2K 30fps تۆماردەکات.
  • لە پشتەوە لیدی هەیە لە چواردەور فلاشەکەی کە دەتوانی بە ئارەزووی خۆت ڕەنگی لیدەکە بگۆڕی و لە کاتی تەلەفۆن و شەحن و مەسج و هەرشتێک ڕێکی بخەیت و بەکاری بێنیت.
  • کامێرای سێڵفی 32MP.
  • ڤیدیۆ لە کۆتا ئاست بە 1080p 30fps تۆماردەکات.
  • جگە لە فلاگشی بەشی پشتەوە لە سێڵفیش فلاشی هەیە.

لەڕووی کامێراوە چەند خاڵێکی لاواز و بەهێزی هەیە، سەرەتا لەڕووی کامێرای سەرەکییەوە شتێکی گونجاوە لە نرخی خۆی بەڵام مۆبایلەکە کامێرای گۆشەفراوانی نییە کە ئەمەش خاڵێکی لاوازە بۆ مۆبایلەکە، بەڵام چەند خاڵێکی بەهێزی هەیە وەک OIS واتا دژە لەرزین و لەگەڵ ئەو لیدەی بەشی پشتەوە کە ئەتوانی بە ئارەزووی خۆت ڕەنگەکەی بگۆڕیت و بەکاری بێنیت، هەروەها لەگەڵ فلاشی سێڵفی ئەوەش خاڵێکی بەهێزە.

پاتری

خاوەنی پاترییەکی 5000mAh و بەخێرایی 70W بارگاویدەبێتەوە کە بەماوەی بیست خولەک لە %0 دەگاتە %50، بەشێوەی وایەرلێس چارچینگیش بارگاویدەبێتەوە بە خێرایی 20W. لەڕووی خێرایی بارگاویبونەوە زۆر نایابە و هیچ مۆبایلێکی تر نییە لەو نرخە بەو خێراییە زۆرە بارگاوی بێتەوە و پاترییەکەشی گونجاوە، وایەرلێس چارچینگیشی هەیە و ئەوەش خاڵێکی زۆر بەهێزە.

زانیاری گشتی

کێشی مۆبایلەکە ١٩٠ گرامە و ڕەنگە سەوزەکەی پشتەکەی جلدە کە ئەوەش خاڵێکی زۆر بەهێزە و هاوشێوەی مۆبایلە ئاست بەرزەکانە و دیزاینی مۆبایلەکەش زۆر جوانە. مۆبایلەکەش بەرگری ip54ـی هەیە واتە دژە تەپ و تۆز و دژە باران و دژە پروشکە ئاوە، ئەگەر ئاو بڕژێت بەسەری کێشەی نییە یاخود ئەگەر بکەوێتە ناو ئاو و ڕاستەوخۆ دەری بێنیتەوە کێشەی نییە، بەڵام دژە ئاوی تەواو نییە بەڵام ip54 خاڵێکی بەهێزە لەو نرخە.

دەنگی مۆبایلەکەش ستێرۆیە واتە دەنگ لە سەماعەی سەرەوە و خوارەوە دێت کە خاڵێکی زۆر باشە و شوێنی هێتفۆنی نەماوە. پەنجەمۆری مۆبایلەکەش لە ژێر شاشەیە و زۆر باشە. مۆبایلەکە زیرەکی دەستکردیشی بۆ بەکارهاتووە وەک هاوشێوەی مۆبایلە ئاست بەرزەکان بەڵام بەشێوەیەکی کەمتر ئەمەش خاڵێکی زۆر نایابە.

نرخەکەی لە بازاڕەکانی کوردستان 

8 / 256 --- 209 دۆلار

12 / 256 --- 225 دۆلار

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم مۆبایلە 

خاڵە بەهێزەکان

  • مۆبایلەکە لە ناو کارتۆنەکە کامڵ پاکێجە و هەمووشتێکی لەگەڵە.
  • شاشەیەکی زۆر باشی هەیە و مینی کەپسولی هاوشێوەی ئایفۆنی هەیە و قەوسە.
  • تەمەنی مۆبایلەکە تەمەنی گونجاوە دوو ساڵ ئەپدەیتی ئەندرۆید و سێ ساڵ سکوێریتی.
  • لە کامێرا OIS دژە لەرزینی هەیە و لیدی بەشی پشتەوە و فلاشی سێڵفی هەیە.
  • بەخێرایی 70W بارگاوی دەبێتەوە.
  • وایەرلێس چارچینگی هەیە.
  • ڕەنگە سەوزەکەی پشتەکەی جلدە و دیزاینیشی جوانە.
  • خاوەنی ip54ـە.
  • دەنگی ستێریۆیە.
  • پەنجەمۆری لە ژێر شاشەیە.
  • زیرەکی دەستکردی هەیە.

خاڵە لاوازەکان

  • کامێرای گۆشەفراوانی نییە.
  • سۆفتوێرەکەی باشترکراوە، بەڵام زۆر زۆر باش نییە و پێویستە باشتر بکرێت.

ئایا ئەم مۆبایلە شایەنی کڕینە؟

مۆبایلەکە تەنیا بۆ یەک جۆرە کەس شایەنی کڕین نییە، ئەو جۆرەی کە زۆر گرنگی بە سۆفتوێری مۆبایلەکە دەدات و دەیەوێت سیستەمەکەی زۆر بێ کەم و کوڕی بێت و زۆر نایاب و بێ کێشەبێت، جگە لەوە بۆ هەموو شتەکانی تر شایەنی کڕینە لەو نرخە بەتایبەت بۆ کەسێک گرنگی بە تایبەتمەندی مۆبایل بدات بە نرخێکی کەم.


سەرچاوەکان



31 بینین