Huawei Pura 70

له‌لایه‌ن: - موحەمەد عەبدوڵا موحەمەد عەبدوڵا - به‌روار: 2024-07-16-14:56:00 - کۆدی بابەت: 13547
Huawei Pura 70

ناوه‌ڕۆك

تایبەتمەندی شاشە

خاوەنی شاشەیەکە بەجۆری LTPO OLED بە قەبارەی 6.6 ئینج و ڕوونی 2760 × 1256  پێکسڵ و ڕێژەی نوێبوونەوەی شاشەکەی 120 هێرتزە. پشتگیری 1B ڕەنگ و HDR دەکات و ڕووناکی شاشەکەی لە کۆتا ئاست دەگاتە 2500 نیت و شاشەکەی قەوسە. لەڕووی شاشەوە زۆر نایابە و شاشەیەکی ئاست بەرز و ڕووناکی هەیە و زۆر گونجاوە و تەواو شایەنی کڕینە بۆ شاشە.

بەشی ناوەکی و چیپ و سۆفتوێری مۆبایلەکە

چیپەکەی لە جۆری Kirin 9000s1ـە و ڕاستەوخۆ EMUI 14.2ـی لەسەرە. خاڵی لاواز و زەقی ئەم مۆبایلە چیپەکەیەتی کە ئەم چیپە بەراوردی چیپێکی سناپدراگۆنی بکەین نزیکە لە Snapdragon 888 و ئەوانە لە ڕووی هێز و توانا. ئەگەر بۆ یاری و گەیمینگی قورس دەیکڕیت بە هیچ شێوەیەک مەیکڕە، بەڵام چونکە ئەم چیپە تایبەت بە هواویە ئەوەندەش خراپ نییە چونکە چیپەکە تایبەت بە خۆیەتی و زۆترین ئۆپتیمایز و گونجاندنی بۆ کردووە بۆ کاری ڕۆژانە و ئەپەکان و ئۆپتیمازی لەگەڵ سناپ و فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر باشە. سۆفتوێری هواویش یەکێکە لە باشترین سۆفتوێرەکان. بەفەرمی خزمەتگوزاری گۆگڵی لەسەر نییە بەڵام بە چەند هەنگاوێکی کەم دەتوانیت خزمەتگوزاری گۆگڵی لەسەر بەکاربێنیت. 

کامێرا

سێ کامێرا لە پشتەوە لەخۆدەگرێت لەگەڵ کامێرایەکی سێڵفی.

  • کامێرای سەرەکی 50MPـە پشتگیری OIS دەکات بۆ کەم کردنەوەی لەرزینی دەستەکانت لە کاتی وێنە و ڤیدیۆ.
  • کامێرای پێرسکۆپ تەلەفۆتۆ 12MP کە 5X ئۆپتیکاڵ زووم و 50X دیجیتاڵ زووم دەکات.
  • کامێرای گۆشەفراوان 13MPـە.
  • ڤیدیۆ بە کامێرای پشتەوە بە 4K تۆماردەکات بەڵام ئاماژەی پێ نەدراوە بە چەند fps تۆماردەکات.
  • کامێرای سێڵفی 13MPـە.
  • ئاماژەی پێ نەدراوە بە کوالێتی چەند ڤیدیۆ تۆماردەکات.

کامێراکەی وەک ئەڵتڕا بەهێز نییە، خاڵی هەرەبەهێز و نایابی ئەم مۆبایلە کامێراکەیەتی کە زۆر کامێرایەکی تایبەتی هەیە بۆیە ئەگەر کەسێکی زۆر گرنگی بە کامێرا دەدەیت ئەم مۆبایلە یەکێکە لە باشترین مۆبایلەکان بۆ کامێرا و زۆر نایابە.

پاتری 

خاوەنی پاترییەکی 4900mAhـە و بەخێرایی 66W بارگاویدەبێتەوە بەشێوەی وایەر، بەخێرایی 50W بەشێوەی وایەرلێس بارگاوی دەبێتەوە. لەڕووی پاتری و بارگاویکەرەوە یەکێکە لە باشترین مۆبایلەکان هەم لەڕووی پاتری و هەم لەڕووی بارگاویکەرەوە زۆر نایابە.

زانیاری گشتی

  • کێشی ٢٢٠ گرامە.
  • چوارچێوەکەی ئەلەمنیۆمە و پشتەکەی شووشەیە و کوالێتی زۆر بەرزە.
  • مۆبایلەکە ip 68ـی هەیە واتە دژە ئاوە لە قوڵایی یەک مەتر و نیو تاکو سی خولەک بەرگە دەگرێت، کە ئەمەش دووبارە خاڵێکی زۆر باشە.
  • دەنگی مۆبایلەکە ستێریۆیە واتە دەنگ لە سەماعەی سەرەوە و خوارەوە دێت و شوێنی هێتفۆنی نەماوە، کە دەنگێکی زۆر نایاب و ناوازەی هەیە
  • پەنجەمۆری مۆبایلەکەش لە ژێر شاشەیە و زۆر باشە.
  • خاڵێکی تری ئەم مۆبایلە دیزاینەکەیەتی کە زۆر تایبەت و جوانە و بیڵد کوالێتیەکەی زۆر گران بەهایە.

نرخ لە کوردستان بۆ تەممووزی ساڵی ٢٠٢٤

لە کۆتاییدا نرخی جۆری زەمانی بۆ ڕامی 12 و بیرگەی 256 بە 649 دۆلارە، ئەم کۆمەڵە دیارییەشی لەگەڵە ئەگەر داواکاری پێشوەختەی بۆ بکەی:

  • شەحنێکی 66W کە نرخی 44 هەزارە.
  • هەروەها جانتایەک و 50GB ئینتەرنێتی زێن و بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بەخۆڕاییی کە نرخی ئەوانیش 120 هەزارە.

هەروەها بە جۆری بێ زەمانیش لە بازاڕ هەیە کە هیچ دیارییەکی لەگەڵ نییە و بێ زەمانە بە نرخی 499 دۆلار.

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم مۆبایلە چین؟

خاڵە بەهێزەکان

  • شاشەیەکی زۆر نایابی هەیە.
  • سۆفتوێرێکی زۆر تایبەتی هەیە.
  • کامێرایەکی نایابی هەیە.
  • بیڵد کوالێتی مۆبایلەکە گران بەهایە و دیزاینەکەی زۆر تایبەت و جیاوازە.
  • پاتری و بارگاویکەرەوەی زۆر باشە.
  • دژە ئاوییەکەی زۆر باشە.
  • دەنگی ستێرۆیە و زۆر خۆشە.
  • پەنجەمۆری لە ژێر شاشەیە و زۆر نایابە.

خاڵە لاوازەکان 

  • چیپەکەی زۆر ئاستی نزمە و بۆ گەیمینگ نابێت ئەم مۆبایلە.
  • بە فەرمی خزمەتگوزاری گۆگڵی لەسەر نییە بەڵام بە چەند هەنگاوێک دەتوانیت بەکاری بێنیت.


سەرچاوەکان



183 بینین