پیرۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-20-17:15:00 - کۆدی بابەت: 10726
پیرۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پیرۆ (بە ئینگلیزی: Peru، بە ئیسپانی: Perú، بە عەرەبی: بیرو)، بەفەرمی کۆماری پیرۆ وڵاتێکە لە ڕۆژئاوای ئەمریکای باشوور. لە باکوورەوە لەگەڵ ئیکوادۆر و کۆڵۆمبیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ بەڕازیل، لە باشووری ڕۆژهەڵات لەگەڵ بۆلیڤیا، لە باشوورەوە لەگەڵ چیلی و لە باشوور و ڕۆژئاوا لەگەڵ زەریای هێمن هاوسنوورە. ژمارەی دانیشتووانی پیرۆ ٣٢ ملیۆن کەسە، پایتەخت و گەورەترین شاری ئەم وڵاتە شاری لیمایە. ڕووبەری ئەم کۆمارە ١٫٢٨ ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە، پیرۆ ١٩ـیەم گەورەترین وڵاتی جیهان و سێیەم گەورەترین وڵاتی ئەمریکای باشوورە.

زانیاری گشتی

ناو پیرۆ یان کۆماری پیرۆ
پایتەخت و گەورەترین شار لیما
سەرۆکی وڵات پێدرۆ کاستیلۆ
زمانی فەرمی ئیسپانی
ڕووبەری گشتی ١٫٢٨٥٫٢١٦ كم٢
ژمارەی دانیشتووان لە خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٣٢٫٢٧٥٫٧٣٦ کەس
چڕیی دانیشتووان ٢٣/كم٢
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
ژمارەی تەلەفۆن ٥١+
ئایین مەسیحی
ڕاگەیاندنی سەربەخۆبوونی لە ئیسپانیا ٢٨ـی تەممووزی ١٨٢١
یەکەی دراو سۆڵ
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی ٢٠٢٢ ٥١٣٫٧١٥ بلیۆن دۆلار

مێژوو

خاکی پیرۆ بەدرێژایی سەردەمی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاست شوێنی چەندین کولتوور بووە و خاوەنی مێژوویەکی شارستانی زۆر دوور و درێژە، کە مێژووەکەی بۆ هەزارەی ١٠ـی پێش زایینی دەگەڕێتەوە. ئیمپراتۆریەتی ئیسپانیا لە سەدەی ١٦ـدا ناوچەکەی داگیرکرد و ناوچەیەکی دامەزراند کە بەفەرمی پێی دەوترێت شانشینی پیرۆ و زۆربەی ناوچەکانی ئەمریکای باشووری گرتەوە، بە پایتەختەکەشییەوە لە لیما. لەگەڵ دامەزراندنی زانکۆی نیشتیمانی سان مارکۆس (San Marcos) لە لیما لە ساڵی ١٥٥١ـدا خوێندنی باڵا لە ئەمریکا دەستی پێکرد. پیرۆ بەفەرمی لە ساڵی ١٨٢١ سەربەخۆیی ڕاگەیاند.

دوای چەند ساڵێک جەنگی زەریای هێمن (١٨٧٩-١٨٨٤) ڕوویدا کە جگە لە چیلی کۆماری پیرۆشی ڕووبەڕووی حاڵەتێکی قەیراناوی کردەوە، کە تاقمڕەوییەکە لە ڕێگەی پارتێکی سیاسییەوە بە ناوی (Civilista Party) دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرت. لە سەدەی بیستەمدا وڵات بەرگەی کودەتا و نائارامی کۆمەڵایەتی و ململانێی ناوخۆیی و هەروەها قۆناغەکانی سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری گرت. لە ساڵانی نەوەدەکاندا وڵاتەکە مۆدێلێکی ئابووری نیۆلیبڕاڵی جێبەجێ کرد کە تا ئەمڕۆش بەکار دەهێنرێت. بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا پیرۆ بە قۆناغێکی گەشەسەندنی ئابووری بەردەوامدا ڕۆشت و ڕێژەی هەژارییش نزمبوویەوە.

پیرۆ خاوەنی دانیشتووانێکە کە مێستیزۆ، هیندی ئەمریکی، ئەورووپییەکان، ئەفریقییەکان و ئاسیاییەکان لەخۆدەگرێت. زمانی سەرەکی قسەپێکراو ئیسپانییە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی پیرۆ بە زمانەکانی کێچوایی، ئایمێرا، یان زمانە ڕەسەنەکانی تر قسە دەکەن. ئەم یەکگرتنەی نەریتە کولتوورییەکان بووەتە هۆی جۆراوجۆرییەکی بەرفراوانی دەرکەوتن لە بوارەکانی وەک هونەر، شێوەی چێشتلێنان، ئەدەب و مۆسیقا. دەوڵەتی سەربەخۆی پیرۆ کۆمارێکی نوێنەری‌ دیموکراتە کە دابەشکراوە بەسەر ٢٥ ناوچەدا. ئاستی گەشەسەندنی مرۆیی لەم وڵاتەدا زۆر بەرزە و لەڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە یەکێکە لە وڵاتە سەرکەوتووەکانی جیهان. چالاکییە ئابوورییە سەرەکییەکانی بریتین لە کانسازی، بەرهەمهێنان، کشتوکاڵ و ماسیگرتن، لەگەڵ کەرتە گەشەسەندووەکانی دیکەی وەک دوورەپەیوەندییەکان و زیندەتەکنەلۆجیا.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی پیرۆ لە ساڵی ٢۰٢۰ـدا ٣٢٫٩٧١٫٨٥٤ کەس بوو، تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانی پیرۆ ٧٧٫٤ ساڵییه، ئافرەتان ٨۰٫٢ ساڵی و پیاوان ٧٤٫٩ ساڵی. هەروەها ٧٩٫١٪ـی دانیشتووانی وڵات لە ناوچە شارستانییەکاندا دەژین. سەرەڕای ئەوەش، چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢۰١٩ـدا ٢٥ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

لە ئێستادا (٢۰٢٢) ژمارەی دانیشتووانی پیرۆ ٣٢٫٩٧ ملیۆن کەسە و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ٢۰٤٨ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی بگاتە ٤۰ ملیۆن کەس. ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووانی کۆمارەکە ١٫٤٢٪، بەهۆی کۆچکردن و تێکڕای بەپیتی ئافرەتانی وڵاتەوە گەشەی دانیشتووانی وڵاتەکە سروشتییە، هەرخانمێک لەم وڵاتە سێ بۆ حەوت منداڵی دەبێت و ئەمەش وادەکات ژمارەی دانیشتووان بەرەو زیادبوون بچێت.

گەورەترین شاری پیرۆ

گەورەترین شاری وڵات لیمای پایتەختە و نیشتیمانی زیاتر لە چارەکێکی هاوڵاتیانی پیرۆیە، لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین شاری وڵاتە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسە. بەمەش دەبێتە ٢۰ـەم گەورەترین شاری جیهان.

پێکهاتە و نەتەوەکانی پیرۆ

کۆتا سەرژمێری وڵاتەکە لە ساڵی ١٩٤۰ـدا ئەنجامدرا، بەپێی ئەو سەرژمێرییە ٥٣٪ـی دانیشتووانی پیرۆ سپی پێست یان مێستیزۆ بوون و ٤٦٪ـی دانیشتووان له هیندی ئەمریکی پێکهاتبوون. لە ساڵی ٢۰۰٦ـدا ڕاپرسییەک لەلایەن (INEI)ـەوە ئەنجامدرا، بەپێی ئەو ڕاپرسییە دانیشتووانی پیرۆ بەم شێوەیەی خوارەوه خۆیان ناساند:

  • مێستیزۆ: ٥٩٫٥٪
  • کێچوایی: ٢٢٫٧٪
  • ئایمێرا: ٢٫٧٪
  • ئامازۆنییەکان: ١٫٨٪
  • ڕەش پێست/ دوو ڕەگ: ١٫٦٪
  • سپی پێست: ٤٫٩٪
  • نەتەوەکانی تر: ٦٫٧٪

ئایین

مەسیحییەت ئایینی سەرەکی دانیشتووانی پیرۆیه‌، بەڵام چەند لقێکی جیاوازیش هەن کە پەیڕەو دەکرێن. باوترین لقی مەسیحییەت لە پیرۆ ئایینی کاسۆلیکی ڕۆمانییە. زۆرێک لە پیرۆییەکان بیروباوەڕی مەسیحی خۆیان لەگەڵ سیستەمی بیروباوەڕی نەریتی پیرۆ تێکەڵ کردووە، بۆ نموونە زۆرێکیان مەریەمی پاکیزە بە هاوتای پاچا ماما دەزانن.

زمان

هەرچەندە زمانی ئیسپانی زمانی فەرمی دانیشتووانی پیرۆیە و لە سەرانسەری وڵاتدا بەکار دەهێنرێت، بەڵام زمانە ڕەسەنەکانیش لەو ناوچانەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکار دەهێنرێن پێگەی فەرمییان هەیە. زمانی کێچوایی بە شێوەیەکی بەرفراوان و بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی پیرۆ بەکار دەهێنرێت، هەر بۆیە زۆرجار بە زمانی فەرمی دووەمی پیرۆ دادەنرێت. هەرچەنده بۆ ماوەی چەندین ساڵە ژمارەی زمانە فەرمییەکان بۆ دوو زمان سنووردارکراوە. بەڵام لەم دواییانەدا ئایمێرا لە ناوچەی پونۆ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پیرۆ کرایە زمانێکی فەرمی. سەرەڕای ئەو زمانە فەرمیانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، نزیکەی ١٥۰ زمانی ڕەسەنی دیکە ناسراون کە ئەمڕۆ لە پیرۆ قسەیان پێ دەکرێت. لە ئێستادا ٨۰٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە بە زمانی ئیسپانی قسە دەکەن و کێچوایی بە ڕێژەی ١٦٪ قسەی پێ دەکرێت.

مێژووی دانیشتووانی پیرۆ

پیرۆ وڵاتێکی زۆر فرە نەتەوەییە و دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٥٠٠ ساڵە لەلایەن گرووپە جیاوازەکانەوە پێکهێنراوە. هیندی ئەمریکییەکان بۆ ماوەی هەزاران ساڵ پێش داگیرکردنی ئیسپانیا لە ساڵانی ١٥٠٠ـدا لە ناوچەکە نیشتەجێ بوون. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە سەرەتای سەدەی ١٦ـدا لە نۆ ملیۆن کەسەوە بۆ پێنج ملیۆن کەس کەمیکرد و سەد ساڵ دواتر بەهۆی نەخۆشییە زوو تەشەنەكردووەکانەوە ژمارەی دانیشتووان بۆ تەنها ٦٠٠٫۰۰۰ کەس کەمبوویەوە. پاشان ئیسپانییەکان و ئەفریقییەکان ڕوویان لە ناوچەکە کرد و لەگەڵ یەکتر و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە تێکەڵ بوون، لەگەڵ ئەوەشدا کۆچی ئەورووپی لە ئیتالیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڕەنسای بەدوادا هات. پیرۆ لە ساڵی ١٨٥٤ـدا کۆیلە ڕەش پێستەکانی ئازاد کرد، دواتر کۆچبەرە چینییەکان دەستیان کرد بە گواستنەوە بۆ ناوچەکە بۆ ئەوەی جێگەی کرێکارە کۆیلەکان بگرنەوە.

کەشوهەوا

وڵاتی پیرۆ وڵاتێکە کە سێ کەشوهەوای جیاوازی هەیە:

  • کەشوهەوای ناوچە کەنارییەکان، کەشی ناوچەکان مامناوەندە، کەشی ئەم بەشەی وڵات لە زستاندا هەوراویی و تەماوییە و لە هاویندا گەرمێکی خۆشە.
  • ناوچەی ئاندی، کەشی ناوچەکان بەپێی بەرز و نزمی سارد و ساردترینه.
  • کەشی ناوچەی ڕۆژهەڵات کە دارستانی ئەمازۆن دەگرێتەوە کە کەشوهەوایەکی کەمەرەیی هەیە.

کەشوهەوای کەناراوەکان

بەدرێژایی کەنارەکانی پیرۆ، کەشوهەوا زۆر تایبەتە. پلەی گەرمی بەدرێژایی ساڵ کەمێک دەگۆڕێت و کەش بەنزیکەیی هەمیشە لە بەهار دەچێت، بەڵام بەنزیکەیی هەرگیز باران نابارێت و بەو هۆیەوە دیمەنی ناوچەکە بیابانییە. هۆکاری ئەوەی کە بەدرێژایی کەناراوەکان بیابانێک هەیە ئەوەیە کە تەوژمی پیرۆ دەبینرێت، کە لە زەریاوە هەڵ دەکات و نزمترین چینەکانی بەرگەهەوا سارد دەکاتەوە، بەمەش ڕێگری لە دروستبوونی ڕەوتی هەوای ئەستوونی دەکات، کە پێویستن بۆ دروستبوونی هەوری باران. بەڵام ئەم دۆخەی کە هەوای سارد بەر خاک یان بەر ڕووی دەریاوە دەکەوێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی تەم و هەوری نزم، کە زۆرجار ڕوودەدەن، بەتایبەتی لە وەرزی سارددا، لە کاتێکدا تیشکی خۆر لە سەرووی ٥۰۰ مەترەوە دەدرەوشێتەوە. تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە لە بەشی باکوور، لە نێوان ١٨ پلەی سەدی لە ساردترین مانگ کە مانگی ئابە بۆ ٢٤ پلەی سەدی لە گەرمترین مانگ کە شوباتە دەگۆڕێت، لە بەشی ناوەڕاستدا، لە نێوان ١٧ پلەی سەدی تا ٢٣ پلەی سەدیدایە، لە کاتێکدا لە بەشی باشوور، لە نێوان ١٥ تا ٢٢ پلەی سەدیدایە.

کەشوهەوای ئاندیز

زنجیرە چیاکانی ئاندی لە باکوورەوە بۆ باشووری پیرۆ درێژ دەبنەوە و بە ڕوونی کەناراوەکان لە دارستانی ئەمازۆن جیا دەکاتەوە. لێرەدا کەشوهەوا بەپێی بەرزی و نزمی ناوچەکە دەگۆڕێت. چەندین لوتکەی بەرز هەن، لەنێویاندا هواسکاران کە بەرزترین لووتکەیە و بەرزییەکەی ٦٫٧٦٨ مەترە، هەروەها بەفری هەمیشەیی لە نزیکەی ٥ هەزار مەترەوە دەبینرێت.

لە بانی ئاندی، وەرزی بارانبارین لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئایار دەخایەنێت و وەرزی وشک لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئاب بەردەوام دەبێت. بە پێچەوانەی کەشوهەوای ناوچە کەنارییەکانەوە، بانەکە لە وەرزی وشکدا خۆرینە. تیشکی خۆری ناوچە گرەسێرییەکان زۆر بەهێزن بەتایبەتی لە بەرزاییە بەرزەکاندا، لەبەر ئەوە پلەی گەرمی لە کاتەکانی ڕۆژدا چەندین پلە بەرز دەکەنەوە، بەڵام لە شەودا ئاسمانی وڵات ڕوونە و دەشێت کەش سارد بکات، تەنانەت ئەگەری دروستبوونی شەختەش هەیە، بەتایبەتی لە بەشی باشوور کە دوورترە لە هێڵی یەکسانبوون و بەم شێوەیە زستانێکی ساردتری هەیە. لە ناوچەی ئاندی، بارانبارین بەپێی بەرز و نزمی ناوچەکان دەگۆڕێت، لای ڕۆژئاوا کە زۆر بەدەگمەن بارانی لێ دەبارێت، بیابانە.

لە ناوچە فراوانەکەی ڕۆژهەڵاتی پیرۆ کە بە دەشت و گردەکان داگیرکراوە و سەر بە حەوزی ئەمازۆنە، دارستانێکی باراناویی نەبڕاوە هەیە، بەنزیکەیی تەواو چۆڵە و کەسی تێدا نیشتەجێ نییە. ناوچەی باکوور کەشوهەوایەکی کەمەرەیی هەیە، بە درێژایی ساڵ گەرم و شێدارە و بارانبارینی زۆری لێ دەبارێت، لە کاتێکدا لە باشوور کەشوهەواکە خولگەییە و وەرزی زستانی تاڕادەیەک وشکە.

باشترین کات سەردانکردنی

ئەستەمە باشترین کات بۆ سەردانکردنی تەواوی ناوچەکانی پیرۆ دیاری بکرێت، چونکە کەشی وڵات لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. باشترین کات بۆ سەردانکردنی ناوچە شاخاوییەکانی ئاندی و ئەمازۆن مانگی حوزەیران تا ئابه. لە کاتێکدا لەم ماوەیەدا ناوچە کەنارییەکان سارد و هەوراویی و تەماوییە. باشترین کات بۆ سەردانکردنی ناوچە کەنارییەکان مانگی کانوونی یەکەم تا نیسانە و باشترین کاتیش بۆ مەلەکردن مانگی کانوونی دووەم تا ئازارە.


سەرچاوەکان



673 بینین