تاجیکستان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-06-16-15:31:00 - کۆدی بابەت: 9036
تاجیکستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاجیکستان یان کۆماری تاجیکستان (بە ئینگلیزی: Tajikistan, بە عەرەبی: تاجیکستان). دەوڵەتێکی ئاسیای ناوەڕاستە لە باشوورەوە لەگەڵ ئەفغانستان، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئۆزپاکستان، لە باکوورەوە لەگەڵ قیرغستان و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ چین هاوسنوورە. دووشەنبە گەورەترین شار و پایتەختی دەوڵەتەکەیە.

پایتەخت دووشەنبە
زمان ڕووسی (فەرمی)، تاجیکی (لاوەکی)
بنەچە تاجیکی ٪٨٤.٣، ئوزبێکی ٪٩.١، پامیری ٪٤.٥، ڕووسی و ئۆکرانی و بێلاڕووسی ٪٠.٤، تورکمانی ٪٠.٢، ئەوانی تر ٪٠.٧
ئایین موسڵمان ٪٩٨، ئەوانی تر ٪٢
ڕووبەر ١٤٣،١٠٠ کیلۆمەتر دووجا
دانیشتوان ٩،٥٣٧،٦٤٥
دراو سۆمۆنی
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
ژمارەی نێودەوڵەتی تەلەفۆن +٩٩٢

مێژوو

لە کۆنترین نوسراووەکان کە باسی تاجیکستانی تێدا کرابێت باسکراوە کە لەژێر حوکمڕانی ئیمپراتۆریەتی ئەخمینییەکاندا بووە. پاشان لەلایەن ئەسکەندەری مەقدۆنیەوە داگیر کراوە. بازرگانەکانی ئاوریشم بە تاجیکستاندا تێپەڕیون بۆیە بە یەکێک لە وڵاتەکانی ڕێگەی ئاوریشم دەناسرێت و شارەکانی بەشی باکوور لەلایەن سایزەکانەوە بەڕێوەدەبرا. لە سەدەی یەکی زایینیدا ئیمپراتۆریەتی کوشان دەسەڵاتی ناوچەکەی گرتە دەست و پاشان لە سەدەی هەشت دەسەڵاتی عەرەبەکان زیادی کرد و توانییان ناوچەکە داگیر بکەن و ئایینی ئیسلام بە ناوچەکە بگەیەنن. لە ساڵی ٨١٩-٩٩٩ـی زایینی ئیمپراتۆریەتی سامانیان دووبارە دەسەڵاتی ئێرانیان بەسەر ناوچەکەدا سەپاند و توانییان شاری سەمەرقەند و بوخارە یەکبخەن و بە خۆراسان ناویان دەبرد. هەروەها هەریەک لە ناوچەکانی ئەفغانستان، تاجیکستان، ئۆزپاکستان، قیرغستان، کازاخستان و پاکستانی ئێستایان یەکخست و ناوی ترانسۆکسیانا یاخود ناوچەکانی پشت ڕووباریان پێبەخشین. هەریەک لە ناوچەکانی خۆراسان و ترانسۆکسیانا وەکوو ناوەندی ئیپراتۆریەتی سامانیان دیاریکرا. لە سەدەی ١٣ مەنگۆلییەکان تاجیکستانیان داگیرکرد پاشان دەسەڵاتی میر تەیمور زیادی کرد و تاجیکستان یەکەم ناوچە بوو بچێتە ژێر دەسەڵاتی میر تەیمورەوە. تاجیکستان لە سەدەی ١٦ لەلایەن بوخارییەکانەوە داگیر کرا و پاشان لە ساڵەکانی ناوەڕاستی سەدەی ١٩ دەسەڵاتی ڕووسیا زیادی کرد و هەندێک ناوچەی تاجیکستان لەلایەن ڕووسییەکانەوە داگیرکرا. پاش شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٧ تاجیکستان بە تەواوەتی لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکرا و پاش داگیرکردنی تاجیکستان بەشێک لە دانیشتوان دژایەتی ڕووسەکانیان کرد و بەرپەچیان بوونەوە. ڕووسەکان دەستیان کرد بە ڕوخاندنی مزگەوت و شوێنە ئایینیەکان. تاجیکییەکان لە جەنگی جیهانی دووەمدا دژی نازییەکان جەنگان و بە درێژایی جەنگەکە ٦٠،٠٠٠-١٢٠،٠٠٠ تاجیکی کوژران. بە درێژایی ساڵانی ١٩٨٠ تاجیکستان لەڕووی ئابووری و پەروەردەییەوە لە ئەوپەڕی خراپیدا بوو، بە شێوەیەک لە ١٠٠٠ کەسدا تەنها یەک کەس دەرچووی زانکۆ بوو. ئەمەش دانیشتوانی هاندا کە ناڕەزایی دژی یەکێتی سۆڤیەت دەرببڕن بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو. لە ساڵی ١٩٩١ یەکێتی سۆڤیەت دەسەڵاتی لەدەستدا و لە ٩/٩/١٩٩١ تاجیکستان سەربەخۆیی ڕاگەیاند و هەموو ساڵێک لەو بەروارەدا ئاهەنگی سەربەخۆیی دەگێڕن. هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا جەنگی ناوخۆیی ڕوویدا و نزیکەی ١٠٠،٠٠٠ کەس کوژران، شەڕی ناوخۆیی بەردەوام بوو تاوەکو یەکێتی ئەورووپا شەڕی ناوخۆی تاجیکستانی وەستاند. لە ساڵی ٢٠٢١ ڕووبەڕووی هێزەکانی تاڵیبان بوونەوە.

جوگرافیا

تاجیکستان بچووکترین وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستە، بەشێکی زۆری وڵاتەکە ٣٠٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و بە چیاکانی پامیر دەورە دراوە. بەشە وشکە نزمەکانی وڵاتەکە دەکەونە باکوورەوە و بەشە ئاوییە نزمەکان دەکەونە بەشی باشوورەوە. لووتکەی ئیسماعیل سامانی بەرزترین شوێنی وڵاتەکەیە کە ٧،٤٩٥ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ٪٢ـی وڵاتەکە بە دەریاچە داپۆشراوە و بۆ کشتووکاڵ پشتی پێ دەبەسترێت، لەوانە (کەیرەکوم، ئیسکاندەرکەل، کولیکالۆن، بەنداوی نورەک، کارەکول، سارێز، شاداو و زۆرکول).

ئابووری

لە ٢٠١٩دا ئابووری تاجیکستان ٪٢٩ـی لەڕێی هاوڵاتییانی تاجیکی کە لە ڕووسیا کار دەکەن بەدەستهاتووە. ئابووری تاجیکستان لە ئاستێکی بەرزدا نییە و لە ساڵی ٢٠١٢ زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس کێشەی کەمی خواردنیان هەبوو. تاجیکستان گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی ئەلەمنیۆمی لە سەرانسەری ئاسیای ناوەڕاستدا هەیە و لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر پشتی پێ دەبەستێت.


سەرچاوەکان

249 بینین