فڕۆکەی شەڕکەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-14-22:46:00 - کۆدی بابەت: 6301
فڕۆکەی شەڕکەر

ناوه‌ڕۆك

فڕۆکەی شەڕکەر

فڕۆکەی جەنگی شەڕکەر (بە ئینگلیزی: Fighter aircraft) یەکێکە لە جۆرەکانی فڕۆکەی سەربازی، ئەم جۆرە بەوە جیاوازە لە جۆرەکانی دیکە کە بۆ جەنگی ئاسمانی و ڕووبەڕوو دروستکراوە و وەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژ نییە کە بۆ بۆمبارانکردن دروستکراوە، بەڵکو ئەم جۆرە بچووکە و جوڵەپێکردنی ئاسانە و زۆر خێراترە، بۆ داگیرکردنی ئاسمانی خود و دوژمنیش یەکێک لە پێویستترین کەرەستەکان فڕۆکەی شەڕکەرە، فڕۆکەی شەڕکەر تێچوویەکی زۆری هەیە و بەردەوام پێویستی بە چاککردنەوە دەبێت چونکە لە جەنگی ڕووبەڕوودایە و زیانی بەردەکەوێت، لە جەنگی جیهانی دووەم بە ڕێژەیەک فڕۆکەی شەڕکەر هەبوون بەڵام زیاتر لە ڕووی تەقەکردن بە فیشەک و ڕاوەدوونان و ترساندن و شێواندنی ڕێگای دوژمن کاریان دەکرد، ئێستا فڕۆکە شەڕکەرەکان چەندین کەرەستەی خۆپارێزی و تەقەکردنی جۆراوجۆر بە فیشەک و بۆمب و مووشەکی بچووک و گەورەیان تێدایە، بۆ پاراستنی فڕۆکەوانەکەش لە ئەگەری ئاگرگرتنی فڕۆکەکە پەڕەشووتی تایبەت هەیە کە لەگەڵ کورسییەکەدا دەردەچێت.

مێژوو

سەرەتای دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانی یەکەم کە شێوەیەکی زۆر سادە و تەختەی هەبوو و ڕێژنگێکی بچووکی لەسەربوو بۆ هێرشکردن، لە جەنگی جیهانی دووەم هەریەک لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت و فەڕەنسا و ژاپۆن بوونە خاوەنی چەندین فڕۆکەی شەڕکەر و فڕۆکەوانی لێهاتوو و جەنگی فڕۆکەکان زیاتربوو.

لە جەنگی دووەمی جیهانی فڕۆکەکان بەهێزتر کران و پێیان دەوترا جۆری دووەمی فڕۆکەی شەڕکەر، جەستەیان بەهێزتربوو و بە تەختە ڕووپۆش نەدەکرا، بەڵکو لەجێی ئەوە ئەلەمنیۆم بەکاردەهێنرا، بە پێی مێژوو فڕۆکە شەڕکەرەکان دابەشدەکرێن بۆ پێنج نەوە کە هەریەک لە ئێف-٣٥ـی ئەمریکی و سۆخۆی-٥٧ لە نەوەی پێنجەم و نوێترین جۆرەکانن لە هێزی ئاسمانی.

یەکەمین فڕۆکەی جێت لەلایەن ئەڵمانیاوە دروستکرا بەناوی مێسرشمیت می ٢٦٢ - Messerschmitt Me 262، کە خێراییەکەی دەگەیشتە ٦٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لە کۆتاییەکانی جەنگیش خێراییەکەی نزیک بوو لە بڕینی دیواری دەنگ.

جۆرەکان

دەکرێت فڕۆکە شەڕکەرەکان جۆری دیکەش لەخۆیان بگرن کە پێیاندەوترێت فڕۆکەی چەندکارە، بەهۆی ئەوەی چەند جۆرێکن و دەتوانن چەند ڕۆڵێک بگێڕن لە جەنگدا و بۆ چەند شتێکی جیاواز بەکاربێن، بۆ نموونە لە جۆرەکانی فڕۆکە شەڕکەرەکان دەکرێت جۆری دیکەی چەکی ئاسمانیشی تێدابێت.

جۆرەکانی فڕۆکەی شەڕکەر

  • فڕۆکەی چاودێری
  • فڕۆکەی شەڕکەری شەو (لە هەموو جۆرێکی کەشوهەوادا بەشداری دەکات و توانای شەڕکردنی هەیە)
  • شەڕکەری کێش سووک (کەمتر ئاڵۆزن و بچووکتر و سووکتر و تێچوویان کەمترە)
  • شەڕکەری کێش قورس (دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زیاتر لە کێش سووک بمێنێتەوە)
  • شەڕکەری هاوێژەر (بۆ هێرش کردنی ئاسمانی و هێرش بۆ سەر زەوی و دەریایی)
  • شەڕکەری زۆنی ئاسمانی (بۆ چوونە نێو ئاسمانی دوژمن و کارکردن تێیدا)
  • شەڕکەری بەرپەرچدانەوە و ڕێگری (بۆ پارێزگاری لە ئاسمانی خود و شەڕکردن تێیدا، بەتایبەت دژی فڕۆکەی بۆمبهاوێژ)
  • شەڕکەری هێرشبەر (فڕۆکەی چەندکارە)

نەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکان

  • نەوەی یەکەم (ناوەڕاستی ١٩٤٠ـەکان بۆ ناوەڕاستی ١٩٥٠ـکان)

یەکەمین فڕۆکە هێرشبەرەکان لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و ساڵانی دواتریەوە دەرکەوتن، زۆر بەهێز نەبوون و هێشتا ماددەی سادەیان تێدا بەکاردەهێنرا، زۆرجاریش لە خێرایی زۆردا باڵانسیان تێکدەچوو و جێگیرییان لەدەستدەدا، ئەم فڕۆکانە لە جەنگی کۆریا و چەند جەنگێکی دیکەدا بەشدارییان کرد.

  • نەوەی دووەم (ناوەڕاستی پەنجاکان بۆ سەرەتای شەستەکان)

جەنگی کۆریا لە ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣ بووە هۆی ئەوەی وڵاتان بیر لە هێزی ئاسمانییان بکەنەوە و گۆڕانکاری بکەن، چونکە فیشەکەکان لە خێرایی زۆردا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەدەبوو، بەهۆی پێشکەوتنی مووشەکەکان و دژەئاسمانییەکانیشەوە دەبوو بزوێنەری فڕۆکەکان گۆڕانکارییان بەسەردابێت.

  • نەوەی سێیەم (سەرەتای شەستەکان بۆ کۆتایی حەفتاکان)

ئەم نەوەیە زیاتر لەسەر ئەو بنەمایە دروستکرا کە چەندین کارە بێت و تەنیا بۆ یەک مەبەست بەکارنەیەت، هەروەها توانای هەبێت چەندین کەرەستە لەخۆبگرێت، وەک ئاڕاستەکردنی مووشەک بە لەیزەر و هاویشتنی لە کاتی نەبینینی دوژمنیش.

دەرکەوتنی بزوێنەرەکانی تۆربۆفان بووە هۆی زیاتربوونی هێزی ماوەبڕین و توانای بەکارهێنانی فڕۆکەکان.

  • نەوەی چوارەم (کۆتایی حەفتاکان بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان)

لەم نەوەدا چەندین پێشکەوتنی دیکە لە فڕۆکە شەڕکەرەکان ڕوویدا و بۆ یەکەمین جار فڕین-بە-وایەر ئەنجامدرا، لەگەڵ چەندین جۆر تەکنەلۆژیای سەردەم لەوکات و کەمبوونی کێشی فڕۆکەکە و زیاتربوونی توانای جووڵەکردنی، هەروەها سیستمی بەهێزی ڕاداری دەستکرد و بینینی ژێرسوور و سیستمی شوێنکەوتنی مووشەکی و خۆشاردنەوە لە ڕادار.

کۆمپانیای جەنەڕاڵ داینامیکس لەم نەوەیەدا فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-١٦ـی ڕاگەیاند کە فڕۆکەیەکی زۆر گونجاوبوو و یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆرەکانی فڕۆکە، دواتریش هەریەک لە سۆخۆی-٢٧ و ئەنجلۆ هاریەری ئەمریکی دوو بوونە بەشێکی دیکە لە فڕۆکە باشەکانی ئەم نەوەیە، هەروەها لە فڕۆکەی Pugachev's Cobraـدا خولانەوە و جوڵەی ستوونی دەرکەوت، دواتریش فڕۆکەی پاناڤیا تۆرنادۆ وەک فڕۆکەیەکی چەندکارە دەرکەوت و هەریەک لە هێرش و بەرگری و ئەلیکترۆنی و دژەڕادار و مووشەکی لەخۆدەگرت، دواتریش لۆکهید-١١٧ بە خۆشاردنەوە لە ڕادار دەرکەوت.

لەدوای ئەمانەوە فڕۆکە بە نیشتنەوەی ستوونی وەک هەلیکۆپتەر دەرکەوتن کە نیشتنەوە و فڕینیان بۆ زۆر شوێن ئاسان دەکات.

  •  نەوەی چوار و نیوـەم (١٩٩٠ بۆ ٢٠٠٠)

ئەم جۆرە دەکەوێتە نێوان هەردوو جۆری پاش و پێشی خۆی، کە هەریەک لە میکۆیان گۆرێڤیچ میگ-٣٥ و میگ-٢٩ و سۆخۆی-٣٥ و کاک/پاک جەی ئێف ١٧ ثەندەر و یورۆفایتەر ثایفۆن، زۆرێک لەم فڕۆکانە تاوەکوو ساڵانی ٢٠٢٠ـەکانیش بەردەوام دەبن لە خزمەت.

  • نەوەی پێنجەم (٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٠ـەکان)

لەم نەوەیەدا بەهۆی پێشکەوتنێکی بەهێزی تەکنەلۆژیا و کۆمپیوتەر و نێتۆرک، ئەوەی پێشووتر لە فڕۆکەیەکی گەورەدا هەبوو لە یەک فڕۆکەی شەڕکەری بچووک جێگای کرایەوە، کە هەم بتوانێت بۆمباران و شەڕی ڕووبەڕوو و خۆشاردنەوە و بینینی تەواوی مەیدانی جەنگ و تەواوی تەکنەلۆژیاکانی سەردەم ببینێت، هەروەها خێراییەکەی زیاتر لە خێرایی دەنگ بێت و سووتەمەنییەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە.

هەریەک لە لۆکهێد مارتن- ئێف٢٢ ڕاپتۆر و لۆکهێد مارتن لایتننیگ ٢ ئێف ٣٥ـی ئەمریکی و سۆخۆی ٥٧ـی ڕووسی و چێنگدۆ-٢٠ـی چینی کە بە ئەژدیهای بەهێزیش دەناسرێت و شێنیانگی ٣١ لەم نەوەن.

  • نەوەی شەشەم (دوای ٢٠٢٠ـەکان)


سەرچاوەکان

880 بینین