مەهاتما گاندی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-27-23:50:00 - کۆدی بابەت: 7723
مەهاتما گاندی

ناوه‌ڕۆك

مەهاتما گاندی کێیە؟

مەهاتما گاندی (بە ئینگلیزی: Mahatma Gandhi)، ناوی تەواوی موھانداس کەرمچاند گاندییە و لەدایکبووی 2ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1869 شاری پۆرباندەری هیندستانە، گاندی پارێزەری هیندی، سیاسەتمەدار، چالاکوانی کۆمەڵایەتی و نووسەر بوو کە بووە ڕابەری بزووتنەوەی ناسیونالیستی دژ بە دەسەڵاتی بەریتانیا لە هیندستان و بە باوکی وڵاتەکەی دادەنرێت، گاندی لەڕووی نێودەوڵەتییەوە و بەهۆی باوەڕگەکەیەوە لە خۆپیشاندانی بێ توندوتیژی لەپێناو بەدەستهێنانی پێشکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی کەسێکی ڕێزدار و پایەداره، هەروەها لە چاوی ملیۆنان شوێنکەوتە هیندییەکانییەوە، گاندی مەهاتما ناوبانگی "ڕۆحی مەزن"بوو و لە ماوەی ژیانیدا لە هەموو جیهاندا ناسرا، لە دوای مردنیشی زیاتر ناسرا و ناوی بڵاوبووەوە، ناوی ماهاتما گاندی ئێستا یەکێکە لە ناسراوترین ناوە جیهانییەکانی سەر زەوی.

خێزان و ژیانی گەنجی گاندی

گاندی بچووکترین منداڵی ژنی چوارەمی باوکی بوو، کەرمچاند گاندی باوکی سەروەزیری پۆرباندەر بوو کە پایتەخی ناوچەیەکی بچووکە لە ڕۆژئاوای هیندستان و لەژێر دەسەڵاتداری بەریتانیدایە بەڕێوەبەرێکی بەتوانا بوو کە دەیزانی چۆن کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکات و کاریگەری لەسەر میرە ڕاڕاکان و هاونیشتیمانە چەوساوەکانیان لەگەڵ ئەفسەرە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی بەریتانیا هەبێت.

دایکی گاندی ناوی (پوتلیبای) بوو و ئەم خانمە بەتەواوی سەرقاڵی ئایین بوو، بایەخێکی ئەوتۆی بە جوانکاری و خشڵ نەدەدا، کاتەکانی خۆی لە نێوان ماڵ و پەرستگادا دابەش دەکرد و زۆر جار بەڕۆژوو بوو، بە شەو و ڕۆژ و هەرکاتێک نەخۆشێک لە خێزانەکەیدا هەبووایە چاودێری دەکرد و پەرستاریان بوو، موھانداس لە ماڵێکدا گەورە بوو کە خواوەندی هیندو (ڤیشنو)ـیان دەپەرەست، کاریان بەو فەلسەفە هیندۆسی و بوزاییە دەکرد کە بنەماکانیان بەم شێوەیەیە، ئازار بە هیچ زیندەوەرێک ناگەیەنن، ڕووەک خۆرن، بۆ خۆ پاککردنەوە ڕۆژوو دەگرن و بەرگەی یەکتری دەگرن با پەیڕەوانی ڕێبازە جۆراوجۆرەکانیش بن.

هەرچەندە مۆهانداس جاروبار خەڵات و بەخششی خوێندنی دەبردەوە لە قوتابخانە ناوخۆییەکان، بەڵام بەگشتی خوێندکارێکی مامناوەند بوو نە زیرەک نە تەمەڵ، یەکێک لە راپۆرتەکانی کۆتایی ساڵ ئەوەی پیشاندا کە گاندی لە وانەی ئینگلیزیدا باشە، لە ژمارەزانیندا زۆرباشە، لە جوگرافیادا لاوازە، ڕەفتاری زۆرباشە و دەستنووسی ناشیرینە. مۆهانداس لە تەمەنی 13 ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و بەم شێوەیە ساڵێک لە قوتابخانە ون بوو و دابڕا، حەزی لە چوونەدەرەوە و پیادەڕەوی بوو لەگەڵ ئەوەشدا چاودێری باوکە نەخۆشەکەی دەکرد و یارمەتی دایکیشی دەدا لە ئیش و کاری ناو ماڵدا.

"جارێکی تر‌ هەرگیز" ئەو پەیمانە بوو کە دوای هەر سەرکێشییەک بە خۆی دا و بەڵێنەکەشی دەبردەسەر، گاندی لەژێر ڕووخسارە دەرەکییە سادەکەیدا، سۆزێکی بەتینی بۆ خۆڕاست‌کردنەوە و خۆچاککردن دەشاردەوە کە وای لێکرد تەنانەت پاڵەوانەکانی میتۆلۆژیای هیندۆسی وەکوو پراهلادا و هاریشچاندرا وەکوو نموونەیەکی زیندوو لێی بڕوانن.

لە ساڵی 1887 موهانداس بە ئەستەم لەو تاقیکردنەوەدا سەرکەوتوو بوو کە بۆ وەرگرتنی لە زانکۆی بۆمبای ئەنجامیدا و پەیوەندی بە کۆلێجی سامالداسەوە کرد لە وڵاتی هیندستان، کاتێک ناچار بوو لەناکاو زمانە ڕەسەنەکەی کە گوجەراتی بوو بگۆرێت بۆ ئینگلیزی، زۆر زەحمەت بوو وانەکانی بەباشی بخوێنێت.

لە هەمان کاتدا، داهاتووی گاندی جێی مشتومڕی خێزانەکەی بوو، خودی خۆی حەزی دەکرد ببێت بە پزیشک، بەڵام جگە لەوەی که پزیشکی لادانە لە لایەنگری خواوەند ڤیشنو کە دژی زانستی توێکارییە، ئەگەر بیەوێت وەکوو نەریتی بنەماڵەیی پۆستێک لە ئۆفیسێکی باڵای یەکێک لە ویلایەتەکان لە گوجەرات وەربگرێت ئەوا دەبێت وەکوو پارێزەرێک ئامادە و شارەزا بێت، ئەمەش بەو واتایە دێت کە دەبوو سەردانێکی ئینگلتەرا بکات، موهانداس کە زۆر دڵخۆش نەبوو لە کۆلێجی سامالداس، بڕوای وابوو کە ئینگلاند خاکی فەیلەسووفان و شاعیرانە و ناوەندی شارستانێتییە، سەرەڕای ئەو کۆسپانەی کە لەسەر ڕێگاکەی بوون بەڵام موهانداس سوور بوو لەسەر ئەوەی سەردانی ئینگلتەرا بکات، لە ئەیلولی 1888دا پەیوەندی بە یەکێک لە چوار کۆلێجەکەی یاسای لەندەنەوە کرد بە ناوی ئینەر تێمپڵ و وەکوو خوێندکارێکی بەشی یاسا درێژەی بە خوێندن دا.

منداڵەکانی گاندی

لە ساڵی 1885، گاندی و هاوسەرەکەی کاستوربا بوونە خاوەنی یەکەم منداڵیان و دوای چەند ڕۆژێکی کەم گیانی سپارد، پاشان چوار منداڵی کوڕیان بوو بە ناوەکانی: هەریڵال، لەدایکبووی ساڵی 1888، مانیلال لەدایکبووی ساڵی 1892، ڕامداس لەدایکبووی ساڵی 1897، و دێڤداس لە ساڵی 1900 لەدایکبووە.

ئامانجەکانی گاندی چی بوون؟

گاندی و ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانەی کە ڕابەری دەکرد چەند ئامانجێکی سەرەکییان هەبوو و لە باشووری ئەفریقا دەستی پێکرد و تا مردنی بەردەوام بوو، گاندی باوەڕی وابوو کە بەبێ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجانە هیندستان ناتوانێت سەربەخۆیی بەدەستبێنێت و ببێتە نەتەوەیەکی سەرکەوتوو کە ئەوانیش بریتیبوون لە:

  • ئازادکردنی هیندستان لە داگیرکاری بەریتانیا.
  • کۆتایی هێنان بە جیاوازی چینایەتی و ڕێگیری کردن لە چەوساندنەوەی چینی ژێرەوە لەلایەن چینی سەرەوە.
  • باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هیندۆس و موسڵمانەکان.
  • هەروەها ئامانجی ئەوە بوو هیندستان بکاتە نەتەوەیەکی پشت‌بەخۆبەستوو و سەربەخۆ لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە.

مردنی گاندی

لە 29ی کانوونی دووەم ساڵی 1948، پیاوێکی دەمارگیری تەمەن سی ساڵ بە ناوی ناتهورام گۆدسی گەڕایەوە بۆ دەلهی و نزیکەی کاتژمێر 5ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دواتر بە دەمانچە گاندی تەمەن 78 ساڵی کوشت، کاتێک گاندنی لاواز بە باخچەکانی مۆزەخانەی (Birla House) تێدەپەڕی لە ڕێگەی نزا و دوعای بەکۆمەڵ لەلایەن خوشکەزا گەورەکانییەوە یارمەتیدەدرا، ناتهورام لە جەماوەرەکە هاتە دەرەوە، کڕنوشی بۆ گاندی برد و لە بەردەمیدا نوشتایەوە و سێ گوللەی نا بە گەدە و سنگییەوە، گاندی دەستی بەرزکردەوە وەکو ئەوەی سڵاو لە بکوژەکەی بکات و پێشوازی لێکرد، لەو سەرلێشێواوییەدا هیچ هەوڵێک نەدرا بۆ پەیوەندی کردن بە پزیشک یان بردنی بۆ نەخۆشخانە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە ماوەی نیو کاتژمێردا و لە 30ی کانوونی دووەم گیانی لەدەستدا ناتهورام گۆدسی هەوڵیدا تەقە لە خۆی بکات بەڵام نەیتوانی و دەستگیر کرا، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی دواتر لە سێدارە درا.


سەرچاوەکان



629 بینین