جەنگەکانی پاکستان و هیندستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-07-16:34:00 - کۆدی بابەت: 8159
جەنگەکانی پاکستان و هیندستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگەکانی پاکستان و هیندستان (بە ئینگلیزی: Indo-Pakistani wars and conflicts، بە عەرەبی: الحروب الباكستانية الهندية) کۆمەڵێک جەنگی ماوە کورت و درێژە لەنێوان وڵاتی پاکستان و هیندستان و دەستپێکی جەنگەکان لە ١٩٤٧/١٠/٢٢ـەوە دەستی پێکردووە.

پێشەکی

لە ساتی دابەشبوونی هیندی بەریتانی لە ساڵی ١٩٤٧ و دامەزراندنی دۆمینیۆنی پاکستان و دۆمینیۆنی هیندستان، هەردوو وڵات تووشی چەندین ڕووبەڕووبونەوە و جەنگ بوونەوە. ناکۆکی درێژخایەنی سەر کەشمیر و تیرۆریزمی سنووربڕ هۆکاری سەرەکی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات بوو، جگە لە شەڕی ساڵی ١٩٧١، کە لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو دوژمنکارییانەی ماوەی جەنگی ئازادکردنی بەنگلادیشەوە سەری هەڵدا لە ڕۆژهەڵاتی پاکستانی پێشوو (بەنگلادیشی ئەمڕۆ).

دابەشبوونی هیندستان لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمدا هات، کاتێک بەریتانیای گەورە و هیندستانی بەریتانی نەیاتوانی بەباشی مامەڵە لەگەڵ ئەو فشارە ئابوورییانە بکەن کە بەهۆی جەنگەوە دروست بووبوو. ئەوانەی دەیانویست دەوڵەتێکی موسڵمان لە هیندستانی بەریتانیاوە بێتە بوون، بەنیازبوون دابەشبوونێکی پاکیان هەبێت و ناوچەکە بۆ پاکستان و هیندستان دابەش بکرێت. لەگەڵ ئەو دابەشبوونەش نزیکەی سێیەکی دانیشتوانی موسڵمانی هیندستانی بەریتانی، لە هیندستان مابوونەوە. توندوتیژی تائیفی نێوان هیندوو و سیخ و موسڵمانان لە نێوان ٢٠٠ هەزار بۆ ٢ ملیۆن قوربانی لێکەوتەوە و ١٤ ملیۆن کەس ئاوارە بوون. دوای دابەشکردن، ویلایەتە شازادەکان بەجێهێڵدران بۆ ئەوەی یان بچنە پاڵ هیندستان یان پاکستان یان بۆ ئەوەی سەربەخۆ بمێننەوە بە ئارەزووی خۆیان.

جەنگی ١٩٤٧

جەنگەکە کە پێی دەوترێت جەنگی یەکەمی کەشمیر لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٧ دەستی پێکرد کاتێک پاکستان ترسی ئەوەی هەبوو کە مەهاراجەی ویلایەتی شازادەی کەشمیر و جاموو بچێتە پاڵ هیندستان. دوای دابەشکردن، ویلایەتە شازادەکان بەجێهێڵدران بۆ ئەوەی یان بچنە پاڵ هیندستان یان پاکستان یان بۆ ئەوەی سەربەخۆ بمێننەوە. جاموو و کەشمیر کە گەورەترین دەوڵەتی شازادەیی بوو، زۆرینەی موسوڵمانان و دانیشتوانێکی گەورەی هیندوویان هەبوو، ناوچەکەش لەلایەن ماهاراجا هەری سینگەوە فەرمانڕەوایی دەکرا کە هیندوو بوو.

هێزە ئیسلامییە خێڵەکیەکان بە پشتیوانی سوپای پاکستان هێرشیان کردە سەر بەشەکانی دەوڵەتی میری و داگیریان کرد و مەهاراجایان ناچار کرد کە واژووی ڕێککەوتن بکات بۆ چوونە نێو هیندستان نەوەک پاکستان بۆ وەرگرتنی یارمەتی سەربازی لە هیندستانەوە. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ٤٧ی لە ٢٢ی نیسانی ١٩٤٨دا پەسەند کرد. بەوەش بەرەکانی جەنگ لەسەر سنوورێک وەستان. ئاگربەستی فەرمی لە کاتژمێر ٢٣:٥٩ لە شەوی ١ی کانوونی دووەمی ١٩٤٩دا ڕاگەیەندرا.

هیندستان نزیکەی دوو لەسەر سێی ویلایەتەکەی کۆنتڕۆڵ کرد (دۆڵی کەشمیر، جاموو واڵداخ)، لە کاتێکدا پاکستان نزیکەی سێیەکی کەشمیر (کەشمیری ئازاد و گلگیت باڵتستان)ـی بەدەست هێنا و بەو ناوچانەش دەوترا کەشمیری پاکستان.

جەنگی ١٩٦٥

ئەم شەڕە لە دوای ئۆپەراسیۆنی جەبەل تاریقی پاکستانەوە دەستیپێکرد، کە ئامانجی ناردنی سوپابوو بۆ ناو جاموو وکەشمیر بۆ خێراکردنی یاخیبوونێک لە دژی دەسەڵاتی هیندستان. هیندستانیش لە وەڵامدا هێرشێکی بەرفراوانی سەربازی لە دژی ڕۆژئاوای پاکستان (پاکستانی ئێستا) دەست پێکرد. شەڕەکە ١٧ ڕۆژی خایاند و هەزاران قوربانی لە هەردوو لا لێ کەوتەوە و گەورەترین پێکدادانی زرێپۆش و گەورەترین جەنگی تانکی بوو لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە. دوژمنکاریی نێوان هەردوو وڵات کۆتایی هات دوای ئەوەی ئاگربەست بە نێوەندگیریی یەکێتیی سۆڤیەت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیەنرا. 

جەنگی ١٩٧١

ئەم جەنگە جیا لە جەنگەکانی تر لەسەر کێشەی کەشمیر نەبوو، بەڵکوو بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسیەی کە لە ڕۆژهەڵاتی پێشووی پاکستان (بەنگلادیش) لە نێوان شێخ موجیب ڕەحمان ڕێبەری ڕۆژهەڵاتی پاکستان و یەحیا خان و زولفیقار عەلیی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای پاکستانی ئەوکاتدا هەڵگیرسابوو دروست بوو. جەنگەکە بە سەربەخۆبوونی بەنگلادیش کۆتایی هات. ١٠ ملیۆن بەنگالی لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان پەنایان بۆ هیندستانی دراوسێ هێنا. دوای هێرشێکی بەرفراوان لەلایەن پاکستانەوە، هیندستان دەستتێوەردانی لەنێو جەنگەکە کرد و دووبارە دوژمنایەتی دروست بوویەوە.

پاکستان بە درێژایی سنووری ڕۆژئاوای هیندستان لەگەڵ پاکستان هێرشی کردە سەر چەندین شوێن، بەڵام سوپای هیندستان بە سەرکەوتوویی شوێنەکانی خۆی پاراست. سوپای هیندستان بە خێرایی وەڵامی ئەو جموجوڵانەی سوپای پاکستانیان دایەوە لە ڕۆژئاوا و چەند دەستکەوتێکی سەرەتاییان بەدەست هێنا لەوانە گرتنی نزیکەی ١٥٠١٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی پاکستان. بەڵام لە ساڵی ١٩٧٢ لە ڕێککەوتنی شیملا ئەو ناوچانە بەخشرانەوە بە پاکستان. لە ماوەی دوو هەفتە لە شەڕی قورسدا هێزەکانی پاکستان لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان خۆیان ڕادەستی فەرماندەیی هاوبەشی هێزەکانی هیند و بەنگلادیش کرد و دوای ئەوە کۆماری گەلی بەنگلادیش دامەزرا. ئەم جەنگە زۆرترین ژمارەی کوژراو و برینداری بینی لە هەر ململانێیەک لە نێوان هیندستان و پاکستان و هەروەها گەورەترین ژمارەی زیندانیانی جەنگ لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە پاش خۆبەدەستەوەدانی زیاتر لە ٩٠ هەزار سەربازی پاکستانی. لە زاری نووسەرێکی پاکستانیەوە: "پاکستان نیوەی کەشتی دەریایی خۆی و چارەکێک لە هێزی ئاسمانی و سێیەکی سوپاکەی لەدەست دا".

جەنگی ١٩٩٩

ئەم ململانێیەی نێوان هەردوو وڵات کە بە جەنگی کارگیل ناسراوە بەزۆری سنووردار بوو. لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٩دا، سەربازانی پاکستانی بە ناو سنووری (LoC) دزەیان کرد و زۆربەی خاکی هیندیان لە ناوچەی کارگیل داگیر کرد. هیندستان بە دەست پێکردنی هێرشێکی سەربازی و دیپلۆماسی گەورە بۆ دەرکردنی سەربازانی پاکستانی وەڵامی دایەوە. دوای دوو مانگ لە ململانێ، سوپای هیندی بە هێواشی زۆربەی گردەکانی گرتەوە کە لەلایەن هێزە داڵدەدەرەکانەوە هێرشیان کرایە سەر. بەپێی ئامارە فەرمییەکان نزیکەی ٧٥٪ بۆ ٨٠٪ ی ئەو ناوچەیەی کە هەڵگەڕانەوە و نزیکەی هەموو زەوییە بەرزەکان گەڕاونەوە ژێر کۆنترۆڵی هیندییەکان. 

لەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی گەورە لە ململانێی سەربازیدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا فشارە دیپلۆماسییەکانی بۆ سەر پاکستان زیاد کرد بۆ ئەوەی سەربازەکانی لەو خاکەی کە ماوە بکشێنێتەوە. بەرانبەر ئەو فشارە نێودەوڵەتییانەش ئابووری پاکستان هەرەسی هێنا. ڕۆحی مەعنەوی سەربازانی پاکستانی دوای بڕیاری کشانەوە زۆر ڕووخا و زۆربەی یەکەی پیادەی سووکی باکوور زیانی قورسیان بەرکەوت. حکوومەت ڕەتیکردەوە تەرمی چەند ئەفسەرێک قبوڵ بکات و بەهۆی ئەوەشەوە شەپۆلێکی تووڕەیی و ناڕەزایی لە ناوچەکانی باکوور دروست بوو.  پاکستان سەرەتا زۆرێک لە قوربانییەکانی وەرنەگرت بۆ شاردنەوەی شکست، بەڵام دواتر نەواز شەریف ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٤٠٠٠ سەربازی پاکستانی لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون و پاکستانیش ئەو ململانێیەی لەدەستداوە. لە کۆتایی مانگی تەمووزی ١٩٩٩دا، شەڕ لە ناوچەی کارگیل کۆتایی هات و جەنگەکە شکستێکی گەورەی سەربازی بوو بۆ سوپای پاکستان.

ڕۆژە تایبەتەکان بە جەنگەکان

  • ٢٨ی ئایار (لە ساڵی ١٩٩٨ـەوە) وەک ڕۆژی زووم (ڕۆژی گەورەیی) لە پاکستان.
  • ٢6ی تەمووز (لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە) وەک کارگیل ڤیجای دیواس (ڕۆژی سەرکەوتنی کارگیل) لە هیندستان.
  • ئەیلول (لە ساڵی ١٩6٥ـەوە) وەک ڕۆژی بەرگری (ڕۆژی بەرگری) لە پاکستان.
  • ٧ی ئەیلول (لە ساڵی ١٩6٥ـەوە) وەک ڕۆژی هێزی ئاسمانی لە پاکستان.
  • ٨ی ئەیلول (لە ساڵی ١٩6٥ـەوە) وەک ڕۆژی سەرکەوتن/ڕۆژی هێزی دەریایی (ڕۆژی دەریایی) لە پاکستان.
  • ٤ی کانوونی یەکەم (لە ساڵی ١٩٧١ـەوە) وەک ڕۆژی دەریایی لە هیندستان.
  • ١6ی کانوونی یەکەم (لە ساڵی ١٩٧١ـەوە) وەک ڤیجای دێواس (ڕۆژی سەرکەوتن) لە هیندستان.
  • ١6ی کانوونی یەکەم (لە ساڵی ١٩٧١ـەوە) وەک بیجۆی دیبۆش (ڕۆژی سەرکەوتن) لە بەنگلادیش.
  • ٢٩ی ئەیلول (لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە) وەک پراکارم پارڤ.

جەنگەکان لە سینەمای هەردوو وڵات

فیلمە هیندییەکان

  • Hindustan Ki Kasam فیلمێکی ساڵی (١٩٧٣) لە دەرهێنانی (Chetan Anand).
  • Aakraman فیلمێکی ساڵی (١٩٧٥) لە دەرهێنانی (J. Om Prakash).
  • Vijeta فیلمێکی ساڵی (١٩٨٢) لە دەرهێنانی (Govind Nihalani).
  • Param Vir Chakra فیلمێکی ساڵی (١٩٩٥) لە دەرهێنانی (Ashok Kaul).
  • Border فیلمێکی ساڵی (١٩٩٧) لە دەرهێنانی (J.P.Dutta).
  • LOC Kargil فیلمێکی ساڵی (٢٠٠٣) لە دەرهێنانی (J. P. Dutta).
  • Deewaar فیلمێکی ساڵی (٢٠٠٤) لە دەرهێنانی (Milan Luthria).
  • Lakshya فیلمێکی ساڵی (٢٠٠٤) لە دەرهێنانی (Farhan Akhtar).
  • ١٩٧١ فیلمێکی ساڵی (٢٠٠٧) لە دەرهێنانی (Amrit Sagar).
  • Kurukshetra فیلمێکی ساڵی (٢٠٠٨) لە دەرهێنانی (Major Ravi).
  • Tango Charlie فیلمێکی ساڵی (٢٠٠٥) لە دەرهێنانی (Mani Shankar).
  • The Ghazi Attack فیلمێکی ساڵی (٢٠١٧) لە دەرهێنانی (Major Ravi).
  • Raazi فیلمێکی ساڵی (٢٠١٨) لە دەرهێنانی (Meghna Gulzar).
  • Uri: The Surgical Strike فیلمێکی ساڵی (٢٠١٩).

فیلم و دراما پاکستانییەکان

  • Angaar Waadi زنجیرەیەکی ساڵی (١٩٩٤) لە دەرهێنانی (Rauf Khalid).
  • Laag زنجیرەیەکی ساڵی (١٩٩٨) لە دەرهێنانی (Rauf Khalid).
  • PNS Ghazi زنجیرەیەکی ساڵی (١٩٩٨).
  • Alpha Bravo Charlie
  • Sipahi Maqbool Hussain زنجیرەیەکی ساڵی (٢٠٠٨) لە دەرهێنانی (Haider Imam Rizvi).


سەرچاوەکان



737 بینین