وەستاندنی شتێک و بەکارهێنانی بۆ کاری چاکە - وقف

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-07-01:54:00 - کۆدی بابەت: 4248
وەستاندنی شتێک و بەکارهێنانی بۆ کاری چاکە - وقف

ناوه‌ڕۆك

باسی وەستاندنی شتێک و بەکارهێنانی بۆ کاری چاکە - وقف

وەستاندنی شتێک لەسەر ڕووەکی حەڵاڵ تاکو نەفرۆشرێ و نەبەخشرێ، بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگیرێ، وەک بڵێ ئەم خانووەم وەقف کردە سەر ئەم مزگەوتە، وەقفکردن دروستە، ئەگەر ماڵە وەقفکراوەکە موڵکی خۆی بێ و خاوەن موڵکەکەش منداڵ و شێت نەبێ (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: إذا مات ابن آدم انقطع عمله إلا من ثلاث: صدقة جاریة أو علم ینتفع به أو ولد صالح یدعو له) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی هەر کاتێ ئادەمیزاد مرد، خێری کردەوەکانی خۆی ئەبڕێ تەنها لە سێ شت نەبێ، یەکەم خێرێکی نەبڕاوە وەکو وەقف. دووەم زانستێکی سودبەخش بۆ دونیا و قیامەت سێیەم منداڵێکی خۆی کە پیاوی چاک بێ و دوعای بۆ بکا.

مەرجەکانی وەقف

  1. شتە وەقفکراوەکە سودی لێوەربگیرێ لەگەڵ ئەوەش خودی شتەکەش بمێنێ، وەک زەوی و خانوو و ئاژەڵ و ئۆتۆمبێل، کەوابوو وەقفکردنی خواردەمەنی دروست نییە.
  2. وەقفکردنەکە لەسەر شتێکی هەبوویی بێ لە کاتی وەقفکردن و بشگونجێ و ببێتە خاوەن موڵک، وەک بڵێ وەقف بێ بۆ سەر ئەم فەقیرە، یان ئەم مزگەوتە کەواتە دروست نییە وەقف بکاتە سەر منداڵی ناو زگ، یان مزگەوتێکی کە لەمەودوا دروست ئەکرێ، هەروەها وەقفەکە بۆ سەر لقێکی وا بێ کە نەبڕێتەوە، وەک بڵێ  وەقفم کردە سەر مزگەوتەکانی ئەو شارە. کەوابوو ئەگەر بڵێ بۆ ماوەی ساڵێک وەقفم کرد. ئەوە دروست نییە.
  3. سێیەم: نابێ وەقفکردنەکە لەسەر ڕووەکی گوناهباری بێ، وەک وەقفکردن بۆ سەر دێر و مەیخانە و ئەو جۆرە شوێنانە، مەرج نیە وەقفکردن مەبەستی خواپەرستیی تێدا ئاشکرا بێ، کەواتە دروستە وەقف بکاتە سەر دەوڵەمەند، یان وەقف بکاتە سەر منداڵی نێرینەی خۆی.

وەقفکردن بە گوێرەی مەرج دانانی وەقفکەرەکەیە، لە بەپێش خستن، یان لە بە دواخستن، وەک بڵێ ئەم شتەم وەقف کردە سەر مامۆستایانی ئاینی، بەڵام لە پێشدا بدرێتە ئەوانەی دەرسی حەدیس ئەڵێنەوە، ئینجا ئەوانەی تەفسیر ئەڵێنەوە، لە یەکسانی یان لە زێدە بەشی، وەک بڵێ دوو بەشی بۆ ئەم رووەبێ و بەشێکی بۆ ئەوی تر.

ئەگەر مزگەوتێک وێران کرا، یان شوێنێک وێرانکرا و وازیان لە مزگەوتەکەی هێنا، ئەبێ کەلوپەل و وەقفەکەی بۆ هەڵبگیرێ و چاوەڕوانی ئاوەدانکردنەوەی بکەن، جا ئەگەر هیچ گومان لەوەدا نەبوو کە ئاوەدان ناکرێتەوە، ئەبێ بۆ مزگەوتێکی تر سەرف بکرێ، جا ئەگەر نەبوو، یان پێویستی پێ نەبوو، ئەو کاتە دروستە بۆ بەرژەوەندی موسوڵمانان سەرف بکرێ، وە درەختی گۆڕستان ئەگەر سەوز بوو، نابێ ببڕدرێ، بەڵام ئەگەر ووشک بوو، دروستە ببڕدرێ و بفرۆشرێ و لە بەرژەوەندی گۆڕستانەکە سەرف بکرێ، ئەو کەسەی سەرپەرشتی ماڵە وەقفکراوەکە ئەکا، ئەبێ دادپەروەر بێ و بتوانێ و چاودێری بکا و بزانێ چۆن سەرفی ئەکا.

دروستە لە بەرامبەر ئەو ماندووبوونە کرێی بۆ دیاری بکرێ بۆ ئەوەی وەقفکراوەکە بەردەوام بمێنێ، چونکە فرۆشتنی وەقفراو بە هیچ جۆرێک دروست نییە.


سەرچاوەکان



766 بینین